کاک مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەبۆنەی ٨ی مارس ڕۆژی جیهانیی ژنان و هەروەها ٢٤ی ڕەشەمە ساڵڕۆژی دامەزرانی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پەیامێکی بڵاو کردەوە.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
پیرۆز بێت ٨ی مارس، ڕۆژی جیهانیی ژنان
لە سەروبەندێکدا یادی ٨ی مارس، ڕۆژی جیهانیی ژنان دەکرێتەوە کە چەند ڕۆژ دواتری، ڕۆژی یادکرنەوەی دامەزرانی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە.
لە لایەک، ٨ی مارس، بەرزڕاگرتنی ئەم بۆنەیە و هەڵسەنگاندنی دۆخی ژنانە لە ڕووی پێگە و دەستکەوتی کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری و بەرزنرخاندنی مافەکانی ئەم توێژەی کۆمەڵگایە. لە لایەکی دیکەشەوە، یادکردنەوەی ساڵڕۆژی دامەزراندنی یەکیەتیی ژنان وەک میراتی کۆماری کوردستان لەلایەن حیزبی دێموکڕاتی کوردستانەوە، کە پێشەوای گەورەی کوردان، قازی محەممەد، دەستپێشخەری بووە، لە بزووتنەوەی ژنانی کوردستان، پڕبەها و جێی سەرنجە.
گومان لەوەدا نییە کە بزووتنەوەی مافخوازیی ژنان، بە تایبەت لە کوردستان ئاودیوی قۆناغێکی نوێ لە خەبات بۆ یەکسانی و دادپەروەری بووە. بە تایبەت کە ئێستا خاوەن هێزێکی مرۆیی و سەرمایەیەکی کۆمەڵایەتیی بەنرخ و شوێندارە کە داهێنەر و پێشەنگی بزووتنەوەی ” ژن، ژیان، ئازادی” یە.
ژنان، چ وەک بەشێک لە بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی و چ وەک بەشێکی دیار لە بزووتنەوەی نەتەوەیی لە کوردستان، لە هەوڵ و خەباتیان لەپێناو بەهاکانی ژیانێکی سەردەمیانە ئامادەی مەیدان بوونە، ئەزموونی دوو دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ئەم مەیداندارییەی سەلماندووە.
وێڕای پیرۆزبایی ٨ی مارس و هیوای بەردەوامی و سەرکەوتن لە خەبات لەپێناو ئازادی!
مستەفا هیجری
سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
١٧ی ڕەشەمەی ١٤٠٣ی هەتاوی
٧ی مارسی ٢٠٢٥ی زاینیی