گەلاوێژ پەیرەوان
نزیک بە ساڵ و نیوێک بە سەر شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا تێدەپەڕێ.
شۆڕشێک کە بە پێشەنگایەتی ژنانی بوێری کورد وەڕێخرا.
هەروەک لە بیرمانە و دوا بە دوای کوژرانی ژینا ئەمینی کچە کوردی خەلکی شاری سەقز، کە بە سەفەر لە گەڵ براکەی سەردانی شاری تارانی کردبوو، لە لایەن پۆلیسی بە ناو ئەخلاقی کۆماری ئیسلامییەوە بە شێوەیەکی دڕندانە شەهیدکرا.
بە دوای هێنانەوەی تەرمی بێ گیانی ژینا بۆ شاری سەقز و لە کاتی بەخاکسپاردنی لە گۆڕستانی ئایچی ئەو شارە، ژنانی بوێر و خەباتکار هەر زوو دەنگی ناڕەزایەتیان دژ بەو جینایەتەی کۆماری ئیسلامی هەڵبڕی.
ژنانی خاوەن هەڵوێستی کوردستان بە لابردنی لەچکەکانی سەریان و هەڵبڕینی دەنگی ناڕەزایەتییان دژی حیجابی زۆرە ملێ وەستانەوە و هەر لەوێشەوە دروشمی( ژن، ژیان، ئازادی ) بووە دروشمی سەرەکی شۆڕشی ژینا.
هەر ئەو ڕۆژە و لە سەر گڵکۆی ژینا ئەمینی و بە دروشمی ژن، ژیان ، ئازادی لە لایەن ژنانی بوێر و بە پشتیوانی پیاوانی ئازادی خوازی کورد، چەخماخەی شۆڕش لە کوردستاوەوە لێدرا و زۆری نەبرد پەلی هاویشت و زۆربەی زۆری شار و ناوچەکانی کوردستانی گرتەوە و خەڵک هاتنە وسەر شەقام و ناڕەزایەتی خۆیان دژی کوشتینی ژینا ئەمینی کە بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە گیانی لێ ستێندرا، دەربڕی.
ئاگری شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی هەر زوو سنووری کوردستانی تێپەڕاند و پەلی هاویشت بۆ شار و ناوچەکانی دیکەی ئێران و خەڵک دژی حیجابی زۆرە ملێ، کە ماوەی ٤٥ ساڵە لە لایەن ئاخوندەکانەوە بە سەر ژنانی ئێراندا فەڕز کراوە، وەستانەوە.
ئەم ناڕەزایەتیانەی خەڵکی کوردستان و ئێران، کە لە پێناو مافە ڕاواکانییاندابوو سەرنجی تەواوی دونیایان بۆ لای خۆیان ڕاکێشا و خەڵکی لە سەرانسەری جیهان گوێبیستی خواستەکانیان بوون.
ئەم ناڕەزایەتییانە لە ماوەیەکی زۆر کەمدا گۆڕا بۆ شۆڕشێکی سەرانسەری و خەڵک لە سەرشەقام زۆر بە ڕوونی و بێ ترس داوای مافە کانی خۆیان کە ساڵانێکە لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە زەوتکراوە دەکرد.
لە گەڵ ئەوەی خەڵک بە شێوەیەکی زۆر مەدەنی داخوازیەکانیان هێنابوە گۆڕێ، بەڵام سەرانی ڕێژیمی ئیسلامی کێچیان وەکەوڵی کەوتبوو، نەیان دەزانی چۆن و بە چ ڕێگایەک ئەو شۆڕشە سەرکوت بکەن.
هەربۆیە وەکوو سیاسەت و پیشەی هەمیشەییان، دەستیانکرد بە کووشتن و گرتنی شۆڕشگێڕانی ناڕازی سەر شەقام.
ڕێژیمی کۆنەپەرستی ئیسلامی لە ڕێگای دام و دەزگا سەرکوتکەرەکانییەوە، هەموو ڕێگاکانی سەرکوتی لە دژی خەڵکی مافخوازی ئێران بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی بە کار هێنا و لە هیچ جنایەتێک دژی شۆڕشگێڕان نە پرینگایەوە.
لە گەڵ ئەوەی شۆڕشگێڕان لە سەر شەقام درێژەیان بە ناڕەزایەتییەکانیان دەدا و سوربوون لە سەر ماف و داخوازیەکانیان، لە هەمان کاتیشدا دەزگا ئەمنییەتیەکانی ڕێژیم بە مەبەستی بڵاوە پێکردن و تۆقاندنی شۆشگێڕان، ڕاستە وخۆ و بێ شەرمانە تەقەیان لە خەڵک دەکرد، کە لە ئەنجامدا ژمارەیەکی بەرچاو لە شۆڕشگێڕانیان شەهید و بریندار کرد و بە سەدان کەسیشیان دەست بە سەر و ڕەوانەی سیا چاڵەکانیان کردن، کە دوایە زۆرێکیش لەوان حوکمی قورسیان بە سەردا سەپا و بە دەیان کەسیان لێ ئیعدام کردن.
سەرانی ڕژیم کە پایەی نیزامە دیکتاتۆرەکەیان وە لەرزە کەوتبوو، لە کوردستان وەکوو داگیرکەرێک مامەڵەیان لەگەڵ شۆڕشگێڕان کردوو هەر ئەوەش هۆکاری سەرەکی زۆری ژمارەی قوربانییەکان بوو. خەسارە ماڵی و گیانییەکانی کوردستان زۆر بەرچاوتر بوون لە ناوچەکانی تری ئێران و لێرە زۆر دژە مرۆڤانە و دوور لە هەموو نۆرم و بەها ئەخلاقییەکان کەوتنە کوشتنی لاوانی کورد و دەستیان لە کوڕ و کچ و لاوو پیر نەپاراست و لە نێو شەهیدانی کوردستاندا چەندین لاوی خوار هەژدە ساڵ هەبوون.
بەشێکی زۆری شەهیدانی کوردستان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە دژە گەلییەکان و بەشێکی تری قوربانیان لە سیاچاڵەکانی ئێراندا بە شێوازی دڕندانەی جیاواز گیانیان لێ ئەستێندرا و خوێنی سووریان تێکەڵ بە خوێنی باقی خەباتکارانی ڕێگای ئازادی و سەربەستی گەل و نیشتمان بوو.
.
خۆ لەو بوارەدا هەرچەند بگوترێ وبنووسرێت هێشتا کەمە، بەڵام ئەوەی من مەبەستمە لەم نووسینەدا سەرنجی بخەمە سەر، هەڵوێست و بوێریی بنەماڵەی شەهیدانە.
هەموومان ئەوە باش دەزانین، کە لە دەستدانی ئازیزان لە هەر تەمەن وبە هەر شێوەیەک بێت چەندە سەخت و بە ژانە و ساڕێژبوونی ئاسان نییە.
جا نەخوازە ڕۆڵە تازە لاوەکەت، کە هەزار خەون وئاواتت بۆی هەیە، لە چاوترووکانێکدا ولە سەر سەرەتایترین مافێک کە هەقی ئینسانی، یاسایی ونەتەوەیی خۆیەتی لە دەستی بدەیت.
لە لایەکی ترەوە ئەو منداڵە نێو نەمامانەی هێشتا تێر بۆنی هەناسەی دایک یان باوکە شەهیدەکەیان نەکردوە و تازە لە سەرەتای تەمەنێکدان، کە پێویستیان بە سۆز و پەروەردەی ئەوان هەیە.
بەڵام جا کوا شەو پەرستانی ئاخوندی گوێیان بەو شتانە داوە و بۆیان گرنگبووە
هەر مەگەر دایکان و باوکانی ڕۆڵە کوژراو و منداڵانی ناز لێشێواو لەو هەستە تێبگەن و دەرک بە ئازار و سۆی یەکتر بکەن.
بەڵام ئەوە چ ڕەمزێکی لە پشتە، کە بنەماڵەی شەهیدان ئاوا بوێرانە و خۆڕاگرانە لە بەرانبەر ئەو زامە بە سۆیەدا ڕاوەستاون و لە جیاتی لە باوەشگرتنی ئەژنۆی خەم، زۆر ئازایانە و بوێرانە بە دۆست و دوژمنیان نیشاندا،کە ڕۆڵەکانی ئەوان سەربەرزانە گیانیان پێشکەشی خاک و نیشتمانیان کردوە، هەر بۆیە پێیان سەر بەرزن و خەم و پەژارەیان دەکەنە ڕقی پیرۆز و بە گژ دوژمندا دەچنەوە.
لەماوەی ساڵ و نیوی ڕابردووی شۆڕشی ژینادا، شاهیدی خۆڕاگری و قارەمانەتی بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان بوون و هەین، کە هەوڵیانداوە لە هەموودەرفەتەکان کەڵک وەرگرن بۆ بە گژدا چوونەوەی دوژمنی داگرکەر و قاتڵی ڕۆڵەکانیان.
بنەماڵەی شەهیدان هەر لە ڕۆژی ئەوەڵی لە دەستدانی ڕۆڵەکانیانەوە، تەواوی بۆنەکانی وەک: بە خاکسپاردنی شەهیدەکانیان، سێ ڕۆژە، چلە، یادی لە دایکبوونی ڕۆڵە شەهیدەکەیان وساڵڕۆژی شەهیدبوونیان کردووە بە دەرفەت بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی و بەربەرەکانێی جەلادانی منداڵ کوژی ئاخوندی.
هەروەها بە بەردەوامی و بە بەشداری سەدان کەس لە خەڵکی تێکۆشەر و نیشتمان پەروەر و بە هەڵوێست، لە سەر گڵکۆ و شوێنی شەهیدبوونیان یادی شەهیدەکانیان کردۆتەوە و یاد و ناویان بەرز ڕاگرتوون.
دەماندی و ئێستاش دەیبینین کە چۆن لەو یادکردنەوانەشدا بنەماڵەی شەهیدان بە شێوەیەکی دیکە بەردەوامیان بە شۆڕش داوە و لەو بوارەدا پێشەنگ بوون، ئەوان لە جیاتی شین و گریان و خوێندنی فاتیحا، سرودی شۆڕشگێڕی و هۆنراوەی نەتەوەییان دەخوێندەوە و لە جیاتی پۆشینی جل و بەرگی ڕەش، کە هێمای تاعزیە بارییە، ئەو جل و بەرگانەیان دەپۆشی کە هێمای نەتەوەین، وەک:
ئاڵای کوردستان ،جامانە و هەوری.
دایکانی داخدار نموونەی بەرخۆدان و شۆڕشگێری ئەو شۆڕشە بوون، ئەوان لە بری لاوانەوە و شینگێڕی بۆ لە دەستدانی ڕۆڵەکانیان، خوێنی جگەریان دەخواردە و دەیانکردە هەوێنی ڕق و نەفرەت بە دژی ئەوڕێژیمە دیکتاتۆر و داگیرکەرە و لە سەر گۆری ڕۆڵەکانیان پەیمانیان لە گەڵ ڕێگا و ئامانجی ئەوان نوێ دەکردە و سوێندی تۆڵەیان دەخوارد.
دایک وباوکی شەهیدان بە وتە جوان و پڕ حەماسەکانیان، لە سەر گڵکۆی شەهیدەکانیان و ڕۆڵەی شەهیدەکان بە دروشمی وەک: (باوکی من قارەمانە شەهیدی کوردستانە)،
هەستی حەماسە و دڵگەرمیان دەدا بە خەڵکی کوردستان.
لە هەمان کاتیشدا ئەو حەماسە و جۆش و خرۆشە دەبووە هێز و ورە و غرووری کەس و کاری شەهیدەکانی بەرزدەکردە و شانازیان بە شەهیدەکانیانەوە دەکرد.
هەر ئەو ورە و خۆڕاگریەی بنەماڵەی شەهیدان لە سەرگۆڕی شەهیدەکانیان و لە کاتی وتاردان و خوێندنەوەی شعر و سرودی نەتەوەیی و شۆڕشگێڕی، هۆکاربوو بۆ ئەوەی خەڵک خاوەنداریەتی لە شەهیدەکان بکەن و بنەماڵەکانیشیان بە تەنیا جێنەهێڵن و باری قورسی لە دەستدانی ئازیزەکانیان لە گەڵ هەڵگرن.
هەر ئەم هاوکاری و هاودەنگیەی لە نێوان خەڵک و بنەماڵەی شەهیداندا دروست ببوو، فاکتەرێکی بە هێزی بەردەوامی شۆڕشەکەش بووە.
بە ئاوڕدانەوەیەک لە ساڵ و نیوی ڕابردووی شۆڕشی ژینا، دەبینین کە لە گەڵ ئەوەی ڕێژیم بە هەموو شێوەیەک گوشاری خستۆتە سەر بنەماڵی شەهیدانی شۆڕشەکە و بە هەڕەشە و بانگکردن و چاو سورکردنەوە لێیان، هەوڵی داوە ڕێگری بکات لەو یاد و بۆنانەی، کە بۆ بەرزڕاگرتنی یادی شەهیدەکانیان بەڕێوەی دەبەن، بەڵام بنەماڵەی شەهیدەکان بەو بیر و باوەرە قایمەی کە بە ڕێبازی شەهیدەکانیان هەیانە و بە پشتیوانی خەڵکی خۆڕاگری کوردستان، نەک نە ترساون و پاشە کشەیان نەکردووە،
بەڵکوو بە هەموو شێوەیەکی کە بۆیان هەڵکەوتبێت هەوڵیان داوە بە شکۆیەکی بەرزتر ئەو یادانە بکەوە.
هەموومان ڕۆژانە شاهیدی خۆڕاگری و قارەمانەتی ئەو بنەماڵە سەر بەرزانەی شەهیدانیین و دەبینین، کە چۆن و بە چ شێوەیەک دەرفەتەکان دەقۆزنەوە بۆ بە گژدا چوونەوەی ڕێژیمی ئاخوندەکان، بە تایبەتیش دایکانی خۆڕاگری شەهیدان، کە زۆر ڕۆژ و بۆنە
دەکەنە بیانوو بۆ لێکخڕبوونەوە و سەردانی یەکتری کردن.
ئەو دایکە دڵپڕ لە حەسرەتانە هەوڵیانداوە ئەو لێکخڕبوونەوانە بکەنە دەرفەتێکی دیکە بۆ بەرزڕاگرتنی یادی ڕۆڵە شەهیدەکانیان لە لایەک و دانی پەیامی یەکڕیزی و یەک دەنگیان بە دوژمن و سوربوونیان لە سەر وەدەستهێنانی ئەو مافانەی کە ڕۆڵەکانیان لە پێناویاندا قوربانی کردوە.
لە دوایین هەڵوێستەکانی ئەم بنەماڵە سەربەرزانە لە نەورۆزو نوێکردنەوەی ساڵی کوردی دا بوو، دووبارە بە ئامادەبوونیان لە کۆڕی کچان و کوڕانی لاودا لە نەورۆزدا پێشەنگایەتی گەلەکەمانیان کرد. کاتێک باوکی شەهیدێکمان دەدیت سەرچۆپی دەکێشا بە بوغزی گریانەوە، ناردنی پەیامێک بوو بۆ دوژمنانی گەلەکەمان و نوێکردنەوەی پەیمان بوو لەگەڵ شەهیدەکانمان کە تا گەیشتن بە ئاواتەکانیان ڕێبەری ڕێبازەکەیان دەکەین و کۆڵ نادەین.
دایکان و باوکانی شەهیدانی لاو منداڵی شەهیدەکانی تریان لە باوەش دەکرد و نازیان دەدا پێیان وەک ئەوەی منداڵەکانی خۆیان هاتبنەوە سەردانیان و داوای باوەشێکی نەورۆزانەیان لێ بکەن، هاوکات لاوانی خاکی پۆشیش لە ڕیزدا دەوەستان و وەک نیشاندانی ڕێز و وەفا بۆ بنەماڵەی قوربانیان.
دەبینین کە هەڵوێستی شۆڕشگێڕانەی ئەو ئازیز لە دەست چووانە چۆن پەیکەری ئەو شۆڕشەیان بە پێوە ڕاگرتووە و بەرەو پێشی دەبەن و لە هەمووان زیاتر لە خەم ئەم شۆڕشەدان و بە هەموو شێوەیەک هەوڵی سەرکەوتنی دەدەن و بەم هەوڵ و هەڵوێستە بەرزانەیان تۆوی ڕێز و خۆشەویستیان لە دڵی پیر و لاوی وڵات دا چاندووە.
لە کۆتاییدا پێمخۆشە سەری ڕێز دانەوێنم لە ئاست گەورەیی و چاونەترسی ئەو بنەماڵە سەربەرزانەی لە لایەک بە لە دەست دانی ئازیزانیان و لە لایەکی دیکەوە بە هەڵوێستە بەرز و شۆڕشگێڕانەکانیان بوونە هەوێنی یەکگرتووی ڕۆژهەڵاتەکەمان و هەر ئەوانیش بوونە هەوێنی بەردەوامی ئەم شۆڕشە.
بنەماڵەی شەهیدان هەر لە یەکەم رۆژەکانی شەهیدبوونی ئازیزانیانەوە بە هەڵوێست و بڕیارە نەتەوەییەکانیان دەستیان کرد بە نووسینەوەی مانیفێستی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی و هەتا ئێستاش لە مەیدانی خەباتدان و کۆڵنادەن.