لە مێژووی هەر نەتەوەیەکدا ڕێبەران و کەسایەتیی ئەوتۆ هەڵدەکەون کە بە تێپەڕینی ساڵەکان نە تەنیا لە بیر نەتەوە و هاونیشتمانانیان ناچنەوە، بەڵکوو زیاتر گەورەیی و لێهاتووییان دەردەکەوێ. پێشەوا قازی محەممەد سەرکۆماری شەهیدی کوردستان، یەک لەو جۆرە کەسایەتی و سەرکردانەیە.
قازی محەممەد، لە ٢٥ی گەلاوێژی ١٣٢٤(١٦ی ئاگۆستی ١٩٤٥) حیزبی دیموکراتی کوردستانی دامەزراند. لە ٢ی ڕێبەندانی ١٣٢٤ی هەتاوی(٢٢ی ژانویەی ١٩٤٦) یش کۆماری کوردستانی ڕاگەیاند و ئاواتێکی لە مێژینەی نەتەوەی کورد لەم بەشەی کوردستانی وەدیهێنا. لە بەر خۆشەویستی لە نێو خەڵک و لێهاتوویی لە ڕێبەریکردندا، لە نێو حیزبی دیموکرات، ڕۆڵ و نازناوی پێشەوای پێدرا و لە دەولەتی میللیی کوردستانیشدا ئەرکی سەرکۆماریی پیئەسپێردرا.
پێشەوا قازی محەممەد لە نێو حیزبی دیموکرات و هەر وەها لە کۆماری کوردستاندا، لە زۆر بارەوە ڕچەشکێن بوو. وێڕای هەڵگرتنی زۆر هەنگاوی بەنرخی دیکە بۆ پێشکەوتنی کۆمەڵی ئەو کاتی کوردستان، ڕێخۆشکەر و هاندەر بوو بۆ هاتنە مەیدانی ژنان و بەشداربوونیان لە کاروباری فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی و سیاسیدا. بە ڕێنوێنی و پشتیوانیی پێشەوا، ڕێکخراوی ژنانی دێموکرات لە مەهاباد، پێتەختی کۆماری کوردستان پێک هات و هاوسەری پێشەوا، مینا خانم، بەرپرسایەتیی بەڕێوەبردنی ئەو ڕێکخراوەی گرتە ئەستۆ.
سەرکۆماری کوردستان و پێشەوای حیزبی دیموکرات، پشتیوانی بڵاوبوونەوەی خوێندەواری و زانست و فەرهەنگ لە نێو کۆمەڵدا بوو. باوەڕێکی پتەوی بەوە هەبوو کە دەبێ کچان و ژنانیش بخوێنن و لە خێر و دەسکەوتی ئەو نێعمەتانە بێبەش نەبن. پێشەوا دژی نایەکسانی و چەوسانەوەی ژنان بوو. گوتار و کردەوەکانی نیشاندەری بڕواهەبوونی ئەو کەسایەتییە گەورەیە بە یەکسانیی نێوان ژن و پیاو بوون.
جێ پەنجە و شوێنپێی هزر و باوەڕی قازی محەممەد بە زۆر بوار و ڕەهەندی دیکەی ژیانی سیاسی و کۆمەڵاتیی کوردستانی ئەو سەردەمەوە دیارە. دەتوانین بڵێێن ئەگەر کۆماری کوردستان لە ماوەیەکی کورتی ١١مانگەدا، توانی ئەو هەمووە خزمەت و دەسکەوتە پێشکەش بکا، بێگومان بوونی ڕێبەرێکی ژیری وەک قازی محەمەد لە چڵەپۆپەی ئەو دەسەلاتەدا، ڕۆڵێ یەکەمی هەبووە.
ڕێژیمی پاشایەتی، دەسەڵاتێکی کوردی لە سەر خاکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بۆ تەحەممول نەکرا و لە سەرماوەزی ١٣٢٥ی هەتاوی( دیسامبری ١٩٤٦) بۆ تێکڕووخاندنی کۆماری کوردستان بەرەو مەهاباد وەڕێ کەوت. قازی محەممەد کە بڕیاری دابوو نەتەوەکەی خۆی بە جێ نەهێڵێ، لە گەڵ برا و ئامۆزاکەی لە لایەن ئەرتەشی ئێرانەوە گیرا، رەوانەی گرتووخانە و دادگای نیزامی کرا و سەرئەنجام لە ١٠ی خاکەلێوەی ١٣٢٦(١٩٤٧)، پێشەوا قازی، لە گەڵ حەمە حوسێن خانی قازی و ئەبولقاسم سەدری قازی، لە دار دران.
لە مێژ ساڵە حیزبی دیموکراتی کوردستان، ڕۆژی لەداردرانی سەرکۆماری کوردستان و هاوڕێیانی وەک ڕۆژی شەهیدان ناودێر کردووە. لەم ڕۆژەدا درێژەدەرانی ڕێگەی قازی پێشەوا، یادی سەرقافڵەی شەهیدانی کوردستان و هەموو شەهیدەکانی ڕێگەی ڕزگاریی نەتەوەی کورد دەکەنەوە. بەڵام ڕۆژی شەهیدان هەر ڕۆژی یادکردنەوەی شەهیدان نییە، ڕۆژی پەیمان نوێ کردنەوە لە گەڵ گیانی ئەوان و لە گەڵ بنەماڵە سەربەرزەکانیشیانە. ڕۆژی دووپاتکردنەوەی بەڵێنە کە بە ئامانجەکانیان و بە ڕێگاکەیان وەفادار دەبین و تا گەیشتن بە ئاوات و ئامانجەکانیان، لە تێکۆشان و خەباتدا دەبین.
یەکیەتیی ژنانی دیموکراتی کوردستانیش، لە خەبات و تێکۆشان بۆ ئامانجەکانی پێشەوای شەهید کە ڕزگاریی کورد لە بندەستی و ئازادی و یەکسانی بۆ ژنانی کوردستان بووە، بەردەوام بووە. لە درێژایی ٧٥ ساڵی ڕابردوودا بەهەزاران ژنی کوردستان بە شانازییەوە بەشداری ئەو خەباتە بوون و ژمارەیەکی بەرچاو لەوان لەم ڕیگەیەدا گیانیان بەخت کردووە کە دوو سکرتێری گشتیی ئەو یەکیەتییە، شەهیدان نەسرین حەداد و سوهەیلا قادری نموونەی هەرە دیاریانن.
لەم ڕۆژەدا وێڕای ناردنی سڵاو و ڕێز بۆ شەهیدانی کوردستان و لە سەرووی هەموانەوە پێشەوا قازی محەممەد، لە گەڵ گیانی ئەوان وبە تایبەتی دوو سەمبولی خەباتی ژنی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، شەهیدان نەسرین و سوهەیلا، پەیمان دووپات دەکەینەوە کە بە ڕێگاکەیان وەفادار دەبین و هەتا گەیشتن بە ئامانجەکانیان لە خەبات ناوەستین.
سڵاو بۆ گیانی پاکی پێشەوا و سەرکۆماری شەهیدی کوردستان، قازی محەممەد.
سڵاو بۆ سەرجەم شەهیدانی کوردستان و بنەماڵە سەربەرزەکانیان.
بە هیوای بەردەوامیی خەبات تا گەیەشتن بە ڕزگاریی نەتەوەیی و ئازادی و یەکسانی بۆ ژنان لە کوردستان.
ڕاگەیاندنی یەکیەتیی ژنانی دیموکراتی کوردستان
١٠ی خاکەلیوەی ١٤٠١ی هەتاوی