ژنانی یەکسانیخواز!
خەڵکی ڕزگاریخوازی کورستان!
٢٤ی ڕەشەمەی ئەوساڵ یادی ٧٨ساڵەی دامەزراندنی یەکیەتیی ژنانی دێموکرات دەکەینەوە کە لە قۆناغێکی مێژوویی لە خەباتی گەلەکەمان و لەسەردەمی کۆماری کوردستان دامەزرا.
یەکیەتیی ژنان بەرهەمی دۆخێکی دێموکراتیک بوو و لێهاتوویی و بیرتیژی پێشەوا قازی محەممەد، سەرۆککۆماری کوردستان بوو کە بۆ هاتنە مەیدانی ژنان و دەستەبەرکردنی ماف و ئازادییەکانیان دامەزرا. لە سەردەمێک کە ژنان لە جیهان لە زۆربەی مافەکانیان بێبەش بوون و لە کۆمەڵگەی کوردەواری کەلتوور و داب و نەریت ئیزنی هاتنە دەرێ لە چوارچێوەی ماڵی پێنەداون، دامەزرانی ڕێکخراوەیەکی تایبەت بە ژنان گرینگیدانی حکومەتی کوردی بەو پرسە دەگەیەنێ.
تێکۆشانی ڕێکخراوەیی بە شێوەیەکی مۆدێڕن لەو سەردەمە ئاستی تێگەیشتنی پێشەوا قازی محەممەدی نیشان دەدا و بە هێنانە مەیدانی هاوسەری خۆی مینا خانمی قازی وەک یەکەم بەرپرسی رێکخراوەکە، ژنان و کۆمەڵگەشی ئەرکدارکرد تا لە بەرانبەر پرسی یەکسانی و تێکەڵکردنی ژنان بە کاروباری سیاسیدا هەمووان هەست بە بەرپرسایەتی بکەن. تێکۆشانی ژنان و ڕێکخراوەی یەکیەتیی ژنان دوای ٧٨ساڵ لە سەردەمی پاشایەتی و سەردەمی کۆماری ئیسلامیشدا، ئەگەرچی دەسکەوتی بووە بەڵام نەیتوانیوە مافەکانی ژنان دەستەبەر بکا ئەوەش بە هۆی نەبوونی حکومەتێکی دێموکراتیکە کە بتواندرێ ئازادانە تێیدا چالاکی بکەن.
ژنانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەمووکات خەباتیان لە دوو سەنگەری یەکسانیخوازی و ڕزگاریخوازیدا بووە و ئەوەش هەم ئەرکی سەرشانی قورستر کردوون هەم جیاوازی کردوون لە ژنانی نەتەوەکانی دیکە لە ئێران، بەڵام هەر ئەو ئەزمونە لە خەبات و تێکۆشانیان وایکردووە کە کۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕۆژهەڵات لە ئاستێکی بەرزی سیاسیی دابێ.
ئێستاکە کارکردن بۆ پرسە کۆمەڵایەتیی و سیاسییەکان تەنیا لە چوارچێوەی حیزب و ڕێکخراوەکاندا نەماوەتەوە و هەمووی کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵات لە بەرانبەر پرسەکان خۆیان بە بەرپرسیار دەزانن و چالاکی ڕێکخراوە مەدەنیی و کەسایەتییەکان لەو پێوەندییەدا زۆر بەرچاوە و کاریگەری ئەو چالاکییانەش لە بواری کەلتووری و زمانەوانی و ژینگەپارێزی وهتد…جیلی هوشیار و نیشتمان پەروەری پەروەردەکردووە.
خاڵێکی وەرچەرخان لە بزوتنەوەی ژنان لە ئێران و بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕاپەرینی ژینا و بزوتنەوەی “ژن ژیان ئازادی” بوو کە چەندهەنگاوی پێکەوە بڕی. هاوپێوەندی ژنانی نەتەوەجیاوازەکان بۆ بەدەستهێنانی ماف و ئازادییەکانی ژنان یەک لەو خاڵە گرینگانە بوو کە ساڵها کۆماری ئیسلامی لە نیزیکبوونەوە وهاوسۆزی و هاوخەباتیان ڕێگری دەکرد. خاڵێکی دیکەی ئەو بزوتنەوەیە هێنانە گۆرێی پرسی ژنان لەسەر شەقام وەک ژنی کورد کە بەڕوونی باسیان لە مەسەلەکانی شوناس وەک کورد و مەسەلەی یەکسانی وەک ژن کرد و پشتیوانی پیاوان و پێکەوەیی کارکردن لەو قۆناغە دەسکەوتێکی دیکەی ئەو بزوتنەوە بوو.
ئێستا و ١٨ مانگ پاش ڕاپەرینی ژینا، بڵێسەی ئەو ئاگرە هەر بەتینە و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ژنانن کە سەڕەڕای زەبر و زەنگ و گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی لە هەر دەرفەتێک کەڵک وەردەگرن تا دەنگی ناڕەزایەتی خۆیان بە گوێی دەسەڵاتداران بگەیەنین و درێژەدەری بزوتنەوەی “ژن ژیان ئازادی” بن. ئەمڕۆکە دایکانی شەهید، بنەماڵەی شەهید، بوونە سەرقافڵەی کاروانی ئازادیخوازان و نەترسانە ڕووبەڕووی ڕێژیمی دژەژنی کۆماری ئیسلامی دەبنەوە.
ئازیزان!
لە حاڵێکدا یادی ٢٤ی ڕەشەمە دەکەینەوە کە هەر لەو مانگەدا، بەناو هەڵبژاردنەکانی ئێران بەڕێوەچوو و سەرەڕای بانگەشە و بەڵێنی بەرپرسان، خەڵک بە ڕێژەیەکی زۆر کەم بەشداری کرد وبووە بە لاوازترین هەڵبژاردن و خەڵک یەکگرتوانە “نا”یەکی دیکەیان بە کۆمارەی ئیسلامی کووت کە ئەوەش درێژەی پەیامەکانی ڕاپەڕینی ژینایە کە ڕونترین پەیامی، داوای ڕۆیشتنی کۆماری ئیسلامی و نەمانی ئەو دەسەڵاتە بوو.
بزوتنەوەی ژنان لە ئێستادا لە هەمووکات زیاتر پێویستی بە یەکگوتاری و یەکگرتویی هەیە و زیندووبونی ئەو بزوتنەوەیە ئەرکی زیاتر دەخاتە سەرشانی ڕێکخروەکەمان و “یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران” پاڵپشتی خۆی لە هەر جوڵە و تێکۆشانێک لە پێناو دابینبوونی مافە ئینسانییەکان، تێدەکۆشێ بە هاوکاری و هەماهەنگی و یەکگرتوویی خەباتی خۆی بۆ دابینکردنی ماف و ئازادییەکانی ژنان بەرێتە پێشێ.
پیرۆز بێ ٢٤ی ڕەشەمە یادی ٧٨ساڵەی دامەزرانی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران