نەسرین یوسفزادە
لە دووهەمین ساڵوەگەڕی بزووتنەوەی ژیناداین و ئەو بزووتنەوەیە لەگەڵ ئەوەی پڕاو پڕ بوو لە شانازی و هەموو جیهانی لەگەڵ کوردی ڕۆژهەڵات و ژێردەستەییان لە دەوڵەتێکی داگیرکەری فارس کە ساڵانێکە بە دەستییەوە دەناڵێنن ئاشنا کرد و سەلماندی ئەو خەڵکە هیچ کات نایهەوێ و ناهێڵی دەوڵەتی داگیرکەری فارس زەفەر بەرێتە سەر ماڵ و ژیانیان.
دوای ئەوەی ژینا بە بێ تاوان و تەنیا بە بیانووی چەند تاڵی پرچی دەستبەسەر دەکرێ و دەکوژرێ ئەو کاتەیە خەڵک بە ڕاپەڕین و خۆپیشاندانەکانیان لەسەر گۆڕستانی ئایچی کە ژینای لێ ناشترا و لەسەر کێلەکەی یەکێک نووسی: “ژینا گیان تۆ نامری ناوی تۆ دەبێتە ڕەمز” دەستی پێکرد و بوو بە هۆی ڕشتنی ڕق و قینی دێوەزمەیەک بە ناوی کۆماری ئیسلامی و بە جێی ئەوەی داوای لێبوردن لە خەڵک و بنەماڵەی ژینا بکەن ئەمجار دەستیان کرد بە کوشتن و گرتن و بریندارکردنی هەموو ئەو کەسانەی کە بە دژیان و بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەو قەتڵە لە ئانقەستەی کە کاربەدەستانی ئەو ڕێژیمە کردبووی.
ڕێژیم بە کوشتن و بریندارکردنی خەڵکی ناڕازی نەوێستا و بەبیانووی ئەوەی کە ئەو خۆپیشاندانە لە ژێر سەری حیزبە کوردییەکانی دژبەری دایە بە شێوازی شەلم، کوێرم، کەس نابوێرم، لە ڕۆژی شەشی ڕەزبەر دا کە تەنیا چەند ڕۆژ بوو مەدرەسەکان کرابوونەوە و منداڵان لە مەدرەسە بوون لە کاتژمێر نۆ و نیوی بەیانییەوە دەستی کرد بە هاویشتنی هاژەک و دڕۆن بۆ سەر حیزبە کوردییەکان و چەد دانە لەو دڕۆن و هاژەکانە لە دەور و بەری مەدرەسەی منداڵەکان درا و ئەوەی بوو بە هۆی ترس و وەحشەتێکی زۆر لە نێو ژن و منداڵ و خەڵکی ئاسایی.
کاک زانیار ڕەحمانی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دوای تەواوبوونی کاتی نیگەهبانی چووبووە ماڵێ و سەری ڕیحانە (شیما)ی هاوژینی دابوو تا بزانی حاڵی چۆنە یان هیچی پێویست نییە؟ تاوێکی لەلا دادەنیشێ و دەڕوا بۆ ئورگانی کارەکەێ.
هەمووی چارەگێک دەبێ کە لەماڵ دێتە دەرێ کاتێک ڕمبەی یەکەم هاژەک دێ و ڕیحانە لە تاوی ئەوەی زانیار شتێکی لێبێ ڕا دەکاتە دەرێ و زانیار لە تاوی ئەوەی ڕیحانە لەو دۆخەیدا نەترسێ بەرەو ماڵێ دەڕوا. لە بەردرگا هێشتا نەگەیونەتە یەک کە مووشەکێکی دیکە لێدەدرێ زانیار چەند تیکەی وێدەکەوێ بەڵام هەڵدەستێتەوە سەر پێ و بەرەو ڕیحانە دەڕوا لە کاتێکدا ڕیحانە هیچ برینێکی پێوە دیار نییە، بەڵام هێشتا زانیار نایگاتێ کە دەکەوێ.
وەک زانیار بۆ ڕووداوی باس کرد کاتێک کە ڕیحانە دەکەوێ ئەو پێی وادەبێ لەبەر بینینی بریندارەکانی ئەوە کە ترساوە و بێهۆش بووە بەڵام کاتێک دەبینێ پشتی سەری بریندارە و تیکە لە پشتی سەری کەوتووە.
خێرا بەرەو نەخۆشخانەی کۆیەی دەبەن ڕیحانە لەوێ چارەسەر نابێ بۆ هەوێڕی ڕادەگوێزن لەگەڵ هەوڵێکی زۆری دوکتور و کادری دەرمانی ڕیحانە توانای تەحەمولی ئەو هەموو ئازارەی نامێنێ و بۆ هەمیشە دڵی پڕاوپڕ لە ئەوینی لەلێدان دەکەوێ و ئاخر یادگاری کە کوڕێکی جوان دەبێ بەجێ دەهێڵێ بە ئومێدی ئەوەی لە دوای ئەو ببێ بە یار و هاودەمی زانیار و بۆنەی ئەوی پێوە بکا، بەڵام هەزار جار مەخابن کە چارەنووسی زانیار لەوە ڕەشتر بوو کە بیری لێ بکەینەوە.
وانیاری بچکۆلە بە ناتەواوی هاتبووە دوونیا و ئەگەر بژیابایە کێشەی جەستەیی پەیدا دەکرد و لەلایەکی تریشەوە دایکی شەهید ببوو بۆیە بە ناچار زانیار داوای پزیشکەکانی قەبووڵ کرد و ئامێرەکانیان لێ کردەوە و وانیاری یەک ڕۆژە بوو بە بچووکرتین شەهیدی مێژووی کوردستان.
ئیتر کاک زانیار مابوو و دوو تەرمی خۆشەویست و جەستەیەکی زامدار، ئازارێک کە تەنانەت لە تراژدیترین چیرۆک و فیلمەکانیش نەبیندراوە، زامێکی قووڵ کە هەرچۆنێکی لێی بڕوانی ساڕێژ نابێ.
وێنەی کاک زانیار کاتێک وانیاری شەهیدی لە پەتۆیەکەوە پێچاوە بوو بە وێنەیەکی جیهانی لە جەنایەتیکانی شەڕ. شەڕێک کە نە وانیار و نە ڕیحانە و نە تەنانەت خودی زانیاریش تێیدا هیچ بەشێکیان نەبوو، تەنیا ئەوە بوو ڕیحانە و زانیار نەیانتوانیبوو چی دیکە زوڵم و ناحەقی تەحەمول بکەن و بۆ وەرگرتنی مافی ڕەوای خۆیان و گەلەکەیان لە شار و زێدی خۆیان هاتبوونە دەرێ و چەکی پیرۆزی پێشمەرگایەتییان کردبووە شانیان و بە دژی دەوڵەتێک کە دەیان ساڵە پیشەی بووەتە چەوساندنەوەی گەلانی دیکە و خۆی لە سەرەوە خەریکە خوێنیان لە کاسە دەکا خەباتیان دەکرد. زانیار وەک پێشمەرگەیەکی دڵسۆز و بە پرنسیپ و بە ئەخلاق و ڕیحانە وەک ئەندامێکی دڵسۆزی تەشکیلاتی ئاشکرای حیزب و ئەندام و سەرشانەی ڕێکخراوی یەکیەتیی ژنان کار و چالاکیان دەکرد و بۆ هیچ کارێکی حیزبی درێغیان نەدەکرد.
زانیار تەرمی کوڕە یەک ڕۆژەکەی لە باوەش دابوو و شانی وەبەر لایەکی تابووتەکەی ڕیحانە دابوو و بەرەو مەزارگەی نەمران دەڕۆی. کاتێک بە دڵێکی حەزینەوە بە خاکی پیرۆزی نیشتمانی دەسپاردن دڵی نەدەهات لە یەکیان جیا کاتەوە بۆیە هەردووکیانیانی بە نیزیکترین مەودا لەلای یەک ناشتن.
ئازار و غەمی زانیار لە کاتێکدا چەندهێندە دەبێ کە دەچیتەوە ماڵێ و ماڵەکەی بە چۆڵی دەبینێ کەس نابێ بەرەوپیری بێ و بە بزەیەکی خۆشەوە بڵی: “بەخێر بێیەوە ئازیزم” و ئەویش لە وڵامدا بڵێ: “قوربانت بم نازدارەکەم تۆ بڵێ بۆخۆت چۆنی؟ و دوایە چاوێک لە زگی بکا و بڵێ خۆ دایکت ئەزێت نەکردووە کوڕە”؟
کاتێک بڕیار وابوو ماوەیەکی دیکە دەنگی گریان و پێکەنینی منداڵێک لەو ماڵە بێ و ئێستا هەم دایکەکە و هەم منداڵەکەی لەدەست داوە و ماڵەکەی بەیکجاری چۆڵ بووە.
جەنایەتێک کە هەتاهەتایە لە یادی نە زانیار و نە هیچ کەسێکی کە چیرۆکی ژیانی ئەوی بیستبێ ناچێتەوە چیرۆکێک کە پێویستە نەوەک نەتەوەی کورد بەڵکوو هەموو دونیا بیبیستێ.