دیمانە: شاماران
(وەک دەزانین کە کۆماری ئیسلامی ئێران لە دو چەمکی ژن و پێشمەرگە بەتایبەت لەم دواییانەدا کە لە شۆرشی ژینا واتە شۆرشی ژن، ژیان، ئازادی دا روونتر دەرکەوت کە لە هەموو شتێک زیاتر لێ دەترسێ و دەتوانین بلێین کە پایەکانی لەرزاندووە، جا ئەگەر ئەو دو چەمکە بەیەک بگەن، بۆ ئەو دەوڵەتە دەیان بەرابەر مەترسیدارترە. لە ٤دەیەی ڕابردوودا لە نێو هێزی پێسمەرگەی دێموکرات و زۆر لە حیزبەکاندا هەبوون ژنانێک کە پێشمەرگە بوون و تەنانەت گیانی خۆشتان لەم ڕێبازەدا بەختی ڕزگاری گەلەکەیان کردووە. بە بۆنەی ٢٦ی سەرماوەز رۆژی پێشمەرگەی کوردستان لەلایەن گۆڤاری «ژنان»ەوە هەڤپەیڤینەکمان لەگەڵ چەند خاتوونی پێشمەرگەی دێرین دەبێ.)
١ـ پێم خۆشە پێش ئەوەی کە دەست بە گفتگۆکەمان بکەین لە زاری خۆتان، خۆتان بە خوێنەرانی ئێمە بناسێنن، لەگەڵ ئەوەی کە چەند ساڵە پێشمەرگەن و چۆن بوو کە بڕیارتاندا ببن بە پێشمەرگە؟
کوبڕا ئەحمەدپوور:
من ناوم «کوبرا ئەحمەدپور»ە خەلکی شاری «شنۆ»م و۱۷سالە پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانم. لە ڕێگای هاوسەرەکەمەوە ئاشنا بە حیزبی دێموکرات بووم و پێم خۆش بوو منیش هەر وەکوو برا پێشمەرگەکان ڕۆلم هەبێ لە شۆرش و خەباتی نەتەوەکەم و نیشتماندا .بۆیە بریارم دا ببم پێشمەرگە.
مەهتاب خزری:
پێشەکی ڕێزو سڵاوم هەیە بۆ خوێنەرانی گۆڤاری ژنان
من مەهتاب خزری ساڵی ۱۳٥٨ لەبنەماڵەیەکی پێشمەرگە لەدایک بووم. بابم پێشمەرگە بوو ئێمە وەک بنەماڵەی پێشمەرگە سەختی و نەهامەتی زۆرمان بینی بەتایبەت کە بابم شەهید بوو بۆ هەمیشە لە ناز و نیعمەتی باب بێبەش بووین. بویە هەموو ئەوانە بوونە پاڵنەر بۆ ئەوی کە من ببم بە پێشمەرگە و دژی ئەو هەموو ناداتپەروەریە بجەنگم .
ئەو کات لەماڵی ئێمە هەمیشە ڕادیۆی حیزب مان دەگرت و زۆر بیرم لەوە دەکردەوە کە پێوندی بگرم و کار بکەم بەڵام نەمتوانی بۆیە بریارم دا بێمە ناوریزەکانی حیزب و ببمە پێشمەرگە.
زستانی ساڵی ۱۳٨۰ بوو کە لەگەڵ خوشکێکم (سنوور) هاتین بۆ نێو حیزب و تا ئیستا بەردەوامم.
گوڵاڵە محەممەدزادە:
پێش هەموو شتێک گەرمترین پیروزبایی بە بۆنەی ئەو ڕۆژە پیرۆزەوە واتە ڕۆژی پێشمەرگە و ئاڵای کوردستان لە هەموو کادروپێشمەرگەکانی حیزب خەڵکی تێکۆشەری کوردستان دەکەم. من گوڵالە محەممەدزادە خەڵکی ناوچەی سەقز، لەبنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر پەروەردە بووم ساڵی ١٣٦٠ کاتێک برایەکم بە ناوی توفیق محەممەد زادە شەهید بوو هۆگری من زیاتر بە لای پیشمەرگەوە بوو دواتر خۆم لەساڵی ١٣٦٨ لە ناوخۆی کوردستان بوومە ئەندامی نەهێنی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، ماوی سێ ساڵ لەوێ کارم کرد. پاشان لەساڵی ١٣٧١ هاتمە دەرەوە و ژیانی هاوبەشم لە گەڵ پێشمەرگەیەکی تێکۆشەر «برایم چووکەڵی» پێک هێناوە. دەمێک بوو ئەو هەستە لەدەڵی من دابوو کە چەکی پێشمەرگە لەشان بکەم لەسالی ١٣٨٤ بەفەرمی وەک پێشمەرگە چەکی حیزبی دێموکراتم لەشان کرد وهەروەها لەمووشەکبارانی ١٣٩٧ لە قەڵا بە سەختی بریندار بووم و برایەکی دیکەم لە شەڕی باشێک لای موسڵ بە ناوی رسووڵ محەممەدزادە لەساڵی ١٣٩٥شەهید بوو. ئیستاش وەک کادرێک لە بەشی ئیدارەی ناوەندی پەروەردە کار دەکەم.
مەحبووبە ئیبتکار:
پێشەکی سڵاو وڕێزم هەیە بۆ خوێنەرانی گۆڤاری ژنان وهەروەها دەستەی بەڕێوەبەری گۆڤارەکە و ئێوەی بەڕێزوخۆشەویست هیوادارم سەرکەوتووبن و پەنجه بخەنە سەر ئەو کێشە و ئاریشانەی لە نێو کومەڵگەدا هەن و دەبنە هۆی پێشێل کردنی مافی، ژنان بنکۆڵ یان بکەن وڕێگاچارەیەکی گونجاویان بۆ پەیدابکەن.
من مەحبووبە ئیبتکار خەڵکی شاری سەقزم و کادری حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و ئەندامی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێرانم .
ئەگەر باس لە چۆنییەتی بڕیاردانم بکەم بۆ پێشمەرگایەتی هەر لەسەرەتای گەنجیم کە هەستم کرد لە دەورووبەرم چی ڕوو دەدات پێشمەرگایەتی بوو بە ئاوات و ئامانجم زۆر حەز و خولیام هەبوو ببم بە پێشمەرگە بە هۆی ئەوەی من لە ناوچەیەک ژیانم دەکرد بەردەوام تێکهەڵچوون هەبوو لە نێوان حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران ئەوە بووە هۆی ئەوەی کە من زووتر هەست بەو چەوساندنەوەیە بکەم و بیر لەوە بکەمەوە پێویستە کارێک بۆ گەلەکەم بکەم کە لەو وەزعە نەجانی ببێت من پێم وابوو ئەرکی هەرتاکێکی کۆمەڵگەیە بە پێی توانای خۆی لەو خەباتە بەشدار بێت . دەستم بە چالاکی کرد بە هۆی ئەوەی من کادری دەرمانی و سەربە مەرکەزی بێهداشتی دەرمانی بووم کەوتمە بەرچاو و دیدی دەست و پەیوەندییەکانی کۆماری ئیسڵامی بەتایبەت حەراسەتی مەرکەز بێهداشت زەخت و گوشارەکانیان دەستی پێکرد و پەرەی سەند لەلایەن حەراسەتی زانکوی علوم پزشکی کوردستانەوە بانگ کرام بۆ کۆتا جاریش لە دادگای ئینقلابی هەمەدان دادگای کرام ئەو زەخت و گوشارانە بە حەدێک گەیشت ژیانم لە کوردستان کەوتبووە مەترسیەوە بۆ کۆتا جار بانگ کرام بۆ ئیتلاعات نەچووم چوونکە دەمزانی ئەو جار نەجاتم نابێ بۆیە بڕێارم دا بێمە نێو ڕێزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە و شەڕەفی پێشمەرگایەتیم پێ بەخشرا.
٢- دەزانین کە کۆماری ئیسلامی ئێران لە دو چەمکی ژن و پێشمەرگە بەتایبەت لەم دواییانەدا لە هەموو شتێک زیاتر دەترسێ و دەتوانین بلێین کە پایەکانی لەرزاندووە، جا ئەگەر ئەو دو چەمکە بەیەک بگەن، وەک پێشمەرگەیەکی ژن چەندە هەبوونی ژن لە ڕێزەکانی پێشمەرگە بە پێویست دەزانن؟ خەبات کردن شان بە شانی پیاوان قورسە؟
کوبڕا ئەحمەدپوور:
بەبروای من هەبوونی ژن لەهەر سازمان و ڕێکخراو دا ڕۆڵێکی تایبەتی دەگێرێ بەتایبەت لەنێو شۆڕشە کوردیەکان جێ پەنجەیەکی دیاریان هەبووە و لە خەبات کردن دا شان بە شانی پیاوان لە مەیدان دا بوونە. هەر بۆیە بونی ژن کاریگەریەکی بالای هەیە لەسەر کۆمەڵگەی کوردستان، هەر لەبەر ئەمەیە ڕێژیمی ئێران لە بوونی ژن دەترسێ.
مەهتاب خزری:
هەبوونی ژن لەنێو شۆرش دا لە چەند لاوە گرینگی خۆی هەیە بۆیە کۆمار ئیسلامی زۆری لێدەترسی
یەکەم: یاساکانی کۆماری ئیسلامی بە شێوەیەک ژن بێ ماف، دەستەمۆ و چاولەدەست دەکەن بۆ ئەوەی ئەو دەوڵەتە بەبوونی ژنی نائاگا و کۆمەڵگەی نائاگا باشتر دەتوانێ حوکمی خۆی بکات. بۆیە کە ژنان لە شۆرش بەشدار بن کاریگەریان لەسەر کۆمەڵگە دەبێت و ئاگایی دەدات بە تاکەکانی کۆمەڵگە.
دووم: کۆماری ئیسلامی هەمیشە کاری لەسەر ئەوە کردووە و دەکات کە ژن وەک بونەوەرێکی لاواز و جێی بەزەیی نیشان بدات کە دەبینێ ژنی کورد نەک لاواز نییە و بگرە زۆر ئازایانە لەبەرنبەر ستمکاری ڕادەوەستێ و بۆتە نموونە بۆ ژنانی ئیران وەک بینیمان لە شۆرشی ژینادا ژنان توانیان هەیمەنەی کۆماری ئیسلامی بشکێنن. بێگومان ئەوانە هەر وا دروست نەبووە ئەوە خەباتی چەندین ساڵەی ژنان بووە کە ژنانی بەو ئاستە لە ئاگایی و بوێری گەیاندووە.
سێیەم: لەنێو خودی شۆرش هەبوونی ژنان زۆر گرینکە چونکە ئەگەر ژنان نەبن و بۆ مافەکانی خۆیان خەبات نەکەن بە دڵنیایەوە خەباتێکی یەک رەهەند ناتوانی سەرکەوتوو بێت.
گوڵاڵە محەممەدزادە:
بە بڕوای من هیچ شۆڕش و مبارەزەیەک بە بێ بەشداری ژن سەرناکەوێ، کاتێک باس لە نیوەی کۆمەڵ دەکەین دەبێ وەک ئەرک ژنان ئەرکی خۆیان لە کۆمەڵگەدا بەڕێوەبەرن، وزایفی پێشمەرگە لەهەلەمەرجی ئێستا دا جیاوازە، ئەو ئەرکەی دەکەوێتە سەرشان لەهەلومەرجی ئێستا لە هی پیاوان قورستر نییە، دبێ ژنان خۆیان بگۆڕن، گۆڕین بە واتای شان وەبەردان وەک پیاوان، ڕاستە لەباری جسمانییەوە لەوانەیە پیاو بەهێزتر بێ، ئەوە بەو مانیە نییە کە ژن هیچی لەدەست نایە، بەڵکوو بە پێچەوانە ژن دەتوانێ زۆر کاری گەورەی لەدەست بێ. شۆڕشی ژن، ژیان، ئازدی، لە سەر بناغەی ژن دامەزرا، ئەوە واتایەکی گەورەیە کە بەدوای شەهیدبوونی ژینا، ژنانی بەهەستی کوردستان پێشەنگەی ئەو بزووتنەوەیە بوون. لەسەر ئەو باوەڕەم ئیرادە لە هەر زیندەوەرێک دا بێ کاری بۆ سادەیە، بەو مانایە، ئیرادە وزەت پێ دەبەخشێ، ئێستا ژن بێ یا پیاو، جیاواز نییە، گرینگ ئەوەیە تۆ چۆن کەڵک لەو ئیرادەیە وەردەگری، بۆیە ژن دەتوانێ نەک شانبەشانی پیاوان ئەرک بەڕێوە بەرن بەڵکوو دەتوانن تەنانەت ئەرکی قورستریش ئەنجام بدەن.
مەحبووبە ئیبتکار:
گومان لەوەدا نییە کە چەمکی ژن وچەمکی پێشمەرگە دوو چەمکی تەواو گرێ دراون چوونکە کاتێک ژنێک دەبێتە پێشمەرگە خەبات دەکات لە پێناو وەدیهاتنی مافە نەتەوایەتیی ومرۆڤایەتییەکانی. لە دیسکۆرسی کۆماری ئیسلامی دا هەمووکات بە چاوێکی کەم ڕوانیوێتیە پرسی ژن. پێی وایە ژن بوونەوەرێکی لاوازە و ناتوانێ وەک پیاو پێداویستیەکانی ژیانی خۆی دابین بکات و لە دەسەڵات و کۆمەڵگە بڕیاربدات.کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتای دامەزراندنی و پاوانکردنی دەسکەوتەکانی شۆڕشی گەلانی ئێران تاکوو ئێستا کە زیاتر لە چل ساڵە دەسەڵاتی ئەو ڕێژیمەجیا لە سیاسەتی سەرکوت وهەڵاواردن زیاتر هیچ دیارییەکی بۆ خەڵکی ئێران بە تایبەت بۆ ژنان بە دیاری نەهێناوە. ڕوڵ و بوونی ژن بە شێوەی ڕاستەوخۆ لە مەیدانی خەباتی ئازادیخوازی و یەکسانیخوازی دا خۆی سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە ژنیش وەک پیاو دەتوانی دیفاع لە مافە ڕەواکانی بکات و هەروەها دەتوانێ ڕوانیینی پیاوسالارانە سەبارت بە پرسی ژن لە ناو کۆمەڵگەدا بگوڕێ و کاریگەری باشی لە سەر کۆمەڵگەدا هەبێ .ئەمڕۆ ژن بە بەشداری کردنی لەنێو حیزبە کوردستانییەکان لە چوارپارچەی کوردستان بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ڕۆژئاوایی کوردستان بەشدارییان لە شەڕی عەفرین و کۆبانی سەلماندییان ژن چەند بەهێز و بەتوانایە ئەگەر ئیرادە بکات ئەو باوەڕە لە کۆمەڵگە دروست دەکات کە ژن و پیاو هیچ جیاوازییەکیان نییە و دەتوانن شان بەشانی یەک وهاوتەریبی یەک بۆ ڕزگاری نیشتمانەکەیان خەبات بکەن و پشت و پشتیوانی یەکدی بن. خەبات شان بەشانی پیاوان بە هۆی ئەوەی ژن ئەرک و بەرپرسیارەتی زیاتری لە سەرشانە وەک دایکایەتی، ژنی ماڵ و هەروەها زۆربەی ژنەکان بۆ بژێوی ژیانیان لە دەرەوەی ماڵیش کار دەکەن. ئەگەر ژن تەنیا ئەرکی پێشمەرگایەتی لەسەر شان بێ بە بڕوای من هیچ قورس نییە و زیاتریش دەتوانن خەبات بکەن.
٣- کاتێ باس لە خەبات و شۆرش دەرکێ ناتوانین رۆڵی ژنان لەبەرچاو نەگرین و تەنانت لە شۆرشی ژینا دیتمان کە ئەوە ژنان بوون کە پێشەنگ بوون و سەرکردایەتی شۆرشیان دەکرد، بەڵام دەمەوێ بپرسم ڕۆڵی ژنانی پێشمەرگە لە خەباتی ڕزگاری نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چۆن دەبینن؟ وەک پێشمەرگەیەکی ژن چۆن هەڵدەسنگێنن؟
کوبڕا ئەحمەدپوور:
لەنێو حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دا ژنان شوێن پەنجەی خۆیان دەرخستووە و لە شۆڕش و خەباتدا، بەرەنگاری زۆر تەنگ و بەربەست بوونەتەوە بۆ پاراستنی کولتور و فەرهەنگی نیشتمانەکەمان شان بە شانی برا پێشمەرگەکان هاتونەتە گۆرەپانی خەبات و ڕۆڵێکی دیار و بەرچاویان هەیە. هەر بۆیە ژنانی پێشمەرگە پێویستە لەنێو شۆڕش دا هەبن.
مەهتاب خزری:
باسکردن لە خەباتی ژن، ژنی کورد لە چەندین لاوە ستەمی لێدەکرێت بۆیە خەباتەکەی فرەڕەهندە. و زۆر باش چۆتە پێش لە خەباتی پێشمەرگایەتی، کولتوری، زمانەوانی، فەرهەنگی و ژینگەیی… ژنان بە خەباتی بەردەوامیان بە دۆست و دووژمنیان سەلماند کە نەک لاواز نین بگرە ئەوانن کە دەتوانن شۆرش و کۆمەڵگە و وڵات بەرێوە بەرن .بۆیە هەموو ئەوانەم باس کرد ژنێک کە پێشمەرگەیە تەنیا چەکدار نییە. بگرە لە هەموو ئەو خەباتانەدا بەشدارە .من وەک پێشمەرگەیەک بەردەوام لە هەر بوارێک کە پێویستە و بۆم لوابێ کارم کردوە.
گوڵاڵە محەممەدزادە:
ڕوانگەی من لەوانەیە جیاواز بێ تا ئێستاش کە لەگەڵ ئێوە قسە دەکەم ژنان ڕۆلێکی بەرچاویان نەبووە ئەوە بەو مانایە نییە کە نەقشی ژنان بەکەم بگرم، بەڵکوو دەمهەوێ بڵێم ئەوەی وا لە توانایی ژنان دا هەیە کاری بۆ نەکردوە و خۆی بۆ ماندوو نەکردوە، کاتێک دلێین ژن و پیاو لەکۆمەڵگەدا یەکسانن، تا ئێستا وەک شوعار بریقەی دێ، ئێستا دەبوو ژنان لە ڕیزەکانی حیزب بەشێکی زۆر ئەرکەکانیان لە پیاوان باشتر جێ بەجێ کردبوایە، بە بڕوای من ستراتیژی ژنان بۆ بەشداری خەباتی ڕزگاریخوازانە ڕوون نییە، بەواتەیەکی دیکە ستراتیژی واتە گۆڕین خۆت لە خەباتدا، دەبێ لەگەڵ ڕابردوو شەڕ بکەی و خوڵقێنەر و داهێنەری شتی نوێ بێ هەر لەسەر شێوازی ڕابردوو بەشداری کردن لە خەبات ناتوانێ بۆ ژنان دەسکەوتی بەنرخی بێ. ئەگەر چالاکانە بەشداری بکەی خولقینەری زۆر شتی نوێ دەبی. ئەگەر هەر کاتێک ستراتیژی خۆی لەخەبات دا ڕوون کردەوە، ڕۆلی ژنان پڕ بایخ هەڵدەسەنگێندرێ و تواناکانی ژن وەک نیوەی کۆمەڵە لە خەبات دا ڕۆڵی گرینگ دەگێڕن.
مەحبووبە ئیبتکار:
بە بڕوای من بەشداری ژنان وەک پێشمەرگە لە مەیدانی خەبات خۆی سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە دەتوانێ شەڕ بکات لە پێناو ژیان و مافەکانی و دەتوانێ لە هەموو ڕەهەندەکانی خەبات دا زۆر بە باشی بەشداربێ و توانا و هێزی خۆی وەگڕ بخات. بەشداری ئێستای ژنانی پێشمەرگە لە خەبات دا ئەگەر بەراوردی بکەین لەگەڵ ساڵانی پێشوو زۆر زیادی کردووە و هاوکاری و پشتیوانی بنەماڵەکانیان زۆر باشترە لە ساڵانی پێشوو ئێستا کۆمەڵگەی گۆڕانی بەسەر هاتووە کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵات کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و تێگەیشتوو و خوێندەوارە. ئەگەر باس لە ڕەوت و ئاڵوگۆڕە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ئەو دواییانەی ڕۆژهەڵات بکەین وهەڵسەنگێنین بە بڕوای من له کاتی سەرهەڵدانی شۆڕشی ژن ،ژیان،ئازادی، ژینا ئەمینی، ئەگەر ئاناتۆمی ئەو شۆڕشە ئانالیزە و شیکاری بکەین دەبینین ئەگەر ئەحزابی سیاسی مێشکی ئەو ئاناتۆمییە بوون ئەوا ژنان دڵی ئەو ئاناتۆمییە بوون هێز و توانا و بەردەوامیان دەبەخشێ بەو شۆڕشە. سەرەڕای هەموو ئەو ئاڵنگاری و بوونی داب و نەریت و نۆڕمە کۆمەڵایەتییەکان ژنان ئاڵاهەڵگری خەباتێکی بوێرانەن بەدژی دیکتاتۆری ودواکەوتوویی و قارەمانانە توانیویانە بەرگری لە مافەکانیان بکەن و پێشەنگی شۆڕشێکی گۆڕانخواز و ئازادی خواز بن.
٤- لە پاڵ ئەو هەموو هەوراز و نشێوەدا، ئێوە دایکیشن، کە دایکایەتیش بۆتە بەشێک لەو بەشەی ژیانتان، پێم خۆشە بۆم باسی دایکایەتی پێشمەرگەیەک بکەن؟ باسی خۆشیەکانی و سەختیەکانی؟
کوبڕا ئەحمەدپوور:
پێشمەرگە بوون و دایکایەتی ئەرکێکی سەختە بەڵام پیرۆزترین ئەرکە کە ژن پێکەوە ئەنجامی دەدات. وەکو ژنێک شانازی بەخۆم دەکەم کە توانیومە درێغی لە هیچیان نەکەم.
مەهتاب خزری:
باسکردنی ژیانی پێشمەرگەیەکی ژن زۆر جیاو لە ژیانی ژنێکی ئاسایی هەڵبەت هەموو ئەو ژنانەی ناو شۆرش بە سەختی و نەهامەتی زۆر دا هاتون بەڵام بۆ کەسێک کە پێشمەرگە بێت چەند بەرانبەر دەبێت. بەڵێ من هەم پێشمەرگە بووم و هەم دایک و زۆر هەوڵم داوە کە بتوانم ئەرکەکانم بە باشترین شێوە لە ئەستۆ بگرم دیارە هیچ شتێک بێ کەمووکۆڕی نیە بەڵام کە باورت بە خۆت وخەباتەکەت هەبێ ئامانجت هەبێ دەتوانی بەردەوام و سەرکەوتوو بێ. من بە بیروباوەڕێکی زۆرەوە تا ئێستاش بەردەوامم. جیا لەئەرکی حیزبی من بەردەوام لە رێکخراوی ژنان چالاکیم هەبووە پێموایە هەموو ژنێک دەبێ بۆ مافەکانی خۆی هەوڵ بدا بۆ ئەوەی بۆ منداڵەکانیشی ببێتە نمونەیەکی جوان دیارە لە هەموو ئەو ساڵانە دا لە پێڕاگەیشتن و پەروەردە کردنی منداڵەکانم دریغیم نەکردووە ئیستا زۆر خۆم بە بەختەوەر دەزانم کە توانیومە هەم دایک بم هەم پێشمەرگە و ژنێکی چالاک هەموو ئەوانە ئاسان نەبوون و نین، هەمیشە پێم وابووە کە ژیان بە هەموو کەندوکۆسپەکان فێرت دەکات کە چۆن بژی و ژیانت درووست بکەی، بۆیە من لە ژیانی نێو شۆرش و پێشمەرگایەتی و هاوسەرداری و دایکایەتی توانیمە هاوسەنگی ڕابگرم. بە هەموو ژنانیش دەڵێم ژیان پێویستی بە هەوڵدان بەردەوامی هەیە نابی لە ڕۆژە سەختەکان نائومێد بن. پێویستە بۆ ژیان ئامانجت هەبێ و بۆی تێبکۆشی.
گوڵاڵە محەممەدزادە:
بە بروای من وەرگرتنی دوو بەرپرسایەتی ئەرکێکی قورسە، بۆ؟ کاتێک تۆ لەمیدانی خەبات و بەربەرەکانی دای دەبێ ستراتیژی تۆ وەک دایک ڕوون بێ، لەکاتێک دا دەزانین لەگەڵ دڕەندەترین ڕێژیی توتالیتیری سەردەم تێکەوتوون، ئێمە هەر وەک پێشوو درێژەمان داوە، دایک مانایەکی خۆی هەیە و پێشمەرگە واتای خۆی هەیە. لێرەدا دەبێ ستراتیژی هەر دایکێک ڕوون بێتەوە، ئەگەر وەک دایک هەڵسوووکەوت دەکەی لاوازی بە ئەرکی خەباتەوە دیارە، وەک خەباتکار جووڵە دەکەی ئەرکی دایکایەتی نامێنێ. ئەگەر وەک خەباتکارێکی ڕاستەقینە بڵێم، لە هەلومەرجی سەخت و دژواردا ئەو دوانە کارێکی سەخت و دوور لە واقعییەتە، من خۆم ئەو دەورانەم تاقی کردۆتەوە کە سەختییەکی زۆرم بۆ کیشا، هۆکارەکەشی ناروونی ستراتیژی ژنان بۆ خەبات بوو، بە واتای ئەوە کە ڕێکار و بەرنامەڕێژی نەبوو. ڕوونتر بڵیم لە هەردوو بوار هێندێک جار نەمتوانیوە هەر دوو مەسئولییەت بە یەکەوە ئەنجام بدەم، کەوابوو دەبێ تەفکیکی بکەین، لە قۆناغی خەباتی چەکداری هەردووکیان سەختن، لەوانە لەئێستا دا بە پیی زرووف هەردوکیان بەیەکەوە بکرێن.
مەحبووبە ئیبتکار:
دایکایەتی لەلای من ئەرکێکی موقەدەس و پیرۆزە و بەرپرسیارتیەکی گرێنگە بەتایبەت بۆ ژنێک کە پێشمەرگەش بێ دووقات سەختترە بە واتایەکی دیکە دوو ئەرکی زۆر پیرۆز و قورس و گران بۆ پێشمەرگەیەکی ژن هێز و ئیرادەی زۆری دەوێ و پەروەردە و بارهێنانی منداڵ کات و پلان و بەرنامەی دەوێ. پێشکەشکردنی سۆز و مێهرەبانی و پەروەردەکردنی بە بیر و هەزرێکی نەتەوەی کوردانە و یارمەتیدانی بۆ بەڕێوەبردنی ئاستەنگەکانی ژیانی و دابیین کردنی پێداویستییەکانی ژیانی لەلایەن پێشمەرگەیەکی ژن سەختە بەڵام بە بڕوای من پێویستە پێشمەرگە ببێت بە دایک چوونکە منداڵەکەی بەسوود دەبێ بۆ نەتەوە و کۆمەڵگەکەی، ئەگەر منداڵ لە دایکێکی تێگەیشتوو و پێگەیشتوو لەدایک بێت و بەدەستی ئەو دایکە پەروەردە بێت لە داهاتوودا کەسێکی بەهیز و بیرکراوە و شوێندانەر دەبێ.
٥- دوای ئەم هەموو ساڵە کۆلنەدانە و سوڕ بوون لەسەر ڕێبازی «ئازادی کوردستان» و خەبات کردن لە دژی داگیرکاری کۆماری ئیسلامی ئێران و وەک دەزانین بەرەو ٢٦ی سەرماوەزیش دەچین کە ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستانە، پێم خۆشە لەم پرسیارە کراوەدا هەستی ئێوە بزانم؟ پێم خۆشە باسی هەستەکانی خۆتانم بۆ بکەن سەبارەت بەم ڕۆژە و بەو هەموو ساڵە خەباتە و کۆلنەدانە؟
کوبڕا ئەحمەدپوور:
بەبۆنەی ٢٦ سەرماوەز که ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستانە پڕ بەدڵ پیرۆزبایی خۆم بە بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و زیندانانی سیاسی و بەتایبەت کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکرات دەکەم ، هیوا دەخوازم کوردستانمان ئازاد بێ و لەم ڕۆژە پیرۆزە دا بە ئاوات و ئامانجی شەهیدەکانمان بگەین.
مەهتاب خزری:
بە بۆنەی ۲٦ سەرماوەز ڕۆژی پێشمەرگە. پیرۆزبایی دەکەم لە هەموو ئەو کەسانەی کە لەو سەنگەرەدا جەنگاون و ئەو خەباتە بەبەردەوامی هێشتۆتەوە و هەم ئەو کەسانەی بۆ ماوەیەکی کەمیش پێشمەرگە بوون. دیسان جێی ڕێز و شانازین کە ڕۆژێک لە ڕۆژان چەکی بەرگری لە خاکی پیرۆزی کوردستانیان کردۆتە شان .
من کە هەم وەک ژن و وەک دایک لە ڕێزی پێشمەرگایەتی دا خەباتم کردووە و بۆ ماوەی ۲۲ ساڵ لەگەڵ هاوسەنگەرانم بەردەوام بووم شانازی بە خۆم و هاوسەنگەرانم دەکەم ، من لەگەڵ کەسانێک هاوسەنگەر بووم کەهەمیشە جێی شانازین و بەداخەوە زۆر هاوسەنگەری ئازیزم لەدەست داوە لە ماوە دوور و درێژە، لەو ڕۆژە دا سەری ڕێز و ئەمەگداری دادەنەوێنم بۆ ڕوحی پاکی شەهیدان و هێوای سەرکەوتنی یەک جاری بۆ خۆم وهاوسەنگەرانم.
لە کۆتایی دا سپاسی ئێوە دەکەم بۆ بەسرکرنەوەی من دەست خۆشی و ماندوونەبوونیتان پێدەڵێم.
گوڵاڵە محەممەدزادە:
لە ڕۆژی ٢٦ی سەرماوەزدا جارێکی دیکە پێروزبایی گەرم لە کادر و پێشمەرگە و بنەماڵەکانیان دەکەم هەروەها شانازی بەخەبات و تیکۆشان و سووربوون و خۆڕاگری کادر و پێشمەرگەی حیزبەکەمان دەکەم. ڕۆژی ٢٦ی سەرماوەز ڕۆژی سڕینەوە و لەنێوبردنی دام و دەزگایەکی سەرکوتکەری حکوومەتی دیکتاتۆڕی پاشایەتی و نەمانی بنکەی زوڵم و زۆر و داسەپێنەر، کە ئاواتێکی لەمێژینەی نەتەوە چەوساوەکەمان بوو. پێشمەرگە، سوکنایی دەری هەموو ئەوانەیە کە بەدەست زۆڵم و ناعەداڵەتیی ڕێژیمەوە دەناڵێنن. پێشمەرگە بۆ نوێ کردنەوەی بەڵێنی لەگەڵ نەتەوەکەی، نەتەوەی قارەمان بێ بەشی کورد، ئەو بەلێنییە کە لە ڕۆژی ٢٦ی سەرماوەز داویەتی تا وەدی هێنانی ئازادی بۆ نیشتمان خەبات بەردەوام دەبێت. لە ڕۆژی ٢٦ی سەرماوەز کە سروشت دەکەوێتە بەر سەرما، لە تەواوی کوردستان سەرما لەبیر دەچیتەوە چونکی ڕۆژی پارێزەری دەسکەوتەکانی کوردستانە.
پێشمەرگەی کوردستان بۆ دیفاع لە مان ومەوجوودییەتی نەتەوەکەی و بۆ پاراستنی ماف و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستان، هاتۆتە گۆڕەپان و لەو ڕێگایەدا تا ئەمرۆکە، بەسەدان وهەزاران داستانی پڕ لەسەروەری و ئازایەتی، فیداکاری و لەخۆبوردوویی تۆمار کردوە کە لە مێژووی خەباتی خوێناویی نەتەوەکەماندا دەدرۆشێنەوەو دەمێننەوە. بۆیە ئەو ڕۆژەی لێ پیرۆز بێ.
مەحبووبە ئیبتکار:
پێشمەرگە ئەو مرۆڤە چاونە ترس و گیانفیدایەیە کە بە بەخشینی بەهاکانی ژیانی و پێشکەش کردنی گەورەترین سەرمایەی ژیانی کە گیانیەتی خەبات دەکات. پێشمەرگە تەنیا خەباتکارێک نییە کە گیانی خۆی فیدای گەلەکەی دەکات بەڵکوو پێشمەرگایەتی شێوازێکی ژیانە، ژیان بە واتای ژیانێکی سادە، بێ غەل و غەش و ڕاستگۆیانە، پاک و دۆستانە و مرۆڤ پەروەرانە، پێشمەرگە لە ڕەوتی خەباتی ئازادیخوازانەدا بووەتە هۆی خولقاندنی زۆر دیاردەی پۆزەتیف لەنێو کومەڵگەی کوردی دا، هەستی باوڕبەخۆ بوون، شکاندنی ئەو تابۆ و سنوورە دەست و پێگیرانەی کە لەسەر بناغەی عەشیرەتی خیڵەکی دانراون.
پێشمەرگە ئەو مرۆڤە ئازا و بەهێزەیە کە چیرۆکی قارەمانەتی لە مێژوودا نووسراوەتەوە و تۆمارکراوە. پێشمەرگە تەنیا چەکدارێک نییە پێشمەرگە پرنسیپ و دیسپلین و ئەخلاقە کە دەیهەوێ گۆڕانکاری لە دەسەڵات و کۆمەڵگەدا بکات فەلسەفەی پێشمەرگە بناغەی لەسەر پاراستنی بە هاوکەرامەتی مرۆڤ و مافەکانیان و ڕێزگرتن لە مرۆڤ، ژیاندۆستی و ژینگەپارێزی بونیادنراوە. پێشمەرگەی شۆڕشگێڕ بۆ پاراستنی نیشتمانەکەی و گەلەکەی لە تواندنەوە لە هیچ فیداکارییەک سڵ ناکەن و پارێزگاری لە بەها وهێما و موقدەساتی گەلەکەیان دەکەن. هەستی من دوای ئەوەی کە 18ساڵی تەمەن و گەنجی خۆم بەخشییوە بە ڕێبازی پڕ سەروەری شەهیدان و گەلەکەم جێگای فەخر و شانازییە بۆم و هیچ کات پەشیمان نیم و سەرەڕای هەموو ئەو ناخۆشیانەی لەو ڕێگایەدا چەشتوومە لە هەموویان ناخۆشتر شەهیدبوونی هاۆڕێکانمە و هەروەها فەوتی دایکم کە دڵسۆزترین کەسم کە وەک قەڵایەک لە پشتم بوو هەمووکات هاندەر و ورەبەخش بوو. کاتێک بیر لەوەی دەکەمەوە ئەو ڕێگە سەخت و دژوار و دوور لە کەس و کار و ئازیزان و لە کەمترین ئیمکانات دا تێپەر دەکەم ئەگەر ڕۆژێک ئەو شۆڕش و خەباتە سەرکەوێ کە منیش تێیدا بەشدار بووم بە میلیونان کەس و هەروەها نەوەی داهاتووی ئەو گەلە دەتوانێ ژیانێکی شایستەیان هەبێ کە شایانی ئەوانە زۆر دڵخۆشتر و دڵگەرمم دەکات بەردەوامی خەباتە. ئەگەر هەر تاکێکی کۆمەڵگە هەست بەو بەرپرسیاریەتییە بکات و بە ئەرکی خۆی بزانێت ڕەوتی ڕزگاری نەتەوەکەمان زۆر زووتر پەرەدەسێنی و سەردەکەوێ.
لە کۆتایی دا لە ڕێگای گۆڤاری ژنانەوە بە بۆنەی 26ی سەرماوەز ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان پیرۆزبایی لە هەموو هاوڕێیان و هاوسەنگەرانم و هەموو پێشمەرگەکانی کوردستان دەکەم هیوای ساغی و سڵامەتی بۆ هەموو لایەکیان و ئاواتی زوو بە ئامانج گەیشتیان بۆ دەخوازم. سەرکەوێ خەباتی ڕەوای گەلەکەمان بە ڕێبەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران. سپاستان دەکەم کە منتان بە سەر کردەووە و ماندوو بوون و زەحمەتەکانی منتان لە بەرچاو بوو.