بۆ قسەكردن لەسەر ڕۆمانی “كابووس” نووسینی ئەحمەد گوڵشیری و وەرگێڕانی سۆما ناسری، بە پێویستی دەزانم لە پێشدا دوو پەرەگراف لە وەرگێڕانەكەی بخوێنینەوە جا بچینە نێو باسەكەوە.
تایبەت ئەو کاتەی کە “سمایلە تەپە” بەو ماتۆڕە قەبەیەوە هاتبوو و لە کۆڵانی ڕووبەڕووی قوتابخانەکە وێستابوو. من ڕوحیشم ئاگادار نەبوو. بەسەری تۆ بەڕاستمە. ئیمتیحانی کۆتاییمان دابوو و خەریک بووین بەملی شکاومان لە قادرمەکان دەهاتینە خوارێ کە دیتم نادر هاتە لام.
***
بۆ نموونە یەکێک لە قسەکانیان ئەوە بوو کە کچە پووری پووری خاڵی، کە بۆ خۆی کەرێکە لەو دەشتەی، کاتێک زانیویەتی ئاوێنە و شەمدانەکەی زیوە، زۆر خۆشحاڵ بووە. ئاخر ئەوە قسەیە، تو خودا! هەموو قسەکانیان ئاوا بوو. کچان هەموویان ئاوان. تا دەگەنە لای یەکتر، باسی مێردی هاوڕێکانیان دەکەن، گوتم:
“نادر لە ماڵە؟”
گوتی: “نا.”
دیار بوو وەک سەگ درۆی دەکرد گوتم: “نازانی لە کوێیە؟”
***
سەرنجدان و وردبوونەوە لەو چەند دێڕەی بەرایی ئەم نووسینە، پێمان دەڵێ، دەكرێ یەكەم بەرهەمیش بەرهەمێكی پوخت و پاراو و بەپێز بێ. نەجەفی دەریابەندەری كە یەكێكە لە ناودارانی بواری وەرگێڕان لە ئێران، یەكەم بەرهەمی خۆی لە زمانی ئینگلیزییەوە بە ناوی “سوورەگوڵێك بۆ ئێمیلی” كردووەتە فارسی. لە دەیەی چلی هەتاویدا. چیرۆكێكی جوانی ویلیام فاكنەرە. پێش مردنی لێی دەپرسن، قەت بە یەكەم كارتدا چوویەوە و هیچت لێ گۆڕی؟ دەڵێ نەخێر، ئێستاش كە سەیری دەكەم، هیچ كەمایەسییەكی تێدا نابینم تا دەستی تێ وەربدەم.
هەڵبەت یەكەم كار هەمیشە كەمایەسیی خۆی هەر دەبێ، بەڵام گرینگیشە كە یەكەم بەرهەمت بەرهەمێكی بەهێز بێت.
كاتی خۆی، سۆما گوتی حەزم لە وەرگێڕانە و دەمەوێ شتێك وەربگێڕم. داوای لە من كرد كتێبێكی پێ بناسێنم. منیش كە ئەو ڕۆمانە شیرینەم خوێندبۆوە و زۆر یادەوەریی منداڵیمی لێ بووژاندبوومەوە، پێشنیارم كرد بیكاتە كوردی. ماوەیەكی پێوە چوو، دیار بوو پەنجا لاپەڕەیەكی لێ وەرگێڕابوو، بۆی ناردمەوە. گوتی: “خاڵە ئەوەندەم كار لێ كردووە، ئەگەر بە دڵتە با بەردەوام بم، ئەگینا وازی لێ بێنم”. خوێندمەوە، زۆرم بە دڵ بوو، یەك دوو وردە سەرنج و تێبینیم هەبوو، پێم گوت. ڕۆیشت. ناوە ناوە چەند وشەیەكی فارسیی بۆ دەناردمەوە دەیگوت ئەوانە چییان بۆ دانێم؟ زۆر جار دەمگوت من بۆخۆم تێگیراوییەكم دەبێ تەلەفۆن بۆ هەژیری فەرهەنگنووس دەكەم و لێی دەپرسم، كەچی سۆمای هاوسەری كە دڵنیام پێش من لەوی پرسیوە، دیارە دڵی بە وەڵام و هاوواتاكانی هەژیر دانەكەوتووە، بۆیە لە من دەپرسێ. جا هەر جارێكی دەمگوت ئاوای لێ بكە، دەیگوت وەڵڵا خۆ هەژیریش وای گوت. بەهەر حاڵ، عادەتی مرۆڤە و پێی وایە گڵی دوور دەرمانە. ئیتر وەختێك سۆما لە وەرگێڕانی رۆمانی “كابووس” بۆوە، من هەم دڵخۆش بووم، هەمیش خەمێك دای گرتم. دڵخۆش بووم كە كتێبێكی وا شیرین بەو زمانە پاراوە كراوەتە كوردی، بەڵام خەمی ئەوە دای گرتم، كە بازاڕی چاپی كتێب لە هەرێمی كوردستان چەندە بێسەروبەر و خراپە. ئەوەی لێرە قەدری نییە وەرگێڕانی باشە. بەتایبەتی كتێبێك كە خۆیان بە وەرگێڕانیان نەدابێ، شاكاری ئەدەبییش بێ، بە پووشێكیان ناوێ. بۆ چاپی “كابووس” لەگەڵ زۆر شوێنان قسەم كرد، دەستیان بە ڕووەوە نام. دەیانگوت بەداخەوە توانای كتێب چاپكردنمان نییە، كەچی حەفتەیەك دواتر، سێ چوار كتێبیان دەخستە بازاڕ، بەهەموویان توورێكی قەڵبیان نەدێنا.
…………
سۆماش وەكوو من بەختەوەر بوو. بەختەوەر بوو لەوەدا كە ڕێی كەوتە نێو قوتابخانە مەزنەكەی دێموكراتەوە. شوێنێك كە بۆ ئەوانەی دەیانەوێ پێ بگەن و بەرهەمێكیان هەبێ و تواناكانیان بپشكوێنن، لەبارترین كەشوهەوا و شوێنە. شوێنێك پڕ لە مشتومڕی ئەدەبی و سیاسی و زمانەوانی. شوێنێك پڕ لە مرۆڤی تێگەیشتوو و پێگەیشتوو، كە بەردەوام هانت دەدەن بۆ زیاتر فێربوون. بەتایبەتیتر سۆما بە پێكهێنانی ژیان لەگەڵ پێشمەرگەیەكی ڕووناكبیری خاوەن قەڵەم و بەمشوور فەزاكەی باشتریش بۆ خوڵقا. ئیدی لەو فەزایەدا هەركەس خۆی پێ نەگەیەنێ، دەبێ دادگایی بكرێت. لەنێو حیزبی دێموكراتدا هەموو شتەكان دەست دەدەنە دەستی یەكتر، بۆ ئەوەی تۆ ببیتە كەس و كەسایەتییەكی جیاوازتر لەوی پێشووت.
………..
كابووس چاپ بوو
كابووس لە كاتێكدا چاپ بوو، كە من بەداخەوە دەستی چارەنووس بەرەو شوێنێك هەڵیداشتبووم، لە ژیانمدا نە حەزم لێی بووە و نە بەتەمای بووم و نە بیریشم لێ كردبۆوە و نە ئێستاش تێیدا ئارامم. كابووس لە كاتێكدا چاپ بوو، كە بەداخەوە حیزبی دێموكرات لە ئەستەمترین بارودۆخی خۆیدا بوو، بەڵام لە ڕۆژهەڵات كوورەی شۆڕشی ژینا نێڵەی دەهات و كچان ببوونە پێشەنگ و ڕێبەری پیاوان. لەو دۆخەدا بەرهەمی ژنێكی تێكۆشەری نێو سەنگەری خەبات لە چاپ هاتە دەرێ. ئەوەش بەشێكە لە شۆڕشی ژن. شۆڕشێك بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستییە، كە ژنان لە هەموو بوارێكدا بەتوانان، مەگەر لەو شوێنانەی خۆیان دەیانەوێ تواناكانیان دەرنەكەوێ. ئەم قسەیەم بۆ بیستوپێنج، سی ساڵی ڕابردوویە. بۆ ئەو سێ دەیەیەی ئێستا، كە ئیدی بە كردەوە جیاوازیخستن لەنێو كچ و كوڕدا یان نەماوە، یان هێندە كاڵ بووەتەوە هەستی پێ ناكرێ. ئیدی كچان لە قوتابخانە و زانكۆكانن و ڕێژەیان لە كوڕانیش زیاترە. ئیتر كاتی ئەوەیە شۆڕشێكی دیكە بەرپا بكەن، شۆڕشێكی مەعریفی و زانستی. كاتی ئەوەیە ژنی كورد كتێبی لە خشڵ و بەرموور خۆشتر بوێ، ئەوە ڕەمزی سەركەوتن و پێشكەوتن و ڕزگارییە. خشڵ و بەرموور، تۆق و كۆت و بەندی پیاوانە بۆ كۆیلەكردنی ژن. كتێب بخەنە سەرووی هەموو شتێكەوە، دڵنیا بن هیچ هێزێك ناتوانێ بتانچەوسێنێتەوە.