یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستان بە هاوکاری لەگەڵ ڕێکخراوەی یەکیەتی ژنانی کوردستان لە سوئێد ڕۆژی شەممە ۱ی سێپتامبێری ۲٠۱۸، کۆبوونەوەیەکی تایبەتی بۆ ئەندامان و دۆستانی هەردووک ڕێکخراوە لە شاری ستۆکهۆلم پێک هێنا.
مەبەست لە پێکهێنانی ئەو کۆبوونەوە زانیاری دان لەسەر هەر سێ هەڵبژاردنەکەی ئەوساڵ لە وڵاتی سوێد (پەرلەمان، ئەنجوومەنی پارێزگا و ئەنجوومەنی هەرێم) ، ناساندنی کاندیدە کوردەکان و سیاسەتی حیزبەکانیان و هاندانی کوردانی سوئێد بۆ بەشداری کردن لە هەڵبژاردنەکان بوو.
سەرەتای بەرنامەکە بە چەند وتەیەک لەلایەن بەرپرسانی هەردووک ڕێکخراوەکە بەڕێزان سەیران دووران (یەکیەتی ژنانی کوردستان ) و دوکتور سۆزان فەتحی (یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە
وڵاتی سوئێد ) دەستی پێکرد.
دواتر بەرنامەکە بە ساتێک بێدەنگی و بە نێوی زیندانی سیاسی رامین حوسەین پەناهی دەستی پێکرد و پرۆگرامەکە لە لایەن ئەندامی بەڕێوەبەری یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان نەدا شابازی و هەروەها سیلڤا ئایدین لە ڕێکخراوەی یەکیەتیی ژنانی کوردستان بەڕێوەبردا.
لە بڕگەی یەکەمی بەرنامەکە هەر چوار خاتوونی بەشدار
لاوێن رێدار ـ هەڵبژێردراو بۆ پەرلەمانی سوئێد لە سەر لیستی سۆسیالدێموکراتەکان
ئامینە کاکەباوە ـ هەڵبژێردراو بۆ پەرلەمانی سوئێد لەسەر لیستی حیزبی چەپ
گولان ئاڤچی ـ هەڵبژێردراو بۆ پەرلەمانی سوئێد لەسەر حیزی لیبڕاڵ
تارا توانا ـ هەڵبژێردراو بۆ ئەنجومەنی هەرێمی ستۆکهۆلم لەسەر لیستی سۆسیالدێموکراتەکان
باسێکی کورتیان لەسەر سیاسەتی حیزبەکیان و پڕۆژە شەخسیەکانی خۆیان کرد.
لە بەشی دووەمی کۆبوونەوەکە بەڕێز کوردۆ باکسی نووسەر و کەسایەتی ناسراوی کورد باسێکی لەسەر هەڵبژاردنەکانی ئەوساڵ، گرینگی دەنگدان و ئەگەری دەنگهێنانی حیزبی سویدیە دێموکراتەکان کە پارتێکی ڕاسترەوی دژە بیانین و مەترسی دەنگهێنانەوەیان کرد. بەڕێزیان داوای لە هەموو بەشداربوان کرد بە هەستێکی بەرپرسیارانەو وردبینانە دەنگ بدەن.
بەشی کۆتایی بەرنامەکە بە پرسیار و وەڵامی پانێلگێران بەڕێوە چوو. ئەو خاڵانەی کە دێباتیان لەسەر کرا بریتیبوون لە
ـ جوداسازی (سێگرێگەیشن)
ـ توندووتیژی بە بیانووی پاراستنی شەڕف و
ناموس
ـ راسیسم
ـ هێنانە مەیدانی ژنانی بیانی
ـ وەزعیەتی نەخۆشخانە کان
ـ کار و ڕێژەی بێکاری
ـ باج و شێوەی دابەشکردنی
ـ هێشتنەوە یان لابردنی قوتابخانە ئاینیەکان
دوای باسێکی گەرم و بیستنی بیرووڕای جیاواز کۆبوونەوەکە کاتژمێر ۱٦:۳٠ کۆتایی پێهات
کۆمیتەی بەڕێوەبەری یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە سوئێد