بەڕێزان، بنەماڵەی مام عەزیز عەزیزی!
بە بیستنی هەواڵی کۆچی دوایی مام عەزیز، تێکۆشەری دێرین و پێشمەرگەی سەردەمی کۆماری کوردستان و باوکی دوو ڕۆڵەی شەهید، حەمەعەزیز و رەسووڵ عەزیزی خەمبار و دڵگران بووین.
مام عەزیز پیاوێکی خۆشناو و کەسایەتییەکی دیاری ناوچەی سەردەشت و هەروەها نێو ڕیزەکانی دێموکڕات و جێگای متمانەی خەڵکی ناوچە و هاوڕێ و هاوسەنگەرەکانی بوو و تا کاتی ماڵئاوایی کردنیشی هەر وا مایەوە.
مام عەزیز بە هزر و بیری کوردایەتییەوە ژیا و لەو پێناوەشدا لە هیچ فیداکارییەک درێغی نەکرد. ئەو وانەی کوردایەتی و خۆڕاگری فێری منداڵەکان و نەوەکانی کرد و بوو بە مامۆستا و پاڵپشتیان لە ڕەوەندی خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. بێگومان لەدەسدانی پیاوێکی ئاوا، خەسارێکی گەورە و قەرەبوو نەکراوە بۆ هەمووان بە گشتی و بنەماڵەی بەڕێزتان بەتایبەتی.
هەر بەو بۆنەوە لە لایەن یەکیەتیی ژنانی دێموکڕاتی کوردستان لە وڵاتی سوئێد، پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی ئێوەی ئازیز و هەموو خزمان و دۆستان و هاوسەنگەرانی مام عەزیز دەکەین و خۆمان بە هاوبەشی خەمتان ئەزانین.
ڕۆحی مام عەزیز ئارام و هیوای تەمەندرێژی و سێبووری بۆ کەس و کار و ئازیزانی دەخوازین.
یەکیەتیی ژنانی دێموکڕاتی کوردستان