یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان-سوید، بەمەبەستی ناساندنی ئەندامانی خۆی هەرجارەی لەگەڵ یەکێک لە ئەندامان چاوپێکەوتن دەکا و تیشک دەخاتە سەر ژیانی تایبەت و چۆنیەتیی ژیانی ئێستا و تێکۆشانی هەرکام لە ئەندامانی خۆی لە ڕێکخراوەکەدا.
چاوپێکەوتنی ئەمجارەمان لەگەڵ هاوڕێی بەڕێزمان خاتوو خەزاڵ کەرەمی”یە.
١- دەکرێ خۆت بە خوێنەرانمان بناسێنی و بە کورتی ئاوڕێک لە ژیانی تایبەتی خۆت بدەیتەوە.
ناوم خەزاڵ کەرەمی ساڵی 1972ی زائینی لە ناوچەی زەهاو، سەر بە شارستانی سەرپێڵی زەهاو لە پارێزگای کرماشان لەدایک بووم. خاوەنی دوو کوڕ بە ناوەکانی بێستوون و بازیان و سێ نەوەی خنجیلانە و لەبەردڵان بە نێوەکانی دانیار، هێدی و میران”م.
٢- لە چ سالێکدا زێدی خۆت بەجێهێشتوە و کەی هاتووی بۆ سوید؟
ساڵی 1979ی زائینی و پاش هاتنە سەرکاری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و کاتێک کە تەمەنم تەنیا حەوت ساڵ بوو، کۆماری ئیسلامی بە مەبەستی قەڵاچۆ کردنمان، پەلامارێکی بەر بڵاوی کردە سەر ناوچەکەمان و بە تایبەتیش سەر یارسانەکان. هەر ئەو کات بوو و بەهۆی ئەو زەبر و زەنگەوە و لە تەمەنێکی کەمدا و بەر لەوەی کە بچمە قوتابخانە، پەڕیوەی باشووری کوردستان بووین و دواتریش لە ئۆردووگای ڕۆمادی گیرساینەوە. ساڵی 1989 لەگەڵ پێشمەرگەیەکی حیزبی دێموکڕات بە نێوی ئێقباڵ سەفەری ژیانی هاوبەشم پێک هێنا و لە بنکەیەکی حیزب لە قسڵان، هەڵکەوتوو لە بناری چیای بەمۆ نیشتەجێ بووم و پاشانیش بۆ بناری قەندیل و دواتر لە ساڵی 1993 بە هۆی بۆردمان و تۆپبارانی ئەو دەڤەرە و بنکەکانی حیزبی لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە، بە ناچاری لە کۆیە گیرساینەوە و ساڵی 1994 ڕوومان لە باکووری کوردستان و لەوێشەوە بۆ ئانکارا و پاشانیش لە ڕێگای یووئێنەوە و لە کۆتاییەکانی هەمان ساڵدا هاتینە وڵاتی سوید.
٣- رادەی خوێندواریتان پێش هاتن بۆ سوید چەندە بوە و لێرە چیتان خوێندووە؟
وەک پێشتر باسم کرد، پێش تەمەنی چوونە قوتابخانە پەڕیوەی باشووری کوردستان و لەوێشەوە ئوردووگای ڕۆمادی بووین و قەت دەرفەتی چوونە قوتابخانە و فێر بوونی خوێندن و نووسینم بۆ نەڕەخسا. پاش هاتنمان بۆ وڵاتی سوید لە ساڵی 1994ی زائینی دەستم بە خوێندن کرد و پاش فێر بوونی زمانی سویدی بۆ ماوەی 3 ساڵ چوومە دەورەی ڕاهێنانی چێشتلێنەر(ئاشپەز). ئێستاش ماوەی 20 ساڵە لە قوتابخانەیەکی گەورە، لەگەڵ دوو هاوکاری دیکەم ڕۆژانە خواردن بۆ حەوتسەت کەس لێدەنێین.
٤- دەکرێ باسێک لە چۆنییەتی و هۆی پێوندیتان بە یەکیەتیی ژنانەوە و چالاکییەکانی خۆتان لەو رێکخراوە دا، بکەن؟
دەسپێکی ناسین و هاوکاریم لەگەڵ یەکیەتیی ژنان، دەگەێتەوە بۆ ئەو کات کە بنکەکانی حیزبی دێموکڕات لە قەدیل بوو. لەو کاتەوە تا ئێستا ئەندامی ڕێکخراوەکەم و بە پێی توانا هەر ئەرکێکم پێ ئەسپێردراوە بەڕێوەم بردووە.
٥- لە ئێستا دا، بە چییەوە سەرقاڵن و لەگەڵ ژیانی ئێرە چۆن خۆتان ڕێک خستوە؟
جگە لە کارەکەی خۆم، هەوڵم داوە لە بواری کۆمەڵایەتی و سیاسیشدا خۆم پێ بگەیەنم و بە هەر شێوەیەک بۆم گونجابێ هەم وەک ئەندامی حیزب و هەمیش یەکیەتیی ژنان چالاکیم نواندووە و ساڵێکیش ئەندامی کۆمیتەی حیزب لە وڵاتی سوید بووم. هەروەها ئەندامێکی چالاکی حیزبی چەپی سویدیم و ئێستاش ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری حیزبی چەپم لەو شارەی لێی دەژیم. جگە لەوانەیش زۆر جار کاتە بۆشەکام لە گەڵ نەوەکانم بە نێوەکانم تێپەڕ دەکەم.
٦- ئەگەر لە کۆتاییدا قسەیەکتان بۆ خوێنەرانمان هەیە، فەرموون.
سپاس بۆ بەسەر کردنەوەتان و بە هیوای سەرکەوتن لە ئەرکەکانتاندا.
سپاس بۆ بەشداریتان لەم چاوپێکەوتنەدا و بە هیوای سەرکەوتن بۆ ئێوەی ئازیز.