ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٤-٠٨-٢٠١٩ یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان کۆبوونەوەیەکی لە ژێر ناوی ‘چۆن بتوانین ژییانێکی ئاساییمان لە تاراوگە ھەبێ کاتێک دوور لە نیشتمان و خۆشەویستانمانین’ لە شاری ستۆکھوڵم پێک ھێنا.
سەرەتا ھاوڕێ چنوور فتووحی بەخێرھاتنی بەشدار بووان و ھەروەھا خاتوو نەشمیل زارا ئارام شارەزا لە بوارە دەروونیەکان کرد و داوای لە خاتوو نەشمیل کرد کە باسەکەی دەست پێ بکا.
خاتوو نەشمیل بە کورتی خۆی بە ئەندامان ناساند و داوای کرد ھەرکام لە بەشدار بووان خۆیان پێشنیار بکەن کە لە سەرچ بەشێک زۆرتر قسە بکەن.
لەو بەشەدا چەند کەس لە ھاوڕێیان پێشنیاری خۆیان باس کرد و لەو نێوەدا یەک دوو خاڵ کە ھەر یەک لە ئێمە لە ژیانی رۆژانەی خۆمان دا تووشی دێین وەک دڵەراوکێ، سترێس بەھۆی کاری رۆژانە، گوڕانی رەفتار و شێوەی بیرکردنەوە یا گورانی خوڵق خوو بەھۆی نەخۆشیەکانی وەک سەکتەی مێشک، ئالزایمر و چۆنیەتی خۆ پاراستن لە خەمۆکی بەھۆی تێک چوونی ژیانی تاکەکان و بەتایبەت ئەو بنەماڵانەی کەسێکی ئازیزیان لەدەست دەدەن باسێکی گشتی کرا.
كۆبوونەوەکە بەشێوەیەک بوو کە بەشداران پرسیارەکانی خۆیان راستەوخۆ لە خاتوو نەشمیل دەکرد و ھاوکات وەڵامی خۆیان وەردەگرتەوە بەچەشنێک کە ھەمووان بەگرمی بەشداری باسەکان بوون.
لە کۆتایی دا ھاوڕێ چنوور فتووحی ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری یەکیەتیی ژنان لە سوید سپاسی دووبارەی خاتوو نەشمیل زارای کرد بۆ باسەکان و ھەمووان ھیوایان خواست کە لە داھاتوو دا لەو شێوە کۆبوونەوانە زیاتر بگرین.
كۆمیتەی بەڕێوەبەری یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان-سوید