لەپێگەی ژن لە سۆفیگەری و عیرفاندا
پرتو حق است آن معشوق نیست خالقست آن گوئیا مخلوق نیست
مەولانا
هەڵسەنگاندنی پێگەی ژن لە نێو بازنەی ئایین، مەزهەب و تەریقەتەکاندا پێویستی بە خوێندنەوە و لێکۆڵینەوەی زانستی و بەربڵاو هەیە. هەر لە سەرەتای دەسپێکی ژیانەوە، مرۆڤ لەگەڵ ئاییندا ژیاوە و ئاین و مەزهەب هەموو ڕێڕەو و ئاکارەکانی ژیانی دیاری کردووە. بە درێژایی مێژوو، دینەکان ئاڵوگۆڕیی بەربڵاویان بە خۆوە بینیوە. هندێک لە ئایینەکان بەتەواوی فەوتاون و ئاسەواریان نەماوە. هندێکی دیکە بە لاڕێدا چوون و یا ئەوەیکە لە ئایینە تازەکاندا تواونەتەوە. لەو پرۆسە زەمەنییەدا ژنان لە چوارچێوەی دیندا وەک پیاوان بەشدار بوون و دەستووراتەکانیان جێبەجێ کردووە. ئەوەیکە گرنگە ئەوەیە کە ڕۆڵی ژنان لە ڕەوتە دوور و درێژە پڕ لە هەوراز و نشێو و دیار و نادیارەکاندا، سەبارەت بە ئایینەکان بەزۆری لە بەشی پراکتیک و کردەییدا بووە هەتا بەشی شەریعەت و بیرۆکە. بابەتەکانی ئایین، مەزهەب، تەریقەتەکان و عیرفان هەرچەن دەبێ بە جیا شرۆڤەیان بۆ بکرێ، بەڵام بە هۆی ئەوەیکە «عیرفان و ئەدیان لە خاڵێکدا لێک نزیک دەبنەوە و پەیوەستی یەک ئەبن و هەردوو چاویان لەو دیوی ڕووناکیی دنیایی واتە دنیای بێ بڕانەوە و هەمیشەیی بڕیوە.» (عرفان و فلسفه، 357). ئیتر شرۆڤەکان بە یەک ئاقاردا ئەچن، بەڵام بە هۆکاری زەمەنی و هەڵکەوت و هۆکاری مرۆییەوە، پێگەی ژنان لە پیاوان جیاوازترە. هاتنی کتێبە ئایینییەکان کە سەد و چوار کتێبن و هەر هەمووی بۆ پیاوان هاتوون و ژنان لەو نێوەدا وەک مورسەل (نێردراو) ناویان نییە، بەڵام لە ئەدیانی دیکەدا بێجگە لە ئیسلام ناوی ژنان وەک نەبی لە ئارادایە. ڕەخنەی فمنیستەکان لە دین ئەوەیە گوایە دین پیاوسالارە و لە ڕوانگەی پیاوانەوە هەموو ئەحکام و دەستووراتەکان داڕێژراوە. لە ڕستەیەکی کورتدا بۆ وڵامی ئەو وتە دەبێ بڵێین کە هەموو دین، فەلسەفە و بیرۆکەکان لە ڕابردوودا پیاو ڕەهەند بووە و بەڕاستی ئەو دیاردە زۆر ئاسایی بووە. لە ڕابردو و تەنانەت هەتا پەنجا ساڵ لەوەپێش ،کاتێک بۆ ژنان کەرەسەی بەرگری لە منداڵ بینین نەبووە و ژن هەموو ساڵێک منداڵێکی بووە، ئیتر بە تەنیا پەرژاوەتە سەر ئەوە کە منداڵ بەخێو بکا نەک ئەوەیکە بە شوێن بابەتی هزری و فکرییەوە بێ. هەر ژنێک لە مێژوودا دەرکەوتبێ، بێگومان مێردی نەکردووە یا ئەوەیکە نەزۆک بووە و یان لە قۆناخی پیری و کەم حەزیدا دەرەتانی بۆ خۆدەرخستن هەبووە. ڕابێعەی عەدەوی بۆ هەمیشە ژیانی هاوبەشی پێک نەهێنا و پێی وابوو کە «لەشێکی نییە هەتا مێرد بکا و ئەوەش کە هەیە هی ئەوە (خودا)» (فەرهەنگی هانی، زاراوە و بیرۆکە فمنیستییەکان، ص 62). ڕابیعە بێگومان عوزر و بیانووی شەرعی هەبووە چونکا لە دینی ئیسلامدا ژن و پیاو بە پێکهێنانی هاوسەرگیری، ئەو نیوەکەی ئیمانیان تەواو و کامڵ دەبێ.
ڕاستە هەموو دینەکان پیاوسالارن، بەڵام لێرەدا بە شێوازێک لە شێوازەکان باسی چاکسازی و ڕیفۆرم دێتە ئاراوە کە لە قەوارەی دینەکاندا پێکهاتووە و بەو هۆیەوە سەدە بۆ سەدە و دین بۆ دین چاکسازی لە بارودۆخی ژناندا کراوە. بارودۆخی کۆمەڵایەتی، جوغرافیایی، سایکۆلۆژی و … هتدی کۆمەڵگاکان کاریگەریی ڕاستەوخۆی لە سەر دۆخی ژنان هەبووە. بێجگە لە ئاڵوگۆڕیی دینەکان، مەزهەبەکان و فیرقەکان شرۆڤەی جیاوازییان لە چوارچێوەی ئایندا درووستکردووە و بە جۆرێک چەن ناوەندێتییان بۆ کێبەرکێی تەندرووست لە نێو دیندا پێکهێناوە. مەزهەبەکان سەبارەت بە ژنان گۆڕانکاری و دەستێوەردانیان لە ئەحکام و دەستووراتەکانی تایبەت بە ژنان نەکردووە. جێگە و پێگەی ژنان لە ئەدیان و تەریقەتەکاندا پێکەوە جیاوازییان هەیە. ئەڵبەت ئەو دیاردە لە دینێکەوە بۆ دینێکی دیکەوە جیاوازە. لەو وتارەدا هەوڵ ئەدرێ بەکورتی لە ڕوانگەی دینە زیندووەکانەوە بابەتی تەسەوف و عیرفانی ژنانە بخەینە بەر شرۆڤە و هەروەها خاڵە بەهێز و لاوازەکانی ژنان لەو بوارەدا تاوتوێ بکرێ.
سۆفیگەریی ژنانە لە ئەدیانی ڕۆژهەڵاتیدا: ئایینەکانی ڕۆژهەڵات لە بنەماڵەیەکی گەورەن و بەزۆری لە یەکتاپەرەستییەوە دابەزیون بۆ چەن خودایی و بوت پەرەستی. لە ڕاستیدا سەنەم پەرەستی چەواشەبووی هەمان خوداپەرەستییە. کاتێک بابەتی پەرەستن لە ئارادا بێ، یانێ ئەوەیکە مرۆڤ ئیرادەی خۆی بە بەرامبەرەکەی (خودا) دەسپێرێ و هێزی لێ وەردەگرێ. سەرهەڵدانی ئایینەکان هۆکارێک بوون بۆ «نیشاندان و دەرخستنی هێزی دەروونیی مرۆڤ» (تاریخ جامع ادیان، ص 5). ڕەگەزایەتی بوونی ئایینەکان پێوەندی بە باری جیسمی و فیزیۆلۆژیی ژنانەوە هەیە نەک زاتی دینەکە. کاتێک دەستوور و بەرنامەیەکی دینی هاتووە، ئەوا بۆ هەمووان هاتووە نەک بۆ هۆزێ، نەتەوەیەک یان ڕەگەزێکی نێر و مێ.
ئایینی ئیسلام تەقوای (ان اکرمکم عند الله اتقاکم) (حجرات 13) بۆ جیاوازیی نێوان مرۆڤەکان دیاری کردووە، نەک ڕەگەز و ڕەنگ و نەتەوە. بابەتێک کە سەبارەت بە ئەدیانی ڕۆژهەڵاتی گرنگە، ئەوەیە کە تەسەوف و عیرفانی کردەیی ئەوەندە بەرجەستە بۆتەوە کە بووە بە چەترێک بۆ شەریعەتی دینەکان. ئایینەکانی ڕۆژهەڵات وەک کونفوسیوس، دائو، بوودا، بەرەهەما و … تایبەتمەندیی هاوبەشیان زۆرە و لێک نزیکن. ئەو ئایینگەلە بەزۆری لە تەسەوفدا خۆیان وێنا کردووە. تەسەوف ڕواڵەت و لایەنی ژنانەی دینە. ئەگەر ڕواڵەتی تەشریعی دینەکان قورس، زبر و پیاوسالارانەیە، لەو لاوە تەسەوف بەو جۆرە نییە هەر بۆیە ڕێژەی بەشداریی ژنان لەو تەریقەتەکاندا زیاترە هەتا خودی دینەکان.»ئاناندا خزمەتکاری تایبەتی بودا ،لە بودا دەپرسێ کە ئایا ژنان وەک پیاوان توانستی ئەنجامدانی ڕیازەتی ڕۆحانیان هەیە؟ئەویش لە وڵامدا ئەڵێ بە قەبووڵکردنی هەشت یاسا و دەستوور، ژنانیش توانستی ژیانی ڕەهبانیان هەیە»(زن در ادیان بزرگ جهان ل 37 ) .
شمنیزم و باوڕهێنان بە فتیش لە ئایینە ڕۆژهەڵاتییەکاندا بەرچاو و زۆرە. بە هۆی ئەوەیکە ئەشیا پەرەستی جێگای خواپەرەستی گرتۆتەوە، ئیتر دینەکان زرقە و برقەتر، بازاڕیتر و لە هەمووی گرینگتر ژنانەتر بوونەتەوە. هەڵاواردنی ڕەگەزی لە پەرەستگە ڕۆژهەڵاتییەکاندا دەگمەنە، «بەڵام لە کاتی سووڕی مانگانە و دووگیانیدا، ژنان مافی چوونە نێو پەرەستگەیان نییە» (زن در ادیان بزرگ جهان، ص 31). ئەو بەربەستە لە هەموو دینەکاندا سەبارەت بە ژنان هاوبەشە. لە ئایینە ڕۆژهەڵاتییەکاندا هەرچەن ڕیفۆرم و چاکسازیی دینی بەشێوەی هەمیشەیی و بەردەوامە، بەڵام سەبارەت بەو بابەتەی سووڕی مانگانەی ژنان دەستوورەکە نەگۆڕە. سۆفیگەری لە ئەدیانی ڕۆژهەڵاتیدا لە نێو ژناندا تایبەت بە بێوەژنان و ژنانێک کە دۆخی کەم حەزی (یائسگی) بەسەریاندا زاڵە،بەدی ئەکرێ و ئەوەش نیشانەی ئەوەیە کە ڕێژەی تەمەن لە بابەتی ئایینداریدا دەور دەبینێ. «ژنان هەتا بەر لە تەمەنی بێ حەزی (یائسگی) ناتوانن لە کرالا، باشووری هیندستان، ڕووباری سبرسی زیارەت بکەن. لە هەندێک ئایینی ئەفریقاییدا ژنان تەنیا لە دوای بێ حەزی (یائسگی) ئەتوانن ڕێبەرایەتی و ئیدارەی ڕێوڕەسمە مەزهەبییەکان بکەن» (زن در ادیان بزرگ جهان، ص 21).
هندێک لە ئایینە ڕۆژهەڵاتییەکان سەبارەت بە کچان و ژنان دۆزەخ و جەهەنەمن. عیرفانی ژنانە لە ڕۆژهەڵاتدا بەڕاستی چەواشەترین تەقدیسی سەبارەت بە کچان و ژنانی گەنج درووست کردووە. ژنان و کچانی کەم تەمەن لە سەر ئیزن و بڕیاری بنەماڵەکان بۆ کەڵکی سێکسی پێشکەش پەرستگەکان دەکرێن و تەنانەت وەک سەرچاوەی داهات کەڵکیان لێ وەردەگرن. « لە هندێک لە ناوچەی هیندستان و ژاپۆندا هێشتا فەحشای پیرۆز بەردەوامە. (Devadasi) تایبەت بە هیندۆکانە، بنەماڵەی هەژارەکان کچەکانیان بۆ بەختەوەریی داهاتوویان پێشکەش و وەقفی خودایانی دەورەبەر ئەکەن و دەیاننێرنە پەرستگەکان و هەتا دواکات چارەنووسیان لە دەستی خودایانی پەرەستگەدایە.» (زن و سکس در تاریخ صص 241-240)
سادۆمازوخیزم لە ئایینە ڕۆژهەڵاتییەکاندا لە تەشقی خۆیدایە. بەشێک لە ژنان لە قەوارەی ئەو دینگەلەدا لە بابەتی سێکسی و هاوسەرگیری دوور ئەخرێنەوە و ژیانی ڕاهیبەیی دەکەنە پیشە و تەنانەت بێوەژنەکان وەک مرۆڤی قۆشە پێناسەیان بۆ ئەکرێ و مافی سەرلەنوێ مێردکردنەوەیان نییە یا ئەوەیکە لە پەرستگەکاندا بێجگە لە کەڵکی سێکسی، وەکوو سەرچاوەی داهاتیش بۆ پەرستگەکان کەڵکیان لێ وەردەگرن و تەنانەت لە کاتی هاتنی میوانە تایبەتەکاندا بۆ ڕەسمی میوانداری، دەخرێنە خزمەتی میوانەکان. لە دوای تێپەڕینی زەمەن ئەو کچانەی کەڵکی سێکسی و جوانییان نەما، ئیتر دەتوانن لەگەڵ کەسێکی دێهاتی و … هاوسەرگیری بکەن.
سۆفیگەری لە ئەدیانەکانی ڕۆژهەڵاتدا تەنیا لە ڕێوڕەسم و بۆنە سیمبۆلیکەکاندا ڕەنگدانەوەی ماوە، ئەگینا بەتەواوی چەواشە کراوە و تێکەڵی سیحر و جادوو بووە. ئەگەر بە وردی دابەزینە نێو دابی جادووگەری، دەبینین کە تەنانەت ئەو دابەش ڕەگەزایەتی کراوە و سیحر ژنانە و سیحری پیاوانە لێک جیا کراونەتەوە. جادووی ژنانە لە هندێک ئاکاری وەک فاڵگرتنەوە، دەرمانگەریی سرووشتی، پێشگۆیی، دۆعای ڕەش و …هتددا خۆی دەبینێتەوە بەڵام سیحری پیاوانە لە هندێک ئاکاری گەورەتر، توندوتیژخوازتر و ئەهریمەنیدا خۆی دەرخستووە. مورتازەکانی هیندستان نموونەی زیندوو و بەرچاوی پرۆسەی جادووگەرین. لە کوردستان کولییەکان (قەرەچییەکان) نموونە و یادگاری ئەو سەردەمەن کە بە پێی بۆچوونە مێژووییەکان ئەوان لە بنەڕەتدا لە ناوچەکانی هیندستان و میسر دەرکراون و پەریوەی وڵاتانی جیهان بوون و تەنانەت ئێستاش دابی فاڵگرتنەوە،پێشگۆیی و … لە نێودا ماوە.
لە سەردەمی ئێستەدا بەهۆی پێشکەوتنی زانست و تیکنۆلۆژییەوە و هەروەها سەرهەڵدانی بیرۆکە فمینیستییەکان، ئاڵوگۆڕ لە ئەدیان و تەریقەتە ڕۆژهەڵاتییەکاندا پێکهاتووە و ئەو ڕچە و ڕێبازە دینییانە بە خەستیی ڕابردوو دەوری نەماوە و ڕیفۆرماسیۆنی دینی لەوێدا سەری هەڵداوە «نەمانی ڕەهبانییەت و چاکسازیی دیکە لە شێوازی مەناسک و ڕێوڕەسمەکاندا» (زن در ادیان بزرگ جهان، ص 72) نموونەی ئاڵوگۆڕەکانی سەردەمی ئاینەکانن. ڕەوتە فمینیستییەکان ڕوانگەی جۆراوجۆریان سەبارەت بە عیرفان و مەعنەویەتی ژنانە هەیە و هندێکیان «مەعنەویاتیان بە ئەندازەی مافی مادی و بگرە زیاتر بۆ ژنان بە لاوە گرنگە» (فرهنگ نظریەهای فمینیستی، ص 434) تەنانەت فمینیزمی مەعنەوی وەک ڕێبازێکی فمنیستی لە دنیای ژناندا بابەتێکی ڕۆژەڤە. سیمۆن دووبوار وەک فمنیستێکی چەپ هێرش ئەکاتە سەر چەمکی دین و عیرفانی ژنانە و لە دەقێکی چیرۆکئاسادا باسی ژنانی عارف ئەکات کە «بە عەشق و تامەزرۆییەوە ئیرادەی خۆیان بە خودای درووستکراو و ڕەگەزی نێر دەبەخشن» (جنس دوم، صص 609-608)۰
جوولەکە و نەساری؛ ئەو دوو ئایینە لە بنەماڵەیەکن و بەنی ئیسراییلین. جوگرافیای سەرهەڵدانی ئەو دوو ئایینە لێک نزیکە و هەر بۆیە کاریگەرییان لەسەر یەکتر هەبووە و تەنانەت مەسیح درێژەدەری ئایینە جووە. ئایینە یەکتاپەرەستەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەلای یەکتردا ڕەواییان پێدراوە و دینی ئیسلام وەک دوایین دین بە ئەرێنی باسی هەموویانی کردووە. تەنانەت حەزرەتی مووسا و حەزرەتی عیسای بە (ئولولعەزم) ناوبردووە. ڕەواییدان و تێکەڵی و هاوپەیوەندیی ئەو ئایینانە لە ئاستێکدایە کە دینی ئیسلام پێیوایە لە ئاخر زەماندا حەزرەتی عیسا ڕزگاریدەر و بکوژی دەجاڵە و ،،،،
سرووشتی ئایینە یەکتاپەرەستەکان جیاوازە لەگەڵ ئایینە بوتپەرەستەکان و هەر بە پێی ئەو سرووشتەش هەڵسوکەوت و ڕوانگەکان سەبارەت بە ژن جیاواز بۆتەوە. ئەو دوو ئایینە بە درێژایی مێژوو ڕووبەڕووی گۆڕانکاریی بەرین و بەربڵاو بۆتەوە و کتێبەکانی ئینجیل و تەورات بە دەیان جار لەلایەن کەسانی جیاوازەوە نووسراوەتەوە و دەستێوەردانی تێدا کراوە، هەر بۆیە ناتوانین وەک سەرچاوەیەکی ڕاستەقینە و جێی متمانە بۆ لێکۆڵینەوە کەڵکی لێ وەربگرین. کاتێک دۆخەکە بەوجۆرە بووە، ئیتر ناکرێ وەک ئینجیل و تەوارتی ڕاستەقینە حەسابیان بۆ بکرێ. بە هەر ئەندازە و ڕادەیەک لە دینەکاندا چەواشەکاری ڕووی دابێت، ئەوا لە تەسەوف و عیرفانیشدا بەو ڕێژەیە چەواشەکاری و دوورکەوتنەوە لە ڕێگای راستی ڕوویداوە. سۆفیگەری و دین لێک جودا نین، چونکا دینەکان بێجگە لەوەی لە بەرامبەر سەرکێشی و دەستدرێژییەکانی ستەمکاراندا وەستاونەتەوە، پێڕەوانیشی هان داوە بۆ ڕەچاوکردنی ژیانی ساکار و ئاسایی. حەزەراتی مووسا و عیسا لە بەرامبەر فەراعنە و ستەمکاراندا وەستاونەتەوە. پێگەی ژنان لە سەردەمی ئەو دوو پێغەمبەرانەدا باش نەبووە و گێڕانەوە و چیرۆکە دینییەکان ئەو ڕاستییەیان دەرخستووە. بەر لەوەی حەزرەتی مووسا لە دایک ببێ، بەهۆی تەعبیر و مانای خەونی فیرعەونێکەوە هەموو منداڵە نێرینەکان یا لە نێو براوە یا ونیان کردوون، بەڵام منداڵانی کچ کە لە دایک بوون، هیچ گرنگییەکیان پێ نەدراوە و نەکوژراون. کۆشکی فیرعەون، حەرەمسەرا و کەنیزی زۆری لێ بووە. بەر لە فیرعەون، ئایینی یەکتا پەرەستی هەبووە و تەنانەت فیرعەون وەک لە سەرچاوەکاندا باسکراوە، خودای ناسیوو و لە تەنیایی خۆیدا لە خودا پاڕاوەتەوە .فیرعەون لە سەر تەختی پاشایدا بانگەشەی خودایی کردووە. وێدەچێ فیرعەون یەکێ لە سیفاتەکانی خودا کە تایبەت خۆیەتی (متکبر) پێرەو کردووە.. هەر بۆیە چارەنووسی بەو جۆرە گۆڕاوە. ژنانی ناو کۆشکی فیرعەون بە پێچەوانەی پیاوان یەکتاپەرەست بوون. ئاسیە خێزانی فیرعەون ژنێکی بەبڕوا بووە و بە شێوەی پەنامەکی پەروەردەکردنی منداڵێکی نێرینەی قەدەغەی وەئەستۆ گرتووە. ئایینی جوولەکە سەبارەت بە ژنان توندوتۆڵتر هەڵوێستی گرتووە، تەنانەت بەشێک لە مەحارمەکان لە سەردەمی حەزرەتی مووسا بەدواوە سەری هەڵداوە،بۆ نموونە حەزرەتی مووسا «میمک یا خوشکی دایکی بە مەحرەم ناسیوە و هاوسەرگیری لەگەڵدا قەدەغەن کردووە» (زن در ادیان بزرگ جهان، ص 193). فێرکردنی دەستووراتی ئایینی جوو لەلایەن باوکەوە سەبارەت بە منداڵەکان جەختی لەسەر کراوە، بەڵام ئەو فێرکارییە بەپێی یاسای کۆنی یەهوودییەکان (هالاخا) بۆ کچان نەبووە. دواتر بەهۆی بڵاوەپێکرانی جوولەکەکان بە جیهاندا، شرۆڤە و ڕاڤەی نوێ سەر هەڵدەدات و بەپێی پێویست، ڕیفۆرم و گۆڕانکاری لە دۆخی ژناندا پێک دێ و بەرەبەرە دەقە دینییەکان فێری ژنان و کچانیش ئەکرێ. ژنانی بەناوبانگی «سەرەتای ئایینی یەهوود بریتین لە سارە، ڕیکا، لیە، ڕاحل، دەبوورە، میریام (خوشکی مووسا)، هولدە و … هتد کە ڕۆڵی گرنگیان لە گەشە و پەرەپێدانی ئایینی یەهووددا هەبووە.
بەپێی ئەو ڕیفۆرمانەی کە بە تێپەڕینی زەمەن لە ئایینی یەهووددا درووست بووە، ژنان بەڕێوەبردنی کەنیسەکانیان وەئەستۆ گرتووە» (زن در ادیان بزرگ جهان، ص 192).
حیجاب و باڵاپۆشی و داوێنپاکی لە ئایینی یەهوودا جەختی لەسەر کراوە. «تەڵاق کاتێک لەلایەن پیاوانەوە بەسەر ژناندا سەپاوە کە ژن یا تووشی زینا بووە یا بێ حیجاب بووبێ» (زن در ادیان بزرگ جهان، ص 211).
تەسەوفی ژنانە لە ناو یەهوودییەکاندا بە پێچەوانەی ئەدیانی ڕۆژهەڵانی کە ڕاهیبە بوون، نەیانتوانی بەڕێوەبەری کەنیسە بن و مێردیان هەبێ. کچان و ژنانی لاو و بێوەژنان لە کەنیسەدا دەستدرێژی نەکراوەتە سەریان. هەرچەن ئایینی یەهوود وەک سەرجەم دینەکان پیاوسالارە، بەڵام لە بەڕێوەبردنی دەستوورات و مەناسکی دینیدا ژنان بێجگە لە کاتی سووڕی مانگانە و دووگیانی، وەک پیاوان مافی بەشدارییان هەبووە. بارودۆخی داسەپاوی سیاسی بەسەر پێڕەوانی ئایینی یەهوود و دەرکردنیان لە وڵاتی خۆیان هۆکارێک بوو بۆ ئەوەی ژنانی یەهوود بۆ بژێوی ژیان وەک پیاوان بەشداری کاروبارە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان بن. تەریککەوتنی ئایینی یەهوود هۆکارێکی دیکە بوو بۆ بەشداریی زیاتری ژنان لە پرۆسەی بەڕێوەبەریدا کە وێدەچێ لەو بوارەدا ڕێژەی بەشداریی ژنانی یەهوود لە هەموو ئایینەکانی هاوچاخی خۆی زیاتر بووبێ. ئایینی مەسیحی لە دوای ئایینی یەهوود هەر لەو جوگرافیادا سەری هەڵدا. دیاردەیەکی تازە سەبارەت بە ئایینی مەسیحییەت ئەوەیە کە دوو کەسایەتی لەوێدا دەبنە هێما و سیمبول. کەسایەتیی حەزرەتی مریەم وەک هێمایەکی ژنانە هەم گرنگایەتییەکی جیاوازی هەیە و هەم کاریگەری لەسەر پێگەی ژنانی دوای خۆی هەبووە. گرنگییەکە لەوەدایە کە حەزرەتی مریەم بە کچێنی و داوێنپاکی مایەوە و هەم منداڵێکی بە ناوی عیسا پێبەخشرا کە یەکێ لە گەورەترین پێغەمبەرەکانە کە کاریگەری لەسەر کۆمەڵگای مرۆڤایەتی هەبووە. گەورەبوون و دەرکەوتنی ژنێکی داوێنپاک لە قەوارەی دینی مەسیحدا بووە هۆی ئەوە کە ژنان بەزۆری ڕوو لە دەستووراتی دین بکەن. عیرفانی مەسیحییەت سەبارەت بە ژنان جۆرێک پارادۆکس و سەرگەردانی تێدا بەدی ئەکرێ. ئەو پارادۆکسە ئەوە بوو کە ژنان دەبوا یان وەکوو مریەمی موقەدەس کچێنی و مێردنەکردن بکەن بە پیشە و ببنە ڕاهیبە. لە لایەکی دیکەشەوە حەزرەتی مریەم بە ئەمری خودا ئەو دۆخەی بۆ پێش هات بەڵام بۆ ژنانی شوێنکەوتووی مەسیح ئیتر ئەو ئیمکان و دەرەتانە نەهاتە پێش کە بۆ حەزرەتی مریەم ڕووی دا. ئەو ژنانەی کە ژیانی بێ پیاوییان هەڵبژارد، بوونە ڕاهیبە و ئەوانەش کە هاوسەرگیرییان کرد بوونە کەسانێکی دینداری ئاسایی کە تەنیا لە کلیسەکاندا دەستووراتی دینییان بەڕێوە دەبرد. قەبووڵکردنی ڕواڵەتی دین بۆ هەموو کەس تەنانەت بۆ ژنانیش ئاساییە بەڵام چوونە نێو قووڵایی دین و بڕینی قۆناخەکانی تەسەوف هەم بۆ پیاوان و هەم بۆ ژنان قورس و کێشەسازە. لە هەموو دینەکاندا ژنان وەکوو پیاوان پلەی تەسەوف و عیرفانیان بڕیوە بەڵام بەهۆی باری سایکۆلۆژی و فیزیۆلۆژییەوە هندێک کۆسپ و تەگەرە و بەربەست بۆ ژنان دێتە پێش کە نابێ حاشا لەو بابەتە بکرێ. ئایینی مەسیحییەت بە درێژایی مێژوو گۆڕانکاری بە خۆوە دیوە. ئەو گۆڕانکارییانە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر عیرفانی مەسیحی هەبووە.هەرچەن لە سەردەمی «عەتیقدا دژایەتی لە گەل پەیکەردا کراوە و بە هێمای بوت پەرەستی ڕاڤە کراوە بەڵام دوای مشت و مڕێکی زۆر و درێژەدار،هێدی هێدی بە مەرج و یاسای تایبەت مۆڵەت و دەرەتانی وێنە و پەیکەری مریەمی پاک و حەزرەتی عیسا لە کلیسەکاندا دەدرێت».(زن در آیین مسیحیت.ل۷۴ ) «درووستکردنی پەیکەر و کێشانی وێنەی حەزرەتی مریەم و حەزرەتی عیسا لە کەلیسەکاندا و تێکەڵیی ژن و پیاو لە کاتی نزا و پاڕانەوەدا جۆرێک ڕیفۆرمە کە بە درێژایی مێژوو بەرەبەرە درووست بووە. یەهوودییەت و مەسیحییەت هەردوو بە چڕی جەختیان لەسەر داوێنپاکی کردووە و سەبارەت بە زیناش حوکمی توندیان دەرکردووە. تابۆی زینا سەبارەت بە منداڵان و ژنان وەک دەرس و وانە وتراوەتەوە و داوێنپاکیی هەموو کچان بە داوێنپاکیی مریەمی موقودەسەوە گرێ دراوە. «لە ئایینی مەسیحییەتدا ژنان دەتوانن ببنە قەشە. قەشەکان مافی هاوسەرگیرییان نییە تەنانەت لە نێو خۆیاندا.» (زن در ادیان بزرگ جهان، صص 115-114).
ئایینی مەسیحییەت باوڕی بە خودای نێرینە هەیە بەڵام لە زۆربەی فیرقەکاندا حەوا بە تاوانبار (هەڵخڵەتاو لەلایەن شەیتانەوە) و مریەم بە پاک ناودێر کراوە. تەسەوف و عیرفانی مەسیحی لەسەر بنەمای ڕەهبانییەت و تەسلیس دامەزراوە و ئەو ئەسلە یەکێ لە تایبەتمەندییەکانە. ڕەچاوکردنی حیجاب و باڵاپۆش لە ئایینەکانی یەهوود و مەسیحیدا یەکێکی دیکە لە بنەماکان بووە. «تەنانەت پیاوانیش لە کاتی نزادا لە کەنیسە و کەلیسەکاندا کڵاوی تایبەتیان لەسەر ناوە.
دابی حیجاب لە جوگرافیای هەر دوو دیندا بەتەواوی ڕەچاو کراوە و «ژنانی خاوەن مێرد و ژنی کەنیز لە گەل ژنانی سۆزانییدا بەهۆی سەرپۆشەوە لێک جیا کراونەتەوە. بابەتی حیجاب بە درێژایی مێژوو و هەروەها بەهۆی خوێندنەوەی نوێ و سەرهەڵدانی فیرقەکانەوە لە ئایینەکانی مەسیحییەت و یەهوودییەتدا گرنگی و بایەخی خۆی لە دەست دا و پرسی حیجاب تایبەت کرا بە نێو کەنیسە و پەرستگەکان» (زن در آیین مسیحیت، صص 197-195). ژنان و پیاوانی عارف لە دینەکانی یەهوود و مەسیحدا بوونیان هەبووە و لە سەر شەریعەتی تایبەتی خۆیان و هەروەها لەسەر ڕیچکەی تەریقەت، قۆناخەکانی خۆداناسییان تێپەڕاندووە. لە ئایینی مەسیحییەتدا «ڕەهبانییەت وەک بزاوێکی تایبەت لەسەر بنەمای دابڕینی پێوەندییەکان لەگەڵ کۆمەڵدا لە کۆتایی سەدەی سێهەمەوە سەری هەڵدا» (تاریخ جامع ادیان، ص 639). وەدەستهێنانی پلەی مەعنەوی و خوداناسی هەتا ئاستێکی تایبەت چۆتە پێشەوە و کەسێکی وەک بوحەیرا کە نەساری بووە بە بینینی موحەممەد (د.خ) لە کاتی منداڵیدا مۆری نەبووەت لە نێو چاوانیدا دەبینێ. تەسەوف و عیرفانی یەهوودی و مەسیحی بەهۆی دەستوەردانە جۆراوجۆرەکانەوە لە تەورات و ئینجیلدا و هەروەها سەرهەڵدانی پرسی تەسلیس (تثلیث)، چۆنایەتی و مەلەکووتی بوونی خۆیان لە دەست دا. «چاخی نوێ (عهد جدید) باسی پێشگۆ و پێغەمبەرانی ژن ئەکات. یونیا نموونەی بەرچاویانە. زۆرێک لە ژنان بە شێوەی تاکەکەسی و دەستەجەمی ڕێگای سلووکیان گرتەبەر، تەنانەت « بەشێک لە ژنانی سۆزانی دوای تۆبەکردن، ڕێگای ڕەهبانییان گرتە بەر. ئەو ژنە ڕاهیبانە کە ڕێگای هەرد و هەڵایان گرتەبەر، بە دایکانی بیابان ناوبانگیان دەرکرد. ژنانی عارف لە ئایینی مەسیحدا بریتین لە کلارا، تیرنای سینایی، و ترزای ئویلی کە هاوتای پیاوانی چاخی خۆیان بوون. تجرد (زگورتی-سەڵتی) تایبەتمەندییەکی دیکەی ئایینی مەسیحییەتە. لەو ئایینەدا هاوسەرگیری ڕەوایە و پێوەندییەکی ئیلاهییە. کاتۆلیک و ئۆرتۆدۆکسەکان وەک حەوت دابی پیرۆز حەسابیان بۆ بابەتی هاوسەرگیری کردووە. حەزرەتی عیسا هاوسەرگیری نەکرد. هاوسەرگیری موقەدەسە بەڵام ژیانی ڕەهبانی موقەدەسترە» (عرفان و رهبانیت در مسیحیت، عباس رسول زاده، ویکیپدیا). لە سەدەکانی ناوەڕاست و دوای تەواو بوونی شەڕی خاچپەرەستی ، دانتە لە ئیتالیا دەست ئەداتە نووسینی کۆمێدیی ئیلاهی. ئەو سروودانە لە باری ئەدەبی و جوانیناسییەوە بۆ چەندین سەدە هاوتای نەبووە. دانتە کەسێکی عارف نەبووە بەڵام لە زانکۆکانی ئەو کاتەی ئیتالیادا زانست و فەلسەفە و عیرفانی ئایینە کۆن و نوێیەکانی ناسیوە. کۆمێدیی ئیلاهی، میعراجنامەی تەسەوفی مەسیحییەتە و هەروەها کاریگەریی ڕاستەوخۆی عیرفانی ئیسلامی و ئوستوورە کۆنەکانی یۆنان و ڕۆژهەڵاتیشی پێوە دیارە. وەک دەڵێن»پەرتووکی وەرگێڕاوی مێعراجنامەی پێغەمبەر (د.خ) لە کتێبخانەکەی دانتەدا هەبووە. هەوێنی سەرەکیی ئەو خەیاڵنامەیە، عەشقێکی ناتەواوی دانتە بۆ کچێک بە ناوی (بیئاتریکس) بووە کە دانتە پلە و پێگەیەکی ئیلاهی لە بەهەشتدا پێداوە و …» (دانتە، کمدی الهی، جلد اول، مقدمه).
ئەگەر ئێمە بە شێوەی ورد بابەتی کۆمێدیی ئیلاهی تاوتوێ بکەین، چەندین خاڵ و لایەنی تایبەتمان بۆ دەرئەکەوێ کە لێرەدا ئاماژەی پێدەکرێ. لە ڕاستیدا ئەو شێعرانەی دانتە عەشق و ئەوینی ئاسمانی دابەزاندە سەر زەوین و کردی بە ئەوینێکی سەرزەوینی، بەجۆرێک ئەتوانین بڵێین کە دانتە بە چەکێکی نەرم، تەسەوف و عیرفانی لە مەسیحییەت دابڕی. بابەتێکی گرنگی دیکە ئەوەیە کە لەو چاخەدا شەپۆلێکی وەرگێڕانی ئەدەب و عیرفانی ئیسلامی لە زانکۆکانی ئیتاڵیا، یۆنان، فەڕەنسا و ئەڵمانیا دەستی پێکردبوو کە بەڕاستی مەترسی بوو بۆ تەشەنەی ئیسلام لە سەراسەری ڕۆژئاوادا. دانتە بەو شیعرانەی کومێدی ئیلاهی هەم خەڵکی ئەورووپای سەرمەستی خەیاڵاتی خۆی کرد و هەم وەک پەردەیەکی ئاسنین بەری بە تەشەنە و گەشەی عیرفانی ئیسلامی گرت کە بە هۆنراوەکانی سەعدی، حافز، مەولانا، ئیبن عەرەبی و … دەستی پێکردبوو. بەگشتی، ئەگەر دانتە مەبەستێکی وەهاشی لە پشت کۆمیدیی ئیلاهیدا نەبووبێ، بەڵام بەڕاستی عیرفان و میعادی وەک تابۆیەک کردە وەهم و خەیاڵاتێکی شاعیرانە، ئەوانەی باوڕیان بە ئایین و عیرفانی مەسیحییەت هەبوو، چێژیان لێ وەرئەگرت و ئەوانەش کە فەلسەفی دەیانڕوانییە دین و عیرفان، بە هیچیان دەزانی.
لە سەدەی هەژدەدا، کانت بابەتێکی گرنگی لەسەر ئیخلاق هێنایە بەرباس. کانت بابەتی ئیخلاقی کە پێشتر گرێدراوی دین و مێتافیزیک بوو، سەرزەوینی کردەوە و پێی وابوو کە ئیخلاق دەبێ بچێتە خانەی ئەرک و تەکلیفەوە و هیچ چاوەڕوانی و پاداشتێک لە پشتیەوە خۆی حەشار نەدابێ.
ئەو بابەتەی کانت بەڕاستی بێزارییەکی توند بوو لە وێژمانی دین کە لەو چاخەدا، ئەورووپا پرۆسەی ڕێنێسانسی تێدەپەڕاند و لە پیشەسازی نزیک ئەبوویەوە.لە سەدەکانی نۆزدە و بیستدا مارکس،داروین،فرۆید هەریەک بەهێنانە ئارای باسگەلی جیاواز وەک بیرۆکەی تێپەڕین (تکامل)،بیرۆکە سیکسییەکان و هێرش کردنە سەر سێ ڕەهەندی دین،دەوڵەت و بنەماڵە بە ڕاستی ئاینی مەسیحیەتیان وشک کرد. سڕینەوەی ئایینی مەسیحییەت، سڕکردنی تەسەوف و عیرفانی ئەو دینە بەو بیرۆکانەوە دەستی پێکرد و بەڕاستی ئەو ئایینە دوای توێکاری و چەکوشکاری هەم بوو بە ئایینێکی سیمبۆلیک و هەم بچووک کرایەوە بۆ واتیکان. ئایینی یەهوود بە پێچەوانەی مەسیحییەت، بەهۆی سیاسی بوون و پرۆسەی نەتەوەسازی و دەوڵەت سازییەوە هەم بوو بە هەوێنی درووستکردنی حکوومەتێکی جوولەکە لە داوێنی کێوی سەهیون و هەم تێکەڵ بە ڕەگەزپەرەستی و ڕاسیزم بوو.
«ژن و سۆفیگەری و عیرفانی ئیسلامی»:
هەرچەن ئەدیانە یەکتاپەرەستەکان لە بنەماڵەیەکن، بەڵام سەرهەڵدانی ئایینی ئیسلام و گەشە و نەشەی ئەو ئایینە بۆ نێو جوگرافیای ئایینەکانی نەساری، جوولەکە و زەردەشتی، کێشە و ناکۆکییەکی بنەمادار و هەمیشەیی بۆ هەموویان پێکهێنا. ئایینی ئیسلام وەک دوایین ئایین پێی وایە کە بە سەرهەڵدانی دینی ئیسلام، دینەکانی پێشوو بەتاڵ دەبنەوە. باوڕمەندانی ئیسلام لەسەر ئەو باوەڕەن کە ئەو ئەسڵە لە کتێبە کۆن و ڕاستەقینەکاندا گونجێندراوە، بەڵام لەلایەن حەواری و قەشەکانەوە سڕاوەتەوە. ئیسلام هەرچەن فیرقە و ڕچە و ڕێبازی جوراوجۆری تێدا درووست بوو، بەڵام تەنیا ئایینێکە کە سەرچاوەکانی (قورئان-ئەحادیس) بە نەگۆڕاوی ماوەتەوە. عیرفانی ئیسلامی زیاتر لە عیرفانی هەموو دینەکان لە بیرۆکە و کردەوەدا دەوڵەمەندە. تەسەوفی ئیسلامی، عیرفانی هەموو ئەدیان و دژە دینەکانی دیکەی بەباشی ناسیوە و پاش تەتەڵەکردن و هەڵسەنگاندنێکی ورد، عیرفانێکی تۆکمە و دەوڵەمەند کە لەگەل بنەماکانی شەریعەتدا دژایەتی نەبێ، فورمولیزە کرد.
لە ئیسلامدا، تەریقەت و سۆفیگەری لە کەسی یەکەم و ڕەسووڵی ئەو دینەوە سەرچاوەی گرتووە کە ئەویش پێغەمبەری خودا، حەزرەتی «موحەممەد»ە (د.خ). سۆفیگەری و عیرفانی ئیسلامی دواتر لەلایەن ئەبووبەکری سدیق و ئیمام موحەممەد غەزاڵی و کەسانی دیکەوە وەک ڕێچکەیەک لە ژێر سێبەری دیندا شرۆڤەی تایبەتی بۆ کرا. تەسەوف وەک گۆڕەپانێکی کرداری، دەرەتانێک بوو بۆ تاقیکاری و نیشاندانی توانستەکانی ژن. مێژووی سۆفیگەریی ژنانە نزیکە لە سۆفیگەریی پیاوانە. مێژوونووسانی عیرفانی ئیسلامی پێیانوایە کە «لە سەرەتادا ژنانی کەنیز بە دوو هۆکارەوە هۆگرییان بە لای تەسەوفدا پەیدا کردووە.
یەکەم: باری کۆمەڵایەتیی کەنیزەکان بووە کە لە سەختی و دژواریدا ژیاون هەربۆیە پەیوەست بوون بە دنیای سۆفیگەرییەوە ئەوانی لە بەندایەتی و خزمەتکاری ڕزگار کردووە. دووهەم: ئەو کەنیزانەی لە خزمەت عارفان و شێخانی تەریقەتدا بوون، بەرەبەرە لە ئادابی سۆفیگەری تێگەیشتوون و بەو هۆیەوە لەو بوارەدا بۆ خۆیان هەنگاویان هەڵگرتووە». (زنان و سیر و سلوک عرفانی، مهدی زینی).
ئەو بۆچوونە سەبارەت بە بەشداریی ژنان لە نێو پرۆسەی سۆفیگەری و عیرفاندا ناکرێ وەک هۆکار و بنەمایەک بۆ بەشداریی ژنان دیاری بکرێ. ژنان و کچانی عارفان و ئەهلی تەسەوف بەگشتی تا ڕادەیەک ئاگاداری مەناسک و دەستوورات بوون و لە شەرعی ئیسلامدا ئەو عارفانەی کە خاوەن ژنی بەدکارە و بەدڕەوشت بن، ناتوانن پلەی عیرفانی بەدەست بێنن!! لە «سەدەکانی سەرەتای تەسەوفدا ژنان وەک موریدانی نافەرمی لە خانەقاکان و لە کۆڕی عارفاندا بەشدارییان کردووە و لە ڕێگەی خزمەت بە سۆفییەکان و دابینکردنی تێچووەکانی خانەقا لە ژێر ناوی (خیرات و مبرات) دەوری یارمەتیدەریان گێڕاوە، هەروەها لە هندێک لە فیرقەکانیدا تەنیا بە بەشداری لە کۆڕی واعظدا بە گێڕانەوە و بیستنی حەدیسەکان ڕازی دەبوون. بەرەبەرە قۆناخەکانی سلوکیان تێپەڕاند و بە ڕاهێنانی موریدان، پێکهێنانی کۆڕی وعظ بەرپرسایەتیی خانەقاکان، پێکهێنانی کۆڕی سیماع، هاوکاری و یارمەتی لە دیکەی ڕێخستنەکانی فتیان و،،، خەریکبوون، تەنانەت هندێکیان گەیشتنە مەقامی ولی الله» (زنان و سیر و سلوک عرفانی).ڕابێعەی عەدەوی پێشەنگ و ڕچەشکێنی ڕێگای تەسەوف و خوداناسی بوو کە لە پیاوانی عارفی سەردەمی خۆی زیاتر چووە پێشەوە. باری جیسمی و باری دەروونیی ژنان بۆ تێپەڕاندنی سلووکی عیرفانی هیچ بەربەستێک درووست ناکا. ژنان لە کاتی سووڕی مانگانە، منداڵ بینین و شیرداندا دەتوانن زیکر و ئەورادی تایبەت(بێجگە لە نوێژ،ڕۆژو،قورئان خوێندن وحەج) ئەنجام بدەن.
بەربەستەکانی بەردەم ژنان سەبارەت بە سلووک ئەوەندە زق و بەرچاو نین کە ساتێک لە پرۆسەکە بەجێ بمێنن ئاکامی تەسەوف، مەلەکووتی و ڕۆحانیبوونی ژیانە. لە دنیای ڕۆحانیدا فریشتە و جنان بوونی هەیە. لە جیهانی فریشتەکاندا نێر و مێ نییە و هەرکات ئەمریان پێکرابێ لە ڕواڵەتی پیاو یا ژندا خۆیان لە بەرچاوی پێغەمبەراندا دەرخستووە. لە جیهانی مرۆڤایەتیدا بەپێی عادەتی باو، ناوی فریشتەکان وەک ڕاحیل،جوفیل،ڕاگول،ئاناهیتا(لە ئاینی کۆنی کورداندا ) و … بۆ ژنان و میکائیل،ئیسرافیل ، جوبرەییل و … بۆ پیاوان دیاری کراوە. لە لایەکی دیکەوە ئەهریمەن و جندۆکە کە لە سەر زەویدا ئەژین، نێر و مێیان هەیە و لە ناو بەرەی جنۆکەدا شوێنکەوتووانی ئایینەکان هەیە و قورئانی بەوردی باسی پێوەندیی حەزرەتی سولەیمان و جنۆکەکانی کردووە و هەروەها لە نێو کۆمەڵگای ئیسلامیدا جندۆکەی موسڵمان هەیە. ئەهریمەن یا شەیتان وەک فریشتەیەکی ڕەجمکراو لە بەهەشتدا، دەرەتان و چالاکییەکانی لە دنیادا زۆرترە و هەموو خراپکارییەکانی مرۆڤ بەپێی گێڕانەوە دینییەکان پێوەندی بە شەیتانی دەروونی مرۆڤەکانەوە هەیە. لە کوردستان وا باوە کە خەونی شەوانەی مرۆڤ (احتلام) بە شەیتانی بوون پێناسە کراوە، بەڵام فرۆید بە پێچەوانە، خەونی مرۆڤ بە ڕەنگدانەوەی کاروباری ڕۆژانە دەزانێ کە لە زەین و خەونی شەوانەدا دووبارە دەبێتەوە. لە عیرفانی ئیسلامیدا پیر، مورشید و شێخ سەردەستە و پێشڕەوی تەریقەتە، بەڵام ئەو بابەتە بۆ ژنان نەهاتووە. ژنان دەتوانن وەک خەلیفە و سەرحەڵقەی زیکر لە تەکیە و خانەقاکاندا و بەرپرسایەتیی مەناسەکەکان بۆ ژنان بەڕێوەبەرن (تصوف، ص 158). بەرزبوونەوەی پلە و موقامی مورشیدی بۆ ژنان قەدەغەنە، چونکا لە تەسەوف و عیرفاندا چەمکگەلی وەک چاوەدێری (مراقبە)، پێوەندی (رابطه) و یادکردنەوە هەیە، هەر بۆیە بەپێی شەرعی ئیسلام نابێ پیاوان وەک مورید یادی مورشیدی ژن بکەن و پێوەندیی ڕۆحانییان پێکەوە هەبێ. لە دینەکانی دیکەدا ئەو سنوورە بەزێندراوە و ژنان هەموو بەرپرسیاریەتییەکی ڕواڵەتی و نەهێنییان (ظاهر و باطن) وەئەستۆ گرتووە. لە قوتابخانەی مەزنی تەسەوف و عیرفاندا بابەتەکان پێوەندی بە ڕۆح و دەروونی مرۆڤەوە هەیە و باری سایکۆلۆژی، دەور و ڕۆڵی زیاترە هەتا باری فیزیۆلۆژیکی. ئەدەب و ئەخلاق لە سۆفیگەری و عیرفاندا لە تەشقی خۆی دایە و هەروەها بەشی زۆری ئەو ئەدەبە لە سەرچاوە دینییەکان و خواناسانەوە سەرچاوەی گرتووە. بنەماکانی ئیخلاق لە عیرفاندا لە ئەوین، خۆشەویستی، دنیانەویستی، جۆردۆستی، ژینگەدۆستی، خودادۆستی و … سەرچاوەی گرتووە. «ئەو تایبەتمەندییانە لە ڕاستیدا ڕیشەی لە هۆشیاریی عیرفانیدایە. تەنانەت لە کەسانێکیشدا کە لەو هۆشیارییە بێ خەبەرن (بوونی هەیە) و تەنانەت خۆشەویستی و عەشقی بوونەوەران دەتوانێ ئەو سەرچاوەی هەبێ» (عرفان و فلسفه، ص 345). ڕەخنەیەکی جیدی کە لە دنیای ئیمڕۆدا ئاراستەی ئیخلاقی عیرفانی دەبێتەوە، ئەوەیە کە مرۆڤ لە عیرفاندا خۆویست دەبێ و بە هۆی خۆشییە دەروونییەکانی خۆیەوە دەست لە بەرپرسایەتییە کۆمەڵایەتییەکان هەڵدەگرێ و تەمەڵی و دوورەپەرێزی دەکاتە پیشە. لە ڕاستیدا ئەو دیاردە لە عیرفانی هیندیدا لە تەشقی خۆیدایە و تەمەڵ پەروەری لەو عیرفانەدا دەبینرێ، بەڵام لە عیرفانی ئیسلامیدا جۆرێک باڵانس و هاوکێشی ڕەچاو کراوە کە عارف سەرەڕای سووڕانەوە لە دنیای مەعنەویەتدا، دەستی لە ژیانی بنەماڵەیی و کۆمەڵایەتی هەڵنەگرتووە و سەرەڕای ئەوەی کە تێکەڵ بە کاری سیاسی و کۆمەڵایەتی نابێ، بەڵام تا ئاستێکیش کە قسە و ئامۆژگارییەکانی بڕ بکات، دەستیوەردان و چاودێریی کاروبارەکان ئەکات.
قەناعەت، دەستپێوەگرتن، زگ پێوەگرتن، گون پێوەگرتن،چاوپێوەگرتن، گوێ پێوەگرتن و … لایەنێکی شاراوەی دیکەی عیرفانە. شایەد هەموو کەس لە ئیمڕۆدا نەتوانێ خۆی لەو پرۆسەیە بدات کە بە سەختی و ڕیازەتێکی زۆرەوە دەست پێدەکات، بەڵام ئەو «ئەوینە لە ڕاستیدا توانەوە شوناسی تاکەکەسییە لە نەفسی گشتیدا» (عرفان و فلسفه، ص 342).
عیرفان سەر تا پا ئەدەب و ئیخلاقە و هەروەها دوورە لە توندوتیژی، خوێنڕشتن، هەڵاواردن، ڕەگەزپەرەستی، شکاندنی کەسێتی (کەسایەتی) و … هتد. هەموو ئەو تایبەتمەندییە باشانەی سەرەوە لە ڕاستیدا بە شێوەی خۆڕسک و سروشتی لە ژناندا بەدی ئەکرێ. داوێنی ژن سەرچاوەی خولقاندنی ژیانە، هەر بۆیە دەتوانین تیشکدانەوەی ئەو ئیشراقە سەرەتا بە هیی ژنان بزانین هەتا پیاوان.
سۆفیگەری و ئەدەبیات:
عیرفان، هەوێنی سەرەکیی ئەدەبیات بەتایبەت دنیای شیعرە. ئەدەبیاتی عیرفانی، نەرم و نیانترین، ئەفسووناویترین و پڕتام و چێژترین لایەنی مەعنەوییە کە لە شیعردا گەیشتووە بە تەشقی خۆی. چەمکگەلی سالک و مەسلووک، عاشق و مەعشووق، تالب و مەتلووب، مەجنوون و لەیلی و … هتد بووە بە هۆی بونیاتنانی وێژمانێکی نەبڕاوە لە نێوان دوو لایەنی بەرامبەردا.
هەر وەک پێشتر وترا، تەسەوف لایەنی نەرم و نیان و پڕ لە خۆشەویستیی دینە، هەر بۆیە حوزووری ژنان و بیری ژنانە لەو بەشەدا چڕ و پڕترە هەتا لایەنە فیکری و تەشریعییەکەی. «ڕێبازی تەسەوف لە سەرەتادا تامەزرۆ و هۆگری شێعری عارفانە نەبووە و تەنانەت خوێندنەوەی قورئان بە ئاهەنگەوە و هەروەها هۆنینەوەی شێعرییان بە مەکرووە زانیوە، سەرەتا و دەستپێکی شێعری سۆفییانە پێوەندی بە ئەبوو سەعید ئەبا خێرەوە هەیە» (ادبیات عرفانی، ویکی پدیا). شێعر بەهێزترین ژانری ئەدەبیی تەسەوفە. بەگشتی، زمان و ئەدەبیاتی مرۆڤایەتی لە دەربڕین و وێناکردنی دنیای عیرفان و تەسەوف کڵۆڵ و لاوازە و بەتایبەت لە ڕابردوودا کە ئاست و ڕووبەری جەغزی وشە و زانیارییەکانی مرۆڤ بەرتەسک و کەم بووە. ئیتر عارفان و پیاوانی ڕێگای تەسەوف دۆزینەوە و بینینەکانیان (مکاشفە و مشاهده) بۆ نەخراوەتە چوارچێوەی قسە و دەربڕین و ئەدەبیاتەوە. بە درێژایی مێژوو، بە هەزاران عارف و مرۆڤی بەرچاوڕوون هەبووە بەڵام تەنیا کەسانێکی وەک سەعدی، حافز، مەولانا، مەحوی، نالی و … توانیویانە گۆشەیەک لەو دنیا مەزنە بۆ موریدان و کۆمەڵگای مرۆڤایەتی وێنا بکەن.
«ج. ئە. سیمونەز ئەڵێ: «ئەو دۆخە کە[ بینیومە] بۆ خۆیشم شرۆڤە ناکرێ . ئارتوور کۆستلێر سەبارەت بە ئەزموون و ئەو دنیای مەعنەویاتە کە بینیویەتی دەڵی : واتای هەبوو بەڵام نەک لە چوارچێوەی وتەدا « (عرفان و فلسفه، ص 289). لە دنیای واقێعدا پێدەچێ لە ڕابردوودا بە سەدان کەسی بلیمەت و زانای وەک ئەنەیشتن هەڵکەوتبێ بەڵام بەهۆی ئەوە کە زمانی زارەکی و نووسیاری(شفاهی ـ نوشتاری ) لاواز بووە، ئیتر دوای مەرگیان هەموو زانیارییەکانیان لە گەل خۆیان بردۆتە گۆڕەوە. زمانی کۆمەڵگاکان لە ڕابردوودا زمانی دین بووە و گەشە و نەشەی زمان و ئەدەبیات و زانستیش پێوەندی بە گەشەی باری ئایینییەوە هەبووە، واتە زمان و ئەدەبیات، وزە و هێز و باری مانایی زاراوەکانی لە دینەوە وەرگرتووە. دەوڵەمەندیی زمان و ئەدەبیاتی عیرفانی ئیسلامی دوو هۆکاری سەرەکی هەبووە. یەکەم: عیرفانی ئیسلامی پێوەندی بە چوار مەزهەبی سەرەکیی ئیسلامەوە هەبووە و هەموو تەریقەتەکان ڕەوایی و مەشرووعییەتیان داوە بە یەکتر و ئەو ڕەوتە هەتا سەد ساڵ لەوە بەریش لە دنیای ئیسلامدا بە شێوەی نەگۆڕ درێژەی کێشاوە. دووهەم: جوغرافیای عیرفانی ئیسلامی بەرین و بڵاوە و پێکهاتە زمانییەکانی ئەو جوگرافیایە هەموویان بۆ دەوڵەمەندکردنی ئەدەبیاتی عیرفانی کەڵکیان لە توانستە زمانی و ئەدەبییەکانی یەکتر وەرگرتووە و شاعێرێکی موتەسەوف بۆ دەربڕینی جیهانبینییە عیرفانییەکان لە زمانی خۆی و چەندین زمانی دەوروبەری کەڵکی وەرگرتووە. هەرچەن زمانی عەرەبی لە بنەماڵەی سامییە و ئاریایی نییە، بەڵام عیرفانی ئیسلامی بەجۆرێک ئەو دوو بنەماڵە زمانییەی لێک نزیک و تێکەڵ کردۆتەوە کە شاعیران و ئاخێوەران و بەردەنگەکانی نێو ئەو بازنەیە بە باشی لێک حاڵی ئەبن. مامۆستایەکی کورد لە دیاربەکر و مامۆستایەکی بوخارایی و سەمەرقەندی بووستان و گولستانیان لەبەرە و هەروەها بە سەر زمانی عەرەبیدا زاڵن.
مانۆڕدانی ئەدەبیاتی عیرفانی لە بەشی شێعردایە. شێعری عیرفانی تایبەتمەندیی جیاوازی خۆی هەیە. تایبەتمەندییەکان بریتین لە؛ شێعری عیرفانی لە عاشقەوە (شاعیری سالک) بۆ مەعشووقە (پیر و مورشید، پێغەمبەری خودا یا پەروەردگار) کە ئەدەب و ئیخلاق و جوانیناسی تایبەتی تێدا ڕەچاو کراوە. ئەشعاری سۆفیانە ڕوو لە ژنی تایبەت (کچان و خێزانەکەی پێغەمبەر و …) نییە بەڵام ژنانی شاعیر و سۆفی لە مەدح و ستایشی گەورە پیاوان و گەورە ژنانی دیندا بەربەستێکی ئەوتۆیان لە بەردەمدا نییە. هێماکانی وەکوو قامەت، چاو، ئەبرۆ، زوڵف، برژانگ، مەی، شەراب، نەی و … لە ئەدەبی عیرفانیدا ئەوەندە زەق بۆتەوە کە بەڕاستی وەک هەوێن و هۆکاری گرساندنی شێعری عارفانە حەسابی بۆ ئەکرێ. لە سیراج والطریقدا هندێک لەو هێماگەلە بە مانای تایبەت لێکدراوەتەوە کە بریتین لە «چاو؛ (چاوەدێری خوداوەند، مراقبه الهی)، گەردن ؛(بێ نیازی استغناء)، برژانگ: (دەرد و قەهر)، ئەبرۆ (دواپلە، مقام قرب)، پیری موغان (مورشید و پیری کامڵ و تەواو محمدی)، زوڵف ؛(سیفاتی قەهر و تەریکخستن) ، تیر؛ (هاتنی فریشتەی غەیب)، بوتخانە؛ (بریتییە لە دنیای یەکڕەنگی و سڕینەوەی دوانەیی)، شەراب؛ (تەشقی ئەوین)» و … هتد (سراج الطریق صص 20-19). ئەو کۆد و ڕەمزگەلە هەر یەک مانا و واتای تایبەت بە خۆی هەیە و لە دنیای عیرفاندا ئەو ڕەمزانە دەکرێنەوە و نهێنیکاری و (لفافەگویی) دەوری نامێنێ. مەولانای ڕۆمی لە جیهانی ئیسلامدا و مەحوی لە کوردستاندا ڕچەشکێنی بواری شێعری عیرفانین. لێرەدا پرسیارێک دێتە ئاراوە کە بۆچی هێما و ڕەمزگەلی شێعری عارفانە هەم ژنانەیە و هەم ڕووی لە بەرزی بارییە (باریتعالی). سەبارەت بە وڵامی ئەو پرسیارە دوو هۆکاری سەرەکی هەیە کە لێرەدا بەکورتی ئاماژەی پێدەکرێ.
یەکەم: زمانی مرۆڤ لە ئاست عەقڵ و تێگەیشتندا لاوازە، واتە زمان تەنیا توانستی دەربڕین و پێناسەی ئەو دیاردانەی هەیە کە لە جیهانی ماددە و ماتڕیاڵی دەوروبەردا دەیبینین و لە لایەن نەوەکانی ڕابردووە بۆ ئێمە پێناسە و ناودێر کراوە. ئیتر مرۆڤ کاتێ دیاردەیەکی نوێی دیکە ئەبینێ لە ناوهێنان و ڕاڤەکردنیدا زمانی کۆڵ ئەبێ و دائەمێنێ. جا بابەتی عیرفان کە پێوەندی بە ئەودیوی دنیا و دیاردەکانەوە هەیە و هەزاران بەرابەر بەم دنیا ئاڵۆز و جەنجاڵ و ڕەنگاوڕەنگە، ئیتر زمانی مرۆڤ بەوگەدایی و هەژارییەوە کە لە بواری وشە و زاراوەدا هەیەتی، کەی ئەتوانێ تاوتوێ و ڕاڤەی ئەو دیمەنانە بکات. کاتێ زمانی مرۆڤ لە ئاست دەربڕینەکانی دنیای عیرفاندا لاواز و هەژارە و لەوەش گرنگتر بەشێک لە بینینەکان لەلایەن عارفانەوە دەبێ شاراوە و نهێنی بێ، ئیتر زمانی دەربڕینی مرۆڤ بە شێوەی خۆڕسک بەلای پێدا هەڵگوتنی مەجازی و دنیاییدا ئەشکێتەوە کە لە نێوان دوو ڕەگەزی نێر و مێدا لە جیهانی واقیعدا ڕوو ئەدات: واتە بە زمانی عەشق و ئەوینی مەجازی و دنیایی بەشێک لە حەقیقەتی دنیای عیرفان دەهێننە بەر باس و شرۆڤە.
دووهەم: خودا خاوەن بەخشەندەیی، نیعمەت و نازە و ئێمەی مرۆڤیش خاوەن کەمایەسی و نیازین. ئەو دیاردە لە ئاستی دنیای نێر و مێدا هەر بەو جۆرەیە. واتە ژن خاوەن نازە و پیاویش خاوەن نیاز.
آنک از نازش دل و جان خون بود چونک آید در نیاز او چون بود
مەولانا
کاتێ وێکچوونەکانی (تشابه) «مرۆڤ و خودا «و «مرۆڤ و مرۆڤ» بەوجۆرەیە و زمانیش لە دەربڕیندا کەمایەسی هەیە، ئیتر شاعێر و عارفەکانیش مەجبوورن لە چوارچێوەی دەربڕینی عەشقی مەجازیدا، عەشقی حەقیقی و خوداپەرەستی دەرببڕن و بشارنەوە. بە پێچەوانەی ئەدیانە ڕۆژهەڵاتی و ڕۆژهەڵاتییەکان کە خودا لە ڕواڵەتی ژندا پێناسە ئەکەن و باری ڕەگەزایەتی نێر و مێی پێ ئەبەخشن، لە عیرفانی ئیسلامیدا بابەتەکە جیاوازە. بەشێک لە سیفاتە جوانەکانی خودا لە جوانییەکانی سەر زەویدا شاراوەتەوە. بۆ نموونە، گوڵ تەنیا دو تایبەتمەندیی جوانی تێدایە،یا بۆنی خۆشە یارواڵەتی ڕەنگینە، تاوسی ڕەنگین چەن جوانییەکی تێدایە بەڵام لە مرۆڤدا بەتایبەت ژن زۆرترین جوانیی خۆی حەشار داوە کە هەر یەک لەو جوانییانە تیشکدانەوەی جوانی و سیفاتەکانی حەزرەتی حەقە. جەماڵ و کەماڵ لە ژندا لە تەشقی خۆیدایە. لێرەدا بەو ئاکامە دەگەین کە زمانی دەربڕین، پێداهەڵگوتن و خۆشەویستی (بیهەوێ و نەیهەوێ) بە لای باری مەجازیدا ئەشکێتەوە. دیسانەوە بۆمان ئەسەلمێ کە ئیبن عەرەبی بەو ڕازە گەورە و تایبەتمەندییانەی دەروونیی ژنی زانیوە بەڵام لە دەربڕیندا دوچاری کەمایەسی بۆتەوە، هەر بۆیە ئیستە لە شرۆڤەکردنی بۆچوونەکانی ئەو ڕۆشنبیرەی تەسەوفدا چەندین خوێندنەوەی جیاواز و دژبەیەک لە ئارادایە. لە کتێب و زۆربەی سەرچاوە کۆنەکاندا ئەو کەمایەسییە زمانییە هەیە بۆیە ڕاڤەکانی تووشی سەرلێشێوان کردۆتەوە. زوڵف و ئەگریجە لە ڕوانگە و شێعری عارفاندا چەندین باری مانایی دەگۆڕێ؛ وەکوو زوڵفی ڕەش بە تاریکی شەو، تاڵی قژ بە کەمەند، پەلکە بە ڕەش مار، قژ بە خەیاتە و کاکۆڵ، پەریشانی زوڵف بە پەرێشانی دڵ و،،،. هەربۆیە شاعێران توانایی مانۆڕدانیان لە بواری مەجازیدا زیاترە.
ئیبنوعەرەبی: محیالدین عەرەبی وەک زانایەکی بواری عیرفان سەبارەت بە پلە و پێگەی ژن لە عیرفاندا بۆچوونی تایبەتی خۆی هەیە و بە پشتبەستن بە فەرموودەیەکی پێغەمبەر(دخ ) کە لە دنیادا( ژن، بۆنی خۆش و نوێژ)ی بە خۆشەویسترین دەزانێ، شرۆڤەیەکی بەربڵاوی هێناوەتە ئاراوە. ناوبراو پێی وایە بەرزیی پلەی ژن لە لای پێغەمبەر، پێوەندی بە ئەمری خوداوە هەیە و ئەو حەدیسە لە ڕاستیدا تیشکدانەوەی ڕوانین و بۆچوونی خودایە سەبارەت بە شکۆ (جلال) و جوانی (جمال) ژن. ناوبراو دەڵێ «لە تێپەڕاندنی پلەی عیرفانیدا هیچ جیاوازییەک لە نێوان ژن و پیاودا نییە، بەڵکو ژنان خاوەن سیفاتێکی دیکەن کە بەدیهێنەرە (خالق)، بەڵام پیاوان ئەوەیان نییە» (نقشهای زنانه در اندیشه بودایی و ابن عربی.ویکی پدیا). ئەو بۆچوونەی ئیبنو عەرەبی باسی لێکچوونی خولقێنەری خوداوەند و ژن ئەکات، ئەگینا هەموومان بە پیاو و ژنەوە مەخلووقی خوداین. ئەو زانایە ڕازی خۆشەویستیی ژن لە فەرموودەیەکی پێغەمبەردا (د.خ) ئەبینێ کە «زاتی پەروەردگار گەورەتر لەوەیە کە ڕاستەوخۆ خۆی نیشانی بەندەکانی بدات هەر بۆیە هەر دیمەن و ڕواڵەتێک کە هەڵگری سیفاتی زیاتری ئیلاهی بێ باشتر خوداوەند وێنا ئەکات و لەو بوارەشدا ژنان خاوەن تایبەتمەندیی زیاتر لە پیاوانن، هەر بۆیە جوانییەکانی خودا زیاتر لە خۆیدا وێنا کردووە» (زن در آیینه جلال و جمال، ص 237).
ئیبنوعەرەبی پێێ وایە کە ژن خاوەن جوانییەکی لەڕادەبەدەرە. جوانیی دەم و چاو بەشی بچووکی ئەو جوانیەتە. جوانیی سەرەکی لەوەدایە کە ژن خاوەن تایبەتمەندیی کارا (فاعل) و بەرکارە (منفعل).ناوبراو پێیوایە کە ئەگەر ژن لە پەراسووی پیاو درووست بووە ئەوا لە لایەکی دیکەوە حەزرەتی مریەم بێ نیاز لە پیاو بە ئەمری خودا حەزرەتی عیسا دەخولقێنێ. کاتێ کە ژن خولقێنەرە، ئیتر ڕەحم، بەزەیی، ئەوینداری سەبارەت بە منداڵەکانی خۆی و تەنانەت منداڵی خەڵکی و بەچکەی ئاژەڵانیش، لە پیاو زیاترە. خۆشەویستیی پیاو بۆ ژن دیسان یەکێ لەو هێزە دروونی و سەرنجڕاکێشانەی ژنانە. «مەحیەدین پێی وایە کە وەسڵەت و نیکاحی ژنان، وەسڵەتێکی ڕۆحانییە.» (زنان و سیر و سلوک عرفانی).
ئیبنوعەرەبی لە دۆخێکدا ژیاوە و پەروەردە بووە کە ژنان لە پێگەیاندنیدا دەوری سەرەکییان هەبووە. «دایک و خوشکی ناوبراو هاندەری سەرەکی بوون، بۆچوونە نێو دنیای سۆفیگەری،دایکێکی دیکە وەک دایکی مەعنەوی (فاطمه قرطبه) کە ژنێکی عارفەیە، لە پێگەیاندنی ناوبراودا دەورێکی باشی ئەبێ. شیعرەکانی مەحیەدین کە سەبارەت بە دایکی مەعنەوی هۆنییەتەوە، بە جۆرێک وەسف و ستایشی کردووە کە مرۆڤ وادەزانێ ڕووی لە کچێکی چواردەساڵەیە، لە حاڵێکدا دایکی مەعنەوی نەوەد ساڵ تەمەنی هەبووە. نیزام ئیسفەهانی کە ژن و عارفەیەکی دیکەی ئێرانیە و لە حەجدا ئیبنۆعەرەبی بینیوە، زۆرترین کاریگەری لەسەر ڕوانگەی ناوبراودا داناوە و تەنانەت شێعری ئەویندارانەی پێدا هەڵگوتووە. خێزانی ئیبنو عەرەبی یەکێکی دیکە لە عارفانی سەردەمی خۆی دەبێ و لە ڕەوتی دینداریدا یارمەتیدەری سەرەکی دەبێ. بەگشتی، ئیبنوعەرەبی لەگەڵ ژنانێکی عارف و ئەهلی تەسەوف کە هاوچەرخی خۆی دەبن، پێوەندی و ئاوەن و ڕەوەنی هەبووە. ئەوەش نموونە شێعرێکی مەحیەدینە سەبارەت بە نیزامی ئیسفەهانی کە زیاترین کاریگەری لەسەری هەبووە:
نەخۆشی من لە ئەوینی چاوە خومارەکانیەتی
بە یادیەوە دەرمانم کەن
ئەوینی من بەهۆی ئەو نازپەروەردە و ناسکەژنەوە درێژەی کێشا
کە خاوەن ڕێک و پێکی و قسە و دەنگوباسە
ئەویش لە شازادەکانی ئێرانە»
(نقشهای زنانه در اندیشەهای بودایی و ابن عربی).
ئەشعاری عارفانە بە درێژایی مێژوو، دیندار و بێ دین، ڕاست و ناڕاست و ئەویندار و بێ ئەوینی لە ناو باخ و بۆلاخی جوانییەکاندا دێوانە و سەرگەردان کردووە. لە دوای شێعر و دەقە عیرفانییەکان، گۆرانی و سروودە دینی و عیرفانییەکان بۆ هەمیشە کەش و هەوای بێدەنگیی خانەقا و تەکیەییان شکاندوە و سۆفییەکان بە هۆی ئەو ئاهەنگانەوە سەرمەستتر و تامەزرۆتر، ڕێگای عیرفانیان درێژە پێداوە. زیکر و ئەورادە عیرفانییەکان کە تێکڵاو و بە ئاهەنگی تایبەت کراوە، حاڵ و دۆخی ڕۆحیی موریدان و پەیڕەوانی تەریقەت ئەگۆڕێ. لە عیرفانی ئیسلامیدا ژنان ناتوانن لە حەڵقەی زیکردا سروود و گۆرانی بچڕن مەگەر ئەوەی کە کۆڕەکە بەتەواوی ژنانە بێ. لە ئاینەکانی دیکەشدا سروودی عیرفانی بەدی ئەکرێ بۆ نموونە هۆرە و موورە وەک ئاهەنگێکی تایبەتی یارسانەکانی کوردستان نزا و پاڕانەوەیە لە ئاهوورامەزدا و سۆزێکی تەواو عیرفانی هەیە و هەروەها ژنان دەتوانن هۆرەچڕ بن.
شێخانە ئاهەنگێکی تایبەت بە خانەقاکانە و هەروەها دەستپێکی گۆڕینی حاڵی موریدان و گەرم کردنی کۆڕی زیکری بەدواوەیە. شێخانە لە تەریقەتی قادریدا گۆڕانکاریی بەرینی بە خۆوە دیوە و بێجگە لەوەی کە لە تەکیەکاندا ئەنجام ئەدرێ، لە شەقام و کۆڵانەکانیشدا لە کاتی ئیرشادی دەروێشەکاندا بە هێما و ڕەفتارگەلی وەک بەیاخی سەوز، دەف و تەپڵ لێدان، شمشێر، زرک وەشاندن ، خۆبریندارکردن و … مەناسکی عیرفانی بەجێ دەهێنن. لە ناو پێڕەوانی مەزهەبی تەشەیوعدا مەرسیەچڕین و نەوحە خوێندن ئاهەنگی تایبەت بە بۆنە تایبەتەکانی وەک عاشوورا و تاسووعا و چلەی حوسەینی و ،،، . لە کەش و هەوای عیرفانیی شێعەکاندا، مەداحەکان پیاون بەڵام ژنانیش لە سینگکوتان و شینگێڕییەکاندا وەک پیاوان بەشداری ئەکەن. مەداح دەتوانێ وەسفی حەزرەتی فاتمە،حەزرەتی زەینەب و … بکا. لە بەڕێوەبردنی مناسکی دەروێشەکان و ڕێوڕەسمی عاشوورا و تاسوعای ئەهلی تەشەیودا لێکچوون و نزیکی زۆرە . لە هەورامانی تەخت زەماوەندی پیرشالیار کە مەراسمێکی عیرفانییە، بە پێچەوانەی کۆڕە عیرفانییەکانی دیکە کە لە نێو خۆف و ڕەجادایە، لێرەدا شادی و هەڵپەڕکێی کوردی تێکەڵ بە زیکر و ئەورادی ئیسلامی کراوە .پێدەچێ ئەو ڕێوڕەسمە تێکەڵێک بێ لە دو عیرفانی کۆن و نوێ.
لە سۆفیگەریی ئیسلامیدا ژنان زۆرترین ڕێژەی بەشدارییان هەیە و لە سەر بنەماکانی دین و لە ژێر سێبەری پیاواندا بەشداریی ڕێوڕەسمەکان ئەکەن. بەهۆی زۆربوونی فیرقە و لایەنی جۆراوجۆر، سۆفیگەریی ئیسلامی، گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە. مەزهەبی شێعە جیاواز لە هەر چوار مەزهەبەکەی دیکەی ئەهلی سوننەت، خوێندنەوەی تایبەتی لەسەرە.
یەکێ لە هۆکارە سەرەکییەکانی دوورکەوتنەوە و قووڵبوونەوەی کێشە و گرفتەکانی نێوان ئەهلی سوننەت و ئەهلی تەشەیوع، پرسی ژنە، «هاوسەرگیریی کاتی (متعه)، تەڵاق و جیابوونەوەکان و باسی میرات».(زنان پردەنشین و نخبگان جوشن پوش)
هەروەها پرسی فەوتی حەزرەتی فاتمە کە گوایە لەلایەن حەزرەتی عومەرەوە شەهید کراوە و هەروەها جەختکردنی پێڕەوانی ئەهلی تەشەیوع لەسەر بوختانی منافقان لەسەر حەزرەتی عایشە (دایکی موسڵمانان) کە خودا لە قورئانی پیرۆزدا تەئکیدی لەسەر داوێنپاکی کردووە، لە هۆکارگەلی دیکەن کە بۆتە هۆی ناکۆکی و جیابوونەوەی ڕەوتی شێعەگەری ل جوغڕافیای ئیسلامی سونە . تەسەوف و عیرفان سەر تا پا ئەدەب و ئیخلاق و خۆشەویستییە، هەر بۆیە هەر فیرقە و لایەنێکی مەزهەبی، بوغز و کینە و دوو دڵی و شەکاکییەتی سەبارەت بە دین و کەسایەتییە بەرچاوەکانی نێو بازنەی دین و هەروەها بایەخە ئیسلامییەکان ببێ، ئەوا کێشە و سەرلێشێواوی لە بواری تەسەوف و عیرفاندا بۆ درووست ئەبێ و تەنانەت ناتوانێ لە تەسەوفدا دەستکەوت و مەعنەویات بەدەست بهێنێ. لە نێو پێڕەوانی ئەهلی تەشەیوعدا بە دەیان فیرقە و ڕێچکەی جیاواز و دژبەیەک هەیە. غەلات،دوازدە ئیمامی،جەعفەری،حەوسی، باطنیه، فاطمیون، زەینەبیوون، بابیە، بەهایە، دەراویش گونابادی و … هتد نموونەی ئەو فیرقەگەلەن. سوننەکان پێیان وایە کە عیرفانی شێعەکان سەبارەت بە خۆشەویستیی حەزرەتی عەلی و حەزرەتی حوسەین و تەوەسول کردن، لە ڕادەبەدەر زیادەڕەوی تێدا کراوە. بەڵام لە چاخی ئێستەدا بەهۆی سیاسیی بوونی دینەوە هەم گۆڕانکاری لە عیرفاندا پێکهاتووە و هەم لایەنە دژبەرەکان بەهۆی ئەوە کە لەلایەن سەلەفییەکانەوە لە قەوارەی مەزهەبی شێعەدا خوێندنەوەیان بۆ ئەکرێ، بەڕاستی جۆرێک یەکگرتوویی و یەکدەستی لە نێوان ڕێچکە و فیرقە جیاوازەکانی شێعەدا درووست بووە.
وەهابییەت و پەل و پۆکانی لە ئایینی سوننەدا گەورەترین ئاڵوگۆڕیان لە ڕواڵەت و ناوەرۆکی دیندا پێکهێناوە. ئاڵوگۆڕەکە ئەوەندە بەربڵاوە کە نە ئیمکانی گەڕانەوە بۆ نێو بازنەی مەزاهب هەیە و نە گۆڕانکارییەکان بەوەشەوە ئەوەستێ کە پێشتر بووە. بەهۆی کرانەوەی درگای فتوا و بڕیاردانی تازە. خوێندنەوە و ڕاڤەکان لە دینی ئیسلامدا پەڕەی سەندووە .
لە ئایینی وەهابییەتدا دەیان ڕەوتی نەرم و نیان، توندوتیژخواز و ڕادیکاڵ درووست بووە. ئیسلامی بیدعە هەم مەزاهب ڕەت ئەکەنەوە و هەم ڕێبازی تەریقەت و تەسەوف دەسڕنەوە. لە ئایینی ئەهلی بیدعەدا سەبارەت بە ژنان، ڕیفۆرم و دەستێوەردان لە چوارچێوەی ئەحکامدا کراوە. پرسەکانی وەک» تەڵاق، نیکاح، میرات، شەهادەت و … چاکسازی و دەستێوەردانی تێدا کراوە»(نامیلکەی ئامۆژگارییەکانی کاک احمد موفتیزادە بۆ خوشکانی موسڵمان ). سڕینەوەی مەزاهب و تەسەوف بەڕاستی بەتاڵهێشتنەوەی بەشێکی زۆری دینە و دەقاودەق بە موتعەزەلە و فەلسەفەکردنەوەی سەر لە نوێی دینە. عیرفان لە وەهابییەتدا گرێ دراوە بە ئەو خوێندنەوە ڕواڵەتی و تەشریعییانە کە لە دین کراوە. لە عیرفانی وەهابییەتدا بابەتگەلی وەک تەوەسوڵ، تەبەڕوک، کەرامات شێخ و مورشید، ئەولیاالله و … بوونی نییە.
ئایینی وەهابییەت باوەڕی بە زاڵبوونی عەقڵ لە شرۆڤە دینییەکاندا هەیە. ئەڵبەت دەبێ ئەوە بگوترێ کە تەسەوف و عیرفان وەک شەریعەت و بگرە زیاتریش پێویستی بە هێزی عەقڵ و ئاوز هەیە. دنیای عیرفان ئەوەندە گەورەیە کە عارفەکان لەدوای دۆزینەوە و بینین (شهود و مکاشفە) بەزۆری بێدەنگی هەڵئەبژێرن چونکا «لەرازی ڕەبووبییەت تێگەیشتوون» (عرفان و فلسفه، ص 300) و ئیتر پێویستیان بە باس و هاواری زیاوە نییە. «وتەی زۆربەی عورەفا لەسەر ئەوەیە کە عیرفان زیاترە لە عەقڵ، لەوێدا وشەی زیاتر باری بایەخ پێدانە و شایەد مەبەست ئەوە بێ کە دنیای عورەفا ئاسمانییە نە خاکی. کاتێک عارفێک دەڵێ دۆزینەوەکانی (مکاشفه) لە دەرەوەی چوارچێوەی عەقڵە، مەبەستی ئەوە نییە کە لە دەرەوەی بنەماکانی عەقڵە، چونکا بەڕاستی دوایین وتەی ئەوەیە کە ژیانی عارفانە تەنیا ژیانێکی عەقڵانییەتە بۆ مرۆڤ» (عرفان و فلسفه، صص 263-262).
لە فەرهەنگی قورئانیدا، فێربوونی دەستووراتی دین و ناسینی مەعریفەت لە دوو ڕێگای دڵ (نزا) و ئاوز (حکمت) ئەنجام ئەدرێت. «بارودۆخی ژنان بەجۆرێکە کە لە ڕێگەی نزاوە (دڵ) ئامادەیی وەرگرتنی چەمکە دینییەکانی هەیە. هۆکاری داواکردنی پێغەمبەر (د.خ) بۆ فێربوونی ژنان لە دەستووراتی دین (علیکم بالدین العجائز) وێدەچێ بەو هۆکارەوە بووبێت چونکا ئیمان لە ژناندا لە دڵەوەیە و لایەنی ئیشراقی ئیمانی ژن زیاتر لە پیاوانە» (زنان و سیر و سلوک عرفانی).
ئاینی وەهابییەت پێی وایە کە لە دنیای تەسەوفدا «شیرک» و شەخسپەرەستی کە گەورەترین و نەبەخشراوەترین گوناحە، سەر هەڵدەدات.
ئەڵبەت ئەو حاڵەتە تا ڕادەیەک ڕاستە و لەناو هندێک فیرقەدا لە کاتێکدا سەر هەڵدەدات کە موریدەکان هەوڵ بۆ تێپەڕاندنی قۆناخە یەک لە دوای یەکەکانی تەسەوف نەدەن و هەموو تەمەنیان لە پەنای شێخ (فنا فی شیخ) و لە پەنای ڕەسووڵ (فنا فی رسول) چالاکی و هوڵەکانیان قەتیس بکەن ئیتر لەو دۆخەدا پێدەچێ مورید خۆشەویستی و حوببی خودا بدات بە مورشید و مەشایەخ. «لە کوردستان حەقەکان کە فیرقەیەکی سەر بە سۆفیگەرییە دەستیان لە نوێژ و ڕۆژو و هندێک مەناسکی دینی هەڵگرتوە و پێیانوایە کە گەیشتوون بە قۆناخێک لە عیرفان کەتەنیا زیکری اللە اللە و یاحەق یاحەق بەسە «(تاریخ جامع تصوف در کردستان ل 338). لە تەسەوف و عیرفاندا نە دوئالیزم هەیە و نە شەخسپەرەستی، بەڵکو سیدق و یەقین لەو دنیایەدا دەگات بە لووتکە. سالک لەو دۆخەدا هەم بە بینین (مشاهده) و هەم بە عەقڵ ڕێ بە مەزنی و جەلال و جەماڵی حەق دەبات و یەکلایی دەبێتەوە و لە زاتی ئەقدەسدا ئەتوێتەوە. «ئەوەی لە حاڵەتی ئیشراقدا ڕوو ئەدات، ئەوەیە کە ئیتر لە وەهمی دوانی و جیایی ڕزگار دەبیت و یەکانگیری و یەکگرتنەوە کە هێزی دەروونییە، چالاک دەبێتەوە» (فلسفه و عقل، ص 344). لە تەسەوفدا عەشق و خۆشەویستی دەگات بە تەشقی خۆی و لە جیهانی ماددە و زەمینیدا ئاگاداری بەشێک لە دنیای نەبڕاوەی ئەو دنیا ئەبی، هەر بۆیە عەشق و ئەوین لەو کاتەدا «هەوڵدانێکی هێورانەیە بەرەو توانەوەی شوناسی تاکەکەسی لە نەفسی گشتیدا» (عرفان و فلسفه، ص 342).
سۆفیگەری و عیرفان لە کوردستان: پاش قەبووڵکردنی ئایینی پیرۆزی ئیسلام، خەڵکی کوردستان مەزهەبی شافیعی و پاشان ڕێگای سەختی تەریقەتیان کردە پیشە. وڵاتی زاگرۆس بەر لە هاتنی ئیسلامیش وڵاتی دین و عیرفان و خواناسی بووە، هەر بۆیە پاش سڕینەوەی دینە پێشووەکان، دەستوورات و مەناسکی دینی تازە، ئەوەندە دژوار و سەخت نەبووە کە بۆیان بەڕێوە نەچێ. «مێژووی تەریقەت لە کوردستان بۆ پێنج شەش سەدە لەوەپێش دەگەڕێتەوە، گەرچی پێدەچێ بەر لەو مێژووەش پەل و پۆ و شاخەگەلێکی عیرفان لەو ناوچەیەدا باوی بووبێت» (تاریخ جامع تصوف در کردستان، ص 199). سەرەتا تەریقەتی قادری و دواتر تەریقەتی نەقشبەندی لە ماوەی پێنج شەش سەدەی ڕابردوودا، زۆربەی جەماوەری کوردستانیان لە ژێر سێبەری مەعنەویی خۆیاندا کۆ کردەوە. هەرچەن لە کوردستان تەریقەتەکانی دیکە وەکوو سوورەبەردی (سهروردی)، چەشتییە، قەلەندەری و … مورید و مەنسووبی تایبەت بە خۆیان هەبووە، بەڵام هیچیان وەکوو تەریقەتەکانی قادری و نەقشی ناو و ناوبانگیان نەبووە و نییە. لێرەدا پرسیارێک دێتە پێش کە بۆچی لەو پێنسەد ساڵەی دواییەدا ناوەندی تەسەوف هاتە کوردستان؟ وڵامی ئەو پرسیارە لە ڕاستیدا پێویستی بە لێکۆڵینەوەیەکی دوور و درێژ هەیە کە تاوتوێی سەردەمانی پێش تەسەوف لە کوردستاندا و بارودۆخی کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری، ڕۆحی و … خەڵک و دەسەڵاتی ئەو سەردەمە بکات. سەرهەڵدانی عیرفان لە کوردستان لە ڕاستیدا پێویستی بە پێش زەوینەیەکی دیموکراتیکی سیاسی، دینی، کۆمەڵایەتی و … هتد هەبوو کە لەو کاتەدا تەنیا لە کوردستان ژینگەیەکی تەندرووست و لەبار لە ئارادا بووە. لەو چاخەدا هەموو وڵاتانی دەورەبەر دەرگیری فیرقە و دەستەبەندییە دینییەکانی وەک وەهابییەت، بابییەت، بەهاییەت و …هتد بوون هەر بۆیە کوردستان کە لەو سەردەمەدا دوور بوو لەو دەستەبەندییانە بەڕاستی باشترین دەرەتان و بارودۆخی بۆ گەشەی تەریقەتی ڕاستەقینە کە ڕێگای شێخ سەعدی، حافز، مەولانا، شێخ عەبدولقادری گەیلانی،شاهی نەقشبەند و … بوو،پێکهێنا،. تەسەوف و عیرفانی ئیسلامی لە کوردستان کوردیزە بووە و هەروەها ئەو بەکوردیبوونە ڕۆڵی گرنگی لە داڕشتنی بیری ناسیۆنالیستی و نەتەوەخوازی لە کوردستاندا هەبووە. «کەلێنێکی گەورە کە لە ئەدەبی تەسەوفی ئێمەدا هەیە، ئەوەیە کە تا دە سەدەش کە لە ئیسلام تێپەڕیوە، بەو جۆرەی بشێ، زمانی کوردی بۆ خوێندنەوە و نووسین بەکار نەبراوە. گەورە پیاوانی تەسەوف بەهۆی هۆگرییان بە زمانی قورئان، هەوڵیان نەداوە بە زمانی خۆیان بنووسن» (تەسەوف چییە؟ ل 431).
لە ڕابردوودا، حوجرەکان سەرچاوەی خوێندەواری بووە و زمانی دین لەو کاتەدا زمانی عەرەبی بووە، هەر بۆیە ئێمەی کورد نابێ فرە گلەیی لە شاعیران و نووسەرانی کورد لە سەدەکانی دووردا بکەین، چونکا زمانی فارسیش تەنیا لە شێعردا بە شێوەی بەرچاو خۆی دەرخستووە ئەگینا دەق و تێکست بە زمانی فارسی لە هەموو بوارەکاندا زۆر کەم و دەگمەنە. لە کوردستان بەهۆی نەبوونی دەسەڵاتی بەهێز و ئارشیوی شاهانە، زۆربەی سەرچاوەکان یا فەوتاون یا ئەوەی لە کتێبخانە و مۆزەخانەکانی وڵاتانی غەیرە کورددا خۆیان بینیوەتەوە. لە سێ دەیەی ڕابردوودا بەهۆی کۆبوونەوەی خوێندەوارانی کورد لە خانەقاکاندا، بازاڕی شێعر و ئەدەبی کوردی گەرم بووە کە مەلای جزیری، فەقێ تەیران، نالی، مەحوی، مەولەوی و …دەستپەروەردەی ئەو قوتابخانەیەن بێجگە لە قەڵەمبەدەست و خاوەن هەستان، زۆربەی خەباتکارانی ڕێگای ئازادیی کوردستان بێجگە لە سمکۆ، هەموویان پیاوانی مەزهەوبی و پەروەردەی خانەقاکان بوون. ڕۆڵی ژنان لە سۆفیگەریی کوردیدا، ڕۆڵێکی شاراوەیە و بەزۆری لە پشتی پەردەوە دەوریان گێڕاوە. زاڵبوونی هەیمەنەی دین و باری ژیانی خێڵەکی، دەرەتانی بۆ خوێندەواریی ژنان نەهێشتووەتەوە، چونکا لە ژیانی خێڵەکیدا ژن شەرەفی خێڵە و بەهۆی چاوەدێریی بەربڵاو لەو پێکهاتەیەدا ئیمکانی دەرکەوتنی ژنان کەمترە. لە نێو دەسەڵاتی ئەردەڵانەکاندا کاتێ دەرەتانێکی کەم بۆ ژنان دێتە پێشەوە، مەستوورەی ئەردەڵان ئەدرەوشێتەوە کە یەکەمین ژنی مێژوونووسە لە جیهاندا.لە کوردستان ناوی گوندەکان بە زاراوەگەلی عیرفانیەوە بەدی ئەکرێ وەک سەی سادق،سەیدئاوا، سۆفیان،شێخان،دەگا شێخان و ناوی چیای عەواڵان لە هەورامان حەکایەت لە جێگە و پێگەی عەواڵ و خڵەوەنشینان لەو مەڵبەندەدا دەکات.
لە دنیای ئیمڕۆدا بازاڕی دین بەگشتی و تەریقەتەکان لە چاو جاران کاڵ و کەمڕەنگ بۆتەوە، ئیسلامی سیاسی دەوری زۆری لە کزکردنی تەکیە و خانەقاکاندا هەبووە وهەروەها ئەو ڕێبازە خەڵکی پەلکێشی بازاڕی سیاسەت کردووە. لە چاخی ئێستەدا ڕێژەی بەشداریی ژنان لە دنیای عیرفان و تەسەوفدا کەم بۆتەوە. کوردستانی ڕۆژهەڵات بە پێچەوانەی سێ بەشەکەی دیکە، ئیسلامی سیاسی کەمتر کاریگەری لەسەر جەماوەری ئیسلامی داناوە و تەریقەتەکانی نەقشبەندی و قادری هێشتا جێگە و پێگەی سوننەتیی خۆیان لە دەست نەداوە. زۆربەی تەکیە و خانەقاکان هێشتا ئاوەدانن و لەلایەن جەماوەری خۆیانەوە ئاوڕیان لێ ئەدرێتەوە. ژنان بە جیا لە پیاوان تەکیە و خانەقایان لە زۆربەی شار و گوندەکاندا هەیە و حەڵقەی زیکر و تەلیلە ئەبەستن. بەهۆی پێگەی مەعنەوی و کەسایەتیی بەرزی شێخ عوسمانی نەقشبەندی دووهەم خەڵکی کوردستان بە شانازییەوە قسە ، دەنگوباس و بەسەرهاتەکانیان لە گەل ئەو زاتەدا ئەگێڕنەوە. لە باری دەرمانییەوە، زانستی پزشکیی سەردەم لە نوسخە و دەرمانگەریی حەزرەتی شێخ، داماوە. نازناوی ئیبنەسینای دووهەم بەڕاستی شایانی ئەو زاتە گەورەیە. لە سەر ئاستی ئێراندا تەریقەتەکانی نەقشبەندی لە تاڵش، تورکمان سەحرا و سیستان و بەلووچستاندا جەماوەری بەربڵاویان هەیە. تەریقەتی قادری لە شارەکانی تاران، شیراز،باکووری ئێران و … تەکیەی تایبەتان هەیە و لە نێو پێڕەوانی ئەهلی تەشەیوعدا شوێنکەوتوو و هۆگریان هەیە. تەریقەتی نەقشبەندی هەر ئێستەش لە پێگەیاندنی مامۆستایانی ئایینی و پێدانی ئیجازەنامەکاندا بڕیاردەری سەرەکین و مینبەر بەدەستیانەوەیە. چاپی کتێب و پەرتووکی دینی بەتایبەت بە زمانی کوردی لە سەر دەستی مامۆستایانی ئایینیی ئەو قوتابخانەیەدا ئەنجام ئەدرێ. تەریقەتەکان ڕۆڵی سەرەکییان لە مانەوەی شوناسی دینی و نەتوانەوە لە نێو مەزهەب و زمانی نەتەوەی باڵادەستدا هەبووە . لێکۆڵینەوەی مەیدانی و کتێبخانەیی سەبارەت بە باری دەرمانگەریی و پزیشکی لە تەسەوفدا،عیرفان و کاریگەری لەسەر ژنان، عیرفان دوورەپەرێزی لە سیاسەت و کاری حکوومەتی و … دەتوانێ زۆر لایەنی ونبوو و ناڕوونی مێژووی کۆمەڵایەتی و دینی و سیاسیمان بۆ ڕوون بکاتەوە.
سەرچاوەکان:
ـ مرنیسی، فاطمه، زنان پردەنشین و نخبگان جوشن پوش- نشر نی
ـ مصنف چوری، سراج الطریق و راهنمای اهل تحقیق، به اهتمام میرزای هەورامی
ــ آملی، آیت الله عبدالله جوادی، زن در آیینه جلال و جمال
ــ هام. مگی. فرهنگ نظریەهای فمنیستی. مترجمان: فرخ قرەداغی، فیروزه مهاجر، نوشین احمدی خراسانی
ــ جین هولم و جان پوکر، زن در ادیان بزرگ جهان. ترجمه علی غفاری. چاپ و نشر بین الملل
ــ ادلر، دینهای چینی. ترجمه حسن افشار. نشر مرکز
ــ السعداوی، نوال. چهره عریان زن عرب. مترجمان: مجید فروتن، رحیم مرادی
ــ علیجانی، رضا. زن در متون مقدس. انتشارات روشنگران و مطالعات زنان
ــ روحانی، کمال. تاریخ جامع تصوف کردستان. انتشارات سامرند
ــ نەقشبەندی، شیخ امین شیخ علاالدین، تەسەوف چییە؟
ــ ستوده، سیامک. زن و سکس در تاریخ
ــ استیس، والترت. عرفان و فلسفه. ترجمه بهاالدین خرمشاهی، سروش
ــ تایرناس، جان. تاریخ جامع ادیان. مترجم علی اصغر حکمت
گلسرخی، ایرج. تاریخ جادوگری، نشر علم، 1377
ــ کسنزانی حسینی، شیخ محمد. تصوف، مترجم سیف الله مدرس گرجی
ــ کانت. کمدی الهی. جلد اول. ترجمه شجاع الدین شفا. انتشارات امیرکبیر، تهران، 1389
ــ روستەمی، حاجی مەلا ئەحمەد. بیر و باوەڕی ئیمانداران
مهری زینی، یدالله جلالی پندری. ــ زنان و سیر و سلوک عرفانی، نشریه علمی پژوهشی، شماره دوم، 1388
ــ آزاده مدنی- ابوالفضل محمودی، نقشهای زنانه در اندیشه بودایی و ابن عربی (ویکی پدیا)
ــ حسینی، مریم. زنان سوفیایی در رویاهای عارفان (ذوالنون و ابن عربی) . ویکی پدیا
ــ آستین. آر. دابلیو، جی. ابعاد زنانه در تفکر ابن عربی. ترجمه فروزان راسخی (ویکی پدیا).
لێرەدا جێی خۆیەتی سپاسی ئەو بەڕێزانە بکەم کە بە ڕاوێژ کردن لە گەلیاندا زۆر باس و بابەتیان بۆ ڕوون کردمەوە.
ــ مامۆستا جەمال واژی
ــ مامۆستا جەمیل ئەشتا
ــ کاک فەخرەدین ئامێدیان
ــ کاک فەرەیدوون مەلەکی(یارسان )
ــ د. مەسعود بیننەدە
ــ د. ئەحمەد ئەحمەدیان
ــ د. حسەین خەلیقی
ــ د.مهرداد عربستانی نووسینی: ف.پ- ڕێباز