خەڵکی وشیار و مافخوازی کوردستان!
پێشمەرگە خەباتکارەکانی کوردستان!
٢٦ی سەماوەز، ڕۆژی ئاڵا و پێشمەرگەی کوردستان لە هەموو پێشمەرگەکانی سەنگەری خەبات و سەرجەم چین و توێژەکانی کوردستان، بە تایبەت بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگەکان و زیندانیانی سیاسی پیرۆز بێت.
لە ڕۆژژمێری هەتاویدا ڕۆژی ٢٦ی سەرماوەزی بە ناوی دوو هێمای بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد؛ ئاڵا و پێشمەرگەی کوردستان ناودێر کراوە کە هەردووکیان لە دەسکەوتە بەرز و سەمبولیکەکانی کۆمارە مەزنەکەی کوردستانن. دیاریکردنی ڕۆژی ٢٦ی سەرماوەز وەک ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان کە بە مەبەستی ڕێزگرتن لە خەباتی پڕ لە سەروەریی هێزی پێشمەرگە بووە، بۆ بڕیارێکی دووهەمین پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دوای کۆنگرەی ٦ی حیزب دەگەڕێتەوە کە بناغە و یادەوەرییەکەی پێوەندیی بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە سەرماوەزی ساڵی ١٣٢٤ەوە هەیە. بە جۆرێک کە یادەوەریی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان بۆ یەکەمجار لە مەهاباد کرایە پێناسە و ڕێزگرتن لە ڕۆڵی خەباتگێڕانە و پارێزەرانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و بۆ جارێکی دیکە و تا ئێستا پێشمەرگە و ئاڵای کوردستان وەک دوانەی لێکدانەبڕاوی بزووتنەوەی کوردستان پێکەوە و لە ڕۆژێکدا ڕێزی تایبەتیان لێ دەگیردرێ. هەر لەم پێوەندییەدا دوای سەرکەوتنی ڕاپەڕینی گەلەکەمان لە باشووری کوردستان، پارلمانی هەرێمی کوردستانیش لە سەر هەمان بناغەی ئاماژەپێکراو، ٢٦ی سەرماوەزی وەک “ڕۆژی ئاڵای کوردستان” پەسند کرد.
پێشمەرگە و ئاڵای کوردستان، شوێنەواری قووڵیان لەسەر کەسایەتیی ئینسانی کورد و بنیاتنانی بزووتنەوەیەکی خاوەن شوناسی نەتەوەیی داناوە. ئەگەر بوون و هەڵکردنی ئاڵای کوردستان وەک پێناسەیەک بۆ خۆنواندنی خەڵکی کوردستان وەک نەتەوە، هەستی باوەڕبەخۆبوونێکی گشتیی لە کۆمەڵگەی کوردستاندا چێکردوە و بزووتنەوەیەکی مافخوازانەی پڕ لە هەوراز و نشێوی بەڕێوە بردوە، هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەسەر ئەساسی هەوڵدان بۆ پارێزگاری لە خاک و خەڵکی ئەم نیشتمانە، بە دەیان و سەدان حەماسەی قارەمانانەی تۆمار کردوە و بە هەزاران پێشمەرگەی لێ شەهید و بریندار بووە. بۆیە پێشمەرگە و ئاڵای کوردستان تەنیا ناو و نیشانێکی ئاسایی و سادە نین، بەڵکوو مانا و هێمای تایبەتی خەباتگێڕانەی نەتەوەیەکن کە لەسەر ئەساسی ڕەوتێکی دێموکراتیکی مافخوازانە بنیات نراون.
پێشمەرگە، ناسێنەری ڕەوتێکی بەردەوام لە تێکۆشان لەپێناو ئازادی، سەربەستی و مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەیەکە، کە بە درێژایی مێژوو، نکۆڵی لە “بوون”ی کراوە. هێزێک کە بە ڕوانگەیەکی کوردستانی، لە خزمەت بەرژەوەندیی نەتەوەکەیدایە و وەک هێزێکی مەیدانی، تا ئیستاش ئامادەی بەرگری و خۆڕاگرییە.
ئەمڕۆ هاوکات لەگەڵ ڕاگرتنی ئاڵای تێکۆشان و خەباتی مافخوازانەی نەتەوەییمان، ڕێز لە خەبات و تێکۆشانی کەسانێک دەگرین کە بێبەرانبەر و گیانلەسەردەست، بۆ مانەوە و پارێزگاری لە خاک و خەڵکی کوردستان، ئامادەبوون گەورەترین سەرمایەی ژیانیان، واتە “گیان”یان بەختی نیشتمان بکەن کە بۆ گەلەکەیان جێی فەخر و شانازین.
خەبات و خزمەتی ئەم هێزە بە بزووتنەوەی نەتەوەیی لە کوردستانی ئێران، لە هەموو قۆناغەکانی؛ سەردەمی کۆماری کوردستان، قۆناغی زێڕینی بزووتنەوەی ساڵەکانی ٤٧ – ٤٦، سەردەمی دوای ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی و سەرکەوتنی شۆرشی گەلانی ئێران و تا ئێستا شوێندانەر و لەبیر نەکراون. بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستان کە لە ناولێنان، درووستکردن، بنیاتنان و چەسپاندنی هەرکام لە دەسکەوت و هێما سەرەکییە نەتەوایەیەتییەکانی وەک؛ هەڵکردنی ئاڵای کوردستان، دامەزرانی کۆماری کوردستان، پێکهێنانی سپای میللیی کوردستان و ناولێنانی بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان، دانانی سروودی نەتەوایەتی و ڕەسمییەتدان بە زمانی کوردی و زۆر دەسکەوتی دیکەی نەتەوەییدا ڕۆڵی یەکەمی هەبووە و پشکی سەرەکیی پێ دەبڕێ، ئاوڕدانەوە لەم ڕۆژ و یادەوەری و پێناسانە شانازی و سەربەرزییە. بۆیە بۆ جارێکی دیکە لە ٢٦ی سەرماوەزی ١٤٠٣ی هەتاوی، ڕۆژی ئاڵا و پێشمەرگەی کوردستان، وێڕای شانازیکردن بە مێژووی پڕ لە دەسکەوت و قوربانیدانی حیزبی دێموکرات، بڕیاردانی لەسەر دیاریکردنی ئەم ڕۆژ و یادەوەرییانە بەرز و پیرۆز دەنرخێنین.
هەر لەم پێوەندییەدا جێی خۆیەتی وێڕای بەرز نرخاندنی ڕۆڵی هێزی پێشمەرگە لە گشت پارچەکانی کوردستان کە هەرکام بە پێی سروشتی خەبات و تێکۆشانی هەر بەشێک لە نیشتمان، ڕۆڵیان لە بەرگریکردن و پاراستنی دەسکەوتەکاندا هەبووە، بە بۆنەی ٢٦ی سەرماوەزەوە پیرۆزبایی ڕۆژی ئاڵا و پێشمەرگەی کوردستانیان لێ بکەین.
ڕۆژی ئاڵا و پێشمەرگەی کوردستان لە گشت خەڵکی کوردستان و هێزی پێشمەرگە پیرۆز بێت.
ناوەندی هێزی پێشمەگەی کوردستان
سەرماوەزی ١٤٠٣ (دێسامبری ٢٠٢٤)