ماریا وەیسی
ڕژێم، قەیران، بزووتنەوەی ژینا
ڕژێمی کۆماری ئیسلامی بەدوای بزووتنەوەی ژینا لە هەوڵی گشتاندنی بێ هیوایی و بێ داهاتوویی لە فەزای گشتیی دایە؛ ئامانجی کۆنترۆڵی پەرەسەندن و بڵیندهەڵکشانی بیرۆکەکانی بزووتنەوەی ژینایە، بزووتنەوەی ژینا کە یەکێک لە قەیرانەکانی دەسەڵاتدارانی تارانە لە پاڵ گەورە قەیرانەکانی تر وەک بەرنامەی ناوەکیی، شەڕی ئۆکراینا و شەڕی حەماس و پرسی ناوچەیی لەو قەیرانانەن کە تاران بەرەوڕووی بووەتەوە.
بزووتنەوەی ژینا ئەمنییەی دەروونی دەسەڵاتی خستووەتە مەترسییەوە، بەم مانایە کە حاکمییت بۆ پاراستنی خۆی لە بەرامبەر سەرچاوەی هەڕەشەکان دەست بۆ سەرکوتی بزووتنەوە و داماڵینی هیوا لە کۆمەڵگایە. وەڵامی ڕژێم بۆ بەدیهێنانی تەناهی ناوخۆیی دەسەڵاتی خۆی پەنا بردنە بۆ کایەی بە ئەمنییەتی کردنی فەزای ناوخۆیی وڵات، لەگەڵ فشار خستنە سەر هێز و کەسایەتییەکان لە دەرەوەی سنوورەکانی دەسەڵاتی خۆی.
مەرگی ژیان یان بنجبەستی کۆمەڵگا
لە ڕێچکە بەندی ئەم دۆخەدا شیمانە ئەوە دەکرێت کە کۆمەڵگا ڕەزدی و جددییەتی خۆی لە بەرامبەر داهاتوویی لە دەست بدات. زاڵبوونی دۆخی مەنگیی ڕێگای دیالۆگ و پەرەپێدان بە توانایی بیرکردنەوە لە فەزای گشتییدا کەم دەکاتەوە.
لە فەزای گشتییدا کە توانایی بیرکردنەوە و خەیاڵ لاواز بێت بێ گۆمان کۆمەڵگا لە مرۆڤایەتیی خۆی دا دەماڵرێت لە وەها دۆخێکدا مرۆڤ لە سرووشتی سیاسیی و کۆمەڵایەتیدا بە بوونەوەرێک دەگۆڕێت و ژیان ڕووبەڕووی مەرگ دەبێتەوە لە ناوەوە هەستی گۆڕان لە خەڵک دەکوژرێتەوە.
چی دەتوانین بکەین؟
ئەم مەسەلەیە هێزی جووڵەی خەڵک بۆ دەستەبەر کردنی ژیانێکی ئازاد دەخاتە مەترسییەوە هەر بۆیە دیالۆگ، بیرکردنەوە و ئارمانجەکانن کە دەتوانن ڕێگایەک بن بۆ تاو دانەوە و هەڵکەوتووی ئارمانجەکانی بزووتنەوەی ژینا و خەونەکانی شۆڕش. ئەمە وا دەکات هەمووان بەم پرسیاری بنچینەیی کە بەرۆکمانی گرتووە بیر بکەینەوە دەچیت دەتوانین بکەین؟ بە خوێندنەوەی مێژووی شۆڕشەکان ڕەوتی سەرکەوتنی گەلان ئەزموونێکی باشمان پێ دەڵێنەوە، ئەمیش ئەوەیە کە دەستەبەر کردنی فەزایەکی گشتی کراوە بۆ ئەوەی خەڵک بتوانن باس لە بیرۆکەکانیان بکەن و فرەیی زمان و بیرۆکە بەرجەوەندێکی مرۆڤانە و ئازاد پیشان دەدات کە دەتوانێت عەمەلی شۆڕشگێڕانەی خەڵک بەهێزتر بکات. بەم مانایە کە کۆمەڵگا ئارمانجەکانی ڕوونتر و بەر هەست تر هەست پێ دەکات و ئاگایە و دەزانێت لە پێناو چی و بۆ چی تێ دەکۆشێت.
چالاکوانان، سیاسەتوانان و سیاسەت زانان و ڕەخنەگران و هتد.. نابێت دەرگای دیالۆگ و گفتوگۆ کردن لە یەکتری بستێننەوە مەسەلەیەک کە کۆماری ئیسلامی بەدوای بزووتنەوەی ژینا بەتەواوەتی لە هەوڵی پێشبردنی کۆمەڵگایەکی مردووە، کۆمەڵگایەک کە بەرەوە مەرگی ژیان بڕوات و هەتا بەم ڕێگایەدا کۆنترۆڵی کۆمەڵگا بە دەستەوە بگرێت. مرۆڤ بە پرسیار کردن لەسەر تواناکانی خۆی کە چی لە توانایی دایە دەتوانێت لەم کاتەدا کۆمەڵگا بەردەوام لە هەمە کییەتی خۆیدا بە ڕێگەدان بە فرەیی و فرەچەشنی خۆی ورەبەخش و پاڵنەری هەتایی بێت بۆ گۆڕانکارییەکان و هەرەس بە قەڵای زۆرداری بهێنێت و ترس بخاتە گیانی پاوانخوازاندا دەبێت.
کەوابوو بۆ بەرخۆدان و شۆڕشگێڕی یانێ خۆڵقاندنی فەزایەکی کراوە، دیالۆگ و پەسەندی فرەیی بۆ پەرەدان بە ئاگایی لەسەر توانایییەکان بەم واتایە کە بزانین چی دەتوانین بکەین ئەمە لە حاڵێک دایە کۆماری ئیسلامی لە هەوڵ پێچەوانەی ئەم ڕاستییە کە دەیەوێت بە کۆنترۆڵ کردنی کۆمەڵگا ئەمنییەتی دەروونی خۆی گارانتی بکات و ئاسەوارەکەشی بە بنجبەست گەیاندنی کۆمەڵگا و مەرگی ژیانە تەواو ببێت.