ف.پ، ڕێباز
بەشی دووهەم
سۆفیگەری لە ئەدیانەکانی ڕۆژهەڵاتدا تەنیا لە ڕێوڕەسم و بۆنە سیمبۆلیکەکاندا ڕەنگدانەوەی ماوە، ئەگینا بەتەواوی چەواشە کراوە و تێکەڵی سیحر و جادوو بووە. ئەگەر بە وردی دابەزینە نێو دابی جادووگەری، دەبینین کە تەنانەت ئەو دابەش ڕەگەزایەتی کراوە و سیحر ژنانە و سیحری پیاوانە لێک جیا کراونەتەوە. جادووی ژنانە لە هندێک ئاکاری وەک فاڵگرتنەوە، دەرمانگەریی سرووشتی، پێشگۆیی، دۆعای ڕەش و …هتددا خۆی دەبینێتەوە بەڵام سیحری پیاوانە لە هندێک ئاکاری گەورەتر، توندوتیژخوازتر و ئەهریمەنیدا خۆی دەرخستووە. مورتازەکانی هیندستان نموونەی زیندوو و بەرچاوی پرۆسەی جادووگەرین. لە کوردستان کولییەکان (قەرەچییەکان) نموونە و یادگاری ئەو سەردەمەن کە بە پێی بۆچوونە مێژووییەکان ئەوان لە بنەڕەتدا لە ناوچەکانی هیندستان و میسر دەرکراون و پەریوەی وڵاتانی جیهان بوون و تەنانەت ئێستاش دابی فاڵگرتنەوە،پێشگۆیی و … لە نێودا ماوە.
لە سەردەمی ئێستەدا بەهۆی پێشکەوتنی زانست و تیکنۆلۆژییەوە و هەروەها سەرهەڵدانی بیرۆکە فمینیستییەکان، ئاڵوگۆڕ لە ئەدیان و تەریقەتە ڕۆژهەڵاتییەکاندا پێکهاتووە و ئەو ڕچە و ڕێبازە دینییانە بە خەستیی ڕابردوو دەوری نەماوە و ڕیفۆرماسیۆنی دینی لەوێدا سەری هەڵداوە “نەمانی ڕەهبانییەت و چاکسازیی دیکە لە شێوازی مەناسک و ڕێوڕەسمەکاندا” (زن در ادیان بزرگ جهان، ص 72) نموونەی ئاڵوگۆڕەکانی سەردەمی ئاینەکانن. ڕەوتە فمینیستییەکان ڕوانگەی جۆراوجۆریان سەبارەت بە عیرفان و مەعنەویەتی ژنانە هەیە و هندێکیان “مەعنەویاتیان بە ئەندازەی مافی مادی و بگرە زیاتر بۆ ژنان بە لاوە گرنگە” (فرهنگ نظریەهای فمینیستی، ص 434) تەنانەت فمینیزمی مەعنەوی وەک ڕێبازێکی فمنیستی لە دنیای ژناندا بابەتێکی ڕۆژەڤە. سیمۆن دووبوار وەک فمنیستێکی چەپ هێرش ئەکاتە سەر چەمکی دین و عیرفانی ژنانە و لە دەقێکی چیرۆکئاسادا باسی ژنانی عارف ئەکات کە “بە عەشق و تامەزرۆییەوە ئیرادەی خۆیان بە خودای درووستکراو و ڕەگەزی نێر دەبەخشن” (جنس دوم، صص 609-608)۰
جوولەکە و نەساری؛ ئەو دوو ئایینە لە بنەماڵەیەکن و بەنی ئیسراییلین. جوگرافیای سەرهەڵدانی ئەو دوو ئایینە لێک نزیکە و هەر بۆیە کاریگەرییان لەسەر یەکتر هەبووە و تەنانەت مەسیح درێژەدەری ئایینە جووە. ئایینە یەکتاپەرەستەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەلای یەکتردا ڕەواییان پێدراوە و دینی ئیسلام وەک دوایین دین بە ئەرێنی باسی هەموویانی کردووە. تەنانەت حەزرەتی مووسا و حەزرەتی عیسای بە (ئولولعەزم) ناوبردووە. ڕەواییدان و تێکەڵی و هاوپەیوەندیی ئەو ئایینانە لە ئاستێکدایە کە دینی ئیسلام پێیوایە لە ئاخر زەماندا حەزرەتی عیسا ڕزگاریدەر و بکوژی دەجاڵە و ،،،،
سرووشتی ئایینە یەکتاپەرەستەکان جیاوازە لەگەڵ ئایینە بوتپەرەستەکان و هەر بە پێی ئەو سرووشتەش هەڵسوکەوت و ڕوانگەکان سەبارەت بە ژن جیاواز بۆتەوە. ئەو دوو ئایینە بە درێژایی مێژوو ڕووبەڕووی گۆڕانکاریی بەرین و بەربڵاو بۆتەوە و کتێبەکانی ئینجیل و تەورات بە دەیان جار لەلایەن کەسانی جیاوازەوە نووسراوەتەوە و دەستێوەردانی تێدا کراوە، هەر بۆیە ناتوانین وەک سەرچاوەیەکی ڕاستەقینە و جێی متمانە بۆ لێکۆڵینەوە کەڵکی لێ وەربگرین. کاتێک دۆخەکە بەوجۆرە بووە، ئیتر ناکرێ وەک ئینجیل و تەوارتی ڕاستەقینە حەسابیان بۆ بکرێ. بە هەر ئەندازە و ڕادەیەک لە دینەکاندا چەواشەکاری ڕووی دابێت، ئەوا لە تەسەوف و عیرفانیشدا بەو ڕێژەیە چەواشەکاری و دوورکەوتنەوە لە ڕێگای راستی ڕوویداوە. سۆفیگەری و دین لێک جودا نین، چونکا دینەکان بێجگە لەوەی لە بەرامبەر سەرکێشی و دەستدرێژییەکانی ستەمکاراندا وەستاونەتەوە، پێڕەوانیشی هان داوە بۆ ڕەچاوکردنی ژیانی ساکار و ئاسایی. حەزەراتی مووسا و عیسا لە بەرامبەر فەراعنە و ستەمکاراندا وەستاونەتەوە. پێگەی ژنان لە سەردەمی ئەو دوو پێغەمبەرانەدا باش نەبووە و گێڕانەوە و چیرۆکە دینییەکان ئەو ڕاستییەیان دەرخستووە. بەر لەوەی حەزرەتی مووسا لە دایک ببێ، بەهۆی تەعبیر و مانای خەونی فیرعەونێکەوە هەموو منداڵە نێرینەکان یا لە نێو براوە یا ونیان کردوون، بەڵام منداڵانی کچ کە لە دایک بوون، هیچ گرنگییەکیان پێ نەدراوە و نەکوژراون. کۆشکی فیرعەون، حەرەمسەرا و کەنیزی زۆری لێ بووە. بەر لە فیرعەون، ئایینی یەکتا پەرەستی هەبووە و تەنانەت فیرعەون وەک لە سەرچاوەکاندا باسکراوە، خودای ناسیوو و لە تەنیایی خۆیدا لە خودا پاڕاوەتەوە .فیرعەون لە سەر تەختی پاشایدا بانگەشەی خودایی کردووە. وێدەچێ فیرعەون یەکێ لە سیفاتەکانی خودا کە تایبەت خۆیەتی (متکبر) پێرەو کردووە.. هەر بۆیە چارەنووسی بەو جۆرە گۆڕاوە. ژنانی ناو کۆشکی فیرعەون بە پێچەوانەی پیاوان یەکتاپەرەست بوون. ئاسیە خێزانی فیرعەون ژنێکی بەبڕوا بووە و بە شێوەی پەنامەکی پەروەردەکردنی منداڵێکی نێرینەی قەدەغەی وەئەستۆ گرتووە. ئایینی جوولەکە سەبارەت بە ژنان توندوتۆڵتر هەڵوێستی گرتووە، تەنانەت بەشێک لە مەحارمەکان لە سەردەمی حەزرەتی مووسا بەدواوە سەری هەڵداوە،بۆ نموونە حەزرەتی مووسا “میمک یا خوشکی دایکی بە مەحرەم ناسیوە و هاوسەرگیری لەگەڵدا قەدەغەن کردووە” (زن در ادیان بزرگ جهان، ص 193). فێرکردنی دەستووراتی ئایینی جوو لەلایەن باوکەوە سەبارەت بە منداڵەکان جەختی لەسەر کراوە، بەڵام ئەو فێرکارییە بەپێی یاسای کۆنی یەهوودییەکان (هالاخا) بۆ کچان نەبووە. دواتر بەهۆی بڵاوەپێکرانی جوولەکەکان بە جیهاندا، شرۆڤە و ڕاڤەی نوێ سەر هەڵدەدات و بەپێی پێویست، ڕیفۆرم و گۆڕانکاری لە دۆخی ژناندا پێک دێ و بەرەبەرە دەقە دینییەکان فێری ژنان و کچانیش ئەکرێ. ژنانی بەناوبانگی “سەرەتای ئایینی یەهوود بریتین لە سارە، ڕیکا، لیە، ڕاحل، دەبوورە، میریام (خوشکی مووسا)، هولدە و … هتد کە ڕۆڵی گرنگیان لە گەشە و پەرەپێدانی ئایینی یەهووددا هەبووە.
بەپێی ئەو ڕیفۆرمانەی کە بە تێپەڕینی زەمەن لە ئایینی یەهووددا درووست بووە، ژنان بەڕێوەبردنی کەنیسەکانیان وەئەستۆ گرتووە” (زن در ادیان بزرگ جهان، ص 192).
حیجاب و باڵاپۆشی و داوێنپاکی لە ئایینی یەهوودا جەختی لەسەر کراوە. “تەڵاق کاتێک لەلایەن پیاوانەوە بەسەر ژناندا سەپاوە کە ژن یا تووشی زینا بووە یا بێ حیجاب بووبێ” (زن در ادیان بزرگ جهان، ص 211).
تەسەوفی ژنانە لە ناو یەهوودییەکاندا بە پێچەوانەی ئەدیانی ڕۆژهەڵانی کە ڕاهیبە بوون، نەیانتوانی بەڕێوەبەری کەنیسە بن و مێردیان هەبێ. کچان و ژنانی لاو و بێوەژنان لە کەنیسەدا دەستدرێژی نەکراوەتە سەریان. هەرچەن ئایینی یەهوود وەک سەرجەم دینەکان پیاوسالارە، بەڵام لە بەڕێوەبردنی دەستوورات و مەناسکی دینیدا ژنان بێجگە لە کاتی سووڕی مانگانە و دووگیانی، وەک پیاوان مافی بەشدارییان هەبووە. بارودۆخی داسەپاوی سیاسی بەسەر پێڕەوانی ئایینی یەهوود و دەرکردنیان لە وڵاتی خۆیان هۆکارێک بوو بۆ ئەوەی ژنانی یەهوود بۆ بژێوی ژیان وەک پیاوان بەشداری کاروبارە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان بن. تەریککەوتنی ئایینی یەهوود هۆکارێکی دیکە بوو بۆ بەشداریی زیاتری ژنان لە پرۆسەی بەڕێوەبەریدا کە وێدەچێ لەو بوارەدا ڕێژەی بەشداریی ژنانی یەهوود لە هەموو ئایینەکانی هاوچاخی خۆی زیاتر بووبێ. ئایینی مەسیحی لە دوای ئایینی یەهوود هەر لەو جوگرافیادا سەری هەڵدا. دیاردەیەکی تازە سەبارەت بە ئایینی مەسیحییەت ئەوەیە کە دوو کەسایەتی لەوێدا دەبنە هێما و سیمبول. کەسایەتیی حەزرەتی مریەم وەک هێمایەکی ژنانە هەم گرنگایەتییەکی جیاوازی هەیە و هەم کاریگەری لەسەر پێگەی ژنانی دوای خۆی هەبووە. گرنگییەکە لەوەدایە کە حەزرەتی مریەم بە کچێنی و داوێنپاکی مایەوە و هەم منداڵێکی بە ناوی عیسا پێبەخشرا کە یەکێ لە گەورەترین پێغەمبەرەکانە کە کاریگەری لەسەر کۆمەڵگای مرۆڤایەتی هەبووە. گەورەبوون و دەرکەوتنی ژنێکی داوێنپاک لە قەوارەی دینی مەسیحدا بووە هۆی ئەوە کە ژنان بەزۆری ڕوو لە دەستووراتی دین بکەن. عیرفانی مەسیحییەت سەبارەت بە ژنان جۆرێک پارادۆکس و سەرگەردانی تێدا بەدی ئەکرێ. ئەو پارادۆکسە ئەوە بوو کە ژنان دەبوا یان وەکوو مریەمی موقەدەس کچێنی و مێردنەکردن بکەن بە پیشە و ببنە ڕاهیبە. لە لایەکی دیکەشەوە حەزرەتی مریەم بە ئەمری خودا ئەو دۆخەی بۆ پێش هات بەڵام بۆ ژنانی شوێنکەوتووی مەسیح ئیتر ئەو ئیمکان و دەرەتانە نەهاتە پێش کە بۆ حەزرەتی مریەم ڕووی دا. ئەو ژنانەی کە ژیانی بێ پیاوییان هەڵبژارد، بوونە ڕاهیبە و ئەوانەش کە هاوسەرگیرییان کرد بوونە کەسانێکی دینداری ئاسایی کە تەنیا لە کلیسەکاندا دەستووراتی دینییان بەڕێوە دەبرد. قەبووڵکردنی ڕواڵەتی دین بۆ هەموو کەس تەنانەت بۆ ژنانیش ئاساییە بەڵام چوونە نێو قووڵایی دین و بڕینی قۆناخەکانی تەسەوف هەم بۆ پیاوان و هەم بۆ ژنان قورس و کێشەسازە. لە هەموو دینەکاندا ژنان وەکوو پیاوان پلەی تەسەوف و عیرفانیان بڕیوە بەڵام بەهۆی باری سایکۆلۆژی و فیزیۆلۆژییەوە هندێک کۆسپ و تەگەرە و بەربەست بۆ ژنان دێتە پێش کە نابێ حاشا لەو بابەتە بکرێ. ئایینی مەسیحییەت بە درێژایی مێژوو گۆڕانکاری بە خۆوە دیوە. ئەو گۆڕانکارییانە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر عیرفانی مەسیحی هەبووە.هەرچەن لە سەردەمی “عەتیقدا دژایەتی لە گەل پەیکەردا کراوە و بە هێمای بوت پەرەستی ڕاڤە کراوە بەڵام دوای مشت و مڕێکی زۆر و درێژەدار،هێدی هێدی بە مەرج و یاسای تایبەت مۆڵەت و دەرەتانی وێنە و پەیکەری مریەمی پاک و حەزرەتی عیسا لە کلیسەکاندا دەدرێت”.(زن در آیین مسیحیت.ل۷۴ ) “درووستکردنی پەیکەر و کێشانی وێنەی حەزرەتی مریەم و حەزرەتی عیسا لە کەلیسەکاندا و تێکەڵیی ژن و پیاو لە کاتی نزا و پاڕانەوەدا جۆرێک ڕیفۆرمە کە بە درێژایی مێژوو بەرەبەرە درووست بووە. یەهوودییەت و مەسیحییەت هەردوو بە چڕی جەختیان لەسەر داوێنپاکی کردووە و سەبارەت بە زیناش حوکمی توندیان دەرکردووە. تابۆی زینا سەبارەت بە منداڵان و ژنان وەک دەرس و وانە وتراوەتەوە و داوێنپاکیی هەموو کچان بە داوێنپاکیی مریەمی موقودەسەوە گرێ دراوە. “لە ئایینی مەسیحییەتدا ژنان دەتوانن ببنە قەشە. قەشەکان مافی هاوسەرگیرییان نییە تەنانەت لە نێو خۆیاندا.” (زن در ادیان بزرگ جهان، صص 115-114).