ئەندامانی بەڕێوەبەریی و سەرجەم تێکۆشەرانی یەکیەتیی ژنانی دێموکرات!
ژنانی پێشەنگ و یەکسانی خواز!
بەبۆنەی ٧٩یەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پیرۆزبایی لە هەموو خەڵکی کوردستان و بە تایبەت ژنانی یەکسانیخواز و پێشەنگ و هەروەها ئەندامان و لایەنگرانی ئەو ڕێکخراوە دەکەین .
٢٤ی ڕەشەمەی ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوی، یەکەمین ڕێکخراوێکی تایبەت بە ژنانی کورد بە ناوی “یایان” لەسەر پێشنیاری سەرۆککۆماری کوردستان پێشەوا قازی محەممەد دامەزرا.
دامەزرانی ڕێکخراوێکی ئاوا لەو قوناغە مێژووییە،کە ٩٠ لە سەدی ژنان نەخوێندەوار بوون کارێکی دەگمەن و کەم وێنە بوو لە لایەن پێشەوای کوردان و پێشەنگایەتی ئەو ئەرکە قورسەش دەخاتە سەرشانی خاتوو مینا قازی و، بەم شێوەیە مینا خانم دەبێت بە یەکەم بەرپرسی ڕێکخراوی ژنان و هەوڵی دەستەبەر کردن و داکۆکی لە مافی ژنان دەدات لە کۆمەڵگای پیاو سالاری ئەو سەردەمەدا .
دیارە لە کۆمەڵگای سوننەتی و دواکەوتووی ئەوکاتدا دامەزراندنی وەها ڕێکخراوێک بۆ ژنان گرفت و کێشەی تایبەتی خۆی هەبوو، بەڵام بە هیممەتی جەنابی پێشەوا دەتوانین بڵێین کە پێشەوامان چەندە گرنگی بە ڕۆڵی ژنان و هەروەها ئەو ڕێکخراوەیە داوە.
ئەمساڵ لە کاتێکدا یادی دامەزرانی یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەکەینەوە کە سێ ساڵ بەسەر بزوتنەوەی ژن،ژیان،ئازادیدا تێپەڕ دەبێ و بینیمان ژنانی پێشەنگی کورد بە ئاگایی و هۆشیارییەوە چلۆن پێشەنگایەتی ژنانی هەموو ئێرانیان کرد و کۆڵەکەکانیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان وەلەرزە خست و داوا ڕەواکانی خۆیان بە گوێی هەموو وڵاتانی داکۆکیکاری مافی ژنان لە دونیا گەیاند.
لە کۆمەڵگای پیاوسالاری ئێراندا، ژنانی کورد زیاتر لە باقی ژنانی نێو کۆمەڵگای ئێران دەچەوسێندرێنەوە و واتە دوو قات تووشی زوڵم و زۆری دەسەڵات دەبنەوە، یەکەم بە هۆی کورد بوون و دووهەم بە هۆی ئەوەی دەیانهەوێ لەو کۆمەڵگا پیاوسالارە و دژە ژنەدا مافەکانی خۆیان بە دەست بهێنن، بۆیە دەسەڵاتی زاڵ بە سەر ئێراندا لەو بارەوە هیچ ئاوڕێک لەم چینەی کۆمەڵگا ناداتەوە، بە زەوت کردنی سەرەتایی ترین مافەکانیان ئەم چینە هوشیار و ئاگایەی کۆمەڵگا پەراویز دەخات.
لەوەها دۆخێکدا ژنان کە داوای سەرەتاییترین مافەکانی خۆیان دەکەن، دەکەونە بەر پەلاماری هێزە سەرکوتکەرەکان و ئێستا دەبینین کە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی پڕن لە ژنانی ئازادیخواز و یەکسانیخواز کە بوونەتە قوربانی سیاسەتی چەوت و دژە ژنی دەسەڵاتدارانی تاران.
یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ٧٩هەمین ساڵی دامەزرانی خۆیدا پێویستە موکوڕتر لە جاران داکۆکی لە مافی ژنانی کۆمەڵگای کوردستان بکات و بەرئەنگاری هەرچەشنە هەڵاواردنێک بێتەوە و لەپێناو بەدەست هێنانی مافەکانی ژنان هەوڵەکانی چڕ بکاتەوە، کە بە دڵنیاییەوە یەکیەتیی لاوانی دێموکرات لەم ئەرکەدا هاوشانی یەکیەتیی ژنان تێدەکۆشێ.
جارێکی دیکە پیرۆزبایی ٧٩یەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکیەتیی ژنان دێموکراتی کوردستان ئێران دەکەین
یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتیی
٢٤ی ڕەشەمەی ١٤٠٣