یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان-سوید، بەمەبەستی ناساندنی ئەندامانی خۆی هەرجارەی لەگەڵ یەکێک لە ئەندامانی خۆی چاوپێکەوتن دەکا و تیشک دەخاتە سەر ژیانی تایبەت و چۆنیەتی ژیانی ئێستا و تێکۆشانی هەرکام لە ئەندامانی خۆی لە ڕێکخراوەکەدا.
چاوپێکەوتنی ئەمجارەمان لەگەڵ هاوڕێی بەڕێزمان خاتوو سەکینە حوسێنی یە.
١- دەکرێ خۆت بە خوێنەرانمان بناسێنی و بە کورتی ئاوڕێک لە ژیانی تایبەتی خۆت بدەیتەوە.
ئەمن سەکینەی حوسێنی لە دایک بووی ساڵی ١٣٤٠ی هەتاوی بەرامبەری ١٩٦١ی زایینی لە شاری سەردەشتی ڕۆژهەڵاتی کوردستانم. هەروەک زۆربەی دانیشتووانی ئەم شارە، لە بنەماڵەیەکی کاسب و کەم دەست ئاوەڵە و دیندار دا گەورە و پەروەردە کراوم. بە هەموو دەست کورتییەکی مادی بنەماڵەکەمانەوە وەبەر خوێندن درام و دەورەکانی سەرەتایی و مام ناوەندی و ناوەندی قوتابخانەم بە سەرکەوتوویی بڕی و لە رشتەی ئیداری و بازرگانی دا دیپلۆمم لە ساڵی ١٣٥٩ی هەتاوی وەرگرت و دوای ماوەیەکی کورت دەورەیەکی ئاموزیشی لە دوو بواری ئیداری و پەروەردەییم لە ئیدارەی ئاموزیش و پەروەریشی شاری سەردەشت بۆ ماوەی سێ مانگ وەرگرت.
٢- لە چ سالێکدا زێدی خۆت بەجێهێشتوە و کەی هاتووی بۆ سوید؟
لە میانەی قۆناغی خوێندنی سەرەتایی دا هەستم بە هیندێک جموجۆڵی نامۆ و قسەگەل و هاتووچۆ و پێوەندی بنەماڵەم دەگەڵ بەشێک لە ئەفرادی دەرەوەی شار دەکرد کە دواتر بۆم مەعلوم بوو تەنانەت بەر لەوەی من بە باشی فام بکەمەوە، بنەماڵەی من لە پێوەندی نیزیک دەگەڵ شۆڕشگێرانی سەردەمی بزووتنەوەی ٤٦ ـ ٤٧ دا بوون. مامم پیاوێکی سەنعەت کار و بە سەلیقە لە زۆر بواران و بە تایبەت چاک کردنەوەی ئەسلەحەکانی ئەو کات دا، شارەزایی باشیان بوو. زۆر جاران شەوان بە نهێنی چەک و چۆڵی کوڕانی شۆڕشگێری ئەو دەورانی وەک بەشێک لە ئەرکی ئەندامەتی حیزبی تەعمیر و چاک دەکردەوە. بە گشتی هەر دوو بنەماڵەی ئێمە و ماڵی مامم گەلێک جار جێگەی حەسانەوە و پەنا و ڕاو تەکبیری ئەندامانی ناسراوی ئەو کاتی حیزبی دێمۆکرات بوون. لە ئاکامی ئەو پێوەندی یە نهێنی یانەی بنەماڵە و هاتووچۆی جار بە جاری بەرپرسان و ئەندامانی قاچاغی حیزبی بۆ لامان، لە قۆناغەکانی سەرەوەتری خوێندن دا بە هەست و فامی کۆمەڵگاکەم و ویست و خواستی نەتەوەیی هەر دەهات و ئاشناتر دەبووم.
ڕاپەڕینی سەرانسەری گەلانی ئێران و کوردستان دەرفەتێکی باش و لەبار بوو بۆ ناسینی زیاتری حیزبی دێمۆکڕات و تەنانەت بۆ یەکەم جار خوێندنەوەی بەرنامە و پێرەوی حیزب بۆ داکۆکی لە ویستی نەتەوەیی بە ڕێکاری دێمۆکراسی و تێکۆشانی کورد لە ڕۆژهەڵات بە خودموختاری وەک دروشمی ئەوکات و خەبات لە پێناوی دا.
٣- رادەی خوێندواریتان پێش هاتن بۆ سوید چەندە بوە و لێرە چیتان خوێندوە؟
بە دوای هاتنە سەرکاری رێژیمی ئیسلامی، بەرە بەرە ئەو بڕە ئازادی یەی لە سایەی راپەڕینی هەموو گەلانی ئێران بە کوردستانەوە وەدی هاتبوو هەر دەهات و بە بیانووی جۆراجۆر بەرتەسک و سەرکوت دەکرا. بەو پێشینە ناسینەی نێو بنەماڵەییمان کە لە حیزبی دێمۆکراتم بوو، دەگەڵ ئەوەی تازە پێم نابووە کاری ئاموزیشی لە ئیدارەی پەروەدەی شاری سەردەشت، هاوکات وەک سیمپاتێکی چالاکی حیزب لە نێو ژنان و کچانی شار دا خۆبەخشانە کارم دەکرد و بە تایبەت کچانی خوێندەوارم بۆ یارمەتیدان و پێوەست بوون بە حیزبی دێمۆکڕات هان دەدا و چالاک بووم لە بڵاوکردنەوەی بڵاوکراوەکانی حیزبی. تا دەهات ڕووی دزێو و قەول و بەڵێنێکانی بە درۆی نیزامی ئیسلامی لە قالبی ولایەتی فەقێ دا زیاتر دەردەکەوت. شەڕە داسەپاوەکان و فتوای جیهادی خومەینی بۆ لەشکرکێشی کوردستان بە مەبەستی پاکتاو و ژینۆسایدی کورد لە رۆژهەڵات و بەرە بەرە پەیدا بوونی سیخوڕ گەلێک، گیانی زۆرێک لە چالاکوانانی شار بە ژن و پیاوەوە لە مەترسی گرتن و حوکمی ئیسلامی داسەپاو دابوو، کە من یەکێک لەو کەسانە بووم. هەر بۆیە کار و پیشەی ئیداری و ئاموزیشیم بە جێ هێشت و لە مانگی جۆزەردانی ١٣٦٠ی هەتاوی دا خۆم گەیاندە ماڵی مامم لە یەکێک لە گوندەکانی سەردەشت و ١٥ی ئەو مانگە خۆم بە یەکەم دەورەی مامۆستایی پەروەردە و فێر کردن کە لە لایەن حیزبی دێمۆکڕاتەوە دامەزرابوو و پشتگری دەکرا ناساند.
٤- دەکرێ باسێک لە چۆنیەتی و هۆی پێوەندیتان بە یەکیەتیی ژنانەوە و چالاکییەکانی خۆتان لەو ڕێکخراوە دا، بکەن؟
لێرەوە واتە دوای تەواو کردنی یەکەم دەورەی دامەزراوی مامۆستایی شۆڕش لە لایەن حیزبەوە، لە یەکێک لە ئاوایی یەکانی ناوچەی سەردەشت، جگە لەوەی بە فەرمی شەڕەفی ئەندامەتی حیزبم وەرگرت، لە سەنگەری پەروەردە و فێرکردن دا بە منداڵانی بێ بەش و بێ دەرەتان لە خوێندن، لە ئاوایی یەکانی ژێر دەسەڵات و چاوەدێری حیزبی دێمۆکڕات دا، لە هەر دوو قۆناغی سەرەتایی کوردی و راهنمایی درێژەم پێدا. بە تێپەڕبوونی زەمان و درێژەی خەبات، جگە لە ئەرکی پیرۆزی مامۆستایی وەک کادری یەکیەتیی ژنانی دێمۆکڕات و بەرپرسایەتی رێکخستنی ژنانی ئەندامی حیزب ئەرکم بەڕێوە بردووە و لە ئەزموونەکانی دەورانی خەباتم دا بۆ پەرەپێدان و رێکخستنی یەکیەتیی ژنان کەڵکم وەرگرتووە.
٥- لە ئێستا دا، بە چییەوە سەرقاڵن و لەگەڵ ژیانی ئێرە چۆن خۆتان ڕێک خستوە؟
هاوینی ١٣٦٥ی هەتاوی ژیانی هاوبەشم دەگەڵ حەسەن ئەهوەن پێشمەرگەو کادری حیزب پێک هێنا و خاوەنی کوڕ و کچێکین کە هەر دووکیان جێ زاوگەیان کوردستانە. لە میانەی ساڵی ١٣٧٣ی هەتاوی بڕیاری چوونە دەرەوەمان دا و لە رێگای UN ی تورکیەوە و پاش چەرمەسەری زۆری کە دیتمان، وەک پەنابەری سیاسی دراین بە وڵاتی سوید. لە ماوەی نیشتەجێ بوونمان و ژیان لە تاراوگە بە بەردەوامی ئەندامی حیزب بووم و هەم و بە پێی توانا لە چەند قۆناغی جیاواز دا وەک کادر و ئەندامی کارگێڕ لە یەکیەتیی ژنانی دەرەوە و چەند دەورەش وەک ئەندامی کارگێڕی کومیتەی گشتیی سوید دا ئەرکم بە جێ گەیاندووە. پاش تەواو کردنی دەورەی فێربوونی زمانی سویدی، بە هۆی تەجروبەی کاریم لە ئەرکی مامۆستایی دا ماوەیەکی باش دەرسی کوردیم بە گەورەساڵانی کورد کە لە لایەن دەزگای ABF ی سویدەوە سەرپەرستی دەکرا، لە شاری Karlstad ی سوید بەڕێوە بردووە. بۆ چەند دەورەی تاقیکاری لە لایەن ئیدارەی کارەوە چووم. دەورەیەکی دەبیرستانم خوێند. دوو دەورەی پەروەردەی ساوایان Dagis و Translation واتە وەرگێڕان لە زمانی سویدی ڕا بە دوو زمانی کوردی و فارسیم بە سەرکەوتوویی تەواو کردوون و وەک کار بەڕێوەم بردوون. ئێستاش پتر لە دە ساڵە بە کاری وەرگێڕان لە سویدی ڕا بۆ زمانەکانی کوردی و فارسی خەریکم.
٦- ئەگەر لە کۆتاییدا قسەیەکتان بۆ خوێنەرانمان هەیە، فەرموون.
لە کۆتاییدا، هیوای دواڕۆژ و ئاسۆیەکی ڕوون لە سایەی خەباتی نەپساوەی نەتەوەییمان، بۆ گەیشتن بە ئامانجی سەرجەم شەهیدانی ڕێی ئازادی و بەختەوەری نەتەوەکەمان لە هەموو بەشە داگیر کراوەکانی کوردستان و بە تایبەت ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەخوازم.
سپاس بۆ بەشداریتان لەم چاوپێکەوتنەدا و بە هیوای سەرکەوتن بۆ ئێوەی ئازیز.