سیمین روحانیزادە
لە ئێستادا دوای کوژرانی ڕەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران و هاتنە گۆڕێی پرسی هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆککۆماری لە ئێراندا ڕێژیمی ئێران تووشی شپڕێوی و ترسی بەشداری نەکردنی خەڵک لەو هەڵبژاردنە دا بووە، هەر چەندە نەمان و کوژرانی ڕەئیسی و هاتنە گۆڕێی بابەتی هەڵبژاردن بۆ کەسانی باڵادەستی وەک خامنەیی شتێکی لە ناکاو نەبووە بەڵام بۆ دەستووپێوەندییەکانی ڕێژیم شتێکی نوێ بوو.
لە ئێستادا و لەگەڵ نزیک بوونەوەی ڕۆژی شانۆی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری لە ئێراندا کە بڕیارە لە ڕۆژی ٨ی پووشپەڕ بەرێوەبچێ ناوەندەکان و کاربەدەستان و دەستووپێوەندییەکانی ڕێژیمی ئێران بە هەموو شێوازێک خەریکی هاندان و ڕاکێشانی خەڵک بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدانن.
هەوڵ و پەلەقاژێی ڕێژیمی ئێران بۆ ڕاکێشانی خەڵک و گەرم و گوڕ نیشاندانی شانۆی هەڵبژاردن لە کاتێکدایە کە تەنیا سێ مانگ بەسەر شکەستی ئەو ڕێژیمە لە هەڵبژاردنی خولی دوازدەهەمی مەجلیس تێپەڕیوە و هێشتا ڕێژیم خەریکی پەردەپۆشکردن و هێنانەوەی پاساو و چەواشەکارییە بۆ ئەو شکەستە گەورە، لە بەرانبەر ئیرادەی گەلانی ئێراندا.
پرۆسەی دەنگدان و هەڵبژاردن یەکێک لە بنەماکانی دێمۆکراسییە و لە هەموو سیستم و دەسەڵاتێکدا ئەو پڕۆسەیە بۆ دیاری کردنی داهاتووی ئەو وڵاتەیە، و خەڵک بە بێ ئەوەی پێویستیان بە هاندان و گەف و هەڕەشە بێ بە ویستی خۆیان دەنگ دەدەن بەو سیاسەت و بە ئەو کەسەی کە بۆ داهاتووی وڵاتەکەیان بە شیاو دەزانن.
وەلێ لە ئێرانی ژێر چەپۆکی کۆماری ئیسلامیدا دەنگدان و هەڵبژاردن هەیە، بەڵام لە کاکڵەی سەرەکی خۆی و چەمکی دێموکراسی و دێموکرات بوون داماڵدراوە و چووەتە قاڵبی شانۆ و سیناریۆیەک کە پێشتر لە لایەن خامنەیی و داروودەستەکەی داڕێژراوە و بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن تەنیا بۆ کۆکردنەوەی خەڵک لە دەوری سەندووقەکان و قەرەباڵغ نیشاندان و بڵاو کردنەوە ڤیدیۆ و وێنە لە میدیاکانە، بۆ ئەوەی بڵێن کە خەڵک لەگەڵمانە و خەڵک بۆ خۆی بریار لە سەر چارەنووسی خۆی و وڵاتەکەی دەدات و دەسەڵاتداری ئێمە ڕەوایە.
بەڵام ئەوەی کە لێرەدا هێژای باسە ئەوەیە کە هەوڵ و کەڵک وەرگرتنی ڕێژیم لە ڕێگای جۆراوجۆر بۆ ڕاکێشانی خەڵک بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان لە پێش شۆڕشی ژن ژیان ئازادی دا کەم و زۆر باندۆری ههبوو، بەڵام لە ئێستا دا ئەو هەوڵ و هاندانانەی ڕێژیم بێ کەڵکن و وڵامدەر نیین.
بۆ نموونە لە هەڵبژاردنەکانی پێش شۆڕشی ژینا ڕێژیم لەو شار و دەڤەرانەی کە چەند نەتەوە پێکەوە دەژین لە جیاوازییە نەتەوەییەکان کەڵکی وەردەگرت و بە درووست کردنی ململانێ و ڕکابەرییەکی ناتەندرووست و هەروەها درووستکردنی ڕق و کینە، کەسانێکی نائاگای بۆ سەر سندووقەکان دەبرد، یان بە هەڕەشە کردن لە کارمەند و مووچەوەرگرەکانی حکوومەت کە لە ئەگەری بەشداری نەکردن، مووچەیان قەت دەکرێ و چەندین نموونەی دیکە خەڵکی بۆ سەر سندووقەکان ڕادەکێشیا، بەڵام دوایی شۆڕشی ژینا دەستی ڕێژیم بە باشی بۆ خەڵک ئاشکرا بوو، و خەڵک سەلماندی کە جیاوازی نەتەوایەتی ناتوانێ ببێتە هۆی ئەوەی بە قازانجی ڕێژیم کەڵکی لێ وەربگرن بە پێچەوانەوە نیشانیاندا کە بە یەکگرتوویی لەو جیاوازییە کەڵک وەردەگرن بۆ نەهێشتی ئەو ڕێژیمە، یا کەسانێک کە لە جێگە و پێگە و مووچەی خۆیان دەترسان نیشانیاندا کە هیچ شتێک لە ئازادی بەنرختر نییە و هەڕەشەکانی ڕێژیم هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر نابێ و بە هەموو شێوەیەک ئەو ڕێژیمە و سیستم و دەسەڵات و دەنگدانی ڕەت دەکەنەوە.
لە ئیستادا سەرەڕای ئەوەی کە ڕێژیم دەزانێ هەوڵ و پیلانەکانی بۆ خەڵک ڕوون بووە و خەڵک بە ڕێژەیەکی کەم له سهرانسهری ئێراندا بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا دەکەن، لە لایەکی دیکەوە ترسی گەورەی لە بەشداری نەکردنی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەڵبژاردنەکاندا لێنیشتووە.
وتنی “نا» بە ڕێژیم و دژایەتی تەواو لەگەڵ ئەو دەسەڵاتە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان شتێکی نوێ نییە چوونکە لەگەڵ هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرەی خۆی جیاکردەوە و بە هەموو شێوازێک دەسەڵاتی مەلاکانی ئێرانی ڕەتکردووەتەوە.
بەڵام ڕێژیمی ئێران بە بێ عاری خۆی چاوی لە هەڵوێست و رەتکردنەوە و دژایەتی کردنی کوردستان لەگەڵ ئەو دەسەڵاتەدا داخستووە و هەمیشە بە تایبەتی لەمیدیاکاندا هەوڵی ئەوەی داوە کە وا نیشانی بدات کە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هەموو شیوازێکی کۆماری ئیسلامیان دەوێت و بە حکوومەتی خۆیان دەزانن.
هەروەها لە لایەکی دیکەوە ترسێکی دیکەی ڕێژیم هەبوونی حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسۆنی ئێران و کاریگەری و باندۆری حیزبەکان و هەروەها پێڕەوی کردنی خەڵک لە سیاسەت و هزری حیزبەکانه، بە تایبەت لە پرسی وەکوو هەڵبژاردنە کە حیزبەکان زۆربەی کاتەکان بایکۆتی هەڵبژاردنەکانیان کردووە و ئهو پێڕەوی کردنه لە هزر و ویستی حیزبەکان بۆ ڕێژیم بووەتە خۆف و ترسێک ، بۆیە زۆر گرینگی بە پڕ ڕەنگ نیشاندان و بەشکۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەدات.
لەم ماوەیەدا کە باسی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ڕێژیم هاتووەتە گۆڕێ کارگەڵێکی جۆراوجۆر لە لایەن مۆرەکانی ڕێژیم لە شار و گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکرێ، بۆ نموونە لەم چەند ڕۆژانە ڕابردوودا لە پارێزگای سنە نوێنەری ویلایەتی فەقێ لەو پارێزگایە، مزگەوت بە مزگەوتی شار و گوندەکان دەگەڕا و داروودەستەکانی خۆی و هەروەها بە زۆر هێندێک لە خەڵکانی ئاسایی لە مەزگەوتەکان کۆدەکردەوە و بە هێنانەوە نموونەی بێ بنەما و بە باس کردنی هێندێک لە کار و هەوڵ سپای پاسداران و ڕێژیم کە بە ئیدعای خۆی بۆ خەڵک و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان کردووە و بەو چەواشەکارییانە هەوڵی ڕاکێشانی خەڵکی داوە و جەختی لە پێویست بوون و گرینگ بوونی بەشداری کردنی بەشکۆی خەڵکی کورد لە هەڵبژاردندا کردووە.
هەروەها ناوبراو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا داوای لە خەڵک کردووە کە مزگەوتەکان ماڵەکان و هەر جێگایەک کە بۆیان دەکرێ بكەن بە تریبوونک و وتوویانە دەنگی ئێمە بن و خەڵک ڕابکێشن بۆ سەر سندووقەکان.
نموونەی ئاوا لەم ڕۆژانەدا یەک و دووان نین ڕۆژانە مۆرەکانی ڕێژیم بەم شێوە دەچنە ناو خەڵک و سواڵ دەکەن بۆ ئەوەی خەڵک ڕوو لە سندووقەکانی هەڵبژاردن بکات.
هەر وەک ئاماژەمان پێکرد دەنگدان پڕۆسەیەکی ئازاد و بابەتێکە کە پێویست بە زبەر و زۆر ناکات بۆ بەشداری کردنی خەڵک گەر دەسەڵاتەکەت دەسەڵاتێکی ڕەوا، و حکوومەتەکەت حکوومەتێک بێت کە خەڵکی بێت و بۆ خزمەت بە خەڵک تێبکۆشی ئەوا خەڵک خۆی بە ویستی خۆی دێت دەنگ دەدات.
بەڵام خەڵکی ئێران دەزانن دەنگدان و سەرۆککۆمار و نوێنەر ناتوانن هیچ گۆڕانکارییەک درووست بکەن و تەنیا شتێک کە دۆخ دەگۆڕێ نەمانی ئەو ڕێژیمە. و لە هەڵبژاردنی مانگی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوودا کە خەڵک لە سەرانسەری ئێراندا بە ڕێژەی کەمتر لە ٤٠٪ بەشداریان لە هەڵبژاردندا کرد، و حکوومەتە ئاسمانییەکەی خامەنەییان ڕسوا کرد و حەیایی نەبووی ٤٥ ساڵەی ئەو دەسەڵاتەیان برد و جارێكی دیكه نیشانیاندا كه بهرهی خهڵک و بهرهی حكوومهتی ئێران جیایه.