کەس نەبوو تاکوو ببینێ دەستی چۆن ڕووخا بەسەرما
چۆن دەری هێنام لە شادی، شێعری چۆن دووری بە بەرما
لێی شکاندووم قامەتی هەرچی کە مافم بوو بەیاسای
دەک نەمێنێ سێبەری دین وا پەتی نامووسی هەرما
هێندە کوژراوم بە دەستی هەر شەڵاڵی خوێنە جەستەم
بۆ برینی زامەکانم باوەشیشی پێم نەپەرما
حەز بە مەستی گەر بکا بولبوول بە ئاونگی شنەی دار
لێو دەبا تا سەردەمی گوڵ، نایشکێنێ قەت لە شەرما
بۆ دەبێ یەخسیری شەو بێ ئەو هەتاوەی تین دەبەخشێ!؟
کێ وەکوو خۆر لای دەبا تاریکی کۆساران بەگەرما؟
دەی هەتا کەی موڵکی تۆ بن، یەک لە دوای یەک ببنە تاوان
بسکی خاو و ڕوومەتی گەش،لێوی ئاڵم پڕ کەسەر ما
من نەبێ کێ دایدڕێ تاج و کراسی بیری کۆنە
بۆ بەشی مەردانەییت چی بەڵگە بوو وا بێئەسەرما
سورییا ڕەحیمی