شەهێن زادئەحمەد
هەروەک ئاگەدارن مێژووی ٢٥ی نۆڤەمبر دەگەڕێتەوە بۆ مەرگی سێ خوشکی خەباتکاری سیاسی کە زیاتر لە ٦٠ سال لەمەوپێش دژبە سیستمی کۆماری دۆمێنیکۆ بوون، دوای سێ مانگ لە بەندیخانە دەکەونە ژێر ئازار و ئەشکەنجە، دەبنە قوربانی ویست و ئامانجەکانیان.
٢١ ساڵ دوای ئەو ڕووداوە لەشاری بۆگۆتا پێتەختی کۆلۆمبیا لە کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی بەربەرین بە بەشداری چالاکوانانی مافی ژن، پێشنیار دەکرێت کە ڕۆژی ٢٥ی نۆڤەمبر بۆ ڕێز لە خەباتی ئەم سێ خوشکە خەباتکارە بۆ سەرنجڕاکێشانی بیروڕای گشتیی بەمەبەستی بەرەنگاربوونەوە بە توندوتیژی دژ بەژن، دیاری بکرێت. لە ساڵی ١٩٩٩ ئەم پێشنیارە لە نەتەوەیەکگرتووەکان بەفەرمی دەناسرێت. دوای ساڵێک ئەنجوومەنی تەناهی لە ژێر ناوی (ژن، ئاشتی، ئەمنییەت) کە هێڵی سەرەکی بڕیارنامەی ١٣٢٥ بوو، پەسند کراو لەو بڕیارنامەیەدا هەر چەشنە توندوتیژییەک بەرامبەر بە ژن ڕووبەرووی یاسا و لێپرسینەوە ببێتەوە.
بەپێی پێناسەی نەتەوە یەکگرتووەکانیش هەرچەشنە توندوتیژیی، ئازار و بێحورمەتییەک بە ژن، لەڕووی جەستەیی، جنسی، ڕەوانی و دەروونی، دەچێتە خانەی توندوتیژییەوە، زیاتر لە ٢٠ ساڵ لەو بڕیارە تێپەڕ دەبێت. ئەگەر چاوخشاندنێک بە ئاماری ساڵانەی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بەتایبەت ڕێکخراوەکانی داکۆکی لە مافی ژن بدەینەوە، دەبینین کە توندوتیژی لە گشت وڵاتانی جیهان کەم یان زۆر دژ بەژن بوونی هەیە کە وایە ئەم کردەوە نامرۆڤانەیە تایبەت بە وڵاتێک، ناوچەیەکی دیاریکراو نییە. ئەم کردەوانە لەگەڵ مرۆڤایەتی دەژین واتە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بەڕەوانی مرۆڤەکان بە کەشی ژینگە و کولتوور و نەرێتی خۆجێی هەیە. دەکرێ بڵێین ڕێژەی توندوتیژی دژی ژن لە وڵاتانی پێشکەوتوو، دێموکراتیک و وڵاتانی دواکەوتوو و غەیرە دێموکراتیک وەک یەک بەراورد ناکرێت. بۆ نموونە وڵاتێکی وەک فینلاند کە بنەمای داڕێژراوە لەسەر سیستمی سۆسیالیستی و دێموکراتیک یا مافی وەکیەک، ئەو وڵاتە بەپێی سەرچاوەیەکی فەرمی لەساڵی ٢٠١٦ کە لە ناوەندێکی ئەورووپاییدا کراوە. ٤٧٪ی ژنانی ئەو وڵاتە ڕووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە بەڵام جیاوازییەکە لەوەدایە لە وڵاتانی پێشکەوتوو، یاساو سیستمی حکوومەتی لە کاناڵەکانی جۆراوجۆر بۆ دابینکردن و پەرەپێدان بە ئاسایشی گشتیی و ئەمنییەتی تاکەکانی کۆمەڵگە و بنبڕکردنی کردەوەی توندوتیژی، بەدەیان ناوەندی زانستی، پەروەردەیی، دەروونناسی بۆ ڕاهێنان و پەروەردەی خەڵک دابینکردووە. بەتایبەت بۆ ئەو کەسانەی توندوتیژی دەخولقێنن لە کۆمەڵگەدا، سیستەمی حکوومەتی هەمووی ئەو کردەوانەی کە دەبێتە مایەی بێبەندوباری و توندوتیژی، بە بەرنامەڕێژی و پرۆژەی گونجاو لە هەوڵی چارەسەرکردنیاندا هەن وهەوڵ دەدەن کیشەکانی کۆمەڵایەتی بەڕێژەیەکی کەمتر بگەیەنن بەڵام پێچەوانەکەی لە وڵاتانی دواکەوتوو، سیستەمەکان، دیکتاتۆرن، کۆنەپەرەستن بەتایبەت لە ئێران یاسای حکوومەتی مەزهەبی، سەرەکیترین هۆکاری کێشەکانی کۆمەڵایەتین. رژێمێک کە بۆداسەپاندنی بەردەوامی نیزامەکەی بەرژەوەندی گشتی وڵاتی بەهەموو شێوە فیدای سەرەڕۆیی و سەرکێشیەکانی کردووە بەجۆرێک یارمەتیدەرن بۆ کێشەکانی کومەڵایەتی هەروەها یاسای ئەم نیزامە بەهۆکاری نافەرمانی لە بەرانبەر یاسای پەسەندکراوی نەتەوە یەکگرتوەکان، خۆی بووەتە خولقێنەری قەیران، لەکۆمەڵگەدا خەڵک لەوپەڕی بێکاری و هەژارییدا ژیان بەسەر دەبات. ئەمە خۆی هۆکاری کێشەکانی کۆمەڵایەتی لێکەوتووەتەوە، سەرەڕای ئەمانە خەڵک زۆرجار نەخوازراو لە کەشێکی داخراو و ژەهراوییدا لە سیستمێکی دیکتاتۆری ئیسلامی ولە فەرهەنگ و کولتووری داسەپاوی ئەم هێژمۆنییەدا گیردەکات. لە واقعیدا ژیانی ئاسایی، سیاسی، ئابووری، کولتووری و ئاسایشی گشتیی ئەم خەڵکە دەستیبەسەردا گیراوە، نیزامێک کە بۆ بەرژەوەندی لە دەستکەوتەکانی مافی مرۆڤ پێشیل دەکات نادموکراتیکە و نامۆیە لەگەڵ یەکسانی و مافی وەکیەک. بۆیە ئەم حکوومەتە ڕێز لە ٢٥ی نۆڤەمبر رۆژی جیهانی دژی توندوتیژی بە ژنان ناگرێت و بەفەرمی ناناسێت. خەڵک نە لە کۆمەڵگە نە لە چوارچێوەی بنەماڵەدا ئەمنییەت و ئاسایشیان بەهیچ جۆر پارێزراو نییە و ژیانیان پڕە لە دەغدەغەی دەروونی و دڵەڕاوکێ، تاکی کۆمەڵگە لەبواری، ئیتنیکی، ئایینی، ناوچەیی، رەگەزی. سەرقاڵی دووچاوگی و بێحورمەتین ئەم ڕاستیانە کە باڵیان بەسەر بواری ڕۆحی و ڕەوانی تاکەکانی کۆمەڵگاکەماندا کێشاوە. سەرەڕای بوونی هەمووی ئەم لەمپەرانە بەخۆشییەوە دەبێنین، ڕادەی خوێندەواری وزانیاری لاوەکانی کوڕ و کچەکانی نیشتیمانەکەمان بەرەو هەڵکشان و گەشەکردنە بە فەهمی سەردەمیانە، ئێمەی ژنیش هەست بەم زەرورەتانە دەکەین کە بتوانین بەرەو بنیاتنانەوەی کۆمەڵگەیەکی دادپەروەر و یەکسانیخواز هەنگاو بنێنەوە. چالاکوانان چ لە کوردستان و چ لە دەرەوەی وڵات بۆ بنبڕکردنی هەرچەشنە زوڵم و ستەمێک، هەرشێوە توندوتیژییەک کە لەبەرامبەر ژناندا دەکرێت. بە هەر ڕێگەیەک کە بۆمان مومکینە دەبێ هەوڵ بدەین کاریگەریمان هەبێت بۆ وەدیهێنانی ئامانجەکانمان لە راستای پرسی گشتیی و ویست و داخوازییەکانمان، پێویستە ژنی کورد هەنگاوەگان خێراتر بکاتەوە بۆ ئەوەی کە لە ژیانی رابردوودا دەرباز ببێت و وریاتر پێی بنێتە سەردەمی نوێ. ئەگەرچی ژنانی کۆمەڵگەکەمان بەرەوڕووی گیروگرفتی یاسای نیزامی مەزهەبی حکوومەتی ئێرانن کە بەداخەوە زۆربەی ژنان نەیانتوانیوە توانا وهێزی کارامەیی خۆیان بناسێنن و لە بوارە گرنگەکانی وڵات و نیشتیماندا شانبەشانی پیاوان ڕۆڵی بنەمایی بگێرێت و شوێندانەریان هەبێت بەڵام دەبێ بزانین سەرەڕای بەبوونی بەربەستەکانی کولتووری و یاسایی شەوە کەم نین ژنانی چالاک و خەباتگێڕ، خوێندەوار و ڕووناکبیر، ئەدیب و شاعیر، رۆژنامەنوس و میدیاکار.
ژنان لە کەشی داخراوی سەرکوتگەری مەزهەبی، ڕێژەیان لە مەیدانی ناڕەزایەتی، خۆپێشاندانەکان، دیار و بەرچاون، لە ڕیزی حیزبەکان و ڕێکخراوەکاندا چالاکن. دیارە ئەو ڕێژەیە بە لەبەرچاوگرتنی دانیشتووان کە ژن نیوەی کۆمەڵگە پێک دێنێت زۆر کەمە کە بتوانێت کاریگەریی باشی بەسەر پرسی گشتیی و بەتایبەت پرسی ژن دابنێت. بەبڕوای من ژنانی چالاکی کورد پێویستە لە ڕەهەندەکانی جۆراوجۆرخۆپێبگەیەنێت و لە زانستی نوێ، لەکەرەستەکانی تەکنۆلۆژیا دەبێ بەهەر شێوەیەک کە بۆمان بکرێت کاریگەریی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆمان بەسەر پەروەردەو ڕاهێنانی تاکی کۆمەڵگە هەبێت تا بتوانین ڕێژەی ژنانی نێوخۆ و دەرەوەی وڵات ئەرکدار بکەین بۆ بەشداریی هەرچی زیاتری ئەوان لە گۆڕەپانی خەبات لەپێناو ئاڵوگۆڕ، چاکسازی و ریفۆرمی گشتیی خۆمان ببێنینەوە. بێگومان ئەرکی قورستر دەکەوێتە سەرشانی ڕێکخراوەکان، بژاردە و نوخبەی ژنی ڕووناکبیر و پیاوانی یەکسانیخواز و دێموکراتی نیشتیمانەکەمان، کۆڕوکۆبوونەوەی سیاسی، زانستی، کۆمەڵایەتی دەبێ پێک بێنن هەتا لۆژیکی دیالۆگ و رۆشنگەرییەکان بتوانێت ڕەفتاری تاکی کۆمەڵ بەنیسبەت پرسی ژن، ماف و ویستی ژنان بەشێوەی سەردەمیانە بێنێتەئاراوەو کاریگەریی ئەرێنی بۆ کۆمەڵگاکەمان هەبێت.
هەر لەو سۆنگەوە ڕێکخراوەکان، چالاکوانانی پرسی ژن پێویستە گرینگی پەیامی ئەم رۆژە پیرۆزە، بە بیروڕای گشتیی کۆمەڵگەی خۆمان بگەیەنین هەروەها وەک بایەخێکی بنەمایی لەنێو پلاندا بەشێوەی جۆراوجۆر یارمەتیدەر بن لە بنبڕکردن یان کەمکردنی ئەم کردەوە نامرۆڤانەیە کە دژی ژنان لەئارادایە، ئەگەرچی توانا و ڕەنگ و دەنگی ئێمەی ژنان لە ڕابردوو تا ئێستا، ڕاستەوخۆ نەیانتوانیوە وەک پێداویستییەکی هەقیقی و واقعبینانە، ئەساسنامە و بەندەکانی دەستووری ئێران بگۆڕێت بەڵام ناڕاستەوخۆ رێکخراوەکانی ژنان بەتایبەتی یەکێتیی ژنانی دێموکرات لە تریبونەکانی جۆراوجۆر لە کەناڵی سیاسی، کۆمەڵایەتی و کولتووریدا، بە کۆڕ و کۆبوونەوەی پەیوەندیدار لەسەر ئەم هەڵسوکەوتە ناحەزانە کە بەرانبەربە ژن دەکرێت، بەمیدیایی کردووە بەدەیان پسپۆرو شارەزای دەعوەت داوەوە تا زیان و خەساری ئەم کردەوانە لە گشت بوارەکاندا بناسێنێت، تا تاکی نێو کۆمەڵگە ئاگەداری ئەم دواکەوتووییە بکات کە چەندە دەتوانێت لە دژ بەرژەوەندییەکانی ئاسایشی و ئەمنییەتی وڵاتدا بێت و بەربەست دابنیت بۆ ئازادی یان بەپێچەوانەکەی چەندە کاریگەری نەرێنی لەسەرپێوەرەکانی بنەمای دیموکراتیزەبوونی وڵاتدا دەبێت. ئێمە مانان پەیامی ئەم رۆژە بۆ بەرەنگاربوونەوە بەسەر هەر چەشنە ئازار و توندوتیژییەک بەرانبەر بە ژن و پرسی ژن بەرز دەنرخێنێن و بۆ جێگیربوونی یەکسانیی کۆمەڵایەتی پێشوازیی و پێشتگیری لە میکانیزمی گونجاو دەکەین. بەوهیوایە هەموولایەکمان بەرپرسانە بەوردبینیەوە خەسارەکانی ڕابردوو بێنینە بەرباس و شیانبکەینەوە تا لەو پێناوەوە بە خوێندنەوەیەکی پێشکەوتووانەوە هەوڵ بدەین بەرەوداهاتوویەکی گەش و ڕووناک تا نەسلی نوێ، لەبەرانبەر پاراستنی بەهاکانی نیشتیمانی و وڵاتپارێزی و وڵات خۆشەویستیدا، لە تاڵاوی کێشەکانی داسەپاوی دابونەریتی کۆندا قەتیس نەبێ و ئەزموونە تاڵەکان دووپات نەکاتەوە. بەلکو هەموو توانا و وزەکان بەبێ جیاوازیی لە پێناوی دروستکردنی متمانە، خزمەت و خزمەتگوزاریی بە یەکتر و ئاوەدانی نیشتیمانەکەماندا بێت.