هاونیشتمانییانی خۆشەویست!
ژنان و پیاوانی یەکسانیخوازی کوردستان!
ناودێر کردنی ٨ی مارس وەک ڕۆژی جیهانیی ژن لە لایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، ئاماژەیە بۆ نایەکسانیی ڕەگەزی وەک ستەمێکی مێژوویی دژی ژنان لەلایەک و وشیارکردنەوەی دەوڵەتان و کۆمەڵگا بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بە ئامانجی سڕینەوەی ستەمی ڕەگەزی لەلایەکی دیکەوە. گرینگیی لابردنی ئەو ستەمە مێژووییە وایکردوە چ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و چ لەسەر ئاستی ناوچەیی و ناوخۆیی وڵاتاندا، هەنگاوی جۆراوجۆر لە چەشنی ڕێککەوتننامە، ڕاسپاردە، یاسا و ڕێوشوێنی جیاواز بگیرێتەبەر.
پرسی ژن یەکێکە لە پرسە هەرە گرینگ و مشتومڕهەڵگرەکانی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی و سەرەڕای پێشکەوتنی بەرچاو لە کۆمەڵگە گەشەسەندووەکانیشدا، تا ئێستاش ڕوانینێکی پیاوسالارانە بە سەر بەڕێوەبردنی کۆی ڕەهەندە سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکاندا زاڵە.
پرسی ژن لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا لە دۆخێکی نالەباردایە، ژنانی ئێران سەرەڕای پاشخانی مێژوویی و فەرهەنگیی کۆمەڵگا لە پەڕاوێز خستنییان، بەشێوەی یاسایی و سیستماتیکیش لەلایەن حکوومەتەوە بەرەوڕووی هەڵاواردنی ڕەگەزی بوونەتەوە. ڕێژیم هەموو ئامرازەکانی حەوزەی گشتی کۆمەڵگا، لە میدیای فەرمییەوە تا دەگاتە پەروەردە و دامەزراوە ئایینی و فەرهەنگییەکانی بۆ سەپاندنی پیاوسالاریی حکوومەتی و چەسپاندنی یاسا و نەریتە دژەژنەکانی خستۆتەگەڕ.
لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا کۆماری ئیسلامی نە تەنیا ڕێککەوتننامە و ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە ڕێزگرتن لە مافەکانی ژنان پێشێل دەکا، بەڵکوو هەوڵی سەپاندنی مۆدێلی حوکمڕانیی دژەژنی خۆی لە وڵاتانی ناوچەش دەدا.
سەرەڕای هەموو ئەو فشار و سیاسەتە نابەرپرسیارانە بەرامبەر بە ژنان و هەروەها ملهوڕی نواندن لە ڕەتکردنەوە و پێشێل کردنی نۆرم و بایەخە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە یەکسانی خوازیی ڕەگەزی، کۆمەڵگەی ئێران و کوردستان بووەتە گۆڕەپانی خەبات لە پێناو وەدیهێنانی ئازادی و یەکسانی لەلایەن ژنانی ئازادیخواز و مافویستەوە. لە ساڵانی ڕابردوو و بەتایبەت بەدوای سەرهەڵدانی بزووتنەوەی ژینادا، شاهیدی خەبات و فیداکاریی بێ وێنەی ژنان لەپێناو لادانی ستەمی ڕەگەزی بووین. ئەو بزووتنەوەیە سەرەتای تێگەیشتن لەو ڕاستییە بوو کە چیتر عەقڵیەتی حوکمڕانیی ئەو ڕێژیمە ناتوانێ خۆی لە کەلێنە ڕەگەزی، نەتەوەیی، ئابووری و فەرهەنگییەکان بشارێتەوە و درەنگ یا زوو گۆڕانی بنەڕەتی بە ئاراستەی پڕکردنەوەی ئەو کەلێنانە ڕوو دەدا.
لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ململانێ لەگەڵ ئەم دەسەڵاتە خۆسەپێنەدا تایبەتمەندیی جیاوازی خۆی هەیە، ژنی کورد هەم قوربانیی ستەمی ڕەگەزییە و هەم قوربانی ستەمی نەتەوەیی. بەو پێیە سروشتی خەباتی ژنانی کورد جیاوازە لەوەی لە نێو ژنانی ناوەندنشین دەبینرێ. ئەگەر ئازادییە کۆمەڵایەتییەکان و ئازادیی پۆشینی جلوبەرگ کەڵکەڵەی سەرەکیی ژنان لە ناوەند بن، ئەوا ژنانی کورد چاویان لە لابردنی هاوکاتی ستەمی نەتەوەیی و ڕەگەزییە و بە تەواوکەری یەکتریان دەزانن.
پڕڕەنگ بوونی نەخش و دەوری ژنان لە بزووتنەوەی ژینا لە تایبەتمەندییە بەرچاوەکانی ئەو ڕاپەڕینە بوو، سەرەڕای ئەوەی ئەو ڕاپەڕینە لەگەڵ سەرکوتی دڕندانە لەلایەن ناوەندە داپڵۆسێنەرەکانی کۆماری ئیسلامی بەرەوڕوو بۆوە، ئیرادەی خەباتگێڕانەی ژنان بوو بە پێشەنگی بزووتنەوەیەک کە لە هەموو جیهاندا دەنگی دایەوە. لەگەڵ ئەوەی کە دەیان کەس لە ژنانی کورد بەند کران و سزای قورس و تەنانەت ئێعدامیان بەسەردا سەپێنرا یان لە ناڕەزایەتی دەربڕینەکانی سەر شەقام شەهید و بریندار کران، بەڵام سەرکوتی بێ بەزەییانە و ڕێگرییەکانی دەسەڵات لە خەباتی ژنان نە تەنیا نەیتوانیوە بەر بە بزووتنەوەی ڕوو لە گەشەی ژنانی کورد بگرێ، بەڵکوو ئەو خەباتەی ڕادیکالیزەتر کردوە و بۆ بەرنگاربوونەوەی دەسەڵات گوڕوتینی زیاتری بە ژنان داوە.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران چ لە بەرنامە و بەڵگەنامە پەسندکراوەکانیدا و چ لە هەڵوێست و وتەی ڕێبەرانیدا، جەخت لەسەر باوەڕمەندیی خۆی بە بنەما و پڕەنسیپە جێکەوتووە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە ڕێزگرتن لە مافەکانی ژنان کردۆتەوە و لەو پێناوەدا بە کردەوە هەوڵی داوە پرسی ڕزگاریی نەتەوەیی، بە خەباتی یەکسانی خوازانەی ژنانەوە گرێ بدا. دامەزراندنی ڕێکخراوی تایبەت بە ژنان لە ٢٤ی ڕەشەممەی ١٣٢٤ و تەنیا چەند مانگ دوای دامەزرانی حیزبی دیمۆکڕات بۆ خستنە سەریەکی هێز و تواناکانی ژنان و کاریگەری دانانیان لە پرسە جیاوازەکانی بەڕێوەبەری و پەروەردە و فەرهەنگ و هونەردا، بە ڕابوونێکی مێژوویی ژنان ئەژمار دەکرێ کە بە دەستپێشخەریی ڕێبەرانی حیزبی دیمۆکڕات و لە سەروویانەوە پێشەوا قازی محەممەد هاتۆتە دی.
دامەزرانی یەکیەتیی ژنانی دیمۆکڕات لەو سەردەمدا کە زۆرینەی ژنان نەخوێندەوار بوون و فەرهەنگی خێڵ و عەشیرە و دەرەبەگایەتی بە سەر کوردستان و زۆربەی وڵاتانی ناوچەدا زاڵ بووە، ئاماژەیە بۆ تێگەییشتن و بڕوای قووڵی حیزبی دیمۆکڕات بە مافەکانی ژنان.
حیزبی دیمۆکڕاتی کوردستانی ئێران وێڕای پیرۆزبایی ٨ی مارس ڕۆژی جیهانیی ژنان و ٢٤ی ڕەشەمە ٧٩ـەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، هاوکات لەگەڵ ڕێزگرتن لە خەبات و تێکۆشانی ژنان، جەخت لەسەر پێویستیی بەهێزکردنی فەرهەنگی ڕێکخراوەیی ژنانی کورد دەکاتەوە و باوەڕی وایە کە خەباتی نەتەوایەتی بە بێ بەشداریی چالاکانەی ژنان لە سەرجەم بوارەکاندا سەرکەوتوو نابێ. لەڕوانگەی حیزبی دێموکڕاتەوە هەرچەند لاسەنگیی ڕەگەزی لە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی لە کوردستاندا بەرچاوە و پێگەی ژنی کورد لە بنەماڵەوە بگرە تا بنیاتە ئابووری و سیاسییەکان و تەنانەت بزووتنەوەی سیاسیی کوردیشدا لاوازە، بەڵام بە بوونی خواست و بزووتنەوەیەکی زیندوو و ڕوو لە گەشەی ژنان، ئاسۆیەکی گەش بۆ داهاتووی خەباتی ژنانی کورد بەدی دەکرێ.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
دەستەی کارگێڕی
١٧ی ڕەشەممەی ١٤٠٣ (٧/٣/٢٠٢٥)