یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران!
ژنانی مافخواز و شوناسخوازی نیشتمان!
بە بۆنەی ساڵڕۆژی دامەزراندنی ڕێکخراوەکەتان گەرمترین پیرۆزباییتان پێ دەڵێین و هیواخوازین بە نەمانی ڕێژیمی داگیرکار و کۆنەپەرستی کۆماری ئیسلامی و هاتنەئارای سیستەمێکی دێموکراتیک و دادپەروەر، ژنانی ئێران و بەتایبەت ژنانی کورد، بە هەموو مافە ڕەواکانیان بگەن و ژن بتوانێ لە هەموو ئاست و ڕەهەندەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی، سیاسی و زانستیدا، شانبەشانی پیاو، دەرفەتی یەکسانی هەبێت و لە بەرەوپێشبردنی نیشتمانەکەماندا ڕۆڵ بگێڕێت.
یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە تا ئێستا، دەروازەیەک بۆ بەڕێکخراوەییکردن و بە سیستەماتیککردنی ژنی کورد بووە و لە هەموو ڕەهەندەکانی خەباتدا شۆڕشگێڕی شێلگیر و دەروەستی پێشکەش بە کاروانی خەباتی شوناسخوازی و شوناسپارێزی گەلەکەمان کردووە و ئێستاش هەر بەردەوامە.
هەروەک ئاشکرایە لە یەک دەیەی ڕابردوودا، کۆمەڵگای ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە شێوەیەکی ڕادیکاڵ بەرەنگاری سیستمی توتالیتێر، چەوسێنەر و ئایدۆلۆژیکی ڕێژیمی ئێران بۆتەوە و ژنان لەو بەرنگارییەدا ئەگەر پشکی سەرەکیشیان نەبووبێت، هاوئاستی پیاون بوونە. بۆ نموونە بەشداری پۆلپۆلی ژنانی کورد لە بزووتنەوەی شوناسخوازی کورد و شۆڕشی ژینادا کە ژن بەتایبەت ژنی کورد لە سەر شەقامەکان، بانگەوازی ڕاپەڕینیان دەدا و شەقامەکانیان بە خوێنی خۆیان ڕەنگین کرد و پڕوپاگاندای ڕێژیمیان لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا پووچەڵ کردەوە و لە سەرکوتی نامرۆڤانەی ڕێژیمیشدا پشکی شێریان بەرکەوت.
هەروەک ئاماژەی پێ کرا بەتایبەت لە یەک دەیەی ڕابردوودا ژنی کورد لە خەباتی مەدەنی و سیاسی کۆمەڵگادا بە شێوەیەکی بەرچاو چالاکتر بووە و لە شەقام و کەژەکاندا هاوکات ئاڵای دوو چەمکی شوناسخوازی نیشتمانی و مافخوازی ڕەگەزی هەڵگرتووە و مافی ژنی لەسەر ئاستی جیهان بە شێوەیەکی جیاوازتر پێشان دا و پێناسەی کرد و لە بەشی مافخوازیدا هەم بە گژ یاسا و دەسەڵاتی سیستمی ناوەندگەرا و ئایدئۆلۆژیکی بەرتەسکدا چوویەوە و هەم خۆپێشاندانێکی بوونگەرایانەی بەرامبەر بە کۆمەڵگای نەریتی خۆی کرد و هۆشداریی به پەراوێزخستنی لەلایەن دەسەڵات و یاسای داگیرکەر و وێژمانی بێچمگرتووی پیاوسالاری کۆمەڵگای نەریتی خۆی دا.
بە هۆی ئەو کردەوە و چالاکییانەی ژنی کورد، وێنای لەمێژینەی ژن لە خەزێنەی مۆری نەریتی کۆمەڵگا دا گۆڕانکاڕییەکی بەرچاوی بەسەردا هات و ئێستا چاوەڕوانییەکان لە سەر ژنی کورد، زیاتر و جیاوازتر لە جارانن و هەر ئەوەش بۆتە هۆکاری دڵەڕاوکێی ڕێژیمی ئێران و ترسی لە چالاکبوونی توانا و تایبەتمەندییەکانی ژن و تەشەنەسەندنی بۆ هەموو جوغڕافیای ئێران هەیە. بەم هۆیەوە ڕێژیم دەستی داوەتە کۆمەڵێک فێڵ و پیلانگێڕی بۆ بەلاڕێدابردنی ئەو توانا و پوتانسیلانە و گەرەکیەتی ویستەکانی ژن لە قاڵبی کاڵایەکی مۆدێڕندا پێناسە بکات و کۆمەڵگای نەریتیی خۆی بە گژدا کاتەوە و قەڵشتێکی کۆمەڵایەتی لە نێو ژن و پیاودا دروست بکات و ویستی هەر کامەیان بە بەراودنەبوونی ویستی ئەوەی تر پێشان بدات! لێرەدا ئەرکی ڕێکخرا و ئێنجیئۆ مەدەنییەکان و سیاسییەکانە بەتایبەتی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران ئەوەیە کە ئەو پیلان و کردەوە قێزەونانەی ڕێژیم لەقاو بدات و لە وشیاریی کۆمەڵایەتیدا ڕۆڵگێڕی سەرەکی بێت.
ئێمەش وەکوو یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان، لەو ئاڕاستەیەدا هاوکار و پشتیوان و هاوهەنگاو دەبین و لە هیچ هەوڵێک درێغی ناکەین و بە ئامانجگەیشتنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی بە پێشمەرجی دابینبوونی مافی هەموو پێکهاتەکانی نیشتمانەکەمان بەتایبەت مافی ڕەوای ژنانی کوردستان دەزانین.
سەرکەوێ خەبات بۆ یەکسانی و دادپەروەری
بڕوخێت دەسەڵاتی زۆرەمل و پاوانخواز
یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان
٢٤ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤ی کوردی