یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان-سوید، بەمەبەستی ناساندنی ئەندامانی خۆی هەرجارەی لەگەڵ یەکێک لە ئەندامانی خۆی چاوپێکەوتن دەکا و تیشک دەخاتە سەر ژیانی تایبەت و چۆنیەتیی ژیانی ئێستا و تێکۆشانی هەرکام لە ئەندامانی خۆی لە ڕێکخراوەکەدا.
چاوپێکەوتنی ئەمجارەمان لەگەڵ هاوڕێی بەڕێزمان خاتوو نەسرین محەمەدی یە.
١- دەکرێ خۆت بە خوێنەرانمان بناسێنی و بە کورتی ئاوڕێک لە ژیانی تایبەتی خۆت بدەیتەوە.
من نەسرین محەمەدی خەڵکی یەکێک لە ئاواییەکانی سەربەشاری مەھاباد بە ناوی قۆزلووجە، لەبنەماڵەیەکی مامناوەندی لە دایک بووم. بەھۆی بیری کۆن و دواکەتووی کۆمەڵگای ئەو سەردەمە من وەک زۆربەی کچان و ژنانی کوردستان لەخۆێندن بێبەش کراوم. بەداخەوە دەتوانم بڵێم ئەوە یەکیک لەستەمە ھەرە گەورە و ناخۆشەکانە کە لە ئێمەی ژن کراوە کە بەداخەوە قەت ناتوانرێ قەرەبوو بکرێتەوە. سەرەڕای ئەوە، ھەموو ئەو ناعەداڵەتی و زوڵم و ستەمە بوو بەھۆی ئەوەی کە بریارم دا تێکەڵ بە کاروانی ئازادی خوازانی گەل بم بۆ گەیشتن بە ئاوات و ئامانج و ئارەزووەکانم و بەو مەبەستە، حیزبی دێموکراتی کوردستانم ھەڵبژارد، حیزبێکی بە پرەنسیپ و یەکسانیخۆاز، کە باوەڕی بە یەکسانی کۆمەڵایەتی و بەرابەری ژن و پیاو ھەیە. لە ماوەی زیاتر لە دەساڵ کە لە ڕیزی تێکۆشەرانی دێموکڕات دا بووم لە چەندین دەورەی جۆراوجۆری سیاسی و فێربوونی زمانی زگماکی بەشداریم کردووە و فێری نووسین و خۆێندن بووم .
٢- لە چ ساڵێکدا زێدی خۆت بەجێهێشتوە و کەی هاتووی بۆ سوید؟
من زێدی خۆم لە ساڵی ١٣٦٨ی هەتاوی بەجێھێشتووە و لە نێو ڕیزەکانی تێکۆشەرانی حیزبی دێموکڕات دا گیرسامەوە. یەکەم شۆێنی دەستپێکی ژیانی پێشمەرگایەتیم، لە گوندی ئەستێرۆکان لە بناری قەندیل بوو و ھەر لەو ساڵەدا و لە بارودۆخێکی سەختی ژیانی پێشمەرگایەتیدا لە ژێر بۆمباران و مووشەکبارانی دوژمندا ژیانی ھاوبەشم لەگەڵ پێشمەرگەیەکی ھێزی پێشەوا بەنێوی عەلی باڵەکی پێکھێنا. بەرھەمی ژیانی من و عەلی ۳جگەر گۆشەیە، ۲ کور و کچێک. پاشان لە ساڵی ١٣٧٢ شۆێنی ژیانمان بە مجبووری و لە پێناو بەرژەوەندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گۆڕی و لە دەشتی کۆیە نیشتەجێ بووین. ئەوە لە شەرایەتێکدا بوو کە ھەمان ژیانی سەخت و دوژواری بناری قەندیلمان ھەبوو، ھەم لە باری ئەمنییەتییەوە و ھەم لە باری ماڵیەوە ژیانیکی زۆر سەخت و ناخۆشمان ھەبوو بەڵام چوونکە پێشمەرگە و شۆڕشگێڕ بووین ئەم سەختی و دوژوارییە بۆ ئێمە جێگای شانازی بوو. تەحەموول کردنی ئەم ھەموو ھەوراز و نشێو و ناخۆشییە جێگای فەخر و سەربڵیندی بوو بۆ ئێمە چونکە لەپێناوی ڕزگاری کوردستانی داگیرکراوماندا بوو. سەرەڕای ئەو ھەموو ناخۆشییە و سەختی ژیانی پێشمەرگایەتی، قەت بۆ چرکە ساتێکیش لە بەجێ گەیاندنی ئەرکی پیرۆزی پێشمەرگایەتی و ڕێکخراویمان خافل و دڵسارد نەبووین.
ئێمەی ژن، جیا لە ئەرکی پێشمەرگایەتی و رێکخراوەیی، ئەرکێکی دیکەشمان وەک ژنانی تێکۆشەری ناو شۆڕش لەسەرشان بوو، ئەویش بەخێوکردن و پەروردە کردنی مندالەکانمان بوو ئەوەش وەک پشتوانی لە ھاوسەرەکانمان کە ئەوان دەچوونەوە ناوچە و دەبوو ئێمە ئەم ئەرکە بەجێ بگەێنین. بۆیە هەردەم شانازی بەم مێژووەوە دەکەم، ھەم لەباری بەجێ گەیاندنی ئەرکی پیرۆزی حیزبایەتی و ڕێکخراوەیی لە یەکیەتیی ژناندا و ھەم لە پەروەردە کردنی مندالەکانمان دا.
پاشان ساڵێ ۱۹۹۹ و بەهۆی بارودۆخی ئەمنی، باشووری کوردستانمان بەجێ هێشت و لە وەڵاتی سوید نیشتەجێ بووین.
٣- رادەی خوێندواریتان پێش هاتن بۆ سوئێد چەندە بوە و لێرە چیتان خوێندوە؟
وەک لە سەرەوە باسم کرد، خوێندنی سەرتاییم لە ڕیزەکانی شۆڕشدا خوێندووە و لە وڵاتی سویدیش بەشی فیربوونی زمانی سویدیم تەواو کردووە.
٤- دەکرێ باسێک لە چۆنییەتی و هۆی پێوندیتان بە یەکیەتیی ژنانەوە و چالاکییەکانی خۆتان لەو رێکخراوە دا، بکەن؟
ھۆی پێوەندی من بە ڕێکخراوی یەکیەتیی ژنانەوە دیفاع لە ماف و ئازادییەکانی ژنانی چەوساوەی وڵاتەکەم بووە.
٥- لە ئێستا دا، بە چییەوە سەرقاڵن و لەگەڵ ژیانی ئێرە چۆن خۆتان ڕێک خستووە؟
دوای تەواو کردنی بەشی فێربوونی زمانی سویدی، دەستم بەکار کردووە و ماوەی زیاتر لە ١٣ساڵە لە سەرپێی خۆم ڕاوەستاوم و کار دەکەم. ھاوکات دەگەڵ ئەوەی کە کار دەکەم، بۆ دیفاع لە ماف و ئازادییەکانی ژنان، لە ڕێکخراوی یەکیەتیی ژناندا کار دەکەم و ئەرکی خۆم بەجێ دەگەیێنم و ھەروەھا ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانیشم. زۆر چالاکانە لە ھەموو کۆر و کۆبوونەوەکانی یەکیەتیی ژنان و حیزب دا بەشداری دەکەم.
٦- ئەگەر لە کۆتاییدا قسەیەکتان بۆ خوێنەرانمان هەیە، فەرموون.
لەکۆتاییدا داوا لە ھەموو کیژ و کوڕانی کوردستانە ژێردەستەکەم دەکەم بۆ نەجات و ڕزگاری کوردستان دژ بە ھەموو داب و نەرێتە کۆن و دواکەوتووەکانی کۆمەڵگاکەمان پەیوەست بن بە ڕیزەکانی حیزب و یەکیەتیی ژنانەوە. سپاستان دەکەم بۆ بەسەر کردنەوەتان.
سپاس بۆ بەشداریتان لەم چاوپێکەوتنەدا و بە هیوای سەرکەوتن بۆ ئێوەی ئازیز.