یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان-سوید، بەمەبەستی ناساندنی ئەندامانی خۆی هەرجارەی لەگەڵ یەکێک لە ئەندامانی خۆی چاوپێکەوتن دەکا و تیشک دەخاتە سەر ژیانی تایبەت و چۆنیەتی ژیانی ئێستا و تێکۆشانی هەرکام لە ئەندامانی خۆی لە ڕێکخراوەکەدا.
چاوپێکەوتنی ئەمجارەمان لەگەڵ هاوڕێی بەڕێزمان خاتوو فەریبا وەیسی یە.
١- دەکرێ خۆت بە خوێنەرانمان بناسێنی و بە کورتی ئاوڕێک لە ژیانی تایبەتی خۆت بدەیتەوە.
ناوم فەریبا وەیسی کچی تێکۆشەری دێرینی نێو ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، حاجی محەممەدی وەیسی م.
لە ساڵی ۱۳۵۱ی هەتاوی بەرانبەر بە 1972ی زایینی لە شاری مەهاباد لە دایک بووم.
تەمەنم ۷ ساڵ بوو کە بابم بوو بە پێشمەرگە و هەموو ئەرکی ئێمە کە چوار خوشک و برایەک بووین( دیارە ئەو وەخت خوشکە گەورەکەم مێردی کرد بوو)، کەوتە سەر شانی دایکم. تەمەنم نۆ ساڵ بوو کە لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە و بە هۆی ئەوەی کە بابم پێشمەرگە بوو، کەوتینە بەر زەبر و زەنگ وناچار بە جێهێشتنی مهاباد کراین و بە ناچار چووینە لای باوکم و لە گوندەکانی ناوچەدا نیشتەجێ بووین.
ئەو کات بابم لە بەشی بێسیم و موخابرات و فێرکردنی پێشمەرگەکان لە کاروباری بێسیم بوو، هەربۆیە ئەرکێکی زۆری لە سەر شان بوو و کەمتر دەیتوانی ئاگای لێمان بێ. ئەرکی گەورەکردنی ئێمە هەر لە سەر شانی دایکم بوو. ساڵی ١٣٦٠ی هەتاوی ڕێژیم هێرشی کردە سەر ئەو ناوچەیەی کە دەفتەری سیاسی لێ بوو، هەربۆیە ناچار بووین ئەو شوێنەش جێ بهێڵین. ئەو دەم دایکم نەخۆش بوو، ئێمە دیسان گەڕاینەوە مەهاباد. تا ماوەیەک بە دزی لە کەرەج و تاران لە ماڵی مامم بووین و پاش ماوەیەک گەڕاینەوە مەهاباد. دیسان ڕێژیم زۆری ئەزێت دەکردین. ئەو سەردەمە بوو کە لە لایەن بابمەوە خەبەرمان بۆ هات کە پێشمەرگە گوندەکانی ڕۆژهەڵاتیان چۆل کردووە و بەرەو باشوور وەڕێ کەوتوون. ڕۆژێک کە لە قوتابخانە دەگەڕامەوە دیتم پاسدار لە ماڵمان هاتنە دەرێ، کە چوومە ژوورێ بینیم کە دایکم زۆر پەشۆکا بوو، چۆنکە پێیان گووتبوو دەبێ لێرە بڕۆن، دەنا هەم ماڵەکەت لێدەستێنین، هەم دەتاننێرینە جێگایەک کە بۆ خۆمان پێمان خۆش بێ. دایکم زۆر ناڕەحەت بوو، چۆنکە ئێمە هەموو زۆر چکۆڵە بووین و زۆریش دەترساین. بۆیە ئێمەی کۆکردەوە و زۆری دڵخۆشی داینەوە. دوای چەند ڕۆژ دایکم خەبەری بۆ هات کە دەسەر چەند بنەماڵەی پێشمەرگەی دیکەشیان کردووە کە بڕۆن.
ساڵی ١٣٦٢ی هەتاوی ئێمە بە یەکجاری ڕۆژهەڵاتی کوردستانمان جێ هێشت و بەرەو باشووری کوردستان وەڕێ کەوتین و پاش چەند ڕۆژ زۆر بە سەختی گەیشتینە لای بابم. دەفتەری سیاسی ئەو کات لە گوندێک بوو بە ناوی گەورەدێ. چەندین بنەماڵەی کادر و پێشمەرگەی دیکەی حیزبیش هەر لەوێ ژیانیان دەکرد، چەند ساڵێک لەو گوندە ژیاین. دوو سێ جار بۆمباران و تۆپباران کراین. بۆیە حیزب ناچار بوو هەموو بنەماڵەکان لەوێ ڕاگوێزێ. ساڵی ١٣٦٦ی هەتاوی چووین بۆ قەندیل، لەوێش چەند جار بۆمباران و تۆپ باران کراین. سەختیێکی زۆرمان کێشا، ژیانێکی زۆر سادە و سەمیمیمان هەبوو، ساڵی ۱۳۷۱ی هەتاوی شوێنی دەفتەری سیاسی زۆر بە سەختی تۆپباران کرا، هەربۆیە ناچار بووین ئەوێش بەجێ بهێڵین و بەرەو شاری کۆیە بڕۆین.
٢- لە چ سالێکدا زێدی خۆت بەجێهێشتوە و کەی هاتووی بۆ سوید؟
دیارە دوای چەند جار چوونەوە بۆ مەهاباد، ئاخر جار ساڵی ۱۳۶۲ی هەتاوی لەگەڵ دایکم و خوشک و براکەم زێدی خۆم، یانی شاری مەهابادم جێهێشت و تێکەڵ بە ژیانی شۆڕشگێری بووم. ساڵی ۲۰۱۵ی زایینی لەگەڵ دوو منداڵم ڕێگای هەندەرانم گرتە بەەر و لە وڵاتی سوید گیرسامەوە و لە شاری ئۆرێبروو نیشتەجێ بووم.
٣- ڕادەی خوێندەواریتان پێش هاتن بۆ سوید چەندە بووە و لێرە چیتان خوێندوە؟
من لە قوتابخانەی شۆڕش دەستم بە خوێندن کردووە و سێ ساڵیش لە شارەکانی باشووری کوردستان دەرسم خوێند. بەڵام ئاخرین ساڵی خوێندنم بوو کە بە هۆی نفووزییەکانی ڕێژیمی ئێران لە شارەکانی باشووردا ژیانمان کەوتە مەترسی و نەمتوانی درێژە بە خوێندن بدەم و وازم هێنا. ئێستاش لە وڵاتی سوید خەریکی خوێندن و فێر بوونی زمانی سویدیم.
٤- دەکرێ باسێک لە چۆنییەتی و هۆی پێوەندی تان بە یەکیەتیی ژنانەوە و چالاکییەکانی خۆتان لەو رێکخراوە دا بکەن؟
من ساڵی ۱۳۶۵ی هەتاوی بوومە ئەندامی یەکیەتیی ژنان و ۹ ساڵ ئەندامی بەڕێوەبەری و دوو ساڵیش جێگری سکرتێری یەکیەتیی ژنان بووم و هەمیشە یەکیەتیی ژنانم زۆر لا پیرۆز بووە. لێرەش لە کۆبوونەوەکان و چالاکییەکاندا تا بۆم ئێمکانی بووبێ بەشداریم کردووە و سێ ساڵە ئەندامی بەڕێوەبەری کۆمیتەی ئەو شارەم کە لێی دەژیم و لە کۆنفرانسی یەکیەتیی ژنان لە مارس ۲۰۲۱ی زایینی لە وڵاتی سوید، وەک ئەندامی بەڕێوەبەری هەڵبژێردرام و ئەرک بەڕێوە دەبەم.
٥- لە ئێستا دا، بە چییەوە سەرقاڵن و لەگەڵ ژیانی ئێرە چۆن خۆتان رێک خستوە؟
ئێستا سەرقاڵی خوێندنی زمانی سویدی و کاروباری ماڵەوەم. جارجار سەردانی دایک و بابم دەکەم و ئەندامی حیزبم و لە کۆمیتەی حیزبی شارەکەمان چالاکم و کار دەکەم ، وەختی خاڵیم بە کتێب خوێندەوە پڕ دەکەمەوە.
٦- ئەگەر لە کۆتاییدا قسەیەکتان بۆ خوێنەرانمان هەیە، فەرموون.
لە کۆتایی دا پێم خۆشە ئەوەی بڵێم کە پەروەردەی منداڵی نێو حیزب، پەروەردەیەکی سالم بووە . ئەوەشی پێوە زیاد بکەم هەر ئەندامێک بۆ ئەوە خۆی پێ بگەیێنێ دەتوانێ لە یەکیەتیی ژنان و کۆمیتەکانی حیزب ڕا دەست پێ بکات و زانستی خۆی پەرە پێ بدا.
زۆر سپاسی ئێوە دەکەم کە منتان بەسەر کردۆتەوە و توانیم لەم ڕێگایەوە گۆشەیەک لە ژیانی خۆم بۆ ئێوە باس بکەم . زۆر سپاس و سەرکەوتنتان بۆ بە ئاوات دەخوازم.
سپاس بۆ بەشداریتان لەم چاوپێکەوتنەدا و بە هیوای سەرکەوتن بۆ ئێوەی ئازیز.