سیمین تەختی
کۆماری ئیسلامی لە ماوەی 45 ساڵەی تەمەنی نگریسی دەسەڵاتی خۆسەپێنی بە سەر خەڵکی ئێراندا، جگە لە سیاسەتی فاشیستی و ڕادیکاڵ ئیدۆلۆژیکی خۆی هیچ کات بەرژەوەندی کۆمەڵگەی لەبەرچاو نەبووە و بەتایبەتیش لە بواری ژناندا ئەم توێژەی جیا لە یاسا بە کردەوەش مافەکانیان پێشێل کراوە.
لە دەسەڵاتی ئاخوندەکانی ئیسلامی ئێران ژن بە پلە دوو ئەژمار دەکرێ! بەڵام لە بەرەبەرەی هەڵبژاردنەکاندا ئەم یاسایەی ڕێژیم گۆڕانی بەسەردا دێت ئەو پرسیارە دەخوڵقێت کە ژن لەم دەسەڵاتەدا چ ڕۆڵ و کاریگەریەکی هەبووە کە پێش لە هەڵبژاردنەکانی ڕێژیم بەو شێوە زەقە باس لە گرینگی و گاریگەر بوونی ژن دەکرێت؟
لە هەمبەر ئاماری ژنان لە ئێران ناوەندی ئاماری ڕێژیم کە قەتیش ناوەندی دروست لە هەمبەر ئامارەکان نەبوە، ڕێژەی ژنانی لە ئێران بە پێی ئاماری ساڵی 1400 لە 84/1میلیۆن نەفەر خەڵکی ئێران، بە ڕێژەی 41/6میلیۆن کەس بۆ ژنان دیاری کردوە.
کە واتە دەردەکەوێت کە ڕەواییدان بە پرسی ژن لە بەرەبەرەی شانۆی هەڵبژاردنەکانی ڕێژیمدا تەنیا لە ڕووی گرینگیدان بە ڕێژەیە نەک ژن وەک ئەکتەری دیاری کۆمەڵگە و دواتریش دەسەڵات. هەر بۆیەشە لەلایەن حکومەتەوە بەشداری ژنان لە دەنگدان پرسێکی گرینگە کە بۆ ئەم پرسە بەهەموو شێوەیەک لەلایەن ڕێبەری ڕێژیم و دەزگا دەسەڵات بەدەستەکانەوە بە شێوەیەکی جیدی هەوڵ بۆ بەشداری ئەم توێژە دەدرێت و لە ڕێگەی کاناڵەکانی ڕاگەیاندن و بە کەڵک وەرگرتن لە بیری ئیدۆلۆژی شیعەی ئەسناعەشەری خۆیان لە ناوەند و لە پەراوێزەکانی دیکەش بە کەڵک وەرگرتن لە مامۆستایان هەوڵیان بۆ بەڕەو پێش بردنی ئەم سیاسەتە داوە.
گەرچی مێتۆدەکانی ناوبراو بۆ بەشداری خەڵک و تایبەت ژنان لە هەڵبژاردنەکاندا وەک مێتۆدێکی دێمۆدە لە سیاسەت و حوکمڕانیدا چاوی لێدەکرێت، بەڵام لە دوای بزووتنەوەی ژینا! کە بەشێک لە ڕۆڵگێڕانی سەرەکی ئەو بزووتنەوەیە ژنان بوون، ئاستی وشیاری و تێگەیشتنی سیاسی و کلتوریان نیسبەت بە یاسا و دەسەڵات بە شێوەی گشتی گۆڕاوە و چیدیکە نایانهوێت ببنە ئەکتەری شانۆی هەڵبژاردنەکانی ڕێژیم و ئەوەشیان نیشان داوە و سەلماوە.
بە پێی ناوەڕۆکی بابەتەکە تا ئێرە بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە دەسەڵاتی زاڵ لە ئێران ژنی تەنیا وەک جەستە(فیزیک) بۆ پێشاندانی جۆرە بەرابەریەک لە نێوان ژنان و پیاواندا و بۆ نمایش بە دونیای دەرەوە دەوێت، دەنا ژنی نەک وەک نیوەی کۆمەڵگەی ئێران لە لایەک و لە لایەکی دیکەشەوە نە وەک کەسانێک کە بتوانن گۆڕانکاری لە ڕەهەندەکانی جۆراجۆرەوە پێک بێنن کەڵک لێوەرگرتوە و گۆڕەپانی دەسەڵات و تەنانەت کۆمەڵگەشی لێ قۆڕغ کردوون.
ئەو شانۆگەریانە کە دەکرێ جێی سەرنج بن چون هەڵبژاردن لە کۆماری ئیسلامیدا بە هیچ شێوەیەک دێموکراتیک نییە و بنەما سەرەکیەکانی تێدا ڕچاو ناکرێ.
هەڵبژاردن لە کۆماری ئیسلامیدا مەیدانێکی بەرتەسکە بۆ لایەنگرانی توندڕەوی ئەو سیستمە لەو مەیدانەدا ژن ناتوانێ سەرۆکۆمار بێت، کەمینەکانیش لەئێران بۆیان نییە سەرۆکۆمار و سەرۆکی مەجلیس بن و زۆر بەربەستی دیکە هەیە بۆیە بە هیچ شێوەیەک دێموکراتیک نییە و مەشڕوعیەتێکی نەماوە.