موژگان عەلیپوور
شۆرشی ژینا یەکەم بزوات نییە کە لەئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاتبێتە ئاراوە و ژنان تێیدا بەشداربن بەڵام شۆرشێکی فرەڕەهەند بوو کە کۆمەڵێک داواکاری لە خۆدەگرت کە مەسەلەی حیجاب یەک لەوان بوو.
بابەتێکی گرینگ کە دوای شۆرشی ژینا لەنێو دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیم هاتە ئاراوە و زۆر بێدەنگ کاری بۆدەکرێ بابەتی حیجابی ژنانە کە ساڵانێکە مشت ومڕی لەسەرە و کۆمەڵێک تەرح و پڕۆژە بە ناوی جیا لەو پێوەندییەدا دراون بە مجلیس و هیچیان بۆ باشترکردنی دۆخی ژنان لە ئێران شتێکیان پێ نەبووە. بەڵام لە یەک ساڵی ڕابردوودا ئەو بابەتە جۆرێکی دیکە گرینگیی پێدرا چون دیتمان کە بە هاتنە ئارای شۆرشی ژینا کومەڵگەی نێونەتەوەیی پێشوازی زۆری لە خواستەکانی ژنان کرد و بۆ هەموان دەرکەوت کە ویستی ژنان لە ئێران تەنیا مەسەلەی حیجاب نییە و ژنان خوازیاری دابینبوونی مافە نەتەوەیی و سیاسیی و….ئەو دیاربوونەی ژنانیان بەلاوە سەرەنج ڕاکێش بوو، بێگومان ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو نەزمە جیهانییەی بۆ بەروپێشچوونی پرسی ژنان و هێنانە میدانی ژنان بۆ بەڕێوەبردنی وڵات، کە لە وڵاتانی ڕۆژئاوا لەسەر ئەو بابەتە پێشبڕکێیە، بەڵام بۆ نەتەوەی کورد کە لە چوارچێوەی جوغرافیای ئێران دەژی بابەتێکی کۆنە و ساڵانێکە کاری بۆ دەکرێ. ئێستا بەرپرسانی ڕێژیم پێیان وایە بە دەرکردنی هێندێک یاسای بێبنەما بۆ ئازادی پۆشش کێشەی ژنان چارەسەر دەبێ و دەتوانێ دەنگی ژنان کپ بکا.
ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی گەلاوێژ ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆککۆماری ئێران لە ڕێورەسمێکدا گووتی: “بێ حیجابی کۆدەکرێتەوە و ئەوە حەتمییە و هیچ نیگەران مەبن.”
هەر دوابەدوای ئەو”مەتیۆ میلێر” وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە کاردانەوە بە قسەکانی ئیبراهیم ڕەئیسی سەبارەت بە مسئەلەی بێ حیجابی لە ئێران، جەختی لەسەر ئازادیی پۆشینی ژنان لە ئێران کردەوە و گووتی: ”ژنان لە ئێران و هەموو جیهان دەبێ لە پۆشینی جلوبەرگدا ئازاد بن، نابێ ژنانی ئێران نیگەرانی ئەوە بن کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بە هەموو شێوەیەک کۆنترۆڵ و چاوەدێرییان دەکەن”
ئەو قسانەی ڕەئیسی لەحاڵێکدایە کە لە ١ساڵەی کوشتنی ژینا و شۆرشی “ژن ژیان ئازادی” نیزیک دەبینەوە و ژنان لە ئێران کە هەمووکات زیاتر پێداگرن لەسەر ئازادی ڕادەربڕین و پۆشینی جل وبەرگ و نافەرمانی مەدەنی، و ئەو بیرە لەنێو خەڵکدا زیاتر پەرەی گرتووە و ئەوەی جێی سەرەنجە پلانەکانی دەسەڵاتدارانی ئێرانە بۆ ڕوبەروبوونەوەی قەیرانە نێوخۆییەکانی ئێران و بۆڵدکردنی بابەتی حیجاب و باس و خواستەکان لەسەر ئەو بابەتە لەلایەن بەرپرسانی ئێران بۆ بەلاڕێدا بردنی بیروڕای گشتی و کۆمەڵگەی نێونەتەوەییە تا نارەزایەتییەکان و ویستی نەتەوەکانی ئێرانی تەنیا بە مەسئەلەی حیجاب نیشان بدا کە وەک باسمان کرد ویستی ژنان لە ئێران تەنیا مەسەلەی حیجاب نییە، و لە ئەگەری سەرهەڵدانی نارەزاییەتییەکان لە ساڵوەگەری کوشتنی ژینا ئەو سیمایە لە ویست و داخوازی خەڵکی ئێران بە کۆمەڵگەی جیهانی نیشان بدات.
لەلایەکی دیکەوە پرۆژە یاسای “عیفاف و حیجاب” بووتە باسێکی سەرەکی مەجلسی ئێران، ڕۆژنامەی شەرق ١٦ی گەلاوێژ لە ڕاپۆرتێکدا باس لە ئەگەری پەسەندکردنی ئەو پرۆژە یاسایە دەکا کە تا ئێستا ٧٥ لەسەدی ئەندامانی مەجلیسی لەگەڵە، بەڵام نیگەرانی ئەوەشیان هەیە کە کۆمەڵگەی مەدەنی ئێران ئەو تەرحەی بەلاوە پەسەند نەبێ و دژکردەوەی ببێ.
هەمووی ئەوانە دەتوانێ ئاماژە بەوە بێ کە ڕێژیم بیهەوێ بە پەسەندکردنی ئەو تەرحە لەو ساتەدا کێشەناوخۆییەکان داپۆشێ وسەرهەڵدانەکانی دیکە بەوەوە ببەستێتەوە وهەنگاوی دواتری پێدانی هێندێک ئازادی تاکی و جل و بەرگ و سەرپۆش بێ بۆ ژنان تا نیشان بدا کە گوێی لە خەڵک گرتووە و ئەو مافانەی بۆ دابین کردون.
زۆر گرینگە لە ئێستادا ژنان، چالاکانی مەدەنی و سیاسیی بە هەستیارییەوە لەو بابەتە بڕوانن و ئیزن نەدرێ کە ئەو بزوتنەویە بەلارێدا ببردرێ.