ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٣١ مەی ٢٠٢٠ زایینی، یەکیەتیی ژنانی دێموکڕاتی کوردستان لە سوئێد بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی بارودۆخی یەکیەتیی ژنان بە گشتی و تاوتوێی کردنی ئاڵ و گۆڕەکانی دوای کونگرەی ٥ بە تایبەتی، کۆبونەوەیەکی تەشکیلاتی بۆسکرتێری یەکیەتییەکەمان خاتوو موژگان عەلیپور بە بەشداری زۆربەی ئەندامان لە ڕێگای ئینتێرێت و ئۆنلاین پێکهێنا .
سەرەتای کۆبونەوەکە بە یەک دەقیقە بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد.
دواتر لە لایەن شیلان سالحی بەڕێوەبەری بەرنامەکە بەخێرهاتنی هەموو بەشداران کراو شێوەی کاری سیمنارو بەرنامەکە خوێندرایەوە.
پاشان خاتوو لەتیفە جەباری بەرپرسی کومیتەی سوئێدی یەکیەتیی ژنان، بە گەرمی بەخێرهاتنی بەشدارانی کۆبوونەوە بە گشتی و بە تایبەتی سکرتێری ڕێکخراوەکەمان و بەرپرسی کومیتەی دەرەوەێ وڵاتی کرد. پاشان هاوخەمی کومیتەی بۆ بنەماڵەی قوربانیانی کۆڕۆنا ڕاگەیاند و هیوای چاک بوونەوەی بۆ تووشبوانی کۆڕۆنا خواست و هەروەها یادی ٥۹ شۆڕەلاوی ئیعدام کراوی شاری مهابادی بەرز ڕاگڕت.
لە کۆتایی قسەکانیدا لەتیفە جەباری باسی لە گرینگی و ڕۆڵی یەکیەتیی ژنان و ئەرکی ئەندامان کرد و ڕاپۆرتێکی کورتی لە کار و تێکۆشانی کومیتەی سوئێد لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا و پاش کونفڕانسی گشتی پێشکەش کرد.
دواتر خاتوو موژگان عەلیپوور بە ئاوردانەوەیەکی کوورت لە پرسی ژنان لە جیهان، ئێران و کوردستان بە تایبەتی دەستی بە باسەکەی کرد و گووتی: ئێستا مەسەلەی ژنان یەکێک لەو بابەتە سەرەکییانەیە کە لە ئاستی جیهانیدا باسی لێ دەکرێ و لە ئێرانیش سەڕەرای هەموو بەربەستەکان، ژنان توانیویانە لە ڕووداو و پێشهاتەکان جێی پەنجەیان دیار بێ و ژنانی کوردستانیش هەموو درفەتێکیان قۆزتۆتەوە تا بتوانن لە بوارگەلی جیاوازدا خزمەت بە نەتەوەی خۆیان بکەن.
خاتوو موژگان لە درێژەی باسەکەیدا ئاماژەی بە کۆنگرەی ٥ی یەکیەتیی ژنانی دێموکڕاتی کوردستان لە پاش ۱۷ی خەرمانان کرد و باسی لەوە کرد کە کۆنگرەی ٥ جگە لە پەیامی نوێ بوونەوە پەیامێکی دیکەشی پێ بوو و ئەویش ئەوە بوو کە ئەندامانی یەکیەتیی ژنان و بەڕێوەبەری ئەو رێکخراوەیە توانایی مودیرییەتی قۆناغە سەختەکانیان هەیە و بە وردی باسی لە بڕیارو ڕاسپاردەکانی کۆنگرە و ئەرکی ئەندامان لە هەر سێ سەکۆی دەرەوەی وڵات، باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد.
خاتوو موژگان لە کۆتایی دا ئاماژەی بە خەباتی فرەڕەهەندی حیزبی دێموکرات کرد و پێی وابوو کە هێنانە گۆڕ و پشتیوانی لە خەباتە جۆراوجۆرەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دروازەیەکی دیکە بوو بۆ هێنانە مەیدانی ژنان و بە حەقیش ژنان بە باشی کەڵکیان لەو دەرفەتانە وەڕگرت.
هەربۆیە یەکیەتیی ژنانی دێموکڕاتی کوردستانیش بە پشتیوانی و هەماهەنگی خۆی لەگەڵ ڕێکخراوە مەدەنییەکان لە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پڵان و پڕۆژە کارییەکانی دادەرێژێتەوە.
پاشان شەهین زاد ئەحمەد بەرپرسی گشتی دەرەوی وڵاتی یەکیەتیی ژنان، باسێکی کورتی لە سەر وڵاتی سوئێد پێشکەش کرد. ناوبراو لە قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە وڵاتی سوئێد یەکێکە لەو وڵاتانەی کە بووەتە لانکەی دێموکڕاسی و خاوەنداریەتی دەیان نەتەوە و کولتووری جیاواز دەکات و لە سەر ئەساسی لێبووردەیی و پێکەوە ژیان، سیاسەتەکانی خۆی دادەڕێژێ و هەر ئەوەش بووەتە ڕێگە خۆشکەر بۆ ئەوەی کە بە دەیان ڕێکخراوی سیاسی و فەرهەنگی و مەدەنی، بێ جیاوازی تێکۆشانیان هەبێ و یەکیەتیی ژنانیش یەکێکە لەو ڕێکخراوانە و هەر وەها یەکێکە لە چالاکترین و بەرچاوترین کومیتەکانی دەرەوەی وڵاتی یەکیەتییەکەمان، کە بەهۆی بوونی کەسانی بە ئەزموون و خاوەن نەزەر و چالاک، دەور و کاریگەرییەکی گرینگی لە سەر پرسی ژنی کورد هەیە و هەوڵەکانی کومیتەی بەرز نرخاند.
هەر لە درێژەی سیمینارەکەدا بەرپرسی کومیتەی حیزبی دیمۆکراتی کوردستان کومیتەی سوئێد، کوێستان بابایی کار و چالاکییەکانی یەکیەتیی ژنانی بەرز نرخاندو وێڕای دەست خۆشی و ماندوو نەبوونی، وەک هەمیشە پشتیوانی حیزبی دێموکرات بە تایبەت کومیتەی حیزب سۆئێدی بۆیەکیەتیی ژنان دووپات کردەوە.
دواتر موژدە عەزیزی وەک موشاویری یەکیەتیی لاوانی دیموکڕاتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وێڕای داوای سەرکەوتن کووتی: یەکیەتیی ژنان و لاوان هەمیشە وەک پشتیوانێکی قایم بوون بۆ یەک و هیوای کاری هاوبەش و بەردەوامی بە ئاوات خواست.
بەشی کۆتایی کۆبوونەوەکه تەرخان کرابوو بۆ پێشنیار و ڕا و بۆچوون و پرسیاری ئەندامان، کە لە لایەن سکرتێری یەکیەتییەکەمانەوە بە دڵفراوانییەوە وەرگیرا و وەڵام درایەوە.
کۆبوونەوە پاش ماوەی زیاتر لە دووسەعات کۆتایی پێ هات.