شەهێن زادئەحمەد
تیرۆر بە شێوەیەکی گشتی بە بەکارهێنانی توندوتیژی و ترس بۆ مەبەستی سیاسی، ئایدۆلۆژی یان ئایینی پێناسە دەکرێت، هەرچەند تیرۆر و تیرۆریزم لە ڕوانگەی یاسای نێودەولەتییەوە بابەتێکی ئالۆزە بەلام ئەم چەمکە لە چەندین بەڵگەنامەی نێودەوڵەتیدا وەک بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان و پەیماننامەکانی پەیوەندیدار پێناسەی تایبەت بەو دەستەواژەیە کراوە، بۆ نمونە لە روانگەی مافی مرۆڤ،..
تیرۆر پێشێلکردنی مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤە، لە رووی نێودەولەتیشەوە ئاماژە بەوە کراوە کە حکوومەتەکان بەرپرسیارن لە پاراستنی هاووڵاتیانیان لە تیرۆر و ئەرکدار کراون بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی گونجاو لە ڕێگری کردن و بەرەنگاربوونەوە بە تیرۆریزم.
حکومەتەکانی هاوپەیمان ناچارن لە ڕێگەی هاوکاریی نێودەوڵەتییەوە بەرەنگاری تیرۆر ببنەوە، پێویستە لە رێگەی یاسا نێوخۆییەکان، زانیاری بگیەنن بە دادگاییکردنی تیرۆریستان و ڕێگری بکەن لە دارایی مالی و، کۆنترۆڵی ئەو گروپ و ناوەندانەی گومانیان لەسەر بێت ئەو ڕەوتە دەتوانێت یارمەتیدەری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ببێت بۆ سزای ئەو وڵاتانە یان ئەو تیم و کەسانەی کە پەیوەندییان بە تیرۆریزمەوە هەیە.
یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریزم سووربوون لە ڕێککەوتنی نێودەوڵەتی لەسەر پێناسەی تیرۆر و ناسینەوەی تیرۆریستانە، هەروەک ئاماژەمان پێدا.
بە شێوەیەکی گشتی، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم پێویستی بە هەماهەنگی نێودەوڵەتی هەیە، بەهێزکردنی یاسا و دامەزراوە ناوخۆییەکانی ئەمنییەتی لەنێوان وڵاتاندا دەتوانێت ڕۆلی کاریگەر بگێرێت،..
تیرۆری دکتۆر قاسملو کە یەکێکە لە هەستیارترین و ئاڵۆزترین کەیسەکان لە مێژووی هاوچەرخی ئێران و ئورووپادا بووە و ئەم کردەوە تیرۆریستییە کاردانەوەیەکی خراپی لە ڕووی سیاسی و یاساییەوە، هەروەها لە ڕوانگەی دیپلۆماسیشەوە تاحدودێک لێکەوتەوە، بەداخەوە بێدەنگی حکومەتی ئەوکاتی ئوتریش لە کەیسی تیرۆری د . قاسملو و هاورێیانی نەتواندرا، عامیلانی ئەم جینایەتە بە سزای نێودەولەتی بگەن..
هۆکاری بێدەنگی و داخستنی پەروەندەی تیرۆرکردنی دکتور قاسملوو، سات و سەودای ئابووری بەگشتی و، بەتایبەت فرۆشتنی چەکی قەدەغەکراوی شیمیایی هەروەها بارمتە کرانی چەندین کەس لە هاوولاتیانی ئوتریشی بوو، کە دەیتوانی بە جۆرێک کۆمەک بکا بە بالانسی کێشەکانی مابەینی ئێران و ئوتریش، لەو راستایەش دا دیپلۆماتکارەکانی ئەم دوو ولاتە توانیان بەبێ لەبەرچاوگرتنی یاسای نێودەوڵەتی پرۆسەی داخستنی پەروەندەی تیرۆری شەهید د.قاسملوو ئەو کات بەئەنجام بگێنن، هەرگیز ڕێگە نەدرا لێکۆڵینەوە لە کەیسێک کە تیایدا حکومەتێکی بیانی بە کوشتنی یەکێک لە ڕکابەرەکانی لەسەر خاکی وڵاتێکی دیکە تۆمەتبار بکرێت، کە بێگومان دەیتوانی چەندین ئاڵۆزی و کێشەی دیپلۆماسی لەگەڵ خۆیدا هەڵبگرێت ئەو کات حکومەتی ئوتریش ناچاردەبوو فشارە نێودەوڵەتییەکان و، پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ ئێراندا هاوسەنگ کاتەوە، لەوحالەتانەدا سروشتی بوو، نە حکومەتی ئوتریش نەحکومەتی ئێران هاوکاری پێویستیان لەبارەی لێکۆڵینەوەی ئەم کەیسەوه دابین نەکرد لەلایەک، لەلایەکی دیکە موسەممەم نەبوون و پەیگیر نەبوونی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە چەند هۆکارێکی یاسایی، نەبوونی بەڵگەی پێویست مەجال بۆ دیپلۆماتکارانی هەر دوو ولات رەخسا بۆ پێشکەشکردنی بەڵگەنامە و زانیاری پێویست بۆ رادەستکردنی گومانلێکراوەکان بە باوەشی ئێرانی تیرۆریستپەروەر، پەروەندەی تیرۆری ڤیەن داخراو ماوە.
داخستنی کەیسی تیرۆری دکتۆر قاسملو نموونەیەکە لە ئاڵۆزییە یاسایی و سیاسییەکانی کەیسەکانی تیرۆری نێودەوڵەتی. ڕووداوەکە نیشانی دا کە چۆن کێشە سیاسی و دیپلۆماسییەکان دەتوانن کاریگەری لەسەر بەدواداچوون و بەڕێوەبردنی عەدالەت ودادپەروەری هەبێت. سەرەڕای داخستنی رەسمی کەیسەکە، ئەم کێشەیە لە یاد و مێژووی هاوچەرخدا دەمێنێتەوە، دوای تێپەر بوونی ٣٥سال بەسەر ئەم جینایەتە نێودەولەتییە دەر حەق گەلی کورد، یاساناسانی کورد شیلگیرانە لە هەولی بەدواداچوونی ئەم بێ عەدالەتییە دان، ئەوان پییان وایە لە ڕوانگەی یاسایی و سیاسییەوە، دەکرێت کەیسی تیرۆرکردنی دکتور قاسملو دووبارە بکرێتەوە، بەڵام ئەمە پشت دەبەستێت بە بارودۆخ و فاکتەری جۆراوجۆر.ئەگەر بەڵگەی نوێ پێشکەش بکرێت کە یارمەتیدەر بێت بۆ ڕوونکردنەوەی ڕەهەندەکانی ئەم تیرۆرە، لەوانەیە کەیسەکە دووبارە بکرێتەوە، بەڵگەنامەی نوێی، ئەو زانیاریانەی لە سەرچاوە هەواڵگرییەکان وەدەست هاتوون، یان فشاری سیاسی و دیپلۆماسی لەلایەن وڵاتان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە لەسەر یەک هەمووی ئەم بابەتانە دەتوانێت ڕۆڵێکی گرینگ ببینێت لە دووبارە کردنەوەی کەیسەکەدا. بۆ نموونە، پەرلەمانەکان، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، یان نەتەوە یەکگرتووەکان دەتوانن داوای کردنەوەی کەیسەکە بکەن و فشار بخەنە سەر حکومەتەکان،
هەروەها گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ناو ئەو وڵاتانەی کە بەشدارن لە کەیسەکەدا دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ دووبارە کردنەوەی کەیسەکە. بۆ نموونە، گۆڕانکاری لە حکومەتەکانی ئوتریش و ئێران، کردنەوەی کەیسی تیرۆرکردنی دکتور قاسملو پێویستی بە هەماهەنگی یاسایی، سیاسی و دیپلۆماسی هەیە. بە ڕەچاوکردنی گرینگی ئەم حاڵەتە، پشتیوانی کوردانی دیاسپۆرا بۆ فشاری بەردەوام لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ ببینێت لە بەرەوپێشبردنی ئەم پرۆسەیەدا.
بەو هیوایەی هەول و هیمەتی ئەو پسپۆرانەی کە لە بواری یاسایی نێودەولەتیەوە بۆ بەدواداچوونی کەیسی ترووری شەهید دکتور قاسملوو لە جەریان دان بە پشتگیری هەموو لایەک بە ئەنجامی حەقخوازانە و دادپەروەریانەی خۆی بگات.