ئازاد مستۆفی
دیپلۆماسی، وەک ئامرازێک بۆ پێشخستنی بەرژەوەندییە نیشتمانی و نێودەوڵەتییەکان، دەتوانێت ڕۆڵێکی سەرەکی لە بەهێزکردنی ئابووری ژنان بگێڕێت. ئەم بابەتە لێکۆڵینەوەیەکە چۆن پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و سیاسەتە دیپلۆماسییەکان دەتوانن دەرفەتی ئابووری یەکسان بۆ ژنان دروست بکەن و یارمەتیدەر بن بۆ کەمکردنەوەی جیاوازیی جێندەری. بەهێزکردنی ئابووری ژنان یەکێکە لە ئامانجە سەرەکییەکانی کارنامەی گەشەپێدانی بەردەوامی نەتەوە یەکگرتووەکان (SDG) کە بەتایبەتی لە ئامانجی پێنجەم (یەکسانی جێندەری) و ئامانجی هەشتەم (کاری شایستە و گەشەی ئابووری) جەختی لەسەر کراوەتەوە. ئەم بەهێزکردنە بەواتای زیادکردنی دەستڕاگەیشتن بە هەلی کار و سەرچاوە داراییەکان و ڕاهێنانی کارامەیی و بەشداریکردن لە بڕیاردانی ئابووریدا کە بەشدارە لە کەمکردنەوەی هەژاریی و گەشەی ئابووری بەردەوام و کەمکردنەوەی نایەکسانی کۆمەڵایەتی. توێژینەوەکان دەریانخستووە کە وەبەرهێنان لە بەهێزکردنی ئابووریی ژنان نەک تەنها خۆشگوزەرانیی ماڵباتەکان باشتر دەکات، بەڵکو کاریگەریی ئەرێنی لەسەر کۆمەڵگە و ئابووریی نیشتمانییش هەیە. لەم پێوەندییەدا نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە حکوومەتەکان و کەرتی تایبەت و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەکات کە ژنان لە ڕێگەی لابردنی بەربەستە کولتووری و یاساییەکان و دروستکردنی ژێرخانی پاڵپشتکارەوە بتوانن بەشێوەیەکی تەواو و یەکسان لە ئابووریدا بەشداریی بکەن.
سەرەڕای هەوڵە جیهانییەکان بۆ بەهێزکردنی ژنان لە ڕووی ئابوورییەوە بەڵام هێشتا ڕووبەڕووی ئاستەنگی جددی دەبنەوە کە پێشکەوتن و بەشداریکردنی یەکسانیان، سنووردار دەکات. یەکێک لەو ئاستەنگانە دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوە داراییەکانی وەک قەرزی بانکی و قەرزی ئابوورییە کە زۆرجار بەهۆی هەڵاواردنی پێکهاتەیی و نایەکسانی جێندەرییەوە ڕێگری لە ژنان لە دەرفەتی وەبەرهێنان و گەشەپێدانی بازرگانی دەکات. هەروەها هەڵاواردن لە بازاڕی کاردا لە شێوەی نایەکسانی مووچە، سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتن بە پۆستە کارگێڕی و پیشەییەکان و نەبوونی دەرفەتی پێشکەوتنی پیشەیی توانای ژنان بۆ بەشداریکردنی کاریگەر لە ئابووریدا تێک دەدات. نەبوونی سیاسەتی پشتیوانی، لەوانەش مۆڵەتی گونجاو بۆ منداڵبوون، خزمەتگوزارییەکانی چاوەدێری منداڵان و یاساکانی دژەجیاکاری، گوشارێکی زیاتر دەخاتەسەر ژنان و ڕێگرییان لە چێژوەرگرتن لە دەرفەتی یەکسان لێدەکات. چارەسەرکردنی ئەم ئاستەنگانە پێویستی بە چاکسازیی پێکهاتەیی و سیاسەتی ئامانجدار و گۆڕینی هەڵوێستی کولتووری هەیە بۆ ئەوەی ژنان بتوانن ڕۆڵی تەواوی خۆیان لە گەشەپێدانی ئابووریدا بگێڕن. لەم نێوەندەدا دیپلۆماسی دەتوانێت ئامرازێکی کاریگەر بێت بۆ گۆڕینی ئەم دۆخە.
دیپلۆماسی و بەهێزکردنی ئابووری ژنان
-ڕۆڵی پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان
یەکێک لە ئامرازە سەرەکییەکانی دیپلۆماسی بۆ بەهێزکردنی ژنان، بەکارهێنانی پەیماننامە و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکانە کە جەخت لەسەر پێشخستنی ماف و دەرفەتی یەکسان بۆ ژنان دەکەنەوە. ئەم پەیماننامانە وەک چوارچێوەی یاسایی و سیاسی حکوومەتەکان پابەند دەکەن بە گرتنەبەری ئەو سیاسەت و ڕێوشوێنانەی کە دەبنە هۆی کەمکردنەوەی جیاکاری و دروستکردنی یەکسانی جێندەری. نموونەیەکی دیار لەم بوارەدا بریتییە لە ڕێککەوتننامەی نەهێشتنی هەموو جۆرە جیاکارییەک لە دژی ژنان (CEDAW) کە لە ساڵی ١٩٧٩ لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و زۆرێک لە وڵاتانەوە پەسەند کراوە.
CEDAW، وەک “پڕۆژە یاسای مافەکانی ژنان”، وڵاتانی ئەندام پابەند دەکات بە گونجاندنی یاسا و سیاسەتەکانیان لەگەڵ بنەماکانی یەکسانیی جێندەری، نەهێشتنی هەڵاواردن لە کایە سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان. هەروەها دەستەبەرکردنی مافەکانی ژنان لە بوارەکانی وەک پەروەردە، کار، بەشداری سیاسی و دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوە داراییەکان. ئەم کۆنڤانسیۆنە داوا لە وڵاتانی ئەندام دەکات کە ڕاپۆرتی بەردەوام سەبارەت بە پێشکەوتن و تەحەددیاتەکان لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان پێشکەش بکەن، بەمەش بنەمایەک بۆ چاودێریکردن و لێپرسینەوە دابین دەکات.
ئەنجامدان و جێبەجێکردنی ئەم جۆرە پەیماننامانە ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە بەهێزکردنی ژنان چونکە جگە لە پابەندبوونە یاساییەکان، پەیامێکی جیهانی سەبارەت بە گرنگی مافەکانی ژنان و پێویستی بەشداریکردنیان لە گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی و ئابووریدا دەنێرێت. لە ڕێگەی ئەم پەیماننامانەوە، وڵاتان هاندەدرێن کە سیاسەتە پاڵپشتییەکان وەک ڕەخساندنی هەلی کارێکی یەکسان، پشتیوانیکردن لە کارگێڕی ژنان، و دڵنیابوون لە دەستڕاگەیشتن بە خوێندن و سەرچاوە داراییەکان لە پێشینەدا دابنێن.
دیارە سەرکەوتنی ئەم پەیمانانە پەیوەستە بە ئیرادەی سیاسی حکوومەتەکان و جێبەجێکردنی کاریگەرانەی یاساکان و هاوکاریی دامەزراوە مەدەنی و نێودەوڵەتییەکان. بە هاندانی وڵاتان بۆ پابەندبوون بەم بەڵێنانە و بەهێزکردنی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان، دیپلۆماسی فرەلایەن دەتوانێت ئامرازێکی کاریگەر بێت بۆ پێشخستنی یەکسانیی جێندەری و بەهێزکردنی ژنان لە سەرانسەری جیهاندا.
– دیپلۆماسیی ئابووری و ژنان
ڕێککەوتنە بازرگانییە نێودەوڵەتییەکان دەتوانن ڕۆڵێکی گرنگ بگێڕن لە بەهێزکردنی ئابووری ژنان. ئەم ڕێککەوتنانە دەتوانن یارمەتیدەر بن لە کەمکردنەوەی جیاوازییە ئابوورییە جێندەرەکان لە ڕێگەی ئاسانکاری بۆ دەستڕاگەیشتن بە بازاڕە جیهانییەکان و ڕەخساندنی هەلی کاری نوێ. بۆ نموونە، ڕێککەوتنی بازرگانی ئازادی ئەمەریکای باکوور (NAFTA) کە لە ساڵی ١٩٩٤ لە نێوان ئەمەریکا و کەنەدا و مەکسیک کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، بە زیادکردنی بازرگانی و وەبەرهێنان لە ناوچەکەدا چەندین هەلی کاری ڕەخساند کە هەندێکیان بۆ ژنان بوو. هەروەها کۆمەڵەی گەلانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا (ASEAN) کە لە ساڵی ١٩٦٧ دامەزراوە و پەرە بە هاوکاریی ئابووری لە نێوان ئەندامەکانیدا دەدات، بەرنامەی بەهێزکردنی کارگێڕی ژنان و بەشداریکردنیان لە ئابووری ناوچەکەدا جێبەجێ کردووە. ئەم ڕێککەوتنانە بە کەمکردنەوەی بەربەستە بازرگانییەکان و ئاسانکاریی بۆ ڕۆیشتنی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان، ژینگەیەک دەڕەخسێنن کە تێیدا ژنان بتوانن دەستیان بە سەرچاوە و بازاڕی نوێ بگات. بۆ نموونە لە چوارچێوەی ASEAN ، بەرنامەکانی “ASEAN Women Entrepreneurs Network” (AWEN) دامەزراون، کە ئامانجیان بەهێزکردنی تۆڕ و ڕاهێنان و پشتگیریکردنە بۆ ژنانی خاوەنکار لە ناوچەکەدا. ئەم دەستپێشخەرییانە ژنان دەتوانن سوود لە دەرفەتە بازرگانییە ناوچەییەکان وەربگرن و پەرە بە کارەکانیان بدەن و ڕۆڵێکی کارا لە ئابووری جیهانیدا بگێڕن.
بێگومان بۆ ئەوەی بەتەواوی سوودەکانی ئەم ڕێککەوتنانە بقۆزرێتەوە، پێویستە سیاسەتی نیشتمانی و ناوچەیی دابنرێت و بەشێوەیەک داڕێژراو بێت کە بەتایبەتی چارەسەری پێداویستی و تەحەددیاتی ژنان بکات. ئەمەش بریتییە لە پێشکەشکردنی ڕاهێنانی تەکنیکی و پیشەیی، دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوە داراییەکان و دروستکردنی ژینگەی کارکردنی پاڵپشت کە ڕێگە بە ژنان بدات سوود لەو دەرفەتانە وەربگرن کە دروستکراون. جگە لەوەش، چاودێریکردنی بەردەوامی کاریگەرییە جێندەرییەکانی ڕێککەوتنە بازرگانییەکان و جێبەجێکردنی بەرنامەکانی چاکسازی لە شوێنی پێویستدا دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ دڵنیابوون لەوەی کە سوودەکانی بازرگانیی ئازاد بەشێوەیەکی دادپەروەرانە لە نێوان ژنان و پیاوان دابەش دەکرێن. لە کۆتاییدا، ڕێککەوتنە بازرگانییە نێودەوڵەتییەکان دەتوانن لەڕێگەی دروستکردنی دەرفەتی ئابووریی و ئاسانکاریی بۆ دەستڕاگەیشتن بە بازاڕەکان لە بەهێزکردنی ئابووری ژنان بەشداری بکەن بەڵام بەتەواوی بەدیهێنانی ئەم توانایە پێویستی بە پەرەپێدان و جێبەجێکردنی سیاسەتی پشتیوانی و بەرنامەی پەروەردەیی هەیە کە بەتایبەتی باس لە بەهێزکردنی ڕۆڵی ژنان لە ئابووری جیهانیدا دەکەن.
-هاوکاریی و گەشەپێدانی دەرەکی
یەکێک لە ئامرازە کاریگەرەکانی دیپلۆماسی لە بەهێزکردنی ئابووری ژناندا بەکارهێنانی یارمەتییە دەرەکییەکانەو وڵاتانی پێشکەوتووی وەک سوید و کەنەدا، بە بەکارهێنانی دیپلۆماسی فێمینیست بۆ دابینکردنی دارایی ئەو پڕۆژانەی کە ژنان لە بوارەکانی کشتوکاڵ و بازرگانی و تەکنەلۆژیادا بەهێز دەکەن، بەکاریدەهێنن. ئەم ڕێبازە نەک هەر یارمەتیدەرە بۆ باشترکردنی بارودۆخی ئابووری ژنان بەڵکو ڕۆڵێکی بنەڕەتی لە بەهێزکردنی کۆمەڵگاکانی کەشوهەوادا دەگێڕێت.
ئەلف- دیپلۆماسیی فێمینیستیی سوید:
سوید بە گرتنەبەری سیاسەتی دیپلۆماسی فێمینیست بە یەکێک لە پێشەنگەکانی ئەم بوارە ناسراوە. وڵاتەکە یارمەتی باشترکردنی باروودۆخی ژیانی ژنان دەدات لە وڵاتانی تازەپێگەیشتودا بە دابینکردنی بوودجە بۆ ئەو پڕۆژانەی کە گرنگی بە بەهێزکردنی ئابوورییان دەدەن. بۆ نموونە سوید بەشداری لەو پڕۆژانەدا کردووە کە ڕاهێنانی تەکنیکی پێشکەش بە ژنە جووتیارانی وڵاتانی ئەفریقیا دەکات و ئاسانکاری بۆ گەیشتنیان بە بازاڕە جیهانییەکان دەکات.
ب- دیپلۆماسیی فێمینیستیی کەنەدا:
هەروەها کەنەدا بە پەیڕەوکردنی ڕێبازی دیپلۆماسی فێمینیست، بوودجەی ئەو پڕۆژانەش دابین دەکات کە ژنان لە بوارە ئابوورییە جیاوازەکاندا بەهێز دەکەن. ئەم وڵاتە بەشداریی لەو پڕۆژانەدا کردووە کە ڕاهێنانی کارگێڕیی و بازرگانیی پێشکەش بە ژنانی خاوەنکار لە وڵاتانی ئاسیا و ئەفریقیا دەکەن و ئاسانکاری بۆ دەستڕاگەیشتنیان بە سەرچاوە داراییەکان و بازاڕە جیهانییەکان دەکەن.
نموونەی پڕۆژەکانی بەهێزکردنی ئابووری ژنان:
-پرۆژەی کشتوکاڵی: لە وڵاتانی ئەفریقیا، ئەو پڕۆژانەی کە لەلایەن سوید و کەنەدا پاڵپشتی دەکرێن، ڕاهێنانی تەکنیکی پێشکەش بە ژنە جووتیارەکان دەکەن و ئاشنایان دەکەن بە تەکنەلۆژیای کشتوکاڵی مۆدێرن. ئەم پڕۆژانە یارمەتیدەرن بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنان و داهاتی ژنان و بەهێزکردنی ئاسایشی خۆراکی کۆمەڵگە.
– پڕۆژەی بازرگانی: لە وڵاتانی ئاسیادا ئەو پڕۆژانەی کە ئەم وڵاتانە پاڵپشتییان دەکەن، ڕاهێنانی کارگێڕی و بازرگانی پێشکەش بە ژنانی خاوەنکار دەکەن و دەستڕاگەیشتنیان بە سەرچاوە داراییەکان و بازاڕە جیهانییەکان ئاسانکاریی دەکەن، ئەم پڕۆژانە یارمەتی گەشەپێدانی بازرگانی بچووک و مامناوەند دەدەن کە لەلایەن ژنانەوە بەڕێوەدەبرێن.
– پڕۆژەی تەکنەلۆژی: لە وڵاتانی ئەمەریکای لاتین، ئەو پڕۆژانەی کە لەلایەن سوید و کەنەدا پاڵپشتی دەکرێن، ژنان لە بواری تەکنەلۆژی زانیاری و پەیوەندیکردن، ڕادەهێنن و ئاشنایان دەکەن بە کارامەیی دیجیتاڵی. ئەم پڕۆژانە یارمەتیدەرن بۆ زیادکردنی بەشداری ژنان لە ئابووریی دیجیتاڵی و تەکنەلۆژی نوێدا.
ئەم پڕۆژانە نەک تەنها یارمەتیدەرن بۆ باشترکردنی بارودۆخی ئابووری ژنان بەڵکو دەبنە هۆی گەشەسەندنی بەردەوام و کەمکردنەوەی هەژاریی لە ڕێگەی بەهێزکردنی کۆمەڵگەوە. ئەم وڵاتانە بە دابینکردنی سەرچاوەی دارایی و تەکنیکی یارمەتیدەر دەبن لە دروستکردنی دەرفەتی یەکسان بۆ ژنان لە بوارە ئابوورییەکان و ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لە گەیشتن بە ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوام.
بێگومان بەربەستیش هەیە لەبەردەم بەرەوپێشبردنی ئەو ئامانجانەی کە پێشتر ئاماژەیان پێکراوە کە دەتوانرێت بگەڕێندرێتەوە بۆ نەبوونی گەرەنتی جێبەجێکردن بۆ پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان. هەروەها لە زۆرێک لە وڵاتان بەربەستە کولتووری و کۆمەڵایەتییەکان بەردەوامن لە سنووردارکردنی ڕۆڵی ژنان لە ئابووریدا. دیپلۆماسی دەبێت ڕووبەڕووی ئەو ئاستەنگانە ببێتەوە و چارەسەریی ڕەسەن و کاریگەر دابین بکات.
چەند نموونەی سەرکەوتوو
دەکرێ ڕواندا و کەنەدا وەک نموونەی سەرکەوتووی بەهێزکردنی ئابووری ژنان لە ڕێگەی سیاسەتی دیپلۆماسی و هاوبەشیی نێودەوڵەتییەوە بهێنرێتەوە. ڕواندا نموونەیەکی سەرکەوتووە لەم ڕووەوە، وەک وڵاتێک کە لە دوای شەڕی نێوخۆ و جینۆساید سەرنجی لەسەر بەهێزکردنی ئابووری ژنان بووە. ژنانی ڕواندا لە ڕێگەی سیاسەتی دیپلۆماسی و هاوبەشیی نێودەوڵەتییەوە ئاستێکی بەرزی بەشداریی ئابوورییان بەدەستهێناوە.
کەنەدا پێشەنگێکە لە “دیپلۆماسیی فێمینیست” و ئەم وڵاتە لە سیاسەتەکانی دەرەوەیدا جەخت لەسەر بەهێزکردنی ژنان دەکاتەوە و لە ڕێگەی هاوکاریی نێودەوڵەتییەوە بوودجەی پڕۆژەکانی لە بوارەکانی پەروەردە، تەندروستی و کارگێڕیی ژنان دابین کردووە.
بێگومان وڵاتان بۆ سەرکەوتن لەم بوارەدا پێویستە میکانیزمی چاوەدێری و جێبەجێکردنی بەڵێنەکانیان دابنێن. دیپلۆماسی دەتوانێت لە ڕێگەی هاوکاری دارایی و تێکنۆلۆژیاوە پشتگیری لە ژنانی خاوەنکار بکات، هەروەها پێویستە ژنان دەستیان بەو تۆڕانە بگات کە لە ڕێگەیانەوە بتوانن پەیوەندییان بە بازاڕە جیهانییەکانەوە هەبێت. لەم ڕووەوە دیپلۆماسیی کولتووری دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە گۆڕینی هەڵوێستی نەرێنی بەرامبەر بە بەشداریی ئابووریی ژنان. دیپلۆماسی دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ بگێڕێت لە گەیشتن بە دادپەروەریی ئابووری بۆ ژنان. بەڵام سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە بەندە بە پابەندبوونی وڵاتان بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکان و تێپەڕاندنی بەربەستە کولتووری و پێکهاتەییەکان. بەهێزکردنی ژنان نەک هەر یارمەتیدەرە بۆ باشترکردنی ژیانیان بەڵکو دەبێتە هۆی گەشەسەندنی بەردەوام و بەهێزکردنی کۆمەڵگاکان، یەکسانیی جێندەریی و گەشەپێدانیی ئابووری.
——————————
سەرچاوەکان:
- United Nations, Sustainable Development Goals (SDG).
- Convention on the Elimination of All Forms of Discrimination Against Women (CEDAW).
- Canadian Feminist International Assistance Policy.
- Reports on Economic Participation of Women in Rwanda.
- World Bank Data on Gender Equality and Economic Development.