ژەهراویكردنی قوتابخانەكان، بەتایبەتی قوتابخانەی كچانە لە ئێراندا، دیاردەیەكی نوێیە كە پێش شۆڕشی ژینا شتی وا ڕووی نەدابوو. لێرەدا پرسیار ئەوەیە، ئەم ژەهراویكردنە چ پەیوەندییەكی بە شۆڕشی ژیناوە هەیە؟
بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە دەبێ ئاوڕ لە حزووری ژنان بدەینەوە لە گۆڕەپانی سیاسەت و چالاكییە مەدەنییەكانی ئێراندا. بزووتنەوەی یەكسانیخوازی ژنان بە گشتی لە هەموو دونیادا یەكێكە لە نوێترین بزووتنەوەكان و دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاكانی سەدەی بیستەم. ئەگەرچی تەم و مژ و تەپوتۆزی دووەم جەنگی جیهانی بۆ ماوەیەكی زۆر ئەم بزاڤەی كپ كرد، بەڵام لە 1960ی زایینیدا كە دەیەی بزاڤە نوێیەكانە، بزاڤی ژنانیش بەگوڕ و تینێكی تایبەتەوە سەری هەڵدایەوە و لە 1970ـدا بەرهەمی باش و بە پێزی لێ كەوتەوە. بەڵام ئەو بزووتنەوەیە لە ئێراندا هەر زۆر ساوایە. ئەگەرچی یەكەم بڵێسەكانی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی مەشڕووتە، بەڵام هەتا شۆڕشی گەلانی ئێرانیش بزووتنەوەی ڕووناكبیریی ژنان هێشتا خۆی بەتەواوی پێناسە نەكردووە. یەحیا ئاریەنپوور لە كتێبی از صبا تا روزگار ما دا دەڵێ: “لە سەرانسەری دەورانی پاشایەتیی قاجاریەدا هەر باسێك لە ژن و ماف و ئازادییەكانی لەئارادا نەبوو، مەگەر جاروبار بە تەوسەوە ئەگینا كەس هەر باسیشی ناكا.”
لەسەرەتاكانی مەشرووتەشدا، كاربەدەستان و بەرپرسانی میری، بۆ تۆمەتباركردنی خوێندەواران و ئازادیخوازان لە نێو خەڵكیدا پێیان دەگوتن ئەوانە دژی حیجاب و ڕووپۆشن. چونكە دەیانزانی خەڵك كە نوقمی بیروباوەڕی مەزەبی بوون، ئەو شتانەیان بەلاوە بڤە و گوناحێكی نەبەخشراو بوو.
هەر لە سەردەمی مەشڕووتەدا كە وردە وردە ڕووناكبیران ئەو باسانە دەورووژێنن، بەشێكی زۆر لە ژنانی تاران پشتی پیاوانی ئایینی دەگرن و لەگەڵیان هاودەنگ و هاوهەڵوێست دەبن. تەنانەت وەختێك ڕەزاخان بڕیاری لەچك داڕنین دەردەكا، هاودەنگ لەگەڵ پیاوانی ئایین، ژنەكانن كە دەنگی ناڕەزایەتی دەردەبڕن. دواتریش لە شۆڕشی پەنجاوحەوتدا، ئەوە ژنەكان بوون كە شان بە شانی پیاوان پشتیوانییان لە خومەینی كرد و بۆ دامەزراندنی كۆماری ئیسلامی هەوڵیان دا.
بە ئاوڕدانەوە لەو ڕاستییە مێژوویی و كۆمەڵایەتییانە، بۆمان دەردەكەوێ ئەوەی لە شۆڕشی ژینادا كرا، ڕێنسانسێكی ڕاستەقینە بوو، كە وەكوو بوولەرزەیەكی چۆن درز و كەلێن دەخاتە دیواری كۆشكێكەوە، ئاوا درزی خستە نێو كۆشكی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامیییەوە. تایبەتمەندیی هەرە بەرچاوی شۆڕشی ژینا، حزووری بەرچاوی ژنان بوو لەو شۆڕشەدا، حزوورێك كە بەپێچەوانەی حزوورەكانی پێشووی ژنان، نەك بۆ پشتیوانی لە ڕوانگەی پیاوسالاری و دامەزراندنی حكوومەتێكی پیاوسالاری، بەڵكوو بۆ شكاندنی ئەو كۆت و بەندانە بوو، وا هەزاران ساڵە لەسایەی هزری پیاومەزنییەوە بەسەریاندا سەپێنراوە. ئەگەرچی زۆر هەوڵ درا شۆڕشەكە لە ویستی سەرڕووتكردن و لەچكداناندا كورت بكەنەوە، بەڵام ژنان ئەگەر لەچكیان فڕێ دەدا، وەكوو هێمایەك لە دەسەڵاتێكی داسەپاوی دژەژن و دژەئازادی و دژەمرۆڤ لەچكەكانیان فڕێ دەدا.
حزووری ژن لە شۆڕشی ژینادا، حزوورێكی شۆڕشگێڕانە بوو، كە پاشخانێكی بەهێزی مەعریفیی هەیە. ئەگەر ئاوڕێك لە بیست ساڵی ڕابردوو بدەینەوە، ڕێژەی ئەو كچانەی بۆ زانكۆكان دەرچوون و بڕوانامەی بەرزیان لە بوارە جۆراوجۆرەكاندا وەرگرتووە، لە زۆر شوێن و بواردا بەشێوەیەكی بەرچاو لە ڕێژەی كوڕەكان پترە. حزووری بەرچاوی كچان لە زانكۆكاندا، ئەگەر لەلایەك سەلماندنی توانا و بەهرەی حاشالێكراوی ئەو توێژە گرینگ و بنیاتنەرەی كۆمەڵگەی مرۆڤایەتییە، بەلایەكی دیكەشەوە گۆڕانكارییەكی قووڵی لە هزر و ڕوانین و هەڵوێستی ئەواندا دروست كردووە. گۆڕانكارییەك، كە هەنگاونان بۆ گۆڕانە بنەڕەتییە كۆمەڵایی و سیاسییەكانی بەدووی خۆیدا هێناوە. كەوابوو شۆڕشی ژینا، ئەگەرچی ڕاپەڕین بوو لە زوڵم و زۆرداری و نزیك بە نیوسەدە تۆتالیتاریزمی مەزهەبی، بەڵام ئەو شۆڕشە تەنیا شۆڕشێكی ئیحساسی نییە، بەڵكو لە هزری ڕووناكبیرانە و ڕۆشنگەرانە و ئەقلانییەتێكی گۆڕانخوازانەوە سەرچاوەی گرتووە، كە دەیەوێ دنیا بەو جۆرە پێناسە بكاتەوە و دایمەزرێنێتەوە كە خۆی دەیەوێ، نەك كۆمەڵێك كەس خۆیانی لێ بكەنە نوێنەری خودا و گەردوون.
بە تێگەیشتن لەو ڕاستییانە، تێدەگەین كە بۆچی ئێستا نووكی ڕمب و هێرشەكەی كۆماری ئیسلامی چووەتە سەر قوتابخانەكان و بەتایبەتی قوتابخانەی كچان.
لێرەدا پێویستە ئاوڕێك لە بڕیارەكەی چەند ساڵ لەوەپێشی خامنەیی بدەینەوە كە فەرمانی دا گۆڕانكارییەك بەسەر كتێبەكانی علوومی ئینسانیدا بێنن. ئەو بڕیارە بۆ سانسۆڕ و سڕینەوەی ئەو بەشە لە كتێبەكان بوو، كە تێیاندا باسی یەكسانی و مافی مرۆڤ و ئەقڵ و بەكارهێنانی ئەقڵ دەكڕێت. چونكە مرۆڤ كە ئەقڵی خۆی خستە گەڕ، ئیدی لەو هەتیوی و كۆیلایەتییەی لە سایەی بیرنەكردنەوەوە بەسەر خۆیدا سەپاندووە، ڕزگار دەبێ. كە مرۆڤ بیری كردەوە و ئەقڵی خۆی خستە كار، ئیدی ناچێتە نێو بازنەی كۆیلایەتییەوە. ئەوەش ڕێك ئەو شتەیە كە دیكتاتۆر لێی دەترسێ. دەسكاریی كتێبەكانی بواری زانستە مرۆییەكان و ژەهراویكردنی قوتابخانەكان درێژەی یەك سیاسەتن. سیاسەتێك كە دەیەوێ دنیایەكی یەكدەنگ و یەكدەست بخوڵقێنێ. ئەوان كە دەبینن توێژێكی بەهێز و كاریگەری كۆمەڵ بەرچاوی ڕوون بووەتەوە و، تەنانەت لە نێویاندا كچانێك كە چاوێكیشیان بەهۆی دڕندەیی و جەنایەتی جەنایەتكارانی خامنەیی لەدەست داوە، دیسان كۆڵ نادەن و ڤیدیۆ بڵاو دەكەنەوە و دەڵێن ئەمجارەش دێینەوە شەقام، ئیتر ترسیان لەدڵی دەنیشێ. میكانیزمی پێشگرتن لە خوێندەواربوونی كچان دەبێ چی بێ؟ ئاخۆ دەتوانن بە یاسایەك خوێندن لە كچانە قەدەغە بكەن؟ نەخێر. ئەی دەتوانن بنەماڵەكان بەو قەناعەتە بگەیەنن كچەكانیان نەنێرنە خوێندن؟ دیسان نەخێر. كەوابوو دەبێ میكانیزم و ڕێگەیەك بگرنە بەر، كە خەڵك خۆیان ترسێكیان بكەوێتە دڵ و وردە وردە بەو ترسەوە ئیدی كچەكانیان لە قوتابخانە بگێڕنەوە.
كەوابوو كۆی سیاسەتی ڕژیم لە خوێندەواربوون و ڕووناكبیربوون و یاخیبوونی ئەو توێژەی كۆمەڵی كوردەوارییە كە دەریخست و سەلماندی لە مەیداندا چەندە شێلگیر و پێداگرە و گۆڕانخوازێكی ڕادیكاڵە و بە كەم ڕازی نابێ و لە مەیدانیش پرینگانەوە و كشانەوەی نییە.