یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان-سوئێد، بەمەبەستی ناساندنی ئەندامانی خۆی هەرجارەی لەگەڵ یەکێک لە ئەندامانی خۆی چاوپێکەوتن دەکا و تیشک دەخاتە سەر ژیانی تایبەت و چۆنیەتی ژیانی ئێستا و تێکۆشانی هەرکام لە ئەندامانی خۆی لە ڕێکخراوەکەدا.
چاوپێکەوتنی ئەمجارەمان لەگەڵ هاوڕێی بەڕێزمان خاتوو شلێر حەسەنپوورە.
١- دەکرێ خۆت بە خوێنەرانمان بناسێنی و بە کورتی ئاوڕێک لە ژیانی تایبەتی خۆت بدەیتەوە.
پێشەکی سوپاس بۆ ئێوە!
بۆ من کە ساڵانێكی زۆر لە نێو بەڕێوەبەری یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە سوئێد دا کارم کردووە زۆر جێگای شانازییە کە دەبینم ھاوڕێیانم بێ پسانەوە بەردەوامن لە چالاکی و بەتایبەتی ئەوساڵ کە بەھۆی پەتایی کۆڤید ١٩ نەگونجاوە چالاکی فیزیکی و حزووری بکەن، ئەو ھەلەیان قۆزتۆتەوە و بەو شێوەیە ئەندامەکان بەسەر دەکەنەوە.
ھەر لێرەش داوا دەکەم کە ئەو چاوپێکەوتنانە بکەن بە نامیلکە و لە ئارشیوی رێکخراوەکەمان دا خەزن و ئارشیڤی بکەن.
من شلێر حەسەنپوور لە شارە سەرسەوزەکەی سەردەشت لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان مەکۆ و لانکی سەرھەڵدانەوەی شۆڕش لەدایک بووم.
زۆر منداڵ بووم كاتێ شەوانە دادەنیشتین، بابم بۆی باسی زوڵم و زۆری رێژیمی پاشایەتی بۆ دەکردین.
ئەو دەیگێڕایەوە کە چۆن ئاژانەکانی ئەو سەردەم خەڵکیان ئازار داوە و ویستوویانە بەقەولی بابم «دوولینگە» شلوار و شەپکە بسەپێنن.
بابم باسی ئازایەتی و بەرھەڵستی خەڵکی بۆ دەکردین، ئەوجار دەگەرایەوە بۆ زۆر پێشتر کە چۆن پشت بەپشت باب و باپیرانی لە سەردەمێک دا کە سەردەشت حاکمی شاری خۆی ھەبووە بەگژ زۆرداری دا چوونەوە.
بۆی باسی کەسێک دەکردین لە بنەماڵەی خۆی، باش لە بیرم نییە کە باپیری بووە یا مامی لە کاتی خۆیدا چۆن بەرھەڵستی بڕیارێکی حاکمی شاری سەردەشت بۆتەوە بۆ ئەوەی بە حاکمی شار بسەلمێنێ کە کاری لەدەست دێ بەشەو دەچێتە ماڵی حاكمی شار و لیباسی حاکم ھەڵدەگرێ و بە پەرژینی بەردەرگای ماڵی حاکمی دا دەکا ودواتر وەڵام دەنێرێ بۆ حاکم و دەڵێ با ئاگاداری ھەڵسووکەوتی خۆی بێ.
لەڕاستی دا کاتێ بابم ئەو بەسەرھاتانەی دەگێڕانەوە زۆر بەوردی گوێم بۆ رادەگرت، بەتایبەتی کە باسی ئاژانەکانی زەمانی رەزاشای دەکرد کە چۆن لە خەڵکیان داوەو بە زۆر پانتۆڵی کوردییان لە پێی پیاوان دەرھێناوە و تەنانەت وەک ئەتک کردن نێفۆکی پانتۆڵەکانیان بڕیون و دەسرەو پێچی سەری پیاوان و چارشێوی سەر سەری ژنانیان لەسەر ڕفاندوون.
لە بنەماڵەی ئێمە دا بە کوردی قسە کردن و ئاخاوتن بە زمانی شیرینی کوردی و گرنگی دان بە کلتووری کوردی پرنسیپێک بوو کە دەبوو ھەموومان بیپارێزین و ھەرکام لە ئێمە لەو پرنسیپانەمان لادابایە دەکەوتینە بەر تەوژمی تووڕەیی بابم.
شەوانی زستان و سارد و سەرما کە شەوگار درێژ و تاریک و تار دەبوون لە دەوری یەک دادەنیشتین و بابم شێعرو ھۆنراوەکانی مامۆستا ھێمن موکریانی بۆ دەخوێندینەوە.
شێعرەکانی تاریک و ڕوون و ئەوبەشە لە ھۆنراوەی ناڵەی جودایی بۆ ھەمیشە لە مێشکم دایە:
دێم و هەڵدەمژم شنەی کوێستانی کورد
دێم و دەچمە شەوڕنی بێستانی کورد
دێم و دەشکێنم لەوێ جامی شەراب
ماچی شیرین نایەڵێ تامی شەراب
دێم و ناترسم لە پەرژینی بە زی
هەر پەری سەرکەوت و دێوەزمە بەزی
تا بمێنێ نووری چاو و هێزی پێم
دێم و دێم و دێم و دێم و دێم و دێم
دێم هەتا هەمبێ بڕست و بیر و هۆش
گەر گلاشم، کوردەواری و ئێوە خۆش!
كاتێ دەگەیشتە بەشی کۆتایی ھێندە بە ھەست دەیخوێندەوە چاوە کاڵەکانی پڕ دەبوون لە فرمێسک و کڵووی گریان بینی پێدەگرت.
ھەموو جارێ سەری دادەخست و لە ژێرەوە فرمێسکەکانی ھەڵدەوراندن.
كاتێ شۆڕشی گەلانی ئێران دەستی پێکرد، پۆلی ٥ ی سەرەتایی بووم گەلێک شەو پێشمەرگە دەھاتنە ماڵمان و بە چەند شەو لە ماڵمان دەمانەوە، ھەر ئەوکات بوو زانیم کە لە بنەماڵەی ئێمە دا گەورەی بنەماڵەمان حاجی برایم حەسەنپوور، «مامم» سوێندخۆر و ئەندامی کۆمەڵەی ژێکاف و پێشمەرگەی کۆماری کوردستان بووە.
ھەروەھا حاجی حەمەدەمین حەسەنپوور لە سەر کوردایەتی و کارو باری حیزبی چەند ساڵ لە بەندیخانەکانی محەممەد رەزاشا دا دەستبەسەر بووە وهەروەها كاک حەمەرەسووڵ حەسەنپوور لەسەر چالاکی و ئەندام بوونی لە حیزبی دێموکرات دا تەبعید و لە بنەماڵەو شاری خۆی دوورکراوەتەوە.
دوای سەرکەوتنی شۆڕش گەلانی ئێران و کەش و ھەوای شار و بەتایبەتی شۆڕشگێڕی بنەماڵەکەمان بەشی زۆر لە ئێمە منداڵانی بنەماڵەی بەرەو “ئیتحادیەی جەوانان دێموکراتی کوردستانی ئێران” هان دراین..
ئەو کات بنکەیەک لە نێزیک شێخ مەولانەی شاری سەردەشت ھەبوو ئێمە چەند کەسێک دەچووین وا بزانم ئەمن لە ھەموان کەم تەمەنتر بووم.
لەو بنکەیە جیا لەوەی دەرسی کوردیان پێدەکوتین، فێری لەبەریەک دەرھێنانی چەکوچۆڵیان دەکردین.
لەبەر ئەوەی تەمەنم کەم بوو نەمدەتوانی بەشداری لە باسەکان دا بکەم تەنیا وەک گوێگرێک بەشداری ئەو کۆرسانەم دەکردن کە داندرابوون.
بەڵام بەداخەوە زۆری نەخایاند و شار کەوتەوە دەستی پاسدارانی رێژیمی کۆماری ئیسلامی و پێشمەرگە بەرەو گوندەکانی دەوروبەری شاری سەردەشت پاشەکشەیان کرد.
وەک ئێستا لە پێش چاومە کە جاش و پاسدارەکان چەندە بێبەزەیانە خوشکم و منداڵەكانیان بەپێی پەتی لە کەشی ساردی زستان لە کۆڵان ڕاگرتبوون و جاشە خۆفرۆشەکان شتومەکی ماڵیان لەسەر شانان بەتاڵان دەبردن.
سەرەتا لە ماڵی پورە ئامین،م دایکی کاک کەریم حەداد ڕا دەستیان پێکرد و بە زۆر لە ماڵی خۆیان وەدەریانان.
وێڕای ماڵی پوورە ئامین،م ماڵی مام حەمەدەمین حەسەنپوور، ماڵی مام حەسەن حەکیمزادە، ماڵی حاجی حوسێن حەداد و ماڵی خوشکم موسادەرەکران.
بەشێک لە ماڵەکان بوون بە بنکەی پاسداران و بەشێکیش جاشەکان تێدا نیشتەجێ بوون.
ئەو دیمەنە ناخۆشانەم قەت لە پێش چاو وون نابن.
زۆربەی خزم و کەسەکانم بریتی لە ئامۆزا، پوورزا و دوو لە خوشکەکانم کە مێردەکانیان پێشمەرگە بوون، رێگای خەبات بۆ بەرەنگار بوونەوە دژ بەو زوڵم و زۆریەیان ھەڵبژارد و لە نیژاوە، واوان و گرژاڵ نیشتەجێ بوون. بەداخەوە لەگەڵ ھەر ھێرشێکی دڕندانەی سوپای پاسداران ماڵ و ژیانیان لێ تێکدەچوو، بەرەو ھەوارێکی نوێ باریان دەکرد، ئێمەش گوند بە گوند و شاخ بەشاخ ھەر لە نیژاوێ و واوان و بنێوخەڵەف، مەزرا، ئالان، تا ئەوپەڕی مەرزی دەست کرد قەڵادزێ، سەنگەسەر کارێزە، قەندیلی سەربەرز بۆڵێ، کانیمێو، سڵێ و ئێندزێ و دواتریش دەشتی کۆیە بۆ دیداریان دەچووین.
ئەمن لەوێ لە نێزیکەوە چاوم بەسەدان پێشمەرگەی ئازاو نەترس دەکەوت کە بۆ وەدیھێنانی ئازادی دەستیان لە ھەموو خۆشی ژیان ھەڵگرتبوو و ژیانی سەربەرزانەی پێشمەرگایەتیان ھەڵبژاردبوو.
ھەر ئەو ئۆگریە بە پێشمەرگە و خەباتیان دژ بە زۆرداری وایکرد دواتر لەگەڵ بەشێک لە ھاوڕێیان لە نێو شاری سەردەشت کاری حیزبی بکەین.
لەو رێگایەش دا خۆشەویسترین ھاوڕێی منداڵیم ھەمزە قادری بەدەستی رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێعدام کرا.
ھەموو ئەو ڕووداوانە وایان کرد کە من رێڕەوی رێگای پیرۆزی شەھید ھەمزەو و ھەموو شەھیدەکانی خەبات بۆ ئازادی بگرمە ڕێ و ئەندامەتیم لە حیزبی دێموکرات دا درێژە پێدا.
٢- لە چ ساڵێکدا زێدی خۆتت جێهێشتووە و کەی هاتووی بۆ سوئێد؟
لە ڕۆژی ٢٦ی بانەمەڕی ١٣٧٥ی ھەتاوی بە مەبەستی پێکھێنانی ژیانی ھاوبەش شاری سەردەشتم جێھێشتووە و لەگەڵ ھاوژینم حەمەرەسوڵ کەریمی لە بنکەی کۆمیتە شارستانی سەردەشت لە ھێزی گیاڕەنگ نیشتەجێ بووم.
بەرھەمی ژینمان كچێك و كوڕێکە.
كچەکەم ساڵی ئاخری زانستە کۆمەڵایەتیەکان دەخوێنێ و کوڕەکەم پولی سێی سەرەتاییە.
سەبارەت بە هاتنمان بۆ سوئید، ساڵی ١٩٩٧ ی زائینی رێکخراوی یوئێن لە ھەولێر زۆر چالاک بوو، بەشێکی بەرچاو لە تێکۆشەرانی کورد لە رێگای یوئێنەوە بۆ وڵاتانی جۆراوجۆر بەرێ کرابوون و بەشێکیش لە چاوەروانی سەفەر بۆ دەرەوەی وڵات لە شارەکانی ھەرێمی کوردستان ژیانیان تێپەر دەکرد.
حیزبی دێموکراتی کوردستان ئەو ھەلەی بە قازانجی کەم ئەندامانی سەنگەر قۆزتەوە و لەگەڵ یوئێن پەیوەندی گرت و بەم شێوەیە بەشێکی بەرچاو لە کەم ئەندامانی نێو ریزەکانی حدک بەرەو وڵاتانی دەرەوە کۆچیان پێکرا.
بنەماڵەی ئێمەش یەک لەو بنەماڵەنە بوو کە مانگی پێنجی ١٩٩٨ی زایینی كوردستانمان جێهێشتووە و لە وڵاتی سوئێد نیشتەجێ بووین.
٣- ڕادەی خوێندەواریتان پێش هاتن بۆ سوئێد چەند بووە و لێرە چیتان خوێندووە؟
وەک لە سەرەوە ئاماژەم پیدا وەزعی بنەماڵەی ئێمە زۆر نائاسایی و ئاڵۆز بوو قۆناغی یەكی ناوەندیم دەخوێند کە خزمەکانمان بە زۆر لە ماڵەکانیان وەدەرنران و ھەر دوو برایەکانم کە لە من گەورەتر بوون دەستبەسەرکران.
ھاوکات وەزعی قوتابخانەکان زۆر ناسەقامگیر بوون ھەر لەسەرەتا دوو جار شێوەی جلکی قوتابخانەیان پێ گۆڕین سەرەتا کراسێکی باڵاپۆشی درێژیان پێ بە درووست کردن داین، دواتر داوایان کرد شێوەی نوێ کە شێوەیەک بوو لە مانتۆ و مەقنەعە بکرین، ھەر ئەوە بوو کە بابم ئیزنی نەدا بچمەوە بۆ قوتابخانە.
دیارە زۆرم ھەوڵ دا کە بچمەوە و بەھاوکاری دایکم لە بەشی موتەفەریقە خۆم ناونووس کرد، بەڵام شەڕی ئێران و ئێراق دەستی پێکرد ئیتر بەداخەوە بۆم نەگونجا لە یەکی دوا ناوەندی زیاتر بخوێنم.
لێرە لە سوئێد پەروەردەم خوێندوە و زیاتر لە ١٢ ساڵە لە باغچەی منداڵان لەگەڵ منداڵانی ٤ بۆ ٥ ساڵ کار دەکەم.
٤- باسێک لە چۆنیەتی و هۆی پێوەندیتان بە یەکیەتیی ژنانەوە و کار و چالاکییەکانی خۆتان لەو ڕێکخراوەیەدا بکەن؟
ھەر لە بنکەکانی حیزبی دێموکرات لە ھێزی گیاڕەنگ و لە ئازادی لەگەڵ ھاوڕێیان و ئەندامانی یەکیەتیی ژنان ئاشنا بووم.
ئەوەندەی لە کوردستان بووم لەخزمەت کاک حەسەن حاتەمی دا لە کۆبوونەوەیەک دا کە بەڕێزیان پێکھێنەری بوون بە ئەندامی بەڕێوەبەری شانە ھەڵبژێردرام و شانەی حیزبیم بەڕێوەدەبرد، بەڵام ئەندامی رێکخراوەی ژنان نەبووم.
ئەوەندەی لە کوردستان بووم لە ھیچ یەک لە کۆڕ و کۆبوونەوەکانی یەکیەتیی ژنان دا بەشداریم نەکردوە.
ھۆیەکەی ئەوە بووە کە بڕوام وا بوو ژن نابێ لە ڕێکخراوەیەکی جیا لە حیزب دا خەبات بۆ دەستەبەرکردنی ویست و مافەکانی بکا. ئێستاش ھەر لەسەر ئەو باوەڕەم، بەڵام نابێ ئەو راستیەش لەبیر بکەین کە شێوەی کار کردنی حیزبەکانی ئێمە چ ئێستا و چ ئەو کات ڕێگا خۆشکەر نەبووە بۆ بەشداری پێکردنی ژنان لە سیاسەت دا و ھاوکات (بەشێکی بەرچاو) لە ژنانیش زۆر ھۆگریان بە سیاسەت و کاری بەڕێوەبەریەوە نەبووە و نییە و خۆیان لە کار و تێکۆشانی سیاسی بەدوور دەگرن.
بەڵام ئەگەر بگەرێمەوە سەر پرسیارەکەتان کە لەکەیەوە دەستم بە چالاکی لە رێکخراوەی یەکیەتیی ژنان دا دەست پێکردوە، دەستپێکی کاری من لە رێکخراوەی ژنان دا دەگەرێتەوە بۆ ساڵی ١٩٩٨ی زائینی.
ئێمە بەشێکی زۆر لە بنەماڵە کوردەکان و بەتایبەتی ئەو بنەماڵانەی ماوەیەکی زۆر لە حیزبی دێموکراتی کوردستان دا پێشمەرگە بوون، لەو شارە نیشتەجێ بووین، بەدەست پێشخەری کۆمیتەی حیزبی دێموکرات و بەتایبەتی لەسەر داوای ھاوڕێ و ھاوژینم حەمەرەسوڵ کەریمی و برای ئازیزم کاک کەماڵ حەسەنپوور کە بەرنامەی کاری یەکیەتیی ژنانی بە زمانی سوئێدی نووسیبۆوە و بە ھاوکاری چەند ھاوڕێی بەڕێز کە بە پێویستی دەزانم ناویان بێنم ھاوڕێیان( ڕێناس محەممەدیان، شلێر ئەمینی، زنوێر ئەمینی، شەمسە ئەلیاسی و من شلێر حەسەنپوور ) بەرێوەبەریەکی ٥ کەسی کۆمیتەی یەکیەتیی ژنانمان پێک ھێنا و چالاکییەکانی خۆمان لە شاری لینشۆپینگ دەست پێکردن.
سەرەتای کاری ئێمە لێک نێزیک کردنەوەی بنەماڵەکان و بەتایبەتی رێکخستنی ژنان و لاوان بوو.
بۆ ئەوەی ژیان لە ھەندەران نەبێتە ھۆی لێکدابڕانی ئێمە و منداڵەكانمان کلتووری کوردی، وەک زمان، موزیک و رۆژە نەتەوەیەکان لە بیر نەکەن بە کۆرسی فێرکاری زمانی کوردی بۆ منداڵان و گەورەساڵان دەستمان پێکرد.
دواتر پەرەمان بە کارو چالاکییەکانمان دان.
لەڕاستی دا کۆمیتەی یەکیەتیی ژنان لە لینشۆپینگ بوو بە ھەوێنی درووست بوونی کۆمیتەی یەکیەتیی ژنانی گشتی لە ستۆکھۆڵم.
دوای لەت بوونی حیزب بۆ دووبارە سازمان دانەوەی یەکیەتیی ژنان بە ئینتسابی لە کۆمیتەی گشتی یەکیەتیی ژنان لە سوئێد لە خزمەت ھاوڕێ گوڵاڵە شەرەفکەندی و ھاوڕێ شوعلە قادری و هاوڕێ زیبا سەروەری و هاوڕێ جەمیلە کرمانجی و یەک دوو ھاوڕێی دیکە کارو تێکۆشانم دەست پێکردەوە.
سێ دەورە بەرپرسایەتی گشتی کۆمیتەی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە سوئێدم وەئەستۆ گرتوە.
دوو جار دەنگی متمانەی ھاوڕێیانم لە کۆمیتەی سوئێد وەرگرتووە بە نوێنەرایەتی کۆمیتەی سوئێد شانازی بەشداریم لە دوو کۆنگرەی یەکیەتیی ژنان پێبڕاوە.
جیا لە ئەوساڵ کە بەھۆی فشاری کاری نەمتوانی خۆم بۆ کار کردن لە کۆمیتە دا بەربژێر بکەم ھەموو ساڵێ ھاوکات لەگەڵ کار کردنم لە کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە سوئێد، ئەرک و بەرپرسایەتیم لە کۆمیتەی یەکیەتیی ژنانیش دا وەئەستۆ گرتووە.
٥- لە ئێستادا بە چییەوە سەرقاڵن و لەگەڵ ژیانی ئێرە چۆن خۆتان ڕێک خستووە؟
وەک ھەر بنەماڵەیەک ژیانێكی ئاسایی و سادە و ساکاری خۆمان ھەیە و جیا لە کاری رۆژانەم لێرە کە ئەویش بەرپرسایەتی تایبەت بەخۆی ھەیە، لە گرووپی هەگبەی یارمەتی کە گرووپێکی خێرخوازیە و دوای بڵاو بوونەوەی پەتایی کۆرۆنا بۆ گەیاندنی یارمەتی بە هاوڵاتیانمان پێکمان هێناو چالاکم هاوکات ئەرک و ڕاسپاردەکانی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان رادەپەڕێنم، کە ھیوادارم شەرمەندەی خوێنی شەھیدانمان نەبین و لەو ئەرکەش دا ڕووسوو بین.
٦- ئەگەر لە کۆتاییدا قسەیەکتان بۆ خوێنەران هەیە فەرموون.
دووبارە سوپاس بۆ ئەو دەرفەتە و ھیوادارم بتوانن پەیوەندی لەگەڵ ھەموو ئەو ژنانە بگرن کە بەجۆرێک نەخش و ڕۆڵیان هەبووە لە خەبات وتێکۆشان دا.
لە کۆنگرەی یەکیەتیی ژنان داوام کردوە، لیرەش داواکاریەکەم بۆ بەرپرسانی بەشی ڕاگەیاندن دووبارە دەکەمەوە، پێش ئەوەی درەنگ بێ لە فکری کۆکردنەوەو بە ئارشێو کردنی میژوو و بەسەرهاتی ئەو ژنانە دا بن کە شان بەشانی پیاوان زیاتر لە چوار دەیە تیکۆشانیان کردوە بەڵام خەبات و ڕەنجیان نادیار و وونە.
ھیوادارم لەداھاتوو دا لە توێی بەرنامەیەکی تایبەت دەنگ و ڕەنگی ئەو ژنە زەحمەتکێشانە ببینین و ببیسین.
دیارە ئێستا بەرنامەیەک بە ناوی ژنانی ناو شۆڕش ھەیە کە ھاوڕێیانمان لە نوروێژ زەحمەتی ئامادەکاری و زەبتی دەکێشن، هەر لێرە دەستخۆشیان لیدەکەم و لەهەمان کات دا دەلێم بەداخەوە ئەوان نەیانتوانیوە تێکهەڵکێشێک بکەن کە هەمووان خۆیان لەو پرۆگرامە دا ببینەوە.
هەڵبەت نازانم و ئاگادار نیم کە هاوڕێیانمان لە نۆروێژ لە ژێر چ پرۆتۆکۆلێک دا کار لەگەڵ کورد کاناڵ دەکەن، مەبەستم ئەوەیە ئەو بەرنامە وەک کۆمیتەی یەکیەتیی ژنان لە نۆرویژ بەڕێوەدەبەن یا چی؟ بەگشتی رەنگبێ کەس گلەیی لە هاورێیانی نۆروێژ نەبێ و وک دەبیندرێ ئەوان ڕێچکەی کاری خۆیان وا داناوە کە سەرەتا لە دۆستەکانی خۆیان ڕا دەست پێبکەن بەڵام زۆر وێدەچێ کوردکاناڵ بکەوێتە بەر ڕەخنە و ئەوەش بەباش نازانم.
هیوادارم هاوڕێیانی نوروێژ مادام بەردەوام دەبن لە ئامادەکردنی ئەو بەرنامە لە داهاتوو دا تێکهەڵکێشێک بکەن و بەرنامەیەکی هەمەڕەنگ پێشکەش بکەن کە هەمووان خۆیانی تێدا ببینەوە.
دووبارە سوپاس پێزانیم بۆ کارو تێکۆشانی ئێوە هاوڕێیانی بەرێوەبەری یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە سوئێد.
سپاس بۆ بەشداریتان لەم چاوپێکەوتنەدا و بە هیوای سەرکەوتن بۆ ئێوەی ئازیز.