نووسینی: زانیار حوسێنی
وەرگێڕان: ڕۆژە عەزیزی
لەدوای ئەشکەنجە و کوشتنی کچێکی کورد، ڕاپەڕینێک لە ژیلەمۆی بەجێماو لە قەقنەسی عەداڵەت و ماف سەری هەڵدایەوە کە چواردەورەی ویلایەتی فەقیهی گرت و هێندەی نەمابوو کە کۆڵەکە ڕزیوەکانی شەیتانی گەورە بسووتێنێ و جگە لە مێژوویەکی پڕ لە جینایەت، هیچی تری بۆ نەهێڵێتەوە؛ بەڵام لە کۆتاییدا هەر ئەو سەرەنجامە بۆ ئەوان بەدی دەکرێ و ئەمڕۆش نەبێ، لە دواڕۆژدا ڕەنگی ڕاستی بەخۆیەوە دەگرێ و ڕوو دەدات.
حکوومەتێک کە دەیان ساڵە هەوڵی بە پێچەوانە نیشاندانی سروشتی زاتی، کلتوورەکان، مێژوو و ڕووداوەکانی لە چوارچێوەی ئەو جوگرافیایەدا هەبووە و بە زۆر لە ڕێگەی هێزە سەرکوتکەرەکان و ڕومانەکردنی ئایدیۆلۆژیای نامرۆڤانە لە هەموو چینە کۆمەڵایەتییەکاندا، بە بۆچوونی خۆی بنکە جەماوەرییەکانی داگیرکردووە، بەجۆرێک کە هیچ یەک لە چین و توێژەکانی کۆمەڵگە، ئیمکان و ئازایەتیی بەرەنگاربوونەوەیان لەگەڵ ئەودا نییە، بەڵام کتووپڕ تا لێوارەکانی شکست و ڕووخان ڕۆیشت و نزیک ببۆوە لەوەیکە ناوی بچێتە مێژووی تاریکی ڕێژیمە خوێنمژەکان؛ ئەمە زەنگی ئاگادارکردنەوە بوو بۆ کاربەدەستانی ئەو ڕێژیمە دڕەندەیە کە وەک چەکوچێکی قورس بەسەر فکرە دواکەوتووەکانیاندا کەوتەخوار و وەبیهێنەرەوەی ڕاستییەکی کۆنە کە دەڵێت: {ڕاستییەک دەتوانرێ بشاردرێتەوە، بەڵام ناکرێ ڕێگری بکرێ لە سێڵاوی ڕاستییەکان}.
بۆیە چی تر ڕاستییەکان ناتوانرێ بشاردرێنەوە و هەریەکە لە مافەکانی وەک مافی یەکسانی، داواکاری نەتەوەیی و دادپەروەری لە هەموو سەردەمەکاندا بۆ ژن و پیاو دەبێت یەکسان بن و هەرکام لە مافە سەرەتاییەکانی هەر مرۆڤێک دەبێت بە بێ لەبەرچاوگرتنی ڕەگەز وەک یەک و بە شێوەی یەکسان بدرێت، ئەمە ڕاستییەکی سادەیە کە ماشێنی درۆی کۆماری ئیسلامی دەیهەوێ پێچەوانەکەی بسەپێنێ. درۆ و سانسۆر و شاردنەوەی ڕاستییەکان دەکرێ لە فەرهەنگی زمانەوانیی ویلایەتی فەقیهدا بۆیان بگەڕێین. بۆیە زۆر هاسان دەتوانین شوێنەواری ئەوانە بدۆزینەوە لەو کتێبانەی کە دواتر وەک سەرچاوە، ڕۆڵێکی تایبەتیان بینی لە بناغەی یاسا و گۆڕانکاری لە دابونەریت و لە پێکهێنانی دەستووری ئەمڕۆی ئەم ڕێژیمە و یاساکانی.
لەم کتێبانەدا و دواتریش لە یاساکاندا بەشێوەیەکی زیرەک و فێڵبازانە نیوەی کۆمەڵگا (ژن) بۆتە ئامانج و لەڕێگەی پیاوانەوە هەوڵی زاڵبوون بەسەر ژناندا دراوە، لەلایەکی دیکەشەوە ڕاستەوخۆ هەوڵ دراوە بۆ کۆنترۆڵ و زاڵبوون بەسەر پیاواندا. ئەم تاکتیکە درێژخایەنە، هەرچەندە بە ڕواڵەت سادە دەنوێنێ بەڵام بە وردەکاریی بچووک و ئاڵۆز ئەنجام دەدرێ؛ بە واتایەکی تر نیوەی کۆمەڵگا بە تێچووی زۆر کەمتر و لە ڕێگەی خودی کۆمەڵگاوە کۆنتڕۆڵ و نیوەکەی تریش بە تێچووی زۆر و بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ کۆیلە دەکات.
پرسیار ئەوەیە، بۆچی حکوومەتە دیکتاتۆرەکان بەتایبەتی لە جۆری ئایینی، لە یەکەم هەنگاوەکانیاندا بۆ زاڵبوون بەسەر کۆمەڵگادا دەست دەکەن بە سنووردارکردن و چەوساندنەوەی ژنان؟
بە چاوخشاندنێکی کورت بە مێژووی پێکهێنانی کۆمەڵگاکان، هەروەها وردبوونەوە لەسەر ڕۆڵی ژن لە بنکە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکاندا، دەتوانین تێبگەین کە ژنان لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی پێکهێنانی کۆمەڵگەن و بەو پێیە، ئەوان پێکهاتە سەرەکی و دانەبڕاوەکانی یەکە گەورە و بچووکەکانی کۆمەڵگاکانن، کە بەردەوامی و ژیانی هەموو کۆمەڵگایەک پەیوەستە بەوانەوە. لە ڕاستیدا ژن ناوەندی گۆڕانکاری، سەرهەڵدان و گەشەی شێواز و هۆکارەکانی ڕەفتاری کۆمەڵایەتییە کە هاوکات پشت بەستووە بە کولتوور و هەڵوێست و شێوازی بیرکردنەوە و ئارەزووی تاک و کۆمەڵ و هتد. پەروەردە کە پایەی سەرەکیی داڕشتنی بیری مرۆڤە و چۆن گەشەکردن و پەرەسەندنی هەڵوێستی مرۆڤەکان بەستراوەی ئەوەن، لە زۆربەی کۆمەڵگاکان و زۆربەی کاتەکاندا لە ئەستۆی ژناندا بوە و هەیە؛ بەڵام ئەگەر ژنان، ڕاستەوخۆ یان لەڕێگەی پیاوانەوە ئەو جۆرە پەروەردەیەی کە لەلایەن ڕێژیمەوە دیاری و پەسند کراوە (کە لە بەرژەوەندیی گشتی بۆ مانەوەی ئەو جۆرە ڕێژیمانەدایە) بگوازنەوە بۆ منداڵان، لە ڕاستیدا بەم کارە نە تەنیا ئاستی تێچووی مرۆیی، ئابووری و ڕێکلام کە لە ئەستۆی ڕێژیمدایە تا ڕادەیەکی بەرچاو دەهێننە خوارەوە، بەڵکوو ئەم کارە کە بە بێ مەبەست یان هەندێکجار بە خواستی خۆیان (لایەنگرانی ڕێژیم) ئەنجام دەدرێ، دەبێتە خزمەتێک بە ڕێژیم و ئەوەش خۆی دەبێتە هۆی گۆڕانێکی بەرچاو لە پەروەردەی بنەماڵەیی، کەلتوور و تێکچوونی چوارچێوەی پرەنسیبە کۆمەڵایەتییەکان و هتد .
بەهۆی ڕۆڵی ناوەندی ژنان لە بناغەی بنەماڵەدا (وەک یەکەم و بچووکترین کڕۆکیی کۆمەڵگا) و توانای بەرزیان لە کاریگەری لەسەر هەر ئەندامێکی خێزان، دەتوانن ببنە ناوەندی گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی، کولتووری و دواجار سیاسیی کۆمەڵگایەک یان نەتەوەیەک. هەر لەبەر ئەم هۆکارە زۆرجار ئەم جۆرە ڕێژێمانە هەوڵ دەدەن تا دەتوانن ڕاستەوخۆ ڕووبەرووی ژنان نەبنەوە بەڵکوو لەبری ئەوە ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی پیاوانەوە ڕووبەڕووی ئەم چینەی کۆمەڵگا ببنەوە و هەوڵی پاسیڤ بوونیان بدەن.
لەڕاستیدا دەکرێ تا ئاستێکی بەرچاو ئەو حاڵەتانە بۆ پیاوانیش ئاماژە بکەین بەڵام بۆ وڵامدانەوە بۆ ئەمجۆرە پرسیارانە پێویستە کەلتووری کۆمەڵگە و هەروەها ڕۆڵی دەسەڵات لە گەشەپێدان و بڵاوکردنەوەی ئەو جۆرە کەلتوورانە لە هەموو بەشەکانیدا لەبەرچاو بگرین.
لە سێ دەیەی ڕابردوودا، بە تایبەت لە دوای هاتنەسەرکاری سەفەوییەکان، ئەوەی لەلایەن حاکمەکانەوە بۆ ڕێکخستنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و پەیوەندییە کەسییەکان، وەک یاساوڕێساکان، بە یاسا داڕێژرا، بە جۆرێک بوو کە لە تەرازووی دەسەڵاتدا قورسایی بۆ لای پیاوان دەشکایەوەیە، و لەلایەکی ترەوە زانایان، پیاوانی ئایینی و دەسەڵاتدارانی ناو کۆمەڵگە (جگە لە دەسەڵاتی یاسایی) ئەم شێوازە یاساییەیان لە شێوەی ئەرکی ئەخلاقی، ئینسانی، ئایینی و پرەنسیپەکانی ژیان بۆ خەڵک ڕوون کردەوە و لێکدانەوەیان بۆ کرد، بە جۆرێک کە دوای تێپەڕبوونی ماوەیەکی کەم، لە دابونەریتەکاندا دەبیندرا؛ بەتایبەت لەو سەردەمەدا کە بنکە ئاینییەکان وەک میدیا کاریان دەکرد و تاکە بڵندگۆی سەرتاسەری بوون کە دەرفەتی پەیوەندیکردن، ئاگادارکردنەوە، پەروەردەکردن، کۆکردنەوەی خەڵک و بڵاوکردنەوەی پرس و هەواڵیان لەسەر ئاستێکی بەرفراوان هەبوو.
لەم جۆرە دەسەڵاتانەدا ئەگەرچی بە ڕواڵەت ڕەفتار و بڕیارەکان لە قازانجی پیاوانن و دەستەبەری بەشێکی زۆر لە بڕیارە تاکەکەسییەکان و دەستەجەمعییەکان لە بەشە جیاوازەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیدا دەخرێنە سەر شانی پیاوان، بەڵام لە درێژخایەندا ئەم مەسەلەیە وای کردووە کە ئەو ڕواڵەتە حاڵەتێکی پێچەوانە بەخۆیەوە بگرێ و پیاوان لەژێر بارگرانیی بەرپرسیارێتی لەڕادەبەدەر، بکەونە ژێر گوشارێکی یەکجار زۆر و ئەوەش دەبێتە هۆی کێشە و ماندووبونێکی زیاتر لە ئاستی نۆرماڵی دەروونی، فکری، کردەییدا و بەو هۆیەوە لە کاروبارەکانی ژیاندا تووشی کێشە دەبن؛ بۆیە پاسیڤکردنی ژنان لە کۆتاییدا کاریگەریی لەسەر پیاوان دەبێت. خۆی ئەوە دەبێتە هۆی ئەوەیکە پیاوان جۆرێکی تری پاسیڤیەت ئەزموون بکەن، وەک نموونە دەکرێ ئاماژە بە پرسە سیاسییەکان و کۆمەڵایەتیەکان بکرێ و دەتوانرێت پێی بڵێین پاسیڤیەتی دامەزراو؛ ئەمەش بەو مانایەیە کە ڕێژیم بە ڕێکخستنی بچووکترین ڕەفتارەکان لە مەیدانە تاکەکەسی و بەکۆمەڵەکاندا، هەوڵی ڕێکخستنی ژن و پیاو بە شێوەیەکی یەکگرتوو دەدات، بە جۆرێک کە هەموو کەسێک لە هەندێک بەشی ژیانی کۆمەڵایەتیدا تا دەتوانێت پاسیڤ یان بێلایەنانە ڕەفتار بکات. (لانیکەم ئەگەر بە مەیلی ڕێژیم ڕەفتار ناکات)
ئەمجۆرە ڕێژیمانە، یاساکان وەک گۆپاڵێک دەدەنە دەست پیاوان و دواتر بە ستاندنی هەمان گۆپاڵ، پیاوەکان دەکەنە کۆیلەی خۆیان؛ کاتێک نیوەی کۆمەڵگە لە ڕێگەی هەمان کۆمەڵگەوە خسترایە ژێر کۆنترۆڵ و چاوەدێری، کۆیلەکردنی نیوەکەی تری کۆمەڵگە لەلایەن ڕێژیمە دیکتاتۆڕەکانەوە کارێکی زۆر ئاستەم و چەتوون نابێت.
لەم جۆرە حاڵەتانەدا، پیاوان دەبێ ئەو بەشە لە بەرپرسیارێتییەکانیان کە لە ژنان وەریانگرتووە، لەگەڵ بەرپرسیارێتییەکانی خۆیان، لە ئەستۆ بگرن و ماندووبوونی هەڵگرتنی ئەو جۆرە بەرپرسیارێتییە قورسانە، وایان لێدەکات کە ئاسانتر گوێڕایەڵ یان پاسیڤ بن؛ ئەمە دواخواستی حکوومەتە تۆتالیتارییەکانە بۆ ئەوەی کۆمەڵگا بەپێی خواستەکانی خۆیان دابڕێژن و لە بری کۆمەڵگا بڕیار لە هەموو پرس و سێکتەرەکاندا بدەن.
مرۆڤ بە تێڕوانین لە سەردەمی حاکمییەتی نوێنەرانی خودا و ئیمام زەمان لە ئێران، بە ئاسانی ئەم پرسانە دەبینێت، یان بە ئاوڕدانەوە لە دەستوور یان یاسا ئاساییەکان؛ بەتایبەت لە بوارەکانی یاساکانی باری کەسی کە لایەنەکان ژن و پیاوان، ئەو ڕاستییە دەکەوێتە ڕوو کە ئەم ماددانە بە شێوەیەک داڕێژراو و بنیات نراون کە لە زۆربەی ماددەکاندا ژن و پیاو بوونەتە دوو گرووپی جیاواز کە ڕووبەڕووی یەکتر دەبنەوە و حکوومەت ڕۆڵێکی ئەرێنی و خێرخوازانە وەک ڕزگارکەر یان ناوبژیوان لە نێوانیاندا دەگێڕێت.
لەم بازنەی یەک لە دوای یەک لە “پیاو، ژن و حکوومەت”دا، ڕێژیم هەموو جارێک بە پلاندانان وەک یارییەک، نیگەرانیی کۆمەڵایەتی و کولتووریی دروست کردووە و هەوڵی جەمسەرگیریی کۆمەڵگای داوە بۆ ئەوەی لەم نێوەدا جەمسەری دژبەری کۆمەڵگا بخاتە ژێر جەمسەری لایەنگرەکانی خۆی. بەشی مەترسیداری ئەو کایانە ئەوەیە کە نەیارانی ڕێژیم لە کایەی فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی و بنەماڵەیی تەنیا بە نەیار نازانرێن؛ ئەگەر ئەم جۆرە کەسانە وەک دوژمنی خودا و جێگری خودا هەژمار نەکرێن، ئەوا لە لیستی فریودراوەکاندا دەبن؛ یان وەک ئاژەوەگێڕ دەبینرێن و ئەگەر لەمەش بێبەری بکرێن و ڕزگاریان بێت، بەدڵنیاییەوە وەک نەخۆشێکی دەروونی ناو دەبرێن کە بەپێی ڕێنوێنییەکانی کاربەدەستانی ویلایەتی فەقی دەبێ دەرمانیان بۆ بدۆزرێتەوە هەڵبەت ئەگە ئیمکانی چارەسەری هەبێ.
بەڵام کوشتنی ژینا بوو بە ڕووداوێکی مێژوویی بۆ بەئاگاهاتنەوەی خەڵک، ئەو خەڵکەی کە ئەمجارە هاتنە سەرشەقام نەک لەبەر دەنگدان، نەک لەبەر گرانی و نەک بەهۆی شەڕە کۆتلەییەکانی ڕێژێمی ویلایەتی فەقی، بەڵکوو بەهۆی کوشتنی کچێک و بە سەرکردایەتیی کوردستان لەم بزووتنەوەیەدا، داوای ڕێزگرتن لە مافە سەرەکییەکانیان کرد، وەک ئازادییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان و ئازادیی ڕادەربڕین و دادپەروەری. هۆکاری سەرەکیی ئەم بزووتنەوەیە کە بوو بە سەرتاسەری، بوونی بەردەوامی بناغە دادپەروەرییەکان، ڕاهێنانی زارەکیی بەردەوام لەسەر ئاستی کۆمەڵگا و لێکچوونی قەبارەی ڕەفتاری ژن و پیاو لە کۆمەڵگای کوردەواریدایە، کە بۆ بەشەکانی دیکەی ئێران بڵاو بۆوە و مەیدانی بۆ فراوانبوونی تێکۆشان و حزووری ژنان ئامادە کرد و ئەوان توانیان بە دەنگێکی بەرز و بە ئازایەتییەکی بێهاوتا و ئامادەیی فراوان دەنگی حەقی خۆیان بە هەموو جیهان بگەیەنن و ئەمجارە لە بەرژەوەندیی خۆیاندا گۆچکەی ستەمکاری و هەژموونی ڕێژیم هەڵبوەشێننەوە.
لە ڕاستیدا مەسەلەی بنەڕەتیی ژنانی گەلانی ئێران، بەتایبەت ژنانی کورد، حیجاب و لابردنی حیجاب نییە، بەڵکوو داخوازییە بنەڕەتی و نەتەوەییەکانیانە؛ ئەم داخوازانە لە پەیکەری چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکانی نەتەوەی کورددا ڕۆڵیان هەبووە و خۆڕاگری لەو ئاراستەیە و فراوانبوونی دروستی ئاستی داواکارییەکان بووەتە هۆی گواستنەوەی ئەو بناغانە بۆ ژنانی نەتەوەکانی دیکە لە ئێراندا. ترسی حکوومەتی دژەژنی ویلایەتی فەقی لە بەئاگاهاتنەوەی ژنان و داوای مافەکانیانە کە بناغەکانی دەسەڵاتی حوکمڕانی ئەوانی هەژاندووە.
جیاوازیی نێوان تێڕوانینی هەژموونگەرانەی ڕێژیمە مرۆفکووژەکان وەکوو ویلایەتی فەقی و داعش تەنیا لە خاڵێکی سادەدایە؛ ویلاییەکان پێیان وایە پێویستە ژن بکرێتە کۆیلەی مۆدێرن و ئەمڕۆیی، بەڵام داعش باوەڕی بە کۆیلایەتی ژن هەیە وەک سەردەمی کۆنی نەفامی کە لە دەرئەنجامدا هەردووکیان شکستیان هێناوە و گەیشتوونەتە بنبەست لە پێشخستنی سیاسەتە دژەژنەکانیان (ئەو کۆتایی و ئاکامە بۆ تاڵیبانی ئەفغانستانیش بەدی دەکرێ) و هەڵگەڕانەوەی گۆچکەی هەژموونی بەسەر ژنان لەلایەن ژنانەوە، بەڵێنی درێژەدان بە شۆڕشی “ژن، زیان، ئازادی” و بە ئاکام گەیشتنی ئەو شۆڕشەیە کە بە کوشتنی ژنێک بە ناوی ژینا بڵێسەی ئەم شۆڕشە هەڵگیرسا.
ئەم بابەتە لە ژومارە ٦١ی گۆڤاری “ژنان”دا بڵاو بووەتەوە