عومەر بالەکی
لانی کەم لە دووسەدەی ڕابردوودا کە زۆربەی دەوڵەتەکان لەسەر بنەمای خاک و نەتەوە و زمانی هاوبەش دروست بوون، هەر نەتەوەیەک بۆ پتەوکردنی بناخەکانی دەسەڵاتداریەتی خۆی هەوڵی داوە کۆمەڵێک هێما و ڕەمز بۆ خۆی دروست بکاو گەلی کوردیش لەگەڵ ئەوەدا هەتا ئێستا نەتەوەیەکی بێ دەوڵەتە، بەڵام لە ڕەوتی مێژوودا بە تایبەتی لەسەردەمی کۆماری کوردستانەوە کۆمەڵێک ڕەمز و هێمای بۆ خۆی دروست کردووەن، وەک ئالای کوردستان، پێشمەرگە، سرودی نەتەوایەتی و جێژنی میللی نەورۆز.
بەڵام هەموومان دەزانین کە کۆماری کوردستان لە ڕۆژی ٢٦ی سەرماوەزی ١٣٢٥ی هەتاوی لەلایەن دەسەڵاتی پاشایەتی ئێرانەوە ڕووخا و لە دەی خاکەلێوەی ١٣٢٦ی هەتاوی ڕێبەرانی لە سێدارەدران. بەڵام بە ڕوخانی کۆماری کوردستان و لە سێدارەدانی ڕێبەرانی کۆمار جووڵانەوەی مافخوازانەی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە پێ نەکەوت و هەتا ئێستا بە گوڕوتین بەردەوامە. بە داخەوە لەم ڕێگایە دا هەزاران ڕۆڵەی ئەوگەلە زوڵم لێکراوە بە کچ و کور و ژن و پیاو، لە هەموو چین وتوێژەکانی کۆمەڵگەی کوردەواری گیانیان بەخشیوە و کاروانی شەهیدان ڕۆژ بە ڕۆژ دڕێژ و درێژتر بۆتەوە. بە بوونی ئەو خەباتە خوێناوییە بۆ ڕێزلێنان لە گیانبەختکردنی هەموو شەهیدانی کوردستان ناودێر کردنی ڕۆژێک بە ڕۆژی شەهیدان وەک پێویستییەکی مێژوویی خۆی دەنواند. بۆ ئەو مەبەستە نزیک بە ٥٠ساڵ لەوە پێش حیزبی دێموکراتی کوردستان ڕۆژی دەی خاکەلێوە ڕۆژی شەهید بوونی یەکەم سەرکۆماری کوردستانی بە ڕۆژی شەهیدان دیاری کردووە و خەڵکی کوردستان لەو کاتەوە وەک وەفایەک بۆ شەهیدانی کوردستان ساڵانە لەو ڕۆژەدا بە شێوازی جۆراوجۆر لە نێوخۆ و دەرەوەی کوردستان لەلایەن دڵسۆزان و خەمخۆرانی گەل و نیشتمان یادی شەهیدان بەرز ڕاگیراوە و یادیان کراوەتەوە.
لەگەڵ ئەو خەباتە دوور و دڕێژ و خوێناوییەدا هەر ساڵیک کە بەسەر شەهید بوونی پێشەوا و هاورێیەکانیدا تێپەر دەبێ، لاپەرێکی دیکەی پڕ لە شانازی بە مێژووی مافویستی و شوناسخوازی نەتەوەی کورد زیاد دەبێ و ئەوە لە درێژەی خەباتی بێ وەچانی سیاسیی نیزامی ساڵانی ڕابردوو هەتا ڕاپەرینی ژینا و بەرێوەچوونی ڕێورەسمە نەورۆزیەکانی ئەوساڵ بە کۆمەڵگەی کوردەوارییەوە بە تەواوی دەبیندرێ و هیچ کەس و لایەنێک ناتوانی نکۆڵیان لێ بکا. لە هەمان کاتدا لە ئاستی هوشیاری و ئیرادەی نەتەوەیی و خەباتی بێ وەچانی میراتگرانی ڕێگای پێشەوا و هەموو شەهیدانی کوردستاندا دەبینین ڕۆژبەڕۆژ دوژمنانی سویند خواردووی کورد زیاتر لە پاشەکشەدان و پێ بە پێی پاشەکشەی دوژمن هەنگاوەکانی خەڵکی کوردستان ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو لوتکەی سەرکەوتن خێراتردەبن.
بۆ باس کردن و لێکدانەوە لەسەر هەر بابەتێک یا ڕووداوێکی مێژووی وا دروستە هەلومەرجی ئەوکاتەی ڕووداوەکەی تێدا ڕووداوە ئەگەر بە کورتێش بێ هەڵسنگاندنی بۆ بکڕێ. کاتێک باس لە دەی خاکەڵێوە ڕۆژی شەهید کرانی پێشەوا و هاوڕێیانی دەکەین و دەمانهەوی کەسایەتی پێشەوا قازی محەممەد بێنینە بەر باس و ئاشنا بە نەسلی نوێی بکەین وا دروستە بۆ چەند ساڵێک پێش دروست بوونی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەسەر بنەماکانی کۆمەڵەی ژێ کاف و دامەزرانی کۆماری کوردستان بگەڕێنەوە دواوە و بۆ ئەوەی بزانین هەڵومەرجی ئەو کاتی کوردستان بە گشتی وڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی چۆن بووە.
لەو سەردەم دا سیاسەتی رەزاخانی (رەزاشا) لەسەر بنەماکانی دەولەت نەتەوە وای لە ئێران کرد بوو کە هیچ کام لە نەتەوەکانی پێک هێنەری ئێران هەستیان بە ئەمنییەت و ئاسایش و پاراستنی شوناسی خۆیان نەکرد ودوای روخانی رەزاشا وجێگرتنەوەی لە لایەن محمد رەزاشا کە هەمان سیاسەتی بابی درحەق بە نەتەوەکان پێک هێنەری ئێران پێرەو دەکرد وهەموو هەوڵی دەسەڵاتی پاشایەتی ئەوە بوو کە زمان وفەرهەنگ وکلتووری هەموو نەتەوەکان لە نەتەوەی باڵادەست دا بتوێنێتەوە. بۆیە دەتوانین بڵێین پێک هێنانی کۆماری کوردستان پەرچەکردارێک بوولە بەرانبەر ئەو سیاسەتەدا ودیفاع و بەرگری بوو لە شوناسی نەتەوایەتی کورد. کاتێک بە پێی هەلومەرجی شەرێ دووهەمی جیهانی وهاتنی سپای متفقین بۆ ئێران و لاواز بوونی دەسەڵاتی ناوەندی بە تایبەتی لە کوردستان ئەو هەڵ دەرەخسی لە لایەن ڕێبەرایەتی حیزبی دێموکراتەوە، هەلەکە دەقۆزرێتەوە و دەسەڵاتی ناوچەکە بەدەستەوە دەگرن.
لەو سەردەم دا ماوەی چەند ساڵێک بوو جووڵانەوەکانی کورد لە هەرچوار پارچەی کوردستان لە لایەن دوڵەتانی زاڵ بەسەر کوردستاندا کپ کرا بوون و ڕێبەرانی جووڵانەوەکان یا شەهید کرا بوون و یا دوور خرابوونەوە وجۆرێک کەش وهەوای نائومیدی باڵی بەسەر کوردستان دا کێشا بوو. دامەزانی کۆماری کوردستان لەسەردەستی حیزبی دێموکرات، زیندوو کردنەوەی ئیرادەی نەتەوەیەک بوو کە لە وتارەکەی پێشەوا لە ڕۆژی ڕاگەیاندنی کۆماردا بە ڕوونی هەستی پێ دەکرێ.
– ئەو سەردەم، سەردەمی خانخانی وعەشائیرە وئەو عەشێرەتانە بە دەسیسە و پشتیوانی دەسەڵاتدارانی تاران ئەو بە دائیم لەگەڵ یەکتر ناتەبان و زۆر جاران کە هەلیان بۆ هەڵکەوتوە یەکتر تاڵان و برۆ کردووە. بەڵام کۆماری کوردستان و تواناکانی خودی پێشەوا توانی هەموو ئەوانە لە ژێر ئالای کوردستاندا کۆ بکاتەوە.
– لەو سەردەم دا کۆمەڵگەی کوردەواری کۆمەڵگەیەکی دواکەوتوو و نەخوێندەوارە و کەمتر ئاشنایە بە مافە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکانی خۆی بوو. کۆماری کوردستان لەژێر ڕێبەرایەتی پێشەوا دا توانی لە ماوەیەکی کەمدا هەتا ڕادەیەکی باش تاکی کورد ئاشنا بکا بە مافەکانی.
بەو خویندنەوە کورتە بۆمان دەردەکەوێ کە پێشەوا لە سەردەمێک و کۆمەڵگەیەکی ئاوادا بەرپرسیاتی ورێبەری جووڵانەوەی نەتەوەیی گەلی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەدەستەوە گرتووە و بە ئیرادەیەکی پتەو و کوردانە هەتا دواهەناسەی ژیانی وەفادار بەو ڕێبازە ماوەتەوە. بە خۆڕایی نییە شەهید د.قاسملوو دەفەرمووێ «پێشەوا گوڵێک بوو لە سەحرا روا بوو».
لێرەدا لە چەند خاڵیک دا باسی کەسایەتی پێشەوا لە بوارە جیاجیاکاندا و کاریگەری بەسەر کۆمەڵگەوە دەکەین:
١-پێشەوا قازی محەممەد لە مێژووی هاوچەرخماندا یەکێک لەو کەسایەتییە بەرزانەیە کە لەسەردەمی خۆی دا بە دەرکی دروستی لە هەلومەرجی نێوخۆی ئێران و دەوربەر هەڵەکەی قۆستۆتەوە و مێژوویەکی بۆ گەلەکەی دروست کردووە کە ئێستاش دوای تێپەر بوونی ٧٨ساڵ کاریگەریەکانی بەسەر بزووتنەوەی مافخوازی خەڵکی کوردستانەوە بە تەواوی دیارە و هەست پێ دەکرێ.
٢- پێشەوا قازی محەممەد بە تەجروبە وەرگرتن لە مێژووی جوڵانەوەکانی کورد، بە دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان توانی جوڵانەوەی مافخوازی وڕزگاریخوازی گەلی کورد بە رێکخراو بکا و هەر ئەوەش وای کرد کە دوای ڕوخانی کۆماری کوردستان ولە سێدارە دان وزیندانی کردنی ڕێبەرانی حیزبی دێموکرات وکۆماری کوردستان، دووبارە جوڵانەوە لەسەر دەستی ڕێکخراوەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان پێ بگرێتەوە ودەست بە کاروتێکۆشان بکاتەوە.
٣-پێشەوا توانی بە قۆستنەوەی هەل و فورسەتەکان خەونی لەمێژ ساڵەی گەلی کورد کە بە دەوڵەت بوون بوو بێنیتە دی، هەرچەند تەمەنی ئەو دەولەتە کەم و جوغرافیایی ژێر دەسەڵاتی بەرتەسک بەڵام کۆماری کوردستان لە ماوەیەکی زۆر کەم دا بوو بە نوێنگەی کورد لە هەر چوارپارچەی کوردستان. بۆیە دەتوانین بڵێن کە کۆماری کوردستان ئەزموونێک بوو کە ئالۆگۆرێکی گەورەی لە هۆش وبیری نەتەوایەتی گەلی کورد دا پێک هێنا.
٤-پێشەوا لە گەڵ ئەودا کەسێکی ئاینی و دیندار بوو، بەڵام نیشتمانپەروەری و گەڵ دۆستی بە هەموو گوتارو کرداریەوە دیار وهەست پێکراو بوو. ئەوەتا کاتێک سوێند دەخوا بیجگە لە بیروباوەرە ئاینییەکەی بە نیشتمان وئالای شکاوەی کوردستان سویند دەخا. «بە قورئانی کەریم، بە نیشتمانی شەرافەتمەندی گەلی کورد، بە ئالای پڕ شانازی کە لە شەکانەوەدایە سویند دەخۆم تا دوا دڵۆپی خوێن لە ڕێگای ئازادی وبەختەوەری گەلی کورد دا لە هەوڵ وکۆشیش دریغی نەکەم…..»
٥- پێشەوا بە مانەوەی لەگەڵ خەڵک و هەڵبژاردنی مەرگێکی سەربەرزانە ڕێچکە و نەریتی پێشەنگ بوونی بۆ ڕێبەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دارشت و ئەو پەیامەی پێدان کە هەموو کات پێویستە لە ڕێگای ئامانجەکانی گەڵ دا ئامادەی گیانبازی بن. هەتا ئێستای لەگەڵ دابێ ئەو نەریتەی پێشەنگ بوونە لەنێو قوتابیانی ڕێبازی پێشەوا و ڕێبەرانی سیاسیی و تەشکیلاتی حیزبی دێموکرات و فەرماندەرانی هێزی پێشمەرگەی کوردستاندا بەردەوامە. بەڵگەی ئەو بۆچوونە شەهید بوونی زیاتر لە ٣٠کەس لە ئەندامانی ڕێبەری حیزب کە لە نێویاندا شەهیدان د.قاسملوو، د.شەرفکندی و بە دەیان ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و فەرماندەرانی نیزامی ….دەبیندرین.
٦-هەوڵ و هیمەت و کار و تێکۆشانی پێشەوا لەو سەردەم دا وای کرد کە بۆ یەکەم جار گەلی کورد لە کوردستان بە کۆمەڵێک دیاردەی نوێ وەک حیزبایەتی و دێموکراسی ئاشنا بێ و کۆمەڵگەی ناتەبایی کوردی پێکەوە تەبا کرد و توانی بۆ ماوەیەکی هەرچەند کەمیش بێ هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردستان بە داراونەدار، خوێندەوار و نەخوێندەوار بازاری و جوتیار، عەشایر و شاری لە ژێر ئالای کوردستاندا کۆ بکاتەوە بۆ ئەوەی بتوانن لە خزمەت ئامانجەکانی کۆماری کوردستاندا بن.
٧-پێشەوا باوەری قوڵی بە دێموکراسی بوو، ئەو باوەرە وای کرد کە گەشە کردنی هەست و بیری نەتەوەیی لە کوردستاندا بە ئاقارێکی موسبەت و مرۆڤدۆستانە دا بروا. پێشەوا باوەری بە ڕاوێژ و بریاری جمعی هەبووە و لە هیچ کاتدا تاکرەو و خۆسەپێن نەبووە. وەک خۆی لە وتووێژیەک دا لەگەڵ ڕؤژنامەی کوردستاندا دەڵێ:» ئەمن بەبێ تەسویبی کومیتەی مەرکەزی هیچ کارێک ناکەم، چونکە دێموکرات ئەوەیە کە شەخس ناتوانێ مەسلەحەتی میللەتی بێ مشاوەرە بگرێتە دەستی خۆی.»
٨- پێشەوا روح و گیانێکی لێبوردەیی بەرانبەر هەموو دژبەر و جیابیرانی خۆی و کۆماری کوردستاندا هەبوو، گیانی لێبووردەیی پێشەوا بە چەشنێک بوو کە لە ڕۆژنامەکانی ئەودەمی تاراندا قسەی لەسەر کراوە(سەبارەت بە مامەڵەکردنی پێشەوا لەگەڵ ئەو دیلانەی ئەرتەشی شاهنشاهی کە لە شەری قاراوای سەقز گیرابوون)
٩-مامەلەی پێشەوا لە گەڵ کەمینە ئاینیەکان لە سەردەمی کۆماری کوردستان بە چەشنێک بوو کە نەک هەر لە بەڕێوەبردنی ڕێورەسمە ئاینیەکان ئازاد و سەربەست بوون لە خویندنی منداڵەکانیشیان بە زمانی دایکیان ئازاد بوون و وەک هەموو ئەو منداڵانەی دیکەی کورد لە قوتابخانەکان دەرسیان دەخوێند بۆیە کاتێک پێشەوا وەک سەرکۆمار ناسێندرا ئەو کەمینە ئاینیانە ئاهەنگی گەورەیان گێرا و شیرینی و شەربەتیان بەخشییەوە.
١٠- پێشەوا ڕوناکبیرێکی نەترس و لەهەمان کاتدا کۆمەلناسێکی ڕاستەقینە و بە ئەزموون بوو، لە هەموو ڕێبەرانی پێش خۆی باشتر کۆمەڵگەی کوردەواری ناسیبوو و شارەزای مێژووی پڕ لە کارەساتباری نەتەوەکەی خۆی بوو ، بە تەواوی ئاشنای ویست و داخوازییە نەتەوایەتیەکان بوو. لە کاتی ئاخاوتن لەگەڵ خەڵکی ئەوەندە بە زمانێکی سادە و ساکار لەگەڵ خەڵک دەدوا کە بەردەنگەکانی لێی تێبگەن بۆیە هەر زۆرزوو دەیتوانی کارێگەری ڕاستەوخۆ بکاتە سەر بیروباوەریان.
١١- هەروەکی پێشتر باس کرا پێشەوا مرۆڤێکی بە تەواوی مانا دێموکرات بوو و باوەری قوڵی بە دێموکراسی هەبوو، پێک هێنانی یەکیەتی لاوان و ژنان لەو سەردەم دا کارێکی یەکجار گرینگ و پێشکەوتوانەیە و لە باوەرەکانی پێشەواوە سەرچاوەی گرتووە. ئەو سەردەم پێکهاتەی کۆمەڵگەی کوردەواری، پێک هاتەیەکی عەشایری و بە تەواوی پیاوسالارانە بوو. بەڵام حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ڕێبەری پێشەوا ڕێچکەی شکاند و بەسەر ئەوداب و نەریتە کۆنەدا زاڵ بوو، ئەوەندە چووە پێشێ کە لە مەرامنامەی حیزب دا دان بە مافی ژنان دابنێ. لە ماددە ی٢١ مرامنامەی حیزبدا بەو شێوە باس لە رۆلی ژنان لە کۆمەڵگەدا دەکا( ئەبێ لە هەموو کاروباری سیاسیی وئابووری وکۆمەڵایەتی دا ژنان وەکو پیاوان مافی وەک یەکیان هەبێ.) هەر ئەو باوەریە وا دەکا کە لەو وتارانەی لە ڕۆژی دووی ڕێبەندان ڕۆژی ئیعلانی کۆماری کوردستان دەخوێندرێنەوە ئیزەن بدرێ دوو وتار لە لایەن ژننانەوە پێشکەش بکرێ کە هەر دوو وتار هەڵگری باس لە ڕۆلی ژنان لە پێشکەوتنی کۆمەڵگەدا دەکەن ( یای ویلمەی سەیادیان ویای خەجیجە حیدری) ئەو ڕوانگەیە وباوەرە هەتا ئێستا لە گەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا هاتووە و لە کونگرەجیاوازەکانی حیزب دا وەک ماددەیەک لەبەرنامەو پێرەوی نێوخۆی حیزب دا گونجێندراوە وبۆتە ئەسڵێکی دانبراو لە کاروتێکۆشانی حیزب و بە پێی هەلومەرجی جووڵانەوە کاری پێکراوە ولە رێبازەدا هەتا ئێستا بە سەدان ژن لە ریزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا تێکۆشانیان هەبووە ولە رەوتی خەبات وتێکۆشاندا بە دەیان ژن شەهید وبریندارو ئیعدام کراوەن و لەو نێو شەهیدەکاندا ئەندامی رێبەری وکادرو پێشمەرگەی ژن دەبیندرێ (نەسرین حەداد وسوهیلاقادری)ولەو رۆژەدا کە ڕۆژی شەهیدانی کوردستانە بە پێویستم زانی یادێکیش لە شەهیدانی ژن بکەینەوە چ ئەو ژنانەی لەسەنگەری پێشمەرگایەتی ویا لەسەر شەقامەکانی کوردستان لە شۆرشی ژینادا بە پێشەنگایەتی خۆیان پایەکانی رێژیمی کۆماری ئیسلامیان وەلەرزە خست، و سڵاو لە روحی بەرزەفریان بکەین کە بە کارو تێکۆشان و ئازایەتی لە خۆ بردوویان سەڵماندوویانە قوتابی ڕاستەقینەی قوتابخانەی پێشەوای نەمرن.
١٢-پێشەوا کاتێک زانی بە هۆی خەیانەتی نێوخۆیی وگەلەکۆمەکی نێودەوڵەتی ناتوانی بەرگری لە کۆماری کوردستان بکا، ڕیگایەکی هەڵبژارد کە تەنیا مرۆڤە باورەدارەکان بە ئامانجەکانیان دەتوانن ئەو ڕیگایە هەڵبژێرن. پێشەوا بە زانیاری وئاگاداری تەواوە ئەو رێگایە هەڵبژارد وگیانی خۆی فیدای رێگری لە کوشتاری خەڵکی کوردستان کرد. لە دواساتەکانی ژیاندا کاتێک دادئەستین نیزامی لە پێشەوا دەپرسێ بۆ چی نەرۆیشتی وئێرەت بەجێ نەهێشت؟ لە وڵام دا پێشەوا دەڵێ: « لە دەپشدا لە بەر بەڵێنێک بە نەتەوەی خۆم داوە کە لە نێویان دا بژیم. دووهەم لەبەر ئەوەی پێش بە خوێنرێژی بگرم وبە تایبەتی لەبەر زیندوومانەوەی من، کوشت وکوشتارنەکرێ.» لە حاڵیک دا پێشەوا وهاورێکانی هەم فورستیان هەبوو ناوچەکە بە جێبهێڵن وهەم دەیانتوانی داوای بخشین لە شابکەن. بەڵام مەرگی پڕ لەشانازیان هەڵبژارد وگیانی خۆیان فیدای مانەوەی گەڵ کرد.
١٣-دادگایی کردنی پێشەوا وهاورێیانی لاپەرەیەکی دیکەیە لە مێژووی پڕ لە شانازی ئەوان ، بە پێی هەموو بەڵگەکانی بەردەست، پێشەوا لە جەلەسەکانی دادگا وەک هەل وفورسەت بۆ دیفاع لە مافەکانی نەتەوەی کورد کەلکی وەرگرتووە نەک دیفاع کردن لە خۆیان. بە وتەی سەروان شەریفی کە وەکیلی قازییەکان بووە، ئەوە قازییەکان بە تایبەتی پێشەوا بووکە دادگای محاکمە دەکرد وهەموو ئەو تاوانانەی درەرحەق بە کوردیان کردبوو بە چاوی دا دەدانەوە.
لە کۆتایی دا وەبیر دێنمەوە، لەو ڕۆژەدا کە ڕۆژی شەهیدانی کوردستان وپەیمان نوێ کردنەوەیە لە گەڵ ڕوحی شەهیدان پێویستە خەسڵەتە بەرزە ئینسانییەکانی پێشەوا وهەموو شەهیدان کە لە پێناوی ئازادی وبەختەوەری گەڵ دا گیانیان بەخت کردووە بکەینە سەرمەشق وئەوندەی دەتوانامان دایە بۆ یەکریزی ویەکبوونی کورد هەوڵ بدەین.
با لە ٧٧ساڵەی شەهید بوونی پێشەوا وهاورێیانی دا هەموو ئۆگران وئەویندارانی نیشتمانێکی ئازاد وسەربەخۆ ، بەڵێن بە روحی بەرزەفری پێشەوا وهەموو شەهیدانی کوردستان بدەین کە هەتا لوتکەی سەرکەوتن درێژەدەری ڕێگای خەباتیان بین.
بە هیوای وەدیهێنانی ئامانجی شەهیدانی کوردستان
ئێوەش سڵامەت وسەربەرزوسەرکەوتووبن.