بەدرێژایی مێژووی پڕ سەروەری کوردستان و حیزبی دێموکرات، ژنان هەمیشە پێشڕەو و پێشەنگ بوون، هەر لەسەرەتای دامەزرانی کۆماری کوردستان و بونیاتنانی یەکەم ڕێکخراوی مۆدێڕنی کوردی ژنان کە بە سەر پەرشتی خاتوو “مینای قازی “تاکوو دەسپێکی خەباتی شاخ ژنان لەهەموو ڕێگایەک و بەهەموو شێوەیەک پشت و پەنای شۆڕش بوون، چ بە لەشان کردنی چەکی بەرگی و خەباتی پێشمەرگانە و چ بە پەروەردە و ڕاگرتنی بنەماڵە، ڕۆڵی دایک و باوکیان گێڕاوە.
دایە مریەم یەک لەو ژنە فیداکار و خۆنەویست و شۆڕشگێڕانە بوو کە ئەگەر بڵێین نیوەی زیاتری تەمەنی لەو ڕێگا پیرۆز و پڕلە سەروەریەدا تەرخان کردوە هێشتا کەم گوتراوە.
دایە مریەم هاوسەرێکی چیائاسا بۆ مام ڕەحمانی پێشمەرگە و کەسایەتییە بەرزەناوەکەی سەقز هەروەها دایکێکی تێگەیشتوو بەئەزمون بۆ پەروەردە کردنی منداڵەکانی و پشت پەنای هەموو پێشمەرگەکان بوو . جێی ئاماژەیە کە یەکێک لە کچەکانی کادری پێشووی “حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران” و ماوەی نیزیک بە دوو دەورە ئەندامی ڕێبەری “یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران” بووە کە ئێستا لە وڵاتی ئاڵمان دەژی.
دایە مریەم لەهەموو مەودای تەمەنی و ئەندامەتی لە ڕێکخراوەی یەکیەتیی ژناندا لێبڕاوانەو و بەو پەڕی توانایەوە ئەرک و کارەکانی بەجێگەیاند و هەمیشە وەک دایکێک جێی متمانەو سەبووری بۆ هەموو ژنانی خەباتکار بوو.
بەداخەوە ڕۆژی چوارشەمە ڕێکەوتی ۲۰ی بانەمەڕی ۱٤۰۲ی هەتاوی دوای هەفتەیەک مانەوە بەهۆی جەڵتەی دڵ لە یەکێک نەخۆشخانەکانی شاری هەولێر دڵە گەورەو پڕ لە ئاواتەکەی لە لێدان کەوت.
بە لەدەستدانی دایە مریەم یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران ژنێکی بە ئێمان و ئەندامێکی وەفادارو بەئەمەگی خۆی لەدەست دا.
بەبۆنەی کۆچی دایە مریەم پرسەو سەرەخۆشی خۆمان لە بنەماڵەی بەڕێزی موڕتەزازادە و هەردوو کوڕەکانی و شەهێن و شەهلا و ژیلا دەکەین و خۆمان بەهاوخەمی لەدەستدانی دایە مریەم دەزانین.
ڕوحی دایە مریەم شاد، سەبووری بۆ ئازیزانی و هیوای وەدیهاتنی هیوا و ئامانجەکانی بەئاوات دەخوازین.
یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران
ڕێکەوتی ۲۱ی بانەمەڕی ۱٤۰۲ هەتاوی
یەکیەتیی ژنان
- This author does not have any more posts.