یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان-سوئێد، بەمەبەستی ناساندنی ئەندامانی خۆی هەرجارەی لەگەڵ یەکێک لە ئەندامانی چاوپێکەوتن دەکا و تیشک دەخاتە سەر ژیانی تایبەت و چۆنیەتی ژیانی ئێستا و تێکۆشانی هەرکام لە ئەندامانی خۆی لە ڕێکخراوەکەدا.
چاوپێکەوتنی ئەمجارەمان لەگەڵ هاوڕێی بەڕێزمان خاتوو موژدە عەزیزی یە.
١- دەکرێ خۆت بە خوێنەرانمان بناسێنی و بە کورتی ئاوڕێک لە ژیانی تایبەتی خۆت بدەیتەوە.
ناوم مووژدە عەزیزی“یە، خەڵکی گوندی بێورانم لە ناوچەی سەردەشت.
بەر لەوەی من لە دایک بم بنەماڵەکەمان بە ھۆی ئاوارەیی دێن لە باشووری کوردستان لە شاری قەڵادزێ نیشتەجێ دەبن، ھەر لەو شارەش لە دایک بووم.
٢- لە چ سالێکدا زێدی خۆت بەجێهێشتوە و کەی هاتووی بۆ سوئێد؟
لە گەڵ دەست پێ کردنی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران بە دژی ڕێژیمی پاشایەتی و سەرکەوتنی شۆرشەکە، کورد کە پێکھاتەو ھێزێکی کاریگەری نێو گۆڕانکاریەکان دەبێ، دەستەڵاتی تازە لە تاران ویستە نەتەوەییەکانی کورد ڕەت دەکاتەوە، ئەوە دەبێ، بەرەبەرە توندو تیژی دروست دەبێت و دەوڵەتی مەرکەزی پەلاماری کورد دەدات.
دوا جار شەڕ تەواوی کوردستان دەگرێتەوە و دەگاتە ناوچەکانی ئێمەش، ھەر بۆیە بنەماڵەکەمان ئاوارە دەبن.
لەو ماوەدا لە باشووری کوردستان لە دایک دەبم و وردە وردە پێ دەگرم، کەچی: ئاوارەیی و شەڕی کورد بۆ مافەکانی ھەر بەردەوام دەبێت. ژیانی منداڵی من پڕە لە ھەورازو نشێو. ھێشتا چەند مانگێکی زۆر کەم لە تەمەنم تێدەپەڕێ کە باوکم لە شەڕێکی ھێزی پێشمەرگەدا لە گەڵ دوژمنانی داگیرکەری کوردستان شەھید دەبێ.
چەند خووشکێک کە ھێشتا ئەوانیش تەمەنیان کەم دەبێ لە سێبەری باوک بێبەش دەبین. سەرەڕای سەختی و ناخۆشیەکانی ئاوارەیی و ژیانی پێشمەرگایەتی تووشی ئەو کارەساتە ناخۆشەش دەبین.
لێرە کەمێک ڕادەوستم و وێستگەیەکی دیکەی ژیانم بە کوورتی باس دەکەم کە دووپات بوونەوەی تراژیدیەکی زۆر ناخۆشە.
دوای چەند ساڵێک دایکم بۆ پاراستنی ئێمە شوو بە مامم دەکاتەوە کە ئەویش فەرماندەیەکی ھێزی پێشمەرگە دەبێ، کەچی: زۆر نابات بەداخەوە مامم شەھید دەبێت ئەو جاریش بێ باوک دەبینەوە. دواجار ئەرکی بەخێو کردنی ئێمە دەکەوێتە سەر شانی دایکێک کە وەک کێو خۆراگری کردو سەربەرزی بە ئێمە بەخشی.
لە سەر ئەوەی چ ساڵێک ھاتووین بۆ دەرەوەی وەڵات دەبێ بڵێم: ژیانی ئاوارەیی زۆر سەخت بوو ئێمەش بێ باوک مابووینەوە، لە داوێنی ماڵی باپیرەدا دەژیاین ژیان بەو جۆرە پڕ بوو لە ناخۆشی.
ئەوە بوو ساڵی ١٩٩٧ ناچار بووین بێین بۆ دەرەوەی وەڵات و لە وەڵاتی سوئێد“گیرساینەوە…
٣- رادەی خوێندواریتان پێش هاتن بۆ سوئێد چەندە بوە و لێرە چیتان خوێندوە؟
لە کوردستان بە ھەر زەحمەتییەک بوو بە شێوەی پچڕ پچڕ گەیشتمە شەشی سەرەتایی. بە گەیشتن بە وەڵاتی سوئێد جارێکی دیکە دەستم کردەوە بە خوێندن و توانیم دانشگاە تەواو بکەم. دوای تەواو کردنی دانشگاە دواتر وەک مامۆستا دامەزرام و ئێستاش ھەر وەک مامۆستا دەرس دەڵێمەوە.
٤- دەکرێ باسێک لە چۆنییەتی و هۆی پێوندیتان بە یەکیەتیی ژنانەوە و چالاکییەکانی خۆتان لەو رێکخراوە دا، بکەن؟
لەو بارەوە دەبێ بڵێم: کاریگەری بنەماڵە زۆر بووە لە سەرم، چ ڕابردووی سیاسی بنەماڵەکەمان و، چ بەشداری دایکم و خووشکەکانی لە خۆم گەورەتر لە کاری سیاسی و چالاک بوونیان لە ڕێکخراوە سینفیەکانی وەک: یەکیەتیی لاوان و دواتر یەکیەتیی ژنان.
ئەوە بوو بەرەبەرە، بەرەو کارو چالاکی کشام و سەرەتا لە یەکیەتیی لاوان داو دواتر لە یەکیەتیی ژناندا دەستم بە تێکۆشان کرد. دیارە ئەو ماوەی کار کردن وردە وردە وریایی زیاترم بە دەست ھێناو لەو تێگەیشتم کە ژنان دەبێ بۆ خۆیان بۆ بە دەست ھێنانی مافەکانیان ھەوڵ بدەن، ئەوەش لە حاڵێکدا کە بە ھۆی داب و نەریت و ھێندێک کۆت و بەندی کۆمەڵایەتی ژنان نەیانتوانیوە مافەکانیان دەستەبەر بکەن.
لەو ماوەشدا بە شێوەی جۆراوجۆر چالاکیم بووە لە ھەر لە: بەرپرسایەتی تەشکیلات و پێوەندیەکان و ماڵی، ئێستاش وەک بەرپرسی تەشکیلاتی یەکیەتیی ژنان لە وڵاتی سوێد کار دەکەم.
کە ھیوادارم بتوانم خزمەتی زیاتر بکەم لە داھاتوودا
٥- لە ئێستا دا، بە چییەوە سەرقاڵن و لەگەڵ ژیانی ئێرە چۆن خۆتان رێک خستوە؟
لە ئێستادا وەک مامۆستا لە یەکێک لە قوتابخانەکاندا دەرس دەڵێمەوە بەدەر لەوە بە چالاکی ڕێکخراوەیی و پێوەندییە کۆمەڵاتییەکانەوە سەر قاڵم. بەدەر لەوە ھەوڵ دەدەین لە گەڵ یاسا و رێساکانی ئەو وەڵاتەو فەرھەنگ و کەلتووریان جۆرێک لە گونجان دروست بکەین. بە باوەڕی من دەکرێ شتە باشەکانی ئێرە وەک فەرسەتێک چاو لێ بکەین بۆ داھاتووی خۆمان، لە ھەمان کاتدا ھاوسەنگییەک لە نێوان جیاوازییەکاندا پێک بێنین.
٦- ئەگەر لە کۆتاییدا قسەیەکتان بۆ خوێنەرانمان هەیە، فەرموون.
سوپاس بۆ ئێوە بۆ ئەو چەند پرسیارەو ھیوای سەرکەوتن بۆ یەکیەتیی ژنان لە گەیشتن بە بەرنامەو پرۆژەکانی.
سپاس بۆ بەشداریتان لەم چاوپێکەوتنەدا و بە هیوای سەرکەوتن بۆ ئێوەی ئازیز.