یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان-سوئێد، بەمەبەستی ناساندنی ئەندامانی خۆی هەرجارەی لەگەڵ یەکێک لە ئەندامانی خۆی چاوپێکەوتن دەکا و تیشک دەخاتە سەر ژیانی تایبەت و چۆنیەتی ژیانی ئێستا و تێکۆشانی هەرکام لە ئەندامانی خۆی لە ڕێکخراوەکەدا.
چاوپێکەوتنی ئەمجارەمان لەگەڵ هاوڕێی بەڕێزمان خاتوو کەژاڵ ئەحمەدی یە.
١- دەکرێ خۆت بە خوێنەرانمان بناسێنی و بە کورتی ئاوڕێک لە ژیانی تایبەتی خۆت بدەیتەوە.
ناوم کەژاڵ ئەحمەدی یە تەمەنم نزیک بە ٣٦ ساڵە . کچی تێکۆشەری دێرینی ناو ڕیزەکانی حیزبی دێموكڕاتی کوردستان حاجی عەبدوڵا مەولانم.
لە ساڵی ١٣٦٣ی ھەتاوی بەرانبەر بە 1984ی زایینی لە گوندی باریکایە سەر بە ناوچەی ڕەبەت و شارستانی سەردەشت لە دایک بووم. ئەو کات کە باوکمان پێشمەرگە بوو و ھەرڕۆژ لە ناوچەیێکی کوردستان ئەرکی پێشمەرگایەتی بەجێ دەگەیاند، ئەرکی بەخێو کردنی من و براکانم کەوتە ئەستۆی دایکمان حاجی فاتیمە ئەحمەدی و ئەویش بێ پسانەوە و بە هەموو تواناکانییەوە بۆ پێگەیاندنی ئێمە هەوڵی دەدا.
وردە وردە فشارەکانی ڕژێم و دار و دەستەکانی بۆسەر بنەماڵەی پێشمەرگەکان ڕووی لە زیاد بوون دەکرد تا وای لێھات چی دیکە نەمانتوانی لە وڵاتی خۆمان بژین و لە پاییزی ١٣٦٦ بەرانبەر بە ١٩٨٧ ی زایینی بەرەو کوردستانی باشوور وەڕێ کەوتین و لە گوندی ڕەزگە و مارەدوو کە ئەو کات بنکەی ھێزەکانی زمزیران وبەشێک لە ھێزی گیاڕەنگی لێبوو گیرساینەوە.
ڕۆژگارێکی زۆر سەخت بوو. سەرما و سۆڵەی زستان و شەڕی ئێران و عێراق و برسیەتی و نەداری، کۆسپەکانی سەر ڕێگای ژیانی ئەوکاتمان بوون.
لە پاڵ ھەموو ئەمانەدا دەمھەوێ باسی ئەوە بکەم کە کاتێک ھاتینە باشوور، من و براکانم توانای خوێندن و نوسینمان نەبوو، بەڵام باوکمان ئەو ئەرکەی گرتە ئەستۆ و بە ھەوڵ و تێکۆشانی خۆی و حەزی خۆمان، لەماوەی چوار، پێنج مانگدا ھەموومان زۆر چاک فێری خوێندنەوەو نووسینی زمانی شیرینی کوردی بووین. بۆیە خۆم بە قەرزداری باوکم دەزانم و فێربوونی دەسپێکی ئەلف و بێی خوێندن و نووسینم بەرهەمی هەوڵەکانی باوکمە و لێرەوە سوپاسێکی زۆری باوکی خۆشەویستمان دەکەم.
ئەو ساڵەی کە لە ڕەزگە و مارەدوو بووین شایەدی چەندین ئاڵوگۆڕبووین. یەک لەوانە کیمیابارانی ھەڵەبجە بوو و ھەروەھا کۆتایی شەڕی نێوان ئێران و عێراق، کە بوو بە هۆی ئەوەی کە خەڵکێکی زۆر ئاوارە بن و ڕوو لە کەمپەکانی حیزبی بکەن. هەر وەها کێشەی نێوخۆیی حیزب لەو کاتەدا، کە بەداخەوە بوو بە ھۆی جیابوونەوەی بەشێک لە ئەندامانی حیزب و تێپەڕینی خێرای ھەموو ئەو ئاڵوگۆڕانە، هۆیەک بوو بۆ ئەوەی کە باوکمان، وێڕای چەند ھاوڕێیەکی دیکە ماڵەکانمان ڕاگوێزنە سەنگەسەر و خەریکی کارو کاسبی بن. پاش ماوەیەک ڕژیمی بەعس ھەموو ناوچەی پشدەر و قەڵادزەی لەگەڵ خاک یەکسان کرد و خەڵکیش تووشی ئاوارەییەکی زۆرە ملێ بوون و ڕاگوێزران بۆ ئوردوگاکانی خەبات و بازیان و ھێندێک شوێنی دیکە.
بۆیە ئێمەش ماڵمان گواستەوە بۆ ئۆردوگای ڕانیە. دوای ساڵێک و چەند مانگێک بەھەمان شێوە ڕژێمی بەعس دووبارە ناچاری کردین کە بگوازینەوە بۆ قەندیل . دوابەدوای ھاتنە خوارێی حیزب، دوبارە ماڵمان تێکەوە پێچا و چەند مانگێک لە گوندی توەسوران ماینەوە. لەو کاتەدا ڕژێمی ئێران دەستی بە تێرو ڕەشەکوژی تێکۆشەرانی ڕۆژھەڵات کردبوو و باوکم و چەند هاوڕێیەکی دیکەی، بە مەبەستی پاراستنی خۆیان و بنەماڵەکانیان، پێوەندی یان بە ڕیزەکانی ڕێبەرایەتی شۆڕشگێرەوە کرد و لەو حیزبەدا، درێژەیان بە کارو تێکۆشانی خۆیان دا.
٢- لە چ سالێکدا زێدی خۆت بەجێهێشتوە و کەی هاتووی بۆ سوئێد؟
وەک پێشتر باسم کرد، لە ساڵی ۱۳٦٦ی هەتاوی بەرانبەر بە ۱۹٨۷ی زایینی ڕۆژهەڵاتی کوردستانمان بەجێ هێشتووە و
دوای یەکگرتنەوەی ڕیزەکانی دێموكڕات لە ١٩ ی بەفرانباری ١٩٩٦ ماڵمان ھاتە شاری ھەولێر و دوای نزیک بە یەک ساڵ لە ٢٢—١٠—١٩٩٧ ھاتینە وڵاتی سۆئێد. دوو ساڵی یەکەم لە ناوچەی کالمار ی باشوری سۆئێد گیرساینەوە و دوای ئەوە ماڵمان ھاتە شاری لینشۆپینگ و لەو کاتەوە لێرە ژیان بەسەر دەبەین.
٣- رادەی خوێندواریتان پێش هاتن بۆ سوئێد چەندە بوە و لێرە چیتان خوێندوە؟
ئەو کات کە ھاتینە سۆئێد تەمەنێکی زۆرم نەبوو و دەرفەتی چوونە قوتابخانەم زۆر بۆ نەڕەخسابوو و تەنیا چەند ساڵێکی کەم نەبێ کە لە ناو قوتابخانەی شۆڕش دەرسم خوێند. بە ھاتنمان بۆ سۆئێد دەرگاکان و مەجالەکان بۆ خۆ پێگەیاندن کرانەوە و پلەیەک بەدوایەکانی خوێندنم بێ پسانەوە درێژە پێدان و قۆناخە یەک لە دوای یەکەکەنم بڕی و توانیم لە چەند بەشێکی زانکۆدا بڕوانامە بەدەست بێنم کە گرنگترین یان کۆمەڵناسی و دەروون زانی یە. بێگومان پشتگیری و ھاندانی بنەماڵەکەمان بوو بە ھۆی سەرکەوتنەکانم کە لێرەدا ئەو پەڕی سوپاس و ئەمەگداریم بۆ بنەماڵەکەمان دوبارە دەکەمەوە.
دوای تەواوکردنی مەرحەلەکانی خوێندن لە زۆر بواری کاروباری سۆسیال و کاروباری کۆمەڵایەتی ھەروەھا وەک بەڕێوەبەر لە چەندین پۆست و پایەی دەوڵەتی دا کارم کردووە .
٤- دەکرێ باسێک لە چۆنییەتی و هۆی پێوندیتان بە یەکیەتیی ژنانەوە و چالاکییەکانی خۆتان لەو رێکخراوە دا، بکەن؟
پێوەندی من لە گەڵ شۆڕش و ڕێکخراەوکانی حیزبی ھەر لە زووە دەستی پێکرد. چالاکییەکانم وێرای براکانم لە ڕیزەکانی یەکێتی لاوان دا دەس پێکرد و پاشان لەناو یەکیەتیی ژنان دا درێژەم پێ دا. لە ماوەی ئەو ساڵانەدا، زۆر ئەرک و بەرپرسیارەتیم لە ئەستۆ بووە و بەگوێرەی توانا بەجێم گەیاندوون. ئێستاش ئەندامی بەڕێوەبەری کۆمیتەی سوئێدی یەکیەتی ژنانی دێموکڕاتی کوردستان م.
٥- لە ئێستا دا، بە چییەوە سەرقاڵن و لەگەڵ ژیانی ئێرە چۆن خۆتان رێک خستوە؟
ژیانی ڕۆژانەم جگە لە کاری دەوام بە کاروباری ماڵەوە و ھەروەھا بۆ پێگەیاندنی سێ منداڵەکانم وسەردانی کەس و کارم و ھەروەھا سەرگەرمی خۆم بە کتێب خوێندنەوە و گوێگرتن لە کتێبی دەنگی دەبەمە سەر.
٦- ئەگەر لە کۆتاییدا قسەیەکتان بۆ خوێنەرانمان هەیە، فەرموون.
لە کۆتایی ئەم وتوووێژەدا دەمھەوێ ئەوە بڵێم
کە ئێمەی کورد لە وڵاتی خۆمان بە ھۆی زەبروزەنگ و فشارەوە، مەجالی خۆ پێگەیاندن وگەشەکردنمان نەبووە و ئێستا و لێرە، ھەموو دەرگاکان کراوەن و دەتوانین بە ھیمەت و لە خۆبووردەیی و بە باوەڕ بە خۆ بوون، خۆمان پێ بگەیێنین، کە ئەوەش کاریگەری ڕاستەوخۆ دەکاتە سەرکار و تێکۆشانمان لەو کۆڕ و ڕێکخراوانەدا کە تێیدا ئەندامین و دەتوانین لەو ڕێگەشەوە کاریگەریمان لە سەر کۆمەڵگا هەبێ.
زۆر سوپاسی ئێوە دەکەم کە منتان بەسەرکردۆتەوە و لە ڕێگای ئێوەوە توانیم خۆم بە خوێنەران بناسێنم. زۆر سوپاس و داوای سەرکەوتن تان بۆ دەکەم .
سپاس بۆ بەشداریتان لەم چاوپێکەوتنەدا و بە هیوای سەرکەوتن بۆ ئێوەی ئازیز.