کوێستان عومەرزادە
خەبات بۆ یەکسانیی ڕەگەزی لە کۆمەڵگەدا و نەبوونی تەرازووی یەکسانیی سیاسی و کۆمەڵایەتی و لەهەمان کاتدا هەڵاواردنی جێندەری لە ڕیزبەندی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەدا یاخود ستەمی چینەکانی نێو کۆمەڵگە ئەوانە و کۆمەڵێ فاکتەریتر دەتوانی ببنە سووژەیەکی بەهێز بۆ دیاریکردنی یان سەرهەڵدانی ڕۆژێک بەناوی ڕۆژی هەشتی مارس.
ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژوو و بەچاوێکی وردبینییەوە خەبات و تێکۆشانی ژنان لەونێوەدا بخەینەڕوو خەباتێک پڕ لە قوربانی و ستەم و ئازاردان لەگەڵ ئەوەشدا ژنان بۆ سەلماندنی خۆیان و تواناکانی خۆیان هیچکات دەستەوئەژنۆ نەماونەوە سەرباری سەختی زۆر کە ڕووبەڕوویان بۆتەوە بەردەوام بوون بۆ ستاندنی مافەکانیان، ژن و خەبات و بزووتنەوەی ژنان هەمیشە لەگوڕوتیندا بووە سەرباری هەموو ئەو توندوتیژیانەی کە ڕووبەڕووی هەوڵ و تواناکانیان بۆتەوە ئەوان بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان تێکۆشاون.
ڕێزگرتن لە هەشتی مارس ڕێزگرتنە لە خەباتی هەموو ئەو ژنانەی کە بۆ یەکەمجار لەسالی ١٨٥٧ لە کارگەی ڕستن و چنینی نیۆیۆرک هاتنە مەیدان بۆ بەدەستهێنانی مافی یەکسانی کارکردن لەگەڵ پیاوان، بۆیە ئەو ڕێکەوتە بووە مێژوویەکی گرینگ بۆ دەستپێکی هەوڵێکی تر بۆ یەکسانی و دادپەروەری لە کۆمەڵگەدا.
هەربۆیە خەباتی کارگەی ڕستن و چنینی ئەمەریکا وەک ڕوداوێکی مێژویی، مێژوی خەباتی ژنانی یەکسانیخواز دەستنیشان کرا وەک هەشتی مارس، هەوڵەکان یاخود داواکاریەکانی ژنان هەموو ئەو داوا سەرەتایانە بوون کە لە ڕۆژانە هەستیان بە نەبووونیان دەکرد وەک سەرەتایترین ماف کە بتوانن ئەوانیش موچەی تەواو، هەلومەرجی نالەباری کار، دەوامی یەکسانیان، وەک پیاوان بێت. داواکانی ئەوان لە چوارچێوەی ئەو مافانەدا بوون کە دەیاندا بە پیاوانی کرێکار و ئەوان لێی بێبەش بوون بەڵام کاربەدەستانی ئەو کارگەیە ئەو ڕەوشەیان لا پەسند نەبوو. واتە کرێکارانی ناڕازی ژن لەو نیوەدا دەست بۆ میکانیزمێکی نامرۆیی دەبەن و بۆ سەرکوتی ئەو مانگرتنە هەوڵی توندوتیژی و دەستبەسەرکردنی ژنانی کرێکار دەدەن و ئاگر بەردەدەنە کارگەکە و لە ئەنجامدا زیاتر لە١٠٠ ژنی کرێکار بوونە قوربانی.
هەر دوابەدوای ئەو هەڵوێستە نامرۆیانە دەسەڵاتدارانی ئەو کارگەیە، ساڵی ١٩١١ لە وڵاتانی وەک دانمارک، نەمسا، ئەڵمانیا، سویسڕا، ئەمەریکا، یەکەم دانیشتن بەڕێوەدەچێ و لەو دانیشنەدا باس لە مافە سەرەتاییەکانی ژنان هاتە بەرباس و تاوتوێ کران. لەوانەش پشتیوانی لە ژنانی کرێکار کرا و بەشداریی ژنان لە هەڵبژادن و مافی دەنگدان، مووچەی یەکسان، کاتەکانی دەوامکردن هەروەکو پیاوان. هەر دوای ئەو دانیشتنانە و بەرزبوونەوەی دەنگی ناڕازی ژنان و خۆپێشاندانەکان، لە ساڵی١٩٧٨ لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان هەشتی مارس بەفەرمی وەک ڕۆژی ژنان پەسند کرا کە هۆکارەکەشی گەڕانەوە بۆ ئەو ڕووداوە مێژووییە بوو کە لە ساڵی١٨٥٦ لە ئەمەریکادا ڕووی دابوو.
دیارە بە هۆی شەڕی یەکەم و دووهەمی جیهانی و تێکچونی ئابووری خەڵک، ساڵانە ژنانێکی زۆر منداڵەکانیان بەشێوەی نایاسایی لەبار دەبرد کە بەهۆی ئەو ڕەوشە ناهەموارەی ئابووری نەیاندەتوانی منداڵەکانیان بەخێو بکەن پەنایان بۆ لەبار بردن دەبرد. ئەوکات بەداخەوە هیچ چاودێریەکی تەندروستی نەبوو هەر لە وڵاتی ئەڵمانیا لە ساڵی ١٩٣١ ڕیژەی زۆر واتە ٤٤٠٠ ژن بوونە قوربانی چونکە بەداخەوە نەیاندەتوانی منداڵەکانیان بەخێو بکەن هانایان بۆ لەباربردنی نایاسایی دەبرد. دوای هاتنی دەسەڵاتێکی دیکتاتۆر لە ئەڵمانیا هەموو ئەو گرووپ و ڕێکخراوانە قەدەغە کران کە باسیان لە ماف و یەکسانی کۆمەڵگە دەکرد. پاش ماوەیەک و دوای شەڕی دووهەمی جیهانی بۆ یەکەم جار لە وڵاتانی ئەورووپی ئەو ڕۆژە واتە ٨ی مارس لە ساڵی ١٩٤٠ بەرز ڕاگیرا. لەو کاتەوە هەموو ساڵێ یادی هەشتی مارس لە زۆربەی وڵاتان بەڕێوە دەچێت و یادی دەکرێتەوە هەم بۆ ڕیزگرتن لە قوربانیانی ئەو کارەساتە هەمیش بۆ ڕیزگرتن لەو دەسکەوتانە.
هەرچەندە بەدەست هێنانی مافی ژنان بەتایبەتی سەرەتاییترین مافیان ئێستاش لە زۆر شوێن و وڵات بەهۆی نۆرم و بەها کولتووری و مەزهەبییەکان تەواو جێگیر نەبووە یان بەهۆی یاساگەلێکی پیاوسالاری کە ڕێگرن لە هەنگاونان بۆ چاکسازیی و ڕیفۆرم نەتوانراوە ئەو ڕەوتە بەرەوپێش بچێت بەڵام ژنان سەرباری ئەوەیکە ڕۆژانە چ لە کۆمەڵگە و چ لە ماڵەوە چ لە شوێنە گشتییەکان ڕووبەڕووی هەڵاواردن و توندوتیژی دەبنەوە بەڵام هەوڵەکانی ئەوان بۆ دابینکردنی کۆمەڵگەیەکی یەکسان و مافە ئینسانییەکانیان و کەمکردنەوەی ستەم بەردەوام لە هەوڵ و تێکۆشاندان و تەسلیمی هێرش و هەڕەشە و یاسا و ڕێسایەک نابن کە ئاکامەکەی چەوساندنەوەی ئەوان بێت.
جێی ئاماژەیە ئەوەمان لەبیر بێت ڕۆژی هەشتی مارس واتە پەیمان نوێکردنەوە و خۆسازدانەوە و توندوتۆڵ کردنەوەی خەباتی ژنان! نەک بەلاڕێدابردن یان هەڵسەنگاندنی نادروست. لەگەڵ ئەوەدا کە چەند دەیە بەسەر مێژووی تێکۆشانی ژنان دژی نایەکسانی تێدەپەڕێ بەڵام لە زۆربەی وڵاتانی جیهان هێشتا ژنان بەخراپترین شێوە دەچەوسێنەوە و مامەڵەی ناتەندرستیان لەگەڵدا دەکرێت. خەبات بۆ بەشداری ژنان لە بەڕێوەبەری و بوونی ڕێژەی ژنان لە شوێنی بریاردانی گشتیی بووەتە خاڵێکی گرینگ لە خەباتی ئەمڕۆیی ژناندا.
سەرکەوێ خەباتی یەکسانیخوازانەی ژنان و پیاوان، نەمان بۆ هەڵاواردنی ڕەگەزی، تواناکانی ژنان دەبێ ببێتە سەرمەشقی هەوڵەکانمان بۆ دابین کردنی مافی یەکسان .پیرۆبی هەشتی مارس، بەهیوای کۆمەڵگەیەکی تەندروست و یەکسان.