دەستپێک لە کەسایەتی هەر یەک لە ژنانی ئازا و پێشەنگی وەک نەسرین حەداد و سوهەیلا قادری و سەرجەم شەهیدانی رێگای ئازادی و یەکسانی وەبیر دەهێنینەوە و سەری رێز و نەوازش لە بەرانبەر قامەتی بەرزیان دادەنوینین، هاوکات پەیمان و بەلێنی خۆمان بۆ درێژەدانی رێگایان دووپات دەکەینەوە.
ئەم بابەتەی کە ئەمرۆ ئێمە و سەرجەم ژنان لە سەرانسەری جیهان کۆ دەکاتەوە تەنیا ماف و ئازادی ژن نیە، بەڵکوو لە بنەرەتدا بابەتەکە پەیوەستە بە رزگاری هەموو کۆمەڵگا . نەهێشتنی زێهنیەتی سەردەستی و بندەستی کە خۆی لە رێگای دژبەری و لاواز کردنی پێگەی ژن بە هێز کردووە و دەرەنجامەکەی ئەوە بووە کە ژن بە چارەنووسی خۆی رازی بێت.
بە داخەوە لە زۆر کۆمەڵگا ئێستاش وشەی ژن وەک سووکایەتی بە کار دێت لە حالێکدا هەموومان لە رۆلی ژن لە رابردوو را تا ئێستا لە کشت و کاڵ و ئاژەڵداری و بەشداری لە شۆرشیش دا ئاگادارین. لە سەردەمی ئێستا دا ئەو رۆلە گشتگیرتریش بووە و لە زۆربەی بوارەکانی ژیان هەر ژنە کە چەرخی ژیان دەسوورێنێ.
رۆلی ژن لە بوونی منداڵ و بەخێو کردنی لە قورسترین هەڵ و مەرجەکاندا فاکتۆرەکی سەرەکیە. ژن ٩ مانگ منداڵ لە زگی خۆیدا بە خێو دەکا و دوای منداڵ بوونێکی زۆر بە ئازار، تا ئەو کاتەی منداڵەکە پشت بە خۆی دەبەستێت هەر ئاگاداری دەبێت و بگرە تا مردنیش بەرامبەر بە منداڵەکەی هەست بە بەرپرسایەتی دەکات. هەروەها ئەرکی بەخێو کردنی ماڵ دیسان ئی ژنە. ژن سەڵماندوویەتی کە هێزی سەرەکی ژنە و ژن خودی ژیانە.
– کەواتە پرسیارێک دێتە پێش کە بۆچی ژن بە هەمووی ئەو هێز و رۆڵانەوە کە لە ژیاندا هەیتی، بەلام ئێستاش دەورێکی کەمی لە بەرێوەبەریدا هەیە؟
ئێمە وەک نەسلی ئێستا بە بەراورد لەگەڵ دایکان و داپیرەکانمان زۆر خۆشبەختین، ئێمە لە جیهانێک و رۆژگارێک کە ئەوانی تێدا دەژیان ، ناژین، لە سەردەمی ئەواندا هەلی کار بۆ ژن زۆر سنووردار بوو، دەستەواژەی مافی مرۆڤ و مافی ژن زۆر نامۆ بوو. جێگای داخە کە دوای ئەو هەموو گۆرانکاریە و پێشکەوتنە ئێستاش لە زۆر شوێنی ئەم جیهانە مافی مرۆڤ و مافی ژن بە دووقات پێ شێل دەکرێت. ئەگەر هەموو ئەو خالانە وەلانەین ئێستا کێشەمان هەیە کە بۆچی ژنان بە پلەی بەرز ناگەن. ئێستاش بە پێی ئامارە نێو دەولەتیەکان بەشی ژنان لە پلە بەرزکان و پۆستە مودیریتیەکان لە ژێر ٢٠ دەرسەدە.
هەروەها کێشەیەکی دیکەی ژنان ئەوەیە کە رووبەرووی هەڵبژاردنی قورس دەبنەوە لە نێوان ژیان بنەماڵەیی و کاردا.
ئێستا ئێمە چۆن ئەوە چارەسەر بکەین؟
ئێمە وەک تاک دەتوانین چ بکەین؟
ئەو پەیامە چیە کە دەتوانین بە خۆمانی بلەین؟
ئەو پەیامە چیە کە دەتوانین بە کچەکانمانی بلەین؟
بۆ وڵامدانەوەی ئەو پرسیارانە باسی ٣ خالی گرینگ دەکەم.
پەیامی ژومارە یەک:
یەکێک لە کێشەکان ئەوەیە کە ژنان بە شێوەیەکی رێک و پێک تواناکانی خۆیان بە کەمتر دەخمڵێنن.
ئەگەر ئێوە دەربارەی بابەتێکی بە تەواوی دیاری کراودا وەک نومرەی خوێندنیان، پرسیار لە ئافرەتێک یا پیاوێک بکەن، پیاوەکان بە دڵنیاییەوە نومرەکەیان کەمێک بەرزتر دەلێن و ئافرەتەکانیش خوارتری دەڵێن.
رێژەیەکی زۆر کەم لە ژنان لە بارەی موچەی سالانەی خۆیان لەگەڵ سەرۆکەکەیان گفتوگۆ دەکەن، هەروەها زۆربەی کات موچەی پیاوان زۆرترە لە موچەی ژنان، وە لە هەمووی گرینگتر پیاوان سەرکەوتنێکی کە بە دەستی دەهێنن لە دەرئەنجامی کاری خۆیان دەبینن بەڵام ژنان سەرکەوتنەکەیان بە هۆی کەسێکیترەوە دەزانن.
ئەگەر لە پیاوێک پرسیار بکەن کە چۆن ئەو ئیشەت بە باشی جێ بە جێ کرد، بێگومان وڵامەکەی ئەوەیە کە خۆم ئەنجامم داوە بەڵام ئەگەر هەر ئەو پرسیارە لە ژنێک بکرێ وڵامەکانی ئەون کە دەڵێت : تەنیا ئەوەیە کە کەسێک یارمەتی داون یا بەخت یارمەتی داون یا ئەوان زۆر قورس ئیشیان کردووە.
ئەوە زۆر گرینگە چونکە هیچ کەس بە باشترین بەشی فەرمانگەکان ناگا ئەگەر تەنیا لە سوچێکدا دانیشێ و هیچ کەس پلەی بەرز نابێتەوە ئەگەر خەڵک و یان خۆشی بیر نەکەنەوە کە شایانی ئەوەن یان خۆی لە سەرکەوتنەکەی تێنەگا .
پیامی ژومارە دوو:
ئەگەر ژنان و پیاوان بە تەواوەتی ئیش بکەن، مندالیشان هەبێت، ژنان دوو هیندەی پیاوان ئیشی ماڵ ئەنجام دەدەن، سێ ئەوەندەی پیاوەکەش گرینگی دەدات بە مندالەکە، کواتە ژنەکە دوو یا سێ کار دەکات، بەڵام پیاوەکە تەنیا یەک ئیش دەکات.
پیامی ژومارە سێ :
کاتێک ژن بیر لە هەبوونی منداڵ دەکاتەوە، هەر لەو ساتەدا بیر لە دابین کردنی هەموو پێداویستیەکانی منداڵ دەکاتەوە و ئەوەی چۆن ئەو بابەتە لەگەڵ کارەکەی بگونجێنێت. لەو کاتەوە کە بیر لە هەبوونی منداڵ دەکاتەوە چیتر بیر لە بەرز بوونەوەی پۆستەکەی ، یا وەرگرتنی پرۆژەیەکی تازە ناکاتەوە. دەست لە گەیشتن بە ئارەزۆکانی هەڵدەگرێ و هەموو زکر و هۆشی دەبێتە منداڵەکەی . لەوانەیە بە هۆی پشووی پێش منداڵ بوون و دوای منداڵ بوون تا ٢ ساڵ لە کار و پیشەکەی دوور کەوێتەوە. ئەو دوور کەوتنەوە وادەکات لە هاوکارەکانی دوا بکەوی و هاوکارە پیاوەکان پێش وی پلە و مووچەیان بەرز بێتەوە، هاوکات بۆ قەرەبوو کردنەوەی ئەو دوا کەوتنە دەبی زۆر زیاتر خۆی ماندوو بکا و بە قورسی کار بکا. بۆیە کارەکەتان بە جێ مەهێلن تا ئەو کاتەی پێویستە و لە شوێنەکانتان بمێنەوە تا کاتێک کە گونجاوە بوەستن بۆ منداڵ بوون
ئەو یەکێکی دیکە لە فیداکاریکان و باجەکان کە ژنان دەبی لە پێناو منداڵ بوون دا بیدەن . کۆمەڵگا دەبی رێزی ئەو فیداکاریە بگرێت و باجەکەی تەنها لە سەر دایک نەبێت و یاساکان بە شێوازێک بگۆردرێت تا چیتر مافی ژنان لە شوێنی کار بە هۆی منداڵ بوون زەوت نەکرێت.
هیوادارم کە لە نەوەکانی داهاتودا کورەکان توانای هەلبژاردنیان هەبێت و بۆ هاوکاری کردنی تەواو چ لە مالدا یا لە مەیدانی کاردا و کچەکانیش لە بەر دەستکەوتەکانیان ببنە جێگای رێزو متمانەی خەڵک.
لە کۆتاییدا رۆژی جیهانی ژن واتا نوێ کردنەوەی پەیمان و بەڵێن و بردنە سەری ئاستی تێکۆشان، رۆژی وردبوونەوە و تێفکرین و بووژانەوەی بیرۆکەی ژیانی ئازادە. بۆ ژنان هەموو رۆژێک ٨ مارسە و هەموو رۆژێك بەرخودانە ، بەم بۆنەیەوە جارێکی دیکە بە ناوی خۆم وەک ئەندامێکی یەکیەتیی ژنانی دیموکراتی کوردستان لە هەندەران پیرۆزبایی رۆژی جیهانی ژنان لە سەر جەم ژنانی ئازدیخوازی جیهان و بە تایبەتی ژنانی کورد دەکەم.
ئاسکە ئەمینزادە
سوئێد ٠٦/٠٣/٢٠٢٠