هاونیشتمانیانی ئازیز!
ژنانی تێکۆشەری کوردستان !
ئەمڕۆ هەشتی مارس، سالێکی تر بە سەر خەباتی بێوچان بۆ گەیشتن بە ڕزگاری ژنان زیاد بوو؛ بەم بۆنەوە و لەم ڕۆژە پیرۆزەوەدا، پیرۆزبایی لە هەموو ژنانی جیهان و کوردستان دەکەین بەتایبەت ئەو ژنانەی بەردەوام لە پێناو ئامانجەکانی ژن و بۆ ژیان و ئازادی و یەکسانی هەوڵیان داوە.
هەشتی مارس ڕۆژێکی ئاسایی نییە ، بەڵکو ڕۆژێکی مێژۆیی و خاڵێکی وەرچەرخان و شۆرشێکی گرنگی مرۆڤایەتی و هێمای بەرەنگاربوونەوەی زوڵمێکە کە بەرامبەر نیوەی کۆمەڵگە دەکرێت.
ئەم ڕۆژە بەو هۆیە کە نابەرابەری و بێدادی و زۆڵم و ستەم لە تەواویەتی خۆیدا بوو، سەری هەڵدا دواتریش بوو بە هۆی ڕۆشنگەری و ڕێگەخۆشکەری بۆ ئەوەی ئافرەتان لە سەرانسەری جیهان و بەپێی سەردەم و کات لەسەر مافەکانیان وەدەنگ بێن و دژ بە هەر چەشنە نابەرابەریەک ڕاوەستن و بە تایبەت ئەو نابەرابەریانەی لەلایەن دەسەڵات و بە شێوەی سیستماتیک دادەسەپێن.
ژنانی ڕۆژهەلاتی کوردستان سەرەڕای ئەو ستەمەی لەلایەن دەسەڵاتی سەرەڕۆ و دژەژن و چەوسێنەر و هەروەها هەندێ گۆشار کە لە لەلایەن کۆمەڵگەوە لەسەریانە وەکوو هەموو کات پێشەنگ بوونە بۆ وەدیهاتنی مافی سروشتییەکانی خۆیان و بەدیهێنانی ئازادی و یەکسانی بۆ کۆمەڵگە بە گشتی.
لەلایەن دەستەی بەڕێوەبەری دەرەوەی وڵاتەوە وێرای پیرۆزبایی ٨ی مارس لە هەموو ژنانی کوردستان، داواکارین بە شێوەیەکی هاوئاهەنگ و ڕوناکبیرانە پەرە بە چالاکیەکانمان و ڕێکخستنی هەوڵەکانمان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانمان کە لە کۆتاییدا بریتییە لە بەدیهاتنی کۆمەڵگەیەکی مرۆیی و یەکسان و ئازاد بدەین.
دەستەی بەرێوەبەری یەکیەتی ژنان لە دەرەوەی ولات
٨. /٣/.٢٠٢٥