دامەزرانی ڕێکخراوەی یەکیەتیی ژنان ٧٦ ساڵ بەر لە ئێستا بەرهەمی هەلومەرجێکی دێموکراتیک و سەرۆک کۆمارێکی لێهاتووە، کە لە قۆناغێک دا دەرکی بە پێویست بوونی ڕێکخراوێکی تایبەت بە ژنان کردووە. کە لەو کاتەدا کۆمەڵگەی کوردەواری تەواو فیۆداڵی و سونەتی بووە و مافی ژنان تەنانەت لە وڵاتانی دەوروبەریش گرنگی پێ نەدەدرا. بەڵام لە حکومەتە تازە بەدەسەڵات گەیشتووەکەی کۆماری کوردستان و بە دامەزراندنی ئەو رێکخراوەیە بایەخدان بەو پرسە بە ڕوونی دەردەکەوێ. ئەوە لە حاڵێکدایە کە دەبینین لە سایەی حکومەتە دیکتاتۆرەکان چ لە سەردەمی پاشایەتی چ سەردەمی کۆماری ئیسلامی دا ئەو ڕیکخراوە لە مافی چالاکی خۆی بێبەش کراوە ولە زۆربەی قۆناغەکان تەنیا ئەو بەشە لە ژنان کە لە دەرەوەی ئێران بوون توانیویانە تێیدا چالاکی بکەن و کارو چالاکی یەکیەتیی ژنان لە چوارچێوەی جوگرافیایەکی بەرتەسکدا بووە.
بەخۆشییەوە لە ئێستادا بە هۆی بوونی ئیمکاناتی زیاتر و هەروەها هەست بە بەرپرسایەتی کردنی زیاتری ژنان لەو پێوەندییەدا ژنانێکی زۆر زیاتر تەنانەت لە نێوخۆی وڵاتیش توانیویانە لە دەوری ئەو ڕیکخراوە پێکەوە تێبکۆشن وڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ خەتی کاری سیاسی ئەو یەکیەتییە دابڕێژن، ئەوەش گەرانەوە بۆ ئەو پاشخانەیە کە لە شوێنی لە دایک بوونی دا هەیەتی.
دوای ٧٦ساڵ لە دامەزرانی یەکیەتیی ژنان و هەوڵەکانی ژنان بۆ گەیشتن بە مافەکانیان، ئێستاش بەشی کەمی مافەکانیان دەستەبەر بووە، هۆکاری سەرەکی ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی دەسەڵاتێکی دێموکراتیک و بوونی یاسایەکی دژە ژن. کۆماری ئیسلامی ئێران هەر لەگەڵ هاتنە سەرکاری قۆڵی لە ئەستاندنەوەی مافەکانی ژنان هەڵماڵی و ژنانی ناچار بە پەیڕەوکردنی ئەویاسایانە کرد کە زۆر بەبێ بنەماو دژە ژن دایڕشتبوون.
هەر بەوەش نەوەستاو ئەو دەسکەوتانەی کە لەسەردەمی پاشایەتیش بەدەستیان هێنابوو لێیان بێبەش کران و ئەرکی ژنانیان لە چوارچێوەی ماڵ و بەخێوکردنی منداڵ پێناسە کرد. پاش چوار دەیە لە ستەم و چەوساندنەوەی ژنان، تا ئێستاش لەئێران ژنان لە نێوان شەڕی سوننەت و مۆدێرنیتە دەبنەقوربانی و دەسەڵاتی ئایینیی شەرعییەت بەو پێشێلکارییانە دەدا.
لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ژنان وێڕای ئەوەی لە ژێر باری ستەمی دەسەڵاتدارانی دیکتاتۆر دەناڵێنن، لە ژێر تەوژمی سێ لایەنەی ئایینی و نەتەوەیی پیاوسالاریدان. سەڕەڕای ئەوەش ژنان هیچ کات لە تێکۆشان نەوەستاون ولە بەرابەر ئەو زوڵم و زۆرانە ڕاوەستاون و چۆنی بۆیان لوابێ ئەو خەباتەیان بەرەو پێش بردووە. مەیداندرای و تێکۆشانی ژنان لە بوارە جیاوازەکاندا بزوتنەوەی ژنانی بردۆتە قۆناغیکی دیکە و لە ئێران هەر بزوتنەوەیەکی سیاسی کۆمەڵایەتی لە ئارادابێ ناتوانێ ژنان نادیدە بگڕێ و بەشدایارن نەکا چون هێزی ژنان ئێستا چارەنوس سازە.
دیاربوون و زیندوبوونی بزوتنەوەی ژنان ئەرکی زیاتر دەخاتە سەر ڕێکخراوەکانی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پێمان وایەپێویستە کە ناوەندی ژنانی ڕۆژهەڵات زیاتر لە پێشوو هاوئاهەنگ و لەسەرخەت بێ بۆ بابەتەکانی پێوەندیدار بە پرسی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە ٢٤ی ڕەشەمە جارێکی دیکە پەیمان لەگەڵ ڕێبوارانی ئەو ڕێگایە بە تایبەت دوو سکرتێری ڕیکخراوە، شەهید سووهەیلا قادری و نەسرین حەداد تاگەیشتن بە ئامانجەکانیان نوێ دەکاتەوە.
دەستەی بەڕێوەبەری یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان
۲٤ی ڕشەمەی ۱٤۰۰ی هەتاوی