دیمانە: شاماران
گێڕانەوەی نەرمین محەممەد ناسراو بە نەرمین نویردی
من نەرمین محەممەد ناسراو بە نەرمین نویردیم خیزاندار و دایکی پێنج کوڕی ژیرم (حەیف کە کچمان نییە) لە کوڕەکانم ڕازیم و باش پەروەردە بوون. پیشەوەرم، پیشەم دروستکردنی شیرینییە وەک دەزانن هەریەکمان جورێک لە کار و ئەرک دەستنیشان دەکەین بو داهاتوو و بژیویمان. منیش دروستکردنی شیرینیم وەکو پیشە، دەستنیشان کردووە بو داهاتووی خۆم. بەڕاستیش بیرم لە کاری جۆراوجۆر کردەوە بەڵام هەستم کرد دەس و پەنجەم لەگەڵ شیرینی و ئیشی هەویرکاری باش دێتەوە. بۆیە ئەم ئیشەم کردووە بەپیشەی خۆم و لەڕاستیشدا و بەدڵنیاییەوە سەربەخۆیی ئابووری بۆ هەر تاکێک پێویستە چ ژنان چ پیاوان. بەوجۆرەی پەروەردەی کۆمەڵایەتی و خۆئامادەکردن بۆ ژیان گرینگە ئەوەندەش پەروەردە و داهات بۆ گیرفان پێویستە. بەڵام دەربارەی ئێمەی ژنانەوە ئەوکاتەی بڕیار دەدەین بۆ کارکردن بەڕاستی ئەرکمان دەبێت بە دوو هێندە و بگرە زیاتر چونکە سرووشت دایکایەتی داوە بە ئێمە بۆیە بەڕاستی ئەرکی سەر شانت قورستر دەبێت. من پێموایە ئێمەی ژنان بەهرە و لیهاتوویی زۆرمان هەیە بە مەرجێک ئاشنای بین و لە خودی خۆماندا بیدۆزینەوە و بزانین دەستە ڕەنگینەکانمان، کارەکانمان، تواناکانمان چییە.
ئەوەی کە بۆ من جێی داخە ئەوەیە کە هەست ئەکەم جۆرێک لە خنکان هەیە لە تواناکانی ژناندا کە لە بازنەیەکدا هێڵی بۆ دەکێشری ئەمە ئەرکی تۆیە تۆ دەتوانی ئەمە بکەی و ئەمەت بۆ ناکرێ بۆیە زۆر گرینگە خۆت ئەو بەهرەیە لەنێو خودی خۆتدا بدۆزیتەوە و بڕەوی پێ بدەیت. وەک وتم ئەرکمان قورس دەبێت بەڵام ئەتوانیت چونکە من بە هۆی جۆری ئیشەکەمەوە کە چەند ئافرەتی تر هاتوون لە گەڵمدا ئیشیان کردووە و لە سەرەتادا هەر خۆیشم لە کارگەیەکی باشی ئەم شارە کارم کردووە، هەر لەگەڵ ئافرەتاندا ئەمە وایکردووە چەندین جۆر و کەسایەتی و ئاست و بیرکردنەوەی جیاواز هەڵسوکەوتی لەگەڵدا بکەم وکاری لەگەڵدا بکەم.
ئافرەتی وا هەبووە سەرەتا بەڕاستی هەر نەشیزانیوە ئەو ئیشە چۆنە و چییە بەڵام دواتر کە ماوەتەوە و بەردەوام بووە، بەجۆرێک فێر بووە و ئیشەکەی خۆشویستووە کە هەستم کردووە ئیتر دوای ئەوە وەک چۆن دەلێی مەلێک باڵ دەگرێ و ئیتر ناچێتەوە هێلانە چاوەڕێ ناکات کەس خواردنی بۆ دابین بکات یان چاوی لەدەستی کەس نییە. بەڕاستی ژنانیش کاتێک دەبنە خاوەنکار و داهاتێک بۆ خۆیان، ئیتر باڵ دەگرن و پێویستیان بەوە نییە ژیانیان بۆ دابین بکرێ بەڵکو خۆیان ژیان بۆ خۆیان دابین دەکەن و ئەمەش بەڕاستی سەربەخۆیی ئابووری خاڵی بەهێزی کەسایەتییە. وەک وتم بۆ هەموو مرۆڤەکان ئیشکردن کەسایەتییە و کاتێکیش کەسایەتی خۆت لە ئیشکردن و داهاتدا دەبینێتەوە هێز بە خۆی و دەور وبەرەکەی دەبەخشێ. ئەو هێزە هیزێک دەدا بەو مرۆڤە و دەتوانێت بڕیار بدات دەتوانێت چاکە بکات دەتوانێت خۆی ئەو ڕەنگە جلە دەیەوێت لەبەری بکات. ئەو داهاتوویەی دەیەوێت دابینی بکات هەتا ئەو کرێ تەکسییە کە دەبێ بیگەیەنێت لە جێگەیەک بۆ جێگەیەکی تر بە دەستی خۆی بەرهەمی دەهێنێ و کاتێکیش داهاتێکت دەبێ کە تایبەت بە خۆتە.
هەموومان دەزانین پارە دەبێت پەیدا بکرێت ئەمجار خەرج بکریت بەر لە پەیدا کردن خۆت پێوەی ماندوو بووی ئیتر بە ڕاستی چێژێکی ڕۆحی زۆر باشی هەیە وادەکات هەست بکەی کاتەکانت لێ خەسار نابێت، کاتەکانت بەش کردووە لە ژیانی خۆتدا من ئەزموونی زۆرم هەیە لە جۆری کار کردندا.
بەڕاستیش من پێم خۆشە بە کورتی بەپوختیش باسێکی چۆنیەتی دەسپێکردنی ئیش خۆم بکەم وەک وتم لە سەرەتاشەوە ئاماژەم پێکرد من خێزاندارم و دایکی پێنج کوڕم. ئەو کاتەی بڕیاری چوونەدەرەوە و کارکردنم دا دوو لە کوڕەکانم کە دووانەن تەنها چوار ساڵ بوون و تەمەنیان خوار تەمەنی داینگە بوو و پێویست بوو بیاننێرینە داینگە. زەحمەت بوو زۆر بەخەیاڵیش کە بیرم لێدەکردەوە و چۆن دەتوانی تۆ ئەم منداڵانە بەجێبهێڵی کە لە کاتێکدا بیست و چوار سەعات کاتیان لەگەڵ دایک دەبێت. بەڕاستی منداڵ هەمووان هەموو ئەوانە دایکن و مناڵیان پەروەردە کردووە دەزانن. بەڵام دواجار وا بیرم کردەوە ئەگەر قەرار بێت من شتێک کە تەمەنی دایکایەتی و ژیانی خۆم لە دەرەوەی ئەم ماڵە بەسەر بەرم لە کۆتاییدا بۆ باشترکردنی ژیان و داهاتووی منداڵەکانە. واتە تەنها کەمێک هێزی دەوێ کاتێک لەڕووی عەتفەوە بیر دەکەیتەوە قورسە بۆ دایک زۆر زەحمەتە بەڵام لەڕووی عەقڵەوە بیر دەکەیەوە ڕێگەی ڕاست و لۆژیک ئەوەیە کە بەڵێ دەبێ هەوڵ بدەین بۆ گەورەکردن و پەروەردەکردنیان. بۆیە سەرەتای دەسپێکردنی ئیشەکەم لە کارگەیەکی باشی ئەم شارە دەستم بەکار کرد. ماوەی دوو ساڵ لەوێ بەردەوام بووم دواتر بڕیارم دا بگەڕێمەوە ماڵەوە و هەم بە منداڵەکانم نزیک ببمەوە و هەم درێژە بەکار و پیشەکەی خۆم بدەم. سەرەتای دەستپێکردنم تەنیا لە ژوورێکدا بووم لەگەڵ یەکێک لە کوڕەکانمدا ئیشمان دەکرد ڕۆژی وابوو دوو بۆ سێ کیلۆ شیرینیمان درووست دەکرد دواتر بەپێی جۆری ئیشەکەمان کە ئیشی هەویر بوو ئیشێکی باشمان پێشکەش دەکرد گەشەی سەند وای لێهات زیاتر لە هەشت کارمەندی ئافرەتم لەلا بوو پێکەوە کارمان دەکرد لە حەوتی بەیانی بۆ حەوتی ئێوارێ کەمی بەرهەممان هەبوو یانی نەماندەتوانی ئەوەی لێمان داوا دەکرا بەتەواوەتی ئامادەی کەین و پێشکەشی بکەین. بۆیە ئەوە یانی هەنگاوێکە من زۆر جار دەڵێم مەرج نییە چاوەڕوان بین زەمینەیەکی لەبار و کەشێکی ئارام و داهات و پارەیەکی باشمان پێ بێ بۆ ئەوەی بتوانین کار بکەین من وەک وتم سەرەتا لەیەک ژوورێکەوە دەستم پێکرد و بە دیار فڕنێکی بچووک و پنەیەکەوە بەڵام توانیم.
دواتر توانیمان هەر لەو ئیشە کارگەیەکی پوختە و جوانی سەربەخۆ دابمەزرێنین و هەتا ئێستەش بەردەوامین لەگەڵیدا و ئێستەش کوڕەکان گەورە بوون لەگەڵم کار دەکەن و دوو کارمەندی ئافرەتیشمان لایە و درێژەشمان بە ئیشەکەمان داوە و ڕادەیەکی باشیش ڕازین لە جۆری ئیشەکەمان و داهات و سەرچاوەی ژیانمان کە ماڵباتێکی حەوت کەسین، تەنیا هەر ئەم ئیشەیە کە ئێستا بەردەوامین تێیدا. بۆیە بەڕاستی کار کردن و بڕیاردان لە هەر پیشەیەک و هەر جۆرێک لە کاری دەستی و پیشەیی تەنیا پێویستی بەهێز و باوەڕی مرۆڤ خۆیەتی. من پێموایە هەر کارێک بتەوێ بیکەی بە مەرجێک بتەوێ دەتوانیت. بەدڵنیاییەوە بڕیاردان بۆ کار کردن زۆر ئاستەنگ و زۆر قسە و باس و زۆر بیروڕای جیاواز دێنە سەر ڕێگەت و پێویست دەکات خۆت لەسەرووی هەموو ئەمانەوە بیت. ئاستەنگیشمان بۆ دروست بووە تووشی بیروڕای ئاڵۆزیش بووین و زۆر جار بەناوی دڵسۆزییەوە لەلایەن کەسە هەرە نێزیکەکانەوە خراوینە بەر توانج، بەجۆرێک ئەوەی منی زۆر بێتاقەت کردووە لە سەرەتای ئیشکردنمدا ئەوە بوو کەسانێک دەیانویست بەزەییان بە مندا بێتەوە کە من دایکی منداڵم و کار دەکەم بەس من زۆر بە دەنگێکی دلێر و زۆر بە گەردنێکی بەرز ئەمەم وتووە و هەمیشە دووپاتی دەکەمەوە پێم خۆشە هەموو ژنانیش بەم شێوازە بیر بکەنەوە من ڕێز لە هەر چاوێک دەگرم کە بەچاوی ڕێزەوە سەیرم دەکا بەڵام هەرگیز ڕێگە نادەم هیچ چاوێک بەچاوی بەزەیی سەیرم بکا. لەبەرئەوەی من مرۆڤێکی تەواوم کامڵ و تەواو پێگەیشتوو، تێگەیشتوو، توانای کارکردنم هەیە. کەواتە ئەوە من خۆم بڕیار دەدەم لە سەر ئەوەی کار بکەم نە لەژێر هیچ زەختێک دام نە پێویست دەکات هیچ کەس منی پێ گوناح بێت یا خەمی منی بێت یا بڵێت ناتوانییت، با ئەتوانم مرۆڤ هەمیشە شایانی ئەو ئەرکەیە کە خۆی بەخۆی دەسپێرێ تەنیا بڕیاردانی زەحمەتە.
بەڕاستیش زاڵ بوون بەسەر ئەو بەرزی و نشێویانە کە دێتە ڕێگەت و ئەو تەنگ و چەڵەمانە کە تووشت دەبن لە کارکردندا تەنها هێز و باوڕبەخۆبوونی دەروونی خۆتی دەوێت یانی پاشگەزبوونەوە و کشانەوە دواوە بۆ ئەوە کە ناتوانی و ئەمە لە توانای مندا نییە، ئەوە زیانت پێ دەگەیەنێ. هەموومان دەزانین جەستە ئەو کارە دەکات کە مێشک فەرمانی پێ دەکات تۆ لە ڕووی دەروونیەوە ئامادەی و باوڕت بەو هێز و توانایەت هەبێت کە لە خودی خۆتدا هەیە هیچ ئاستەنگێک هیچ بەربەستێک ڕێگر نابێت لە بەردەم کارکردنی تۆدا و بەڕاستی ئێمەی ژنان بەتوانا و بەهرەیەکی ئێجگار زۆر ورد و بەسەلیقەمان هەیە، تەنیا وەک وتم گرینگە ئاشنای ئەم توانایە بن. من لە ژیانی خۆمدا بە تەجروبە ئەمەم دیتووە.
چەندین ئافرەت هاتوون لەگەڵ مندا کاریان کردووە کە بەڕاستی هەموویان کەسانێکی زۆر باش و بەڕێز بوون. من ئومێدوارم هەموویان ئەم بابەتەی من ببینن و بیخوێننەوە. بەڕاستی کەس هەبووە هاتووە هەر نەیزانیوە چۆن دەست بۆ هەویرەکە بەرێ بەڵام دوای بەردەوامیی لەگەڵ ئێمە وەدوای شێوازی ئیشکردنی ئێمە، وا دەستڕەنگین بووە کە خۆیشی پێی سەیر بووە. تەنیا وەک وتم تواناکانی ئێمە خنکێندراون وەک دەڵێی پەردەیەکی بەسەریدا داپۆشراوە کە تۆ ناتوانیت کە ژن و ماڵیان گۆتووە کە ژن دەبێت لە ماڵەوە بێت و دیارە ئەرکی ماڵەوەش بەرێوە دەبەین.
ئەرکی ئێمەی ژنان ئەرکێکی زۆر پیرۆزە و پەروەردەی خێزان و دایکایەتی لەسەر شانی ئێمەیە و پشکی هەرە گەورە وەبەر دایک کەوتووە، لە گەورەکردن و پەروەردەکردنی تاکی کۆمەڵگە. ئەمەش ئەرکێکی زۆر پیرۆز و زۆر لە جێی خۆیدایە و هەمیشە وتوومە بە هێزی دایکەکان واتە بەهێزی خێزان بەڵام دەتوانێ لەگەڵ ئەوەدا ئەمەش بکەی.
من بۆ نموونە بۆتان بگێڕمەوە کارمەندم هەبووە کە لەگەڵ مندا لەسەر مێزی کارکردن کە جۆری ئیشی ئێمە ئیشی دەست و هەویرکارییە کە بەڕاستی دەبێ دەستوبردت هەبێت دەبێت پوختوخاوێن بیت، کات لەسەرت ناوەستێت، زۆر بە گورجوگۆڵی دەبێ ئەو هەویرە ڕاپەڕێنیت لەبەر ئەوەی هەویرەکە دواجار ئەو ئیشە نادات بەدەستەوە کە تۆ دەتەوێ؛ بەڵام کارمەندم هەبووە ئەوەندە گورجوگۆڵ بووە ئەوەندە لێهاتوو بووە دایک بووە لەگەڵ دەسپێکردنی ئیشەکەی لەسەر مێزەکەیدا سەعی بە قوتابییەکەی کردووە لە ماڵەوە ئاگەی لە منداڵەکەی تری بووە بەجێی هێشتووە. ئەمانە تواناکانی ئافرەتن ئەگەر بزانن ئێمەی ژنان چۆن سوود لە تواناکانمان ببیین توانا و وردەکاری و سەلیقەیەکی زۆر باش هەیە لە ناخ و بوون و کەسایەتی ژندا تەنیا ڕێگە بدەین ئەم توانایانە ئەم بەهرانە قوڵپ بدەن بێنە دەرەوە لەنێو ناخدا نەخنکێندرێن، خامۆش نەکرێن من هیوادارم هەرکەس بتوانێت ئەو توانایانەی خۆی بدۆزێتەوە و ڕێڕەوێکی زۆر باش دەگرینەبەر وەک گوتیشم بەهێزی ژنان بەهێزی دایکەکان بەهێزی خێزان و کۆمەڵگەیە.
بەبڕوای منیش ژنان هەمیشە ڕێچکەشکێن بوون ئێمە بەرلەوەی ژن بین، مرۆڤین. مرۆڤیش ئەرکی لە سەرشانە ئەرکیش بەپێی مافە ئێمە دەبێ ئەو ئەرکەی لەسەر شانمانە جێبەجێی کەین. دواجار داوای مافەکانی خۆمان بکەین و بەڕاستیش من پێم وایە هەر لە سەرەتاشەوە ژنان لەژێر ئەرک و بەرپرسیارەتیدا بوون. بۆ نموونە ئەگەر لە لادێکانەوە سەیر بکەین لەوێوە ژنان شانبەشانی پیاوان کاریان کردووە هەوڵیان داوە و ماندوو بوون و کاتێک من بەو پرسیارە تۆزێک بێتاقەتم کاتێک لە کەسێک دەپرسن تۆ ژنی ماڵەوەی بەڵێ ژنی ماڵەوەیە، پەروەردەکارە فێرکارە، و هاوکاری خێزانەکەی و هاوسەرەکەی دەکا لەو جێگایەوە کە خەریکی بەروبووی کشتوکاڵییە پیاوەکان لە دەرەوە کشتوکالەکان پێئەگەیەنن و ژنان لە ماڵەوە سەرپەرشتیان دەکەن و ئاگەیان لێیە ئەگەر لە درووستکردنی ڕوبێکی هەنارەوە ورد ببینەوە، ئەگەر قەرارە ئەو ناتوانێت بچێتەدەر و لە باخەکەدا هەنارێک بنێژێ، کە ئەشتوانی بەڵام ئەرکی دایکایەتییەکە ڕێی لێ گرتووە و پەروەردەی کاتەوە بەڵام لە ڕنینی هەنارەکەوە ئەوت لەگەڵدایە هەتا لێکردنەوەی تا پێگەیاندنی و هەتا کردنی بە ڕوبی هەنار و هەتا خستنە بازاڕیەوە. بۆیە بەڕاستی هەمیشە ژنان کاریان کردووە و ئەرکیان لەسەرشانە و ئەرکێکی لە خۆیان گەورەتریش دەخرێتە سەر شانیان و هەر دەشتوانن بەڕێوەی بەرن. بەدڵنیاییەوە زۆر جار ژنان توانایی باشیان هەیە لێهاتوون بەڵام بەداخەوە هەل و بواری ڕەخساو نادرێ ڕێگر هەیە و کەسانێک لەژێر ناوی دڵسۆزیدا و بەرپرسیارێتی باوکایەتیدا و برایەتیدا و هاوسەرییدا و هەر ناوێکیتر کە ڕێگە بە خۆیان دەدەن ئەم توانایە لەم کەسەدا خامۆش دەکەن و پێیان وایە تۆ دەبێ لە ماڵەوە بی. تۆ لە ماڵەوە کار بکەی ئەو کارە کە لە ماڵیشەوە دەیکا کەم نییە. وەک وتمان باوەڕ کە ئەویش ئەرکە بەڵام ئەمە جۆرێک چاو لەدەستی فێر دەبێت ئەمەش وا دەکات کەمێک لە دەروونەوە ماندوو بێت، ئاڵۆز بێت، ناتوانێ بڕیاری سەربەخۆ بدات. هەمیشە دەبێت لەژێر یاسا و رێسای کەسێکدا بێت و زۆر جاریش ئەو کەسە کەسێکی باشە و زۆر جاریش لەم رێگایەوە پێشیلی مافی ئەو ئافرەتە دەکرێت و دەخرێتە ژێردەست و بەچاوێکی بەزەیی و پلە دوو تەماشای دەکرێت.
من پێم وایە زۆر دەمێکە ژنان کار دەکەن هەمیشە لە ژێر ئەرک و بەرپرسیارەتیدا بوون بەڵام بواردان بۆ کارکردنیان لە دەرەوە بۆ هەبوونی داهات و ئابوورییەکی سەربەخۆ پاڵپشتی ناکەن، زۆر گرینگە من بەشبەحاڵی خۆم بەڕاستی هەم لە خێزانی سەرەتام کە تێیدا گەورە بووم لەلایەن دایک و باوکمەوە، هەم لە خێزانی ئێستاشم کە هاوژینم هەیە و ماڵباتم پێکهێناوە، لە هەردوولاوە زۆر پاڵشتی کراوم. بەتایبەتی لەو کاتەوە کە دەستم بە کارکردن کرد لەلایەن باوکم و دایکمەوە -رۆحیان شاد بێت ئێستا لە ژیانا نەماون- لە چەند جێگایەک چەند قسەیان کردووە ئێجگار زۆر هێزی بە من بەخشیوە بۆ نموونە مەسەلەن هەستم دەکرد کە ئیتر من میوانێکم هاتووە خێزاندارم و ماڵم بەجێ هێشتووە. جارێکیان هاتم و باوکم و خۆشک و برانم لە ماڵمان بوون زۆر هەستم بە شەرم کرد کە من نەدەبوو لە دەرەوە بم من میوانم هاتووە، باوکم زۆر بە سادەیی پێی وتم: “رۆڵە گیان بۆچی وا بیر دەکەیتەوە تۆ ئیش دەکەی لەشت ساخ بیت چەند دەتوانی بەردەوام بە، ئەوە نییە هاتیتەوە و لەگەڵیشمان دانیشتی لەوە بێتاقەت مەبە” یان مەسەلەن دایکم هەمیشە ئەو سەیر کردنانەی هەمیشە ئەو هێزەی کە پێی دەبەخشیم یەکەم جار کە چوومە دەرەوە بۆ کارکردن دایکم لە ماڵەوە خواردنی بۆ دروست کردم و بۆی ناردم کە هیچکات لە بیرم ناچێت و زۆر وزەی پێبەخشیم. لەگەڵ ئەوە خۆیشم دایک بووم بەڵام پێویستم بەو پشتگیرییەی دایکم هەبوو بۆیە زۆر گرینگە هاوکاری خێزانەکەم و هاوسەریشم زۆر متمانەی بەو توانا و تاقەتەی من بوو.
یەکەم جار کە هەنگاوم نا بۆ ئیشکردن زۆرمان موناقشە کرد کە چۆن ئەم منداڵانە بەجێبهێڵین کە چۆن دەتوانین دواجار من قسەیەکی هاوژینەکەم لەیادە کە زۆر بەکورتی و بەپوختی وتی: “نەرمین لەوەی دڵنیام کە ئەم ئیشەت بۆ دەکرێت، گۆمانێکم نییە بەڵام ئەرکت زۆر زیاد دەبێت. دەتوانی بچیتە ژێر ئەو ئەرکە منداڵەکان بەجێبهێڵی”. یەعنی ئەوە وایکردبوو من زۆر ماندوو دەبووم ڕۆژانە بەڵام بیرم دەکەوتەوە من دەتوانم پێیان وتووم لێم ڕادەبینن کەواتە دەبێ بەردەوام بم. بۆیە پاڵپشتی خێزانەکان زۆر گرینگە من هەتا ئێستاش لەگەڵ هاوژین و کوڕەکانم پێکەوەین و ئەرکی ماڵ و ژیان و داهاتی وەکیەک دابەش کردووە. لە نێوان خۆماندا من کوڕەکان لە کاری ماڵەوەشدا هاوکاری منن و دیارە با نەڵێین هاوکاری منن، من وا پەروەدەم کردوون کە خۆیان بەڕێوەبەرن هەرکەسێک خاوێنی و ئەرک و بەرپرسیارەتی خۆی لەسەر شانێتی و بەڕاستیش دڵخۆشین پێکەوە کار دەکەین و ژیانمان بەوجۆرە ڕێكخستووە کە هەر کەسێک ئەرکی خۆی دەزانێت و مافی خۆشی دەناسێت، ئەمەش هەنگاوێکی باشە بۆ خێزان.
بەشێوەیەکی گشتیی باردۆخی ئابووری بۆ هەر تاکێک پێویستە و بەڕاستیش بۆ ژنان بە تایبەتتر چونکە زۆرجار لەژێر ناوی سەرپەرشتی و ئاگەلێبوون و بەخێوکردندا ژنان چەوسێندراونەتەوە بەڵام ئێستا کاتێک ئابووری سەربەخۆ هەیە و بڕیار لەدەستی خۆیدایە و کاتێک دەتوانێ و داهاتی هەیە بۆخۆشی و بۆ خێزانەکەشی ئەمە بەجۆرێک دەنگ دلێر و خاوەن بڕیاری دەکات. وەک وتمان پارە هێزە بۆ مرۆڤ دەتوانێت هێزێکی تر بەم ئینسانە ببەخشێت. بڕیار لەدەستی خۆیدایە چۆن دەتوانێ بڕیار بدات. هیوادارم بڕیارەکان لە جێی خۆی و دروست بن بۆ کۆمەڵگە و بۆخۆیشی. هەلی کار خراپ نییە بۆ ژنان بەڵام من زۆرجار و لە زۆر شوێن دەبیستم مەسەلەن کاتێکی زۆریان لێ دەگرێتەوە و بەمووچەیەکی کەم. ئەمن هیوادارم چاوێک بەمەدا بخشێنرێتەوە و لایەنی بەرپرس بەئاگە بێت کە کارکردنی ژنان یاسای هەبێت و کاتی دیاریکراو هەبێ و مووچەی دیاریکراو و ئەگەر لە داهاتوودا ئەمە بکرێت زۆر باش دەبێت.
وەک هەموو دەیزانین ئیستە ژیان وایە هەموومان لە یەکترەوە فێر دەبین گرینگە ئینسان هێز و وزەبەخش بێت بۆ دەوروبەرەکەی بەڕاستی من سوودێکی زۆرم بینی لەلایەن ئەو ئافرەتەوە کە یەکەم جار کارم لەگەڵ کرد. ئافرەتێکی زۆر بەهێز بوو زۆر باوەڕبەخۆ بوو. زۆر گورجوگۆڵ بوو لە کارەکەیدا و لە سەرەتاش کە من دەستم بەکار کرد بەڕاستی هیچم لەو ئیشە نەدەزانی بەڵام زۆرم پێویستم پیێ بوو. لەبیرمە کە دەمویست پاقلاواکان ببڕم دەست و پەنجەم هاوسا نەمدەتوانی، کارەکە قورس بوو بۆم بەڵام ئەو زۆر بە نەرمونیانی دەیوت: “تۆ وەرە سەیری دەستی دایکی خۆت کە” ئەمە وایکرد من بە چەندین جاری ژیانمدا ئەم وشەی ئەوم دووبارە کردەوە بەرانبەر بە کارمەندەکانم کاتێک کارمەندێک دەستی لێک دەهاڵا نەیدەزانی ئیشەکە بکات و ئەوەشم دەزانی پێویستی پێیەتی منیش هەمان وشەم بە کار دەهێنایەوە. کە ئیتر ئەمە سۆزێکە ئێمەی ژنان و ئێمەی دایکان خۆمان لە هەرکەس باشتر لێی تێدەگەین بۆیە زۆر گرینگە ئەو کەسە کە بڕیاری ئیشکردن دەدا یەکەم پێویستی بەو ئیشە بێت دووەم بڕیار بدات ئیش بکات، هەمووان دەتوانن.
من وەک لە سەرەتاشەوە ئاماژەم پێکرد هەموو مرۆڤێک خاوەن بەهرە و وردەکاری و توانا و سەلیقەیە لە ناخی خۆیدا بە مەرجێک خۆی ڕێگە بدات ئەم توانایانە سەر هەڵبدات، ڕێگە نەدات هیچکەس بیخنکێنێت و هیچکەس تواناکانی لێوەرگرێتەوە و کارکردنیش جیاواز لە داهاتە ماددیەکە لە کۆتاییدا ئێمە هەموومان بۆ داهات ئیش دەکەین هەر کار و وەزیفە و ئیش و شەهادە و ڕێچکەیەکی ژیان بگرینەبەر پێویستمان بە داهاتە و لە پێناوی داهاتدایە ئیش دەکەین. بەڵام زۆر گرینگە ژنان ئەم توانایە لە خۆیاندا بدۆزنەوە و ڕێگە بدەن، وردەکارییەکانی ناخیان خامۆش نەکرێت لەلایەن هیچ کەسێکەوە من زۆر جار دەڵێم باش و خراپی خۆمان لێی بەرپرسیارین.
هۆشیار بوونەوەی ژنان لە ڕێگەی کارکردنیانەوە، لە ڕێگەی داهاتیانەوە، لە ڕێگەی ئابووری سەربەخۆیانەوە، لە هەر کات زیاتر ئێستە پێویستمان پێیەتی. چونکە ئەمەم بەتەجروبە دیتووە لە ژیاندا. یەعنی مەسەلەن کەس هەبووە لەگەڵ مندا کاری کردووە زۆر سەرکوت کراوە زۆر ئازار دراوە، زۆر خامۆش کراوە و بەداخەوە ئیتر ئەمە خاڵێکە ناچارین پەنجە بخەینە سەری لەلایەن هاوسەرەوە ئازار دراون و بەچاوی بێڕێزی سەیر کراون و بچووک کراونەتەوە بەڵام کاتێک دێت و توانایی خۆی دەبینێت و ئیش دەکات و لەگەڵ ئەمەش دەجەنگێ ئاگەدار بووم کە مەسەلەن چەن ئازار دەدرا، چەن قسەی ناشرین و نەشیاو بەگوێیدا دەدرا بەڵام من هێزێکی ترم پێدەدا. نە ئەتوانی نە بەهێز بە من چەندین جار وەک وتم خۆزگە کارمەندەکانیشم ئیستا ئەمە بخوێننەوە کە قسەکانی من دەناسنەوە کاتێک لەگەڵم کردووم و هەمیشە ئەوەم پێی دەوتن، چاوەڕێ مەبن هیچکەس ژیانتان بۆ خۆش بکات، چاوەڕێی ئارامی و ئاسایش بن لەنێو ناخ و دەروونی خۆتاندا، ئەمە دەبێت خۆتان دەسەبەری بکەن، فەراهەمی بکەن بۆ خودی خۆتان. بەهێز بە ئەو هێزەی دەروونی خۆتە دەتوانێ بەرەنگارت کاتەوە لەگەڵ کەسێک لەژێر هەر ناوێکدا. وەک وتم زۆر جار بەناوی دڵسۆزییەوە کەسەکان ئازار دەدرێن. بەڵام توانای ژنان زۆرە من لێرەوە دەمەوێ هەر ئەوندە بڵێم بۆ هەموو ئەو ژنانە کە دەنگی من دەبیستن و هەموو ئەو ژنانە کە ئەم بابەتە دەخوێننەوە تەنیا بڕیارەکە لای خۆتانە لە نێو ناخ و خودی خۆتاندا بڕیار بدەن دەتوانن لە بچووکەوە، لە هەنگاوە سەرەتاییەکانەوە، دەست پێبکەن و خەونەکانتان فراوان بکەن و داهاتووتان گەش کەن. ژیانتان و ئابووریتان و سەربەخۆییتان لەناو دەست و دڵ و دەروون و فیکری خۆتاندایە. چاوەڕێ مەکەن هیچکەس هەل و کار و زەمینەی باشتان بۆ دەستەبەر کات ئەوکاتە ئەو ئیش و بەرهەمە دەبێت بە هی خۆت کە خۆت هەنگاوە وردەکانی دەنێی کە خۆت ئاستەنگەکانت لەسەر ڕێگەی خۆت لادەبەیت ئەمەم بە تەجروبە لە ژیانی خۆمدا دیتووە و دڵنیاشتان دەکەمەوە تەنیا هێزی مانەوە لە کارکردندا پشوو درێژی و توانایی خۆتە، پشوو درێژ بن لەگەڵ کارەکەدا دەتوانن. من دە ساڵە ئەمە کارمە و بڕیاریشم داوە بۆ داهاتووشم هەر ئەمە کارم بێت، لەگەڵیشیدا دایکم، خێزاندارم، ماڵێکی پڕ ئەرک و میوانیشم هەیە و دەشتوانم بەڕێوەی بەرم لەمە هیچ گۆمانێک مەکەن هەرکەس بیهەوێ ئیش بکات تەنیا خۆی بیەوێت دەتوانێت، تواناکانی خۆتان بدۆزنەوە.
سپاس بۆ ئێوە کاتێکی شاد و سپاس بۆ ئەم دەرفەتە کە ڕەخسانتان و هیوای بەردەوامی و سەرکەوتن بۆ گۆڤارەکەتان دەخوازم.