بەڕێزان؛ یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران
لەلایەن ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە، بە بۆنەی ٢٤ی ڕەشەممە ساڵڕۆژی دامەزرانی ڕێکخراوەکەتان گەرمترین پیرۆزبایی لە ئێوە ژنانی خەباتکار و بە گشتی ئەندامان و لایەنگرانی یەکێتی ژنان دەکەین و هیوای سەرکەوتنتان بۆ بە ئاوات دەخوازین.
٧٩ ساڵ لەمەوبەر لە کۆماری کوردستان نوێنگەی ئیرادەی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن پێشەوا و سەروک کۆماری کوردستان “قازی محەممەد”، یەکیەتیی ژنان وەک یەکەم ڕێکخراوی ژنان دەستی بە کاروچالاکی کرد.
بێگومان بەشداری کردنی ژنان لە کاروباری پەروەردە، کۆمەڵایەتی، سیاسی و بەرێوەبەری وڵات لەو سەردەمەدا بێ کێشە نەبوو، بەڵام لێهاتوویی و ژیریی بەڕێوەبەرانی کۆماری کوردستان لە سەرووی هەموانەوە سەروک کۆماری کوردستان “قازی محەممەد”، بە هەست کردن بە گرینگی بەشداری ژنان لە پێشکەوتن و پەرەوپێشچوونی وڵات، ڕیگای بۆ بەشداری و دەور و کاریگەری ژنان و هەروەها خەبات بۆ گەیشتن بە ماف و ئازادییەکانی ژنان زیاتر کردەوە.
ژنانی خەباتکار و شوڕشگێڕ سەرەڕای خەبات بۆ دەستەبەر کردنی ماف و ئازادییە کومەڵایەتییەکانی خۆیان شانبەشانی پیاوان لە پێناو ئازادی و سەربەستی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی نیشتمان تێکۆشاون و لەو ڕێگایەش دا قوربانی زۆریان داوە. بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی” بە پێشەنگایەتی ژنان سەلمێنەری ئازایەتی و خەباتی ڕەوای ئێوەیە. جێگای ئاماژەیە لە ئێستا دا بە دەیان ژنی تێکۆشەر لە زیندانە تاریکەکانی کۆماری ئیسلامی دا سزای قورسیان بەسەر دا سەپێندراوە کە “زەینەب جەلالیان” وەک بە ڕابردووترین زیندانی سیاسی ژن و هەروەها سەپاندنی سزای نامرۆڤانەی ئێعدام بە سەر دو ژنی چالاکی سیاسی “پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی” بەڵگەیە بۆ بەردەوامی و سووربوونی ژنان لە خەبات بۆ بەدەستهێنانی ماف و ئازادییەکانی ژنانی کورد.
ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وێڕای پیرۆزبایی دووبارە هیوای بەردەوامیتان لە خەبات و تێکۆشان لە پێناو گەیشتن بە ئامانجەکانتان بۆ بە ئاوات دەخوازێت.
ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
٢٤ی ڕەشەممەی٢٧٢٤ی کوردی