یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان کومیتەی سوئێد، بەمەبەستی ناساندنی ئەندامانی خۆی هەرجارەی لەگەڵ یەکێک لە ئەندامانی خۆی چاوپێکەوتن دەکا و تیشک دەخاتە سەر ژیانی تایبەت و چۆنیەتی ژیانی ئێستا و تێکۆشانی هەرکام لە ئەندامانی خۆی لە ڕێکخراوەکەدا.
• چاوپێکەوتنی ئەمجارەمان لەگەڵ هاوڕێی بەڕێزمان خاتوو کوێستان بابایی یە.
1. دەکرێ خۆتان بە خوێنەرانمان بناسێنی و بە کورتی ئاوڕێک لە ژیانی تایبەتی خۆت بدەیتەوە؟
من کوێستان باباییم ،دایک و باوکم خەڵکی گوندی وەزڵین لە ناوچەی هەورامان کە نزیک شاری نەوسودە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. هەرلەسەرەتای دەسپێکردنەوەی خەباتی ئاشکرای حیزبی دیمۆکرات، لە ناوچەی هەورامان باوکم بووەتە پێشمەرگە.
ساڵی ١٩٨١ دایک و باوکم ناچاربوون وەزڵی بەجێ بهێڵن و ڕوو لە باشوری کوردستان بکەن، لەوکاتەوە تا ئێستاش دەرفەتی گەڕاونەوەیان بۆ زێدی خۆیان نەبووە. دواتر لە نێو بەشێک لە پێشمەرگە و بنەماڵەکانی حیزبی دیمۆکراتی کوردستان لە دەرەتفێ “دەرەتوێ” گیرساونەوە. ساڵی ١٩٨٤ لە دەرەتفێ کە گوندێکی بچووکی ناوچەی هەورامانە لە سەر مەرزی ئێران و ئێراق من لە دایک بووم. لەوێ چەند ساڵێک ژیاوین، زۆربەی کات بەهۆی کاروتێکۆشانی پێشمەرگانەوە، باوکم لە ئێمە دووربوو و کەمتر دەرفەتی ئەوەی هەبوو لەلای ئێمە بێ. باوکم لە ماوەی پێشمەرگایەتی خۆیدا “نۆ” جاران بریندار بووە، بە هۆی سەختی برینەکانی و پێویستی ئەو بە چاودێری دکتۆرەکان، ناچار بووین دەرەتفێ بەجێ بهێڵین و ماڵمان بچێتە شاری هەڵەبجە.
لەوێش تەنیا دوای چەند مانگێک مانەوە و نیشتەجێ بوونمان، لە ساڵی ١٩٨٨ شاری هەڵەبجە کیمیایی باران کرا. بەم هۆیەوە من لەگەڵ دایکم و خوشکەکانم وێڕای خەڵکی شارەکە و بەشێک لە بنەماڵەکانی پێشمەرگەکانی حیزبی دیمۆکرات ناچاربووین بگەڕێینەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، شوێنێک کە بەهۆی ستەم و زۆرداری بەجێمان هێشتبوو ئەمجارەیان ناچاربووین بۆ زیندوومانەوە پەنای بۆ ببەینەوە. ئەوکات باوکم کە بەهۆی بریندارییەوە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری سلێمانی بوو، لە کاتی کیمیایی بارانەکەدا لە هەڵەبجە نەبوو، بەم شێوەیە دیسان لێکدابڕاینەوە.
دوای گەڕانەوەمان بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بردیانینە ئیتیلاعاتی شاری پاوە. دوای لێپرسینەوە و وەرگرتنی بەڵێننامە لە دایکم، ڕێگایاندا بچینەوە بۆلای کەس و کارمان. بەم شێوەیە ماوەی ساڵێک و حەوت مانگ ماینەوە، لەو ماوەیەدا دایکم ناچاربوو هەموو ڕۆژێ بچێتە ئتلاعات ئیمزا بکا بۆ ئەوەی ئەوان دڵنیا بنەوە کە ئێمە لە وێ ماوین.
دوای ئەو ماوەیە من و دایکم و دوو خوشکی دیکەم بە ڕێگایەکی سەخت و مەترسیداردا ئێرانمان بەجێهێشت و ساڵی ١٩٩٠ گەڕاینەوە باشوری کوردستان. بۆ جارێکی دیکە لە یەکێک لە بنکەکانی حیزبی دیمۆکرات و ئەمجارەیان لە قەسڵان نیشتەجێ بووین. لەوێش دوو ساڵ ماینەوە و دواتر بەهۆی کاری حیزبیی باوکم دیسان ماڵمان گوێزتەوەو بۆ گوندی ئێندزێی بناری قەندیل، بۆ ماوەی ساڵێکیش لەوێ ماینەوە. لەوێش تۆپبارانی بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکرات لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە جارێکی دیکە ناچاربووین لەگەڵ پێشمەرگەکان و بنەماڵەکانی حیزب چووینە شاری کۆیە و لەوێ نیشتەجێ بووین. لەسەرەتاکانی ساڵی ١٩٩٨ چووینە هەولێر و لە عەینکاوە نیشتەجێ بووین و لە کۆتایی هەمان ساڵدا لە ڕێکای کۆمیساریای پەنابەرانی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە”UN” هاتینە وڵاتی سوئێد.
2. لە چ ساڵێکدا زێدی خۆتت جێهێشتووە و کەی هاتووی بۆ سوئێد؟
هەروەک پێشتر باسم کردووە، پێش لەدایک بوونم دایک و باوکم ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان بەجێ هێشتووە و تا ئێستاش نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان. منیش تەنانەت بۆ جارێکیش نەگەڕاومەتەوە ئەو گوندەی لێ لەدایک بووم. لە ساڵی ١٩٩٨ باشووری کورستانیشمان بەجێ هێشتووە و هاتووینە وڵاتی سوئێد.
3. ڕادەی خوێندەواریتان پێش هاتن بۆ سوئێد چەند بووە و لێرە چیتان خوێندووە؟
من خوێندنی سەرەتایم لە قوتابخانەی شۆڕش “قوتابخانەی حیزب” لە قەسڵان دەست پێکرد و دواتر لە قەندیل و پاشانیش لە کۆیە تەواو کردووە. قۆناغی ناوەندیم لە کۆیە و لە هەولێر خوێندوە. لە سوئێد بۆ ماوەی ساڵێک زمانم خوێندووە و دواتر ٣ ساڵ دواناوەندیم خوێندووە. لە شاری لینشۆپینگ خوێندنی زانکۆم تەواوکردووە، سەرەتا ساڵێک یاسا و سێ ساڵ زانستە سیاسیەکان و دواجاریش خوێندنی باڵام هەر لە زانکۆی لینشۆپینگ خوێندووە و ساڵی ٢٠١٦ بڕاوانامەی ماستەرم لە زانستە سیاسییەکاندا وەرگرتووە.
4. باسێک لە چۆنیەتی و هۆی پێوەندیتان بە یەکیەتیی ژنانەوە و کار و چالاکییەکانی خۆتان لەو ڕێکخراوەیەدا بکەن؟
بۆ یەکەم جار کە ئاشنا بووم بە ڕێکخراوی یەکیەتیی ژنان لە تەمەنی مێرمنداڵیمدا بوو، ئەوکات هەر لە کوردستان دەژیاین، بە هۆی دایکم و خوشکێکم کە لە خۆم گەورەتر بوو منیش بەشداری بەشێک لە چالاکیەکان دەبووم. لەبیرمە ئەوکات شانە هەبوون و ئەندامەکان لە شانەکاندا سازمان درابوون. من لەگەڵ چەند کچێکی دیکە کە پێم وابێ هەموویان لە من گەورەتر بوون لە شانەیەکدا بووین و زوو زوو کۆدەبووینەوە و لەسەر ڕووداوەکان و شتی دیکە کە بەرباس بوون لەو سەردەمەدا قسەمان دەکرد، ئەم شانەیە سەرەتای دەسپێکردنی کاری ڕێکخراوەیی من بوو.
دواتر کە هاتینە سوئێد لێرە بە ڕەسمی لە ساڵی ٢٠٠٧ ەوە بوومە ئەندامی یەکیەتی ژنان. لەو ماوەیەدا من چەند ساڵێک لە بەڕێوەبەریی ئەم ڕێکخراوەیەدا کارم کردوە و چەندین بەرپرسیارێتی جیاوازم هەبووە، بۆ ماوەی ساڵێک بەرپرسی کۆمیتەی گشتیی یەکیەتیی ژنان بووم لە وڵاتی سوئێد. لەگەڵ ئەوەشدا هەمووکات هاوکار و پشتیوانی ئەم ڕێکخراوەیەبووم بۆ پێوەندییەکانی ئەم ڕێکخراوەیە لەگەڵ دامودەزگاکانی وڵاتی سوئێد دا. لە پێداچوونەوەی پەیڕو پڕۆگرامی یەکیەتیی ژنان چ لە ئاستی کاری ژنان لە سوئێد و بە گشتی لە کوردستان کارم کردوە. شایانی باسە کە تا ئێستا شانازی ئەندامێتی هەردوو کۆنفرانسەکانی کۆمیتەی دەرەوەی وڵاتی یەکیەتیی ژنان و هەروەها یەکێک لە کۆنگرەکانی یەکیەتیی ژنانم هەبووە. ئێستاش بە شانازیەوە هەر ئەندامی ڕێکخراوی یەکیەتیی ژنانم.
5. لە ئێستادا بە چییەوە سەرقاڵن و لەگەڵ ژیانی ئێرە چۆن خۆتان ڕێک خستووە؟
من ئێستا لە پڕۆژەیەکی یەکیەتیی ئورووپادا کار دەکەم لەگەڵ ٢ کەسی دیکە خەریکی لێکۆڵینەوەین لەسەر شێوەکارێکی تازە بۆ وڵاتی سوئێد سەبارەت بە چۆنیەتی وەرگرتنی ئەو پانابەرانەی کە لە ڕێگای UN وە و لە ژێر ڕووناکایی کۆنڤانسیونی ساڵی ١٩٥١ی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران دێنە ئەم وڵاتە و لێرە لە کۆمۆنەکان بە چ شێوەیەک یارمەتیان بکرێ. بۆ ئەوەی ئاسانتر تێکەڵ بە کۆمەڵگای سوئێدی ببن. سەرەڕای ئەوەش من لە مانگی مای ٢٠١٩ ەوە بەرپرسیارێتی حیزبیشم لەسەر شانە، بەرپرسی کۆمیتەی سوئێدی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانم.
ژیانی ئێرە ئاسان نییە بەڵام لە هەمانکاتدا پڕە لە دەرفەت بۆ فێربوون و خۆ پێگەیاندن لە زۆر بواردا. حەز و ئارازووەکانی من دەکرێ زۆر شتی دیکەش بن لەوەی کە ئێستا پێیانەوە سەرقاڵم بەڵام جارێ دەرفەتم کەمترە بۆ ئەوەی بچمە نێو کاری دیکەوە.
6. ئەگەر لە کۆتاییدا قسەیەکتان بۆ خوێنەران هەیە فەرموون.
سوپاسی ئێوە دەکەم، بۆ پێکهێنانی ئەم دەرفەتە، هیوادارم بمتوانیبێ وەڵامی پرسیارەکانتان بدەمەوە. بۆ ئەوەی کاتێکێکی زۆرتان نەگرم هەوڵم داوە زۆر بەکورتی وەڵامی پرسیارەکان بدەمەوە. لە ڕاستیدا ژیانی ئێمە هەمووی پڕ لە ناڕەحەتی و ترس و نیگەرانی بوو!
هیوادارم، هەموو ئەوانەمان کە دەرفەتی خۆپێگەیاندنمان هەیە، درێغی نەکەین و هەوڵبدەین خۆمان پیبگەیەنین بۆ ئەوەی بتوانین خزمەتی زیاتر بە دۆزی ڕەوای نەتەوەکەمان بکەین.
زۆر سپاس بۆ بەشداریتان لەم چاوپێکەوتنەدا.