لە نووسینی: ف.پ- ڕێباز
یەکەم: زمانی مرۆڤ لە ئاست عەقڵ و تێگەیشتندا لاوازە، واتە زمان تەنیا توانستی دەربڕین و پێناسەی ئەو دیاردانەی هەیە کە لە جیهانی ماددە و ماتڕیاڵی دەوروبەردا دەیبینین و لە لایەن نەوەکانی ڕابردووە بۆ ئێمە پێناسە و ناودێر کراوە. ئیتر مرۆڤ کاتێ دیاردەیەکی نوێی دیکە ئەبینێ لە ناوهێنان و ڕاڤەکردنیدا زمانی کۆڵ ئەبێ و دائەمێنێ. جا بابەتی عیرفان کە پێوەندی بە ئەودیوی دنیا و دیاردەکانەوە هەیە و هەزاران بەرابەر بەم دنیا ئاڵۆز و جەنجاڵ و ڕەنگاوڕەنگە، ئیتر زمانی مرۆڤ بەوگەدایی و هەژارییەوە کە لە بواری وشە و زاراوەدا هەیەتی، کەی ئەتوانێ تاوتوێ و ڕاڤەی ئەو دیمەنانە بکات. کاتێ زمانی مرۆڤ لە ئاست دەربڕینەکانی دنیای عیرفاندا لاواز و هەژارە و لەوەش گرنگتر بەشێک لە بینینەکان لەلایەن عارفانەوە دەبێ شاراوە و نهێنی بێ، ئیتر زمانی دەربڕینی مرۆڤ بە شێوەی خۆڕسک بەلای پێدا هەڵگوتنی مەجازی و دنیاییدا ئەشکێتەوە کە لە نێوان دوو ڕەگەزی نێر و مێدا لە جیهانی واقیعدا ڕوو ئەدات: واتە بە زمانی عەشق و ئەوینی مەجازی و دنیایی بەشێک لە حەقیقەتی دنیای عیرفان دەهێننە بەر باس و شرۆڤە.
دووهەم: خودا خاوەن بەخشەندەیی، نیعمەت و نازە و ئێمەی مرۆڤیش خاوەن کەمایەسی و نیازین. ئەو دیاردە لە ئاستی دنیای نێر و مێدا هەر بەو جۆرەیە. واتە ژن خاوەن نازە و پیاویش خاوەن نیاز.
آنک از نازش دل و جان خون بود چونک آید در نیاز او چون بود
مەولانا
کاتێ وێکچوونەکانی (تشابه) «مرۆڤ و خودا «و «مرۆڤ و مرۆڤ» بەوجۆرەیە و زمانیش لە دەربڕیندا کەمایەسی هەیە، ئیتر شاعێر و عارفەکانیش مەجبوورن لە چوارچێوەی دەربڕینی عەشقی مەجازیدا، عەشقی حەقیقی و خوداپەرەستی دەرببڕن و بشارنەوە. بە پێچەوانەی ئەدیانە ڕۆژهەڵاتی و ڕۆژهەڵاتییەکان کە خودا لە ڕواڵەتی ژندا پێناسە ئەکەن و باری ڕەگەزایەتی نێر و مێی پێ ئەبەخشن، لە عیرفانی ئیسلامیدا بابەتەکە جیاوازە. بەشێک لە سیفاتە جوانەکانی خودا لە جوانییەکانی سەر زەویدا شاراوەتەوە. بۆ نموونە، گوڵ تەنیا دو تایبەتمەندیی جوانی تێدایە،یا بۆنی خۆشە یارواڵەتی ڕەنگینە، تاوسی ڕەنگین چەن جوانییەکی تێدایە بەڵام لە مرۆڤدا بەتایبەت ژن زۆرترین جوانیی خۆی حەشار داوە کە هەر یەک لەو جوانییانە تیشکدانەوەی جوانی و سیفاتەکانی حەزرەتی حەقە. جەماڵ و کەماڵ لە ژندا لە تەشقی خۆیدایە. لێرەدا بەو ئاکامە دەگەین کە زمانی دەربڕین، پێداهەڵگوتن و خۆشەویستی (بیهەوێ و نەیهەوێ) بە لای باری مەجازیدا ئەشکێتەوە. دیسانەوە بۆمان ئەسەلمێ کە ئیبن عەرەبی بەو ڕازە گەورە و تایبەتمەندییانەی دەروونیی ژنی زانیوە بەڵام لە دەربڕیندا دوچاری کەمایەسی بۆتەوە، هەر بۆیە ئیستە لە شرۆڤەکردنی بۆچوونەکانی ئەو ڕۆشنبیرەی تەسەوفدا چەندین خوێندنەوەی جیاواز و دژبەیەک لە ئارادایە. لە کتێب و زۆربەی سەرچاوە کۆنەکاندا ئەو کەمایەسییە زمانییە هەیە بۆیە ڕاڤەکانی تووشی سەرلێشێوان کردۆتەوە. زوڵف و ئەگریجە لە ڕوانگە و شێعری عارفاندا چەندین باری مانایی دەگۆڕێ؛ وەکوو زوڵفی ڕەش بە تاریکی شەو، تاڵی قژ بە کەمەند، پەلکە بە ڕەش مار، قژ بە خەیاتە و کاکۆڵ، پەریشانی زوڵف بە پەرێشانی دڵ و،،،. هەربۆیە شاعێران توانایی مانۆڕدانیان لە بواری مەجازیدا زیاترە.
ئیبنوعەرەبی: محیالدین عەرەبی وەک زانایەکی بواری عیرفان سەبارەت بە پلە و پێگەی ژن لە عیرفاندا بۆچوونی تایبەتی خۆی هەیە و بە پشتبەستن بە فەرموودەیەکی پێغەمبەر(دخ ) کە لە دنیادا( ژن، بۆنی خۆش و نوێژ)ی بە خۆشەویسترین دەزانێ، شرۆڤەیەکی بەربڵاوی هێناوەتە ئاراوە. ناوبراو پێی وایە بەرزیی پلەی ژن لە لای پێغەمبەر، پێوەندی بە ئەمری خوداوە هەیە و ئەو حەدیسە لە ڕاستیدا تیشکدانەوەی ڕوانین و بۆچوونی خودایە سەبارەت بە شکۆ (جلال) و جوانی (جمال) ژن. ناوبراو دەڵێ «لە تێپەڕاندنی پلەی عیرفانیدا هیچ جیاوازییەک لە نێوان ژن و پیاودا نییە، بەڵکو ژنان خاوەن سیفاتێکی دیکەن کە بەدیهێنەرە (خالق)، بەڵام پیاوان ئەوەیان نییە» (نقشهای زنانه در اندیشه بودایی و ابن عربی.ویکی پدیا). ئەو بۆچوونەی ئیبنو عەرەبی باسی لێکچوونی خولقێنەری خوداوەند و ژن ئەکات، ئەگینا هەموومان بە پیاو و ژنەوە مەخلووقی خوداین. ئەو زانایە ڕازی خۆشەویستیی ژن لە فەرموودەیەکی پێغەمبەردا (د.خ) ئەبینێ کە «زاتی پەروەردگار گەورەتر لەوەیە کە ڕاستەوخۆ خۆی نیشانی بەندەکانی بدات هەر بۆیە هەر دیمەن و ڕواڵەتێک کە هەڵگری سیفاتی زیاتری ئیلاهی بێ باشتر خوداوەند وێنا ئەکات و لەو بوارەشدا ژنان خاوەن تایبەتمەندیی زیاتر لە پیاوانن، هەر بۆیە جوانییەکانی خودا زیاتر لە خۆیدا وێنا کردووە» (زن در آیینه جلال و جمال، ص 237).
پرتو حق است آن معشوق نیست خالقست آن گوئیا مخلوق نیست
مەولانا
هەڵسەنگاندنی پێگەی ژن لە نێو بازنەی ئایین، مەزهەب و تەریقەتەکاندا پێویستی بە خوێندنەوە و لێکۆڵینەوەی زانستی و بەربڵاو هەیە. هەر لە سەرەتای دەسپێکی ژیانەوە، مرۆڤ لەگەڵ ئاییندا ژیاوە و ئاین و مەزهەب هەموو ڕێڕەو و ئاکارەکانی ژیانی دیاری کردووە. بە درێژایی مێژوو، دینەکان ئاڵوگۆڕیی بەربڵاویان بە خۆوە بینیوە. هندێک لە ئایینەکان بەتەواوی فەوتاون و ئاسەواریان نەماوە. هندێکی دیکە بە لاڕێدا چوون و یا ئەوەیکە لە ئایینە تازەکاندا تواونەتەوە. لەو پرۆسە زەمەنییەدا ژنان لە چوارچێوەی دیندا وەک پیاوان بەشدار بوون و دەستووراتەکانیان جێبەجێ کردووە. ئەوەیکە گرنگە ئەوەیە کە ڕۆڵی ژنان لە ڕەوتە دوور و درێژە پڕ لە هەوراز و نشێو و دیار و نادیارەکاندا، سەبارەت بە ئایینەکان بەزۆری لە بەشی پراکتیک و کردەییدا بووە هەتا بەشی شەریعەت و بیرۆکە. بابەتەکانی ئایین، مەزهەب، تەریقەتەکان و عیرفان هەرچەن دەبێ بە جیا شرۆڤەیان بۆ بکرێ، بەڵام بە هۆی ئەوەیکە “عیرفان و ئەدیان لە خاڵێکدا لێک نزیک دەبنەوە و پەیوەستی یەک ئەبن و هەردوو چاویان لەو دیوی ڕووناکیی دنیایی واتە دنیای بێ بڕانەوە و هەمیشەیی بڕیوە.” (عرفان و فلسفه، 357). ئیتر شرۆڤەکان بە یەک ئاقاردا ئەچن، بەڵام بە هۆکاری زەمەنی و هەڵکەوت و هۆکاری مرۆییەوە، پێگەی ژنان لە پیاوان جیاوازترە. هاتنی کتێبە ئایینییەکان کە سەد و چوار کتێبن و هەر هەمووی بۆ پیاوان هاتوون و ژنان لەو نێوەدا وەک مورسەل (نێردراو) ناویان نییە، بەڵام لە ئەدیانی دیکەدا بێجگە لە ئیسلام ناوی ژنان وەک نەبی لە ئارادایە. ڕەخنەی فمنیستەکان لە دین ئەوەیە گوایە دین پیاوسالارە و لە ڕوانگەی پیاوانەوە هەموو ئەحکام و دەستووراتەکان داڕێژراوە. لە ڕستەیەکی کورتدا بۆ وڵامی ئەو وتە دەبێ بڵێین کە هەموو دین، فەلسەفە و بیرۆکەکان لە ڕابردوودا پیاو ڕەهەند بووە و بەڕاستی ئەو دیاردە زۆر ئاسایی بووە. لە ڕابردو و تەنانەت هەتا پەنجا ساڵ لەوەپێش ،کاتێک بۆ ژنان کەرەسەی بەرگری لە منداڵ بینین نەبووە و ژن هەموو ساڵێک منداڵێکی بووە، ئیتر بە تەنیا پەرژاوەتە سەر ئەوە کە منداڵ بەخێو بکا نەک ئەوەیکە بە شوێن بابەتی هزری و فکرییەوە بێ. هەر ژنێک لە مێژوودا دەرکەوتبێ، بێگومان مێردی نەکردووە یا ئەوەیکە نەزۆک بووە و یان لە قۆناخی پیری و کەم حەزیدا دەرەتانی بۆ خۆدەرخستن هەبووە. ڕابێعەی عەدەوی بۆ هەمیشە ژیانی هاوبەشی پێک نەهێنا و پێی وابوو کە “لەشێکی نییە هەتا مێرد بکا و ئەوەش کە هەیە هی ئەوە (خودا)” (فەرهەنگی هانی، زاراوە و بیرۆکە فمنیستییەکان، ص 62). ڕابیعە بێگومان عوزر و بیانووی شەرعی هەبووە چونکا لە دینی ئیسلامدا ژن و پیاو بە پێکهێنانی هاوسەرگیری، ئەو نیوەکەی ئیمانیان تەواو و کامڵ دەبێ.
ڕاستە هەموو دینەکان پیاوسالارن، بەڵام لێرەدا بە شێوازێک لە شێوازەکان باسی چاکسازی و ڕیفۆرم دێتە ئاراوە کە لە قەوارەی دینەکاندا پێکهاتووە و بەو هۆیەوە سەدە بۆ سەدە و دین بۆ دین چاکسازی لە بارودۆخی ژناندا کراوە. بارودۆخی کۆمەڵایەتی، جوغرافیایی، سایکۆلۆژی و … هتدی کۆمەڵگاکان کاریگەریی ڕاستەوخۆی لە سەر دۆخی ژنان هەبووە. بێجگە لە ئاڵوگۆڕیی دینەکان، مەزهەبەکان و فیرقەکان شرۆڤەی جیاوازییان لە چوارچێوەی ئایندا درووستکردووە و بە جۆرێک چەن ناوەندێتییان بۆ کێبەرکێی تەندرووست لە نێو دیندا پێکهێناوە. مەزهەبەکان سەبارەت بە ژنان گۆڕانکاری و دەستێوەردانیان لە ئەحکام و دەستووراتەکانی تایبەت بە ژنان نەکردووە. جێگە و پێگەی ژنان لە ئەدیان و تەریقەتەکاندا پێکەوە جیاوازییان هەیە. ئەڵبەت ئەو دیاردە لە دینێکەوە بۆ دینێکی دیکەوە جیاوازە. لەو وتارەدا هەوڵ ئەدرێ بەکورتی لە ڕوانگەی دینە زیندووەکانەوە بابەتی تەسەوف و عیرفانی ژنانە بخەینە بەر شرۆڤە و هەروەها خاڵە بەهێز و لاوازەکانی ژنان لەو بوارەدا تاوتوێ بکرێ.
سۆفیگەریی ژنانە لە ئەدیانی ڕۆژهەڵاتیدا: ئایینەکانی ڕۆژهەڵات لە بنەماڵەیەکی گەورەن و بەزۆری لە یەکتاپەرەستییەوە دابەزیون بۆ چەن خودایی و بوت پەرەستی. لە ڕاستیدا سەنەم پەرەستی چەواشەبووی هەمان خوداپەرەستییە. کاتێک بابەتی پەرەستن لە ئارادا بێ، یانێ ئەوەیکە مرۆڤ ئیرادەی خۆی بە بەرامبەرەکەی (خودا) دەسپێرێ و هێزی لێ وەردەگرێ. سەرهەڵدانی ئایینەکان هۆکارێک بوون بۆ “نیشاندان و دەرخستنی هێزی دەروونیی مرۆڤ” (تاریخ جامع ادیان، ص 5). ڕەگەزایەتی بوونی ئایینەکان پێوەندی بە باری جیسمی و فیزیۆلۆژیی ژنانەوە هەیە نەک زاتی دینەکە. کاتێک دەستوور و بەرنامەیەکی دینی هاتووە، ئەوا بۆ هەمووان هاتووە نەک بۆ هۆزێ، نەتەوەیەک یان ڕەگەزێکی نێر و مێ.
ئایینی ئیسلام تەقوای (ان اکرمکم عند الله اتقاکم) (حجرات 13) بۆ جیاوازیی نێوان مرۆڤەکان دیاری کردووە، نەک ڕەگەز و ڕەنگ و نەتەوە. بابەتێک کە سەبارەت بە ئەدیانی ڕۆژهەڵاتی گرنگە، ئەوەیە کە تەسەوف و عیرفانی کردەیی ئەوەندە بەرجەستە بۆتەوە کە بووە بە چەترێک بۆ شەریعەتی دینەکان. ئایینەکانی ڕۆژهەڵات وەک کونفوسیوس، دائو، بوودا، بەرەهەما و … تایبەتمەندیی هاوبەشیان زۆرە و لێک نزیکن. ئەو ئایینگەلە بەزۆری لە تەسەوفدا خۆیان وێنا کردووە. تەسەوف ڕواڵەت و لایەنی ژنانەی دینە. ئەگەر ڕواڵەتی تەشریعی دینەکان قورس، زبر و پیاوسالارانەیە، لەو لاوە تەسەوف بەو جۆرە نییە هەر بۆیە ڕێژەی بەشداریی ژنان لەو تەریقەتەکاندا زیاترە هەتا خودی دینەکان.”ئاناندا خزمەتکاری تایبەتی بودا ،لە بودا دەپرسێ کە ئایا ژنان وەک پیاوان توانستی ئەنجامدانی ڕیازەتی ڕۆحانیان هەیە؟ئەویش لە وڵامدا ئەڵێ بە قەبووڵکردنی هەشت یاسا و دەستوور، ژنانیش توانستی ژیانی ڕەهبانیان هەیە”(زن در ادیان بزرگ جهان ل 37 ) .
شمنیزم و باوڕهێنان بە فتیش لە ئایینە ڕۆژهەڵاتییەکاندا بەرچاو و زۆرە. بە هۆی ئەوەیکە ئەشیا پەرەستی جێگای خواپەرەستی گرتۆتەوە، ئیتر دینەکان زرقە و برقەتر، بازاڕیتر و لە هەمووی گرینگتر ژنانەتر بوونەتەوە. هەڵاواردنی ڕەگەزی لە پەرەستگە ڕۆژهەڵاتییەکاندا دەگمەنە، “بەڵام لە کاتی سووڕی مانگانە و دووگیانیدا، ژنان مافی چوونە نێو پەرەستگەیان نییە” (زن در ادیان بزرگ جهان، ص 31). ئەو بەربەستە لە هەموو دینەکاندا سەبارەت بە ژنان هاوبەشە. لە ئایینە ڕۆژهەڵاتییەکاندا هەرچەن ڕیفۆرم و چاکسازیی دینی بەشێوەی هەمیشەیی و بەردەوامە، بەڵام سەبارەت بەو بابەتەی سووڕی مانگانەی ژنان دەستوورەکە نەگۆڕە. سۆفیگەری لە ئەدیانی ڕۆژهەڵاتیدا لە نێو ژناندا تایبەت بە بێوەژنان و ژنانێک کە دۆخی کەم حەزی (یائسگی) بەسەریاندا زاڵە،بەدی ئەکرێ و ئەوەش نیشانەی ئەوەیە کە ڕێژەی تەمەن لە بابەتی ئایینداریدا دەور دەبینێ. “ژنان هەتا بەر لە تەمەنی بێ حەزی (یائسگی) ناتوانن لە کرالا، باشووری هیندستان، ڕووباری سبرسی زیارەت بکەن. لە هەندێک ئایینی ئەفریقاییدا ژنان تەنیا لە دوای بێ حەزی (یائسگی) ئەتوانن ڕێبەرایەتی و ئیدارەی ڕێوڕەسمە مەزهەبییەکان بکەن” (زن در ادیان بزرگ جهان، ص 21).
هندێک لە ئایینە ڕۆژهەڵاتییەکان سەبارەت بە کچان و ژنان دۆزەخ و جەهەنەمن. عیرفانی ژنانە لە ڕۆژهەڵاتدا بەڕاستی چەواشەترین تەقدیسی سەبارەت بە کچان و ژنانی گەنج درووست کردووە. ژنان و کچانی کەم تەمەن لە سەر ئیزن و بڕیاری بنەماڵەکان بۆ کەڵکی سێکسی پێشکەش پەرستگەکان دەکرێن و تەنانەت وەک سەرچاوەی داهات کەڵکیان لێ وەردەگرن. ” لە هندێک لە ناوچەی هیندستان و ژاپۆندا هێشتا فەحشای پیرۆز بەردەوامە. (Devadasi) تایبەت بە هیندۆکانە، بنەماڵەی هەژارەکان کچەکانیان بۆ بەختەوەریی داهاتوویان پێشکەش و وەقفی خودایانی دەورەبەر ئەکەن و دەیاننێرنە پەرستگەکان و هەتا دواکات چارەنووسیان لە دەستی خودایانی پەرەستگەدایە.” (زن و سکس در تاریخ صص 241-240)
سادۆمازوخیزم لە ئایینە ڕۆژهەڵاتییەکاندا لە تەشقی خۆیدایە. بەشێک لە ژنان لە قەوارەی ئەو دینگەلەدا لە بابەتی سێکسی و هاوسەرگیری دوور ئەخرێنەوە و ژیانی ڕاهیبەیی دەکەنە پیشە و تەنانەت بێوەژنەکان وەک مرۆڤی قۆشە پێناسەیان بۆ ئەکرێ و مافی سەرلەنوێ مێردکردنەوەیان نییە یا ئەوەیکە لە پەرستگەکاندا بێجگە لە کەڵکی سێکسی، وەکوو سەرچاوەی داهاتیش بۆ پەرستگەکان کەڵکیان لێ وەردەگرن و تەنانەت لە کاتی هاتنی میوانە تایبەتەکاندا بۆ ڕەسمی میوانداری، دەخرێنە خزمەتی میوانەکان. لە دوای تێپەڕینی زەمەن ئەو کچانەی کەڵکی سێکسی و جوانییان نەما، ئیتر دەتوانن لەگەڵ کەسێکی دێهاتی و … هاوسەرگیری بکەن.
درێژەی ئەو بابەتە لە ژومارەکانی داهاتوودا بخوێننەوە