سینا خەلیلی
هونەر، بە تایبەت ئەدەبیات هەمیشە تەغزییە و خواردنی لە سەر پشتی دەور و پشتی خۆیەوە بووە، یانی خوێنەر بەبێ ئەوەی بزانێ نووسەرەکە خەڵکی کوێیە و کێیە، لەدوای خوێندنەوەی ئەوە بۆی دەرکەوتووە سەر بە کام جوگرافیا و فەرهەنگ و سونەت و مەڕامە. بۆ وێنە نووسەر و نێگارکێشێکی ڕووسی، دەغدەغە و سەرئێشەی ژینگەی وڵاتەکەی خۆی، لەو بەستێنەدا گوزاریشتی لە ژیانی خۆی و ئەوانی تر کردووە، ئاڵمانی و فەرەنسایی و چینییەکەش هەر بە هەمان شێوەیە. ئەوە وای کردووە تا کۆتایییەکانی سەدەی نۆزدە، ئەدەبی ئاڵمانی، ڕووسی، ئامریکایی …مان هەبێ و سەر بە ئەدرەسێکی دیاریکراو بن. لە ساڵی ١٨٩٠ بەولاوە، بە تایبەتیتریش لەدوای شەڕی جیهانی یەکەمەوە، بۆ نووسەر کێشە کارەساتی بەشەری بووە، نەک تەنیا کارەسات و کێشەی وڵاتەکەی نووسەر، واتا ئینسان بە عام دەبێتە مێحوەر [[بەر لەو ساڵانەی ئاماژەیان پێ کرا دەق هەبووە کە دواتر چۆتە نێو ماڵی ئەدەبی نوێ یان باسی لێ کراوە.]] ئەوەش بە واتای دابڕانی یەکجاری ناسنامەی نییە، بەڵکوو دەچێتە پەراوێزەوە. نیچە دێت و دەڵێ خودا مرد، مارکس مەڕامنامەی چینی کرێکاران دەنووسێ و فڕۆیدیش باس لە دەروونی مرۆڤ بە وردی و داروینیش پێداچوونەوە بە ئەفسانە و حکایەتەکانی خیلقەتماندا دەکات. نیچە بەر لە خۆی تێکدەشکێنێ و ڕادەوەستێ، ماڕکس قۆڵ بۆ ڕێکخستنی کرێکاران هەڵدەماڵێ، فڕۆید پێمان دەڵێ شتێکی تر جیا لە ڕەواڵتمان بوونی هەیە و نووسەرانی دوای ئەو پتر فوکوسیان دەچێتە ژوورەوەی تا دەرەوەی مرۆڤ، داروینیش هەموو چوارچێوەی دینە ئاسمانییەکان دەلەرزێنێ و پێم وابێ یەکی تر دەخاتە ڕوو. کەسانی تریش و ئەو چوارکەسە بەتایبەت ڕۆڵێکی بەرچاویان بووە لە ڕووی دەق و بیرکردنەوەی نوێ، کە ئینسان بە عام، نەک نەتەوەکەیان بە وردی بۆیان بابەت بووە. ئەدەبی نوێ، ئەدەبی بێوڵاتییە، بەشێکی بەرچاوی قەڵەم بەدەستانی وەک ” پاند، تی ئێس ئێلیۆت، جۆیس و بکێت” بە دڵخوازی خۆیان تەرکی وڵاتیان کردووە و یان بەشێکی تری وەک ” دۆستۆیۆڤسکی، ئیبسن، مان، برشت و ناباکۆف” تەبعیدی زۆرەملێ بوونە. لەو بارەیەوە “جۆرج ئیشتاینێر” دەڵێ “هۆکاری زۆر هەیە کە بۆچی بەشێکی بەرچاوی هونەری مۆدێڕنی ئێمە، نووسەرانی “بێوڵات” خوڵقاندوویانە، کەسانێک کە لە فەرهەنگی نەتەوەی خۆیان، سونەت و زمانی دایکی خۆیان دوورکەوتوونەوە و بۆچی تا ئەو ڕادەیە ئەم وشەیە لەگەڵ بێڕیشەیی و سەرلێشێواوی سەروکاری هەیە. دیسانەوەش هۆکاری بەهێز هەیە کە بۆچی هەستی غوربەت، کنایە، لەخۆونبوون، بێڕیشەیی، نەبوونی پێناسە و ئەدرەسی دەقیق جوگرافیای وڵات، تایبەتمەندیی بەرچاوی لە دەسکەوتەکانیدا هەبووە وە بۆچیش هونەرێکە کە بەو ڕادەیەی سەرساممان دەکا، پەرێشان و بێزاریشمان دەکات. لە وڵامیشدا پێی وایە کە لەبەر ئەوەی هونەری نوێ هونەرێکی ” جیهان” مێحوەرە.
***
ژینگەی نووسەری هاوزێ، لەچاو ژینگەی نووسەرانی ناوبراو، بە دەیان و چیها قەدەم لە دواترە، بازنەیەکی کلاسێکە کە سیاسی و ڕۆشەنبیر و هەژاری تێیدا دەخولێتەوە و یەکی بۆ نابێتە دوو، بۆیە دەبینین لە خانییەوە تا دەگاتە ئیبراهیم ئەحمەد و قزڵجی و هێمن و هەژار و شێرزاد و دەیان نووسەری تری ئەم ساڵانەش، هەر لەسەر ناوەڕۆکی داگیر و داگیرکاری، کێشەی زمان، کێشەی سۆزداری و عەشق و حاڵەتەکانی و بە دەیانی هاوشێوەی خولاونەتەوە، بە جۆرێک کە ئەدەبی کوردی لە قاپۆری، یان عاشقانە، یان شۆڕشگێڕانە، یانژی هەردووکی ئەو کێشانەی تێدا جێ بۆتەوە. یان بە دژی عەشق و دژی ئەو حیزب و ئەو حیزب و داگیرکەران چیرۆک گێڕدراوەتەوە و شیعر وتراوە بۆ نیشتمان، یان چەپڵە بۆ عەشق و بژی بژی بۆ ئەم حیزب و بەو حیزب کراوە و شیعری بۆ وتراوە و نفرەت کراوە لە نیشتمان، ”باسەکەی من زۆرینەیە”، هەیە چەپە و سیلەی لە ڕاستەکان گرتووە، هەشە ڕاست و ناسیونالیستە و سیلەی لە چەپەکان گرتووە، هەمووی ئەوانەوەش بە فۆڕم و گێڕانەوەیەکی ڕاست ڕەوانە و ڕێئالیستی بە تایبەتمەندییەکانی خۆی گێردراوەتەوە. لەناو ‘هاوزێ’شدا چاومان بەو کۆمەڵگایە دەکەوێ، وەلێ لە پەراوێزدا، مێحوەریەت شکانی ئینسانی نۆیە، گومانێکی گشتییە لەسەر بوون و ژیان، وەک دەلێ” ئەسڵەن من ژیاوم؟”. نیچە وێنا، هاوزێ شکاندن و سازکردنەوەی بەهاکانە.
هاوزێ وێنەی ماڵاوایییە، خۆڕزگارکردنە تاڕادەیەک هەم بەسەر ناوەڕۆک و بەتەواویش بەسەر فۆڕمی گێڕانەوەدا، کارێکی یەکجار دژواری پێشووتر نەکراو، کە هاوزێ کردی و پلەی ئەدەبی نوێی کوردی نەک بەرزی کردەوە، بەڵکوو دروستی کرد و لەسەری ڕاوەستا.
ڕۆمانەکە گێڕانەوەیەکی شکاوە، نە زەمەن، نە زمانی گێڕانەوەکەش ڕەوتێکی دیاری کراوی هەیە، حیکایەتکردنێکی چەند زمانییە، ئەکتەرەکان، فاروق بۆ زارا، فاروق بۆ فاروق، فاروق بۆ ئارامی باجی حەپسە خانم، فاروق بۆ سەرداری کەماڵ ئاغا، فاروق بۆ گوڵشەن، فارۆق بۆ فریشتە، بۆ کەژاڵ، بۆ من، بۆ ئێمەی خوێنەر دەدوێ و دەنووسێ. زاراش بە هەمان شێوەیە، هاوزێی فاروقە، سەر بە هەمان ڕۆحە، لە یەکەوە دەچێتە چوار، لە سێیەوە بۆ دە، ئاڵۆز و باڵۆز دەدوێ و خۆدەخواتەوە و یادەوەرییەکانی بە نفرەت دەکا، هیچ کامیشیان ئاگای تەواو نین، ”شەوێک لە شەوانی هاوینی ساڵی 1981، دەکەوێتە بۆسەیەکەوە (تا ئێستاش ڕوون نییە مامەکانم بوون یان جاش، یانژی پێشمەرگە) دەکوژرێ و من دەبمە کوڕە شەهید.” زۆرینەی شتەکان بۆیان و بۆ ئێمەش لێڵە، کارئەکتەر دێتە ناوەوە، قسە دەکات، هەیە، دواتر لەناکاو ون دەبێ، یان لە خەیاڵەوە بۆ واقیع چیرۆکەکە دەگوازرێتەوە و ئاو لە ئاویش تەکان ناخوا و گێڕەوەر وەک ئەوەی باسیشی نەکردبێ بەسەریدا تێدەپەڕێ.
ویرجینیا وۆڵف تەکیدی زۆری لەناو ئەکتەرەکانیدا هەبوو کە دوو جنسەن، لە ژنێکدا، هەم ژن هەیە هەم پیاو، لە هاوزێدا چاومان بەو دووجنسییەی زارا و فارۆق دەکەوێ، زارا دیوێکی هەیە زارایە، دیوەکەی تریشی فاروقە، فاروقیش بە هەمان شێوە. سەر بەیەک جیهان و یەک ڕۆحی تاریک، فارۆق بە گوومان و دوودڵی و هەستی بێ ڕیشەیییەوە ڕوو بە خۆی دەڵێ” بێ شوناسیت و ناچیتەوە سەر هیچ بنج و بنەوانێک، بێ ناونیشان هەبێ تۆی، خۆت بەتەنیا مەملەکەتێکی بە دەریا و بیابان و ڕووبار و چۆم و شار و گوندەوە، بە تەنیا دەیان دارستان و زەنجیرەشاخ و دەشت و کەند و دۆڵت لەگەڵ خۆتدا هەڵگرتووە”
لە زمانی زاراوە دەڵێ “نەمنووسی. ڕاستییەکەی نووسیم و سڕیمەوە. نووسیم و نەمنارد. نووسیم و سڕیمەوە و بە دەربڕینێکی تر نووسیمەوە، دیسان سڕیمەوە و دەربڕینێکی ترم تاقی کردەوە، هەر دەمنووسی و نەمدەنارد.”
“لەو ساتەوەی تۆ کوژراوی، ببوورە چیتر ناڵێم کوژراویت”
”بەڵام هەموو چاوەکانیش دەستدرێژییان کردووەتە سەرم———-
من دەکەوتمە تاریکایی، دەکەوتمە شوێنێک کە هیچ نیم، من هەر نیم، ئەگەر هەشبم لە توالێتم. نۆ ساڵان بووم زانیم، چەندین ساڵە من توالێتی فەقێیەکم”
ڕۆمانی (هاوزێ)ی دلاوەر ڕەحیمی، چاپ ٢٠١٨
فارۆق مرۆڤی ژێرزەمینی و ناو ئەشکەوتی مۆدێڕنە، پاڵەوانە خۆخۆڕەکەی هاوزێ خەیاڵچنێکی ڕۆمانتیکییە کە زۆر بەکەمی باس لە حەزەکانی خۆی دەکا، لە ڕاستیدا فارۆق ئاشنای خەیاڵی ڕۆمانەکانی دۆستۆیە،( بەتایبەت یادەوەریی ژێرزەوینی و تاوان و سزاکەی) باشترە بڵێین نەوەی ڕاسکۆلینکۆفە، وەک باپیرەکەی خۆی [[ بێ کەس و داماو و هەژار و ئیفلیج و نەخۆش و فیلسووف ئاسا، بەدگوومان و ترسەنۆک، ئازا لە تەقە و سەنگەرگرتن و خۆ لەخاچدان]]، هەڵبەت بە جیاوازییەکی بەرچاوەوە، دۆستۆ شەڕ و هاوزێ لەگەڵ ڕەوتە نوێیەکە دەکەوێ. تاوان و سزایەک کە بە باوەڕی زۆر کەس یەکەم کتێبی مۆدێڕنە. بە گشتی هاوزێ پێشەنگایەتی مرۆڤی سەردەمی خۆرهەڵاتییە، کە چرا سەوزی قەبووڵکردنی ئەوەیکە، لێرە ”پاڵەوان مرد”ی دا. ئەوە مردنی پاڵەوانەکەی و ڕۆچوونەکەی و وەهمی بوونەکەی، ئەوەش وەسواسی نووسینی نووسەرەکەی هاوزێ لە وشە بە وشەی:
” دەی ئەو قسەیە چییە من دەیکەم! ئەو حاڵەتە چییە من تێکەوتووم؟”
”مڕۆیەکی نیگەرانم؟ غەریبی دەکەم؟ پیاوێکی تەنیام؟ تازیەبارێکم کەسم لەدەوربەر نییە؟”
“نە ئاگر، نە ڕۆشنایی، هیچ لە تاریکی کەم ناکاتەوە”
“چی دەکەی لەم کەژ و کێوانە”
“لەگەڵ تاریکی شەڕ دەکەم”
”کە تاریکی مێشک و دڵم ڕەشتر دەکات، زۆر حەز دەکەم دەنگم دەربێت، بەڵام تەنیا خوێن لە چاوەکانمەوە دێت، هەندێ لە فرمێسکەکان تامی گان دەدەن، ئارەزووی سێکسیت دەوروژێنن. ڕەنگە من پیاوێکی نەخۆش بم، ئاخر بەس سێکس یان دەستپەڕ ڕزگارم دەکەن لە خۆخواردنەوە…”
”ئەها من چۆنم… سەیرم بکە… لەگەڵ ئەوەی ناشیرینترین و تاریکترین شەوی ژیانم بیر دەکەوێتەوە، کەچی زەوقم هەڵدەستێ و پڕ دەبم لە هەوەس و شەهوت…”
“پێموابوو من ئاشقی زارام. بەڵام بە سوکنایی و ئارامییەکی کورت لەبیرم کرد”
” بیر لە هەنگاوەکانم، کۆڵانەکان، ڕۆیشتنەکەم و مەخسەدەکەم ناکەمەوە”
“نازانم ڕێک کەی بوو کە دەستم لە خۆم بەردا”
”تاریکترین تاریکییەکان ژیاوم. هەموو قۆناغە کورت و دریژەکانی تەمەنم تاریکاییەک و کۆتایی تاریکاییەک بوون.”
” ئەسڵەن من ژیاوم؟ بەڵام قەت ئەو پرسیارەم لە خۆم نەکردووە. بۆ دەوێرم بپرسم”
” هەموو ژێرزەمینییەک خۆی بەندی و خۆیشی بەندیوانی خۆیەتی.”
”جگە لەوەی هەموو ڕۆژێ دەستپەڕێکم لێدەدا، بەڵام ماوەیەکی درێژ لەو ساڵانە ڕۆژێ پێنج شەش جار دەستپەڕم لێدەدا.”
“گورگێک لەمندا لەگەڵ گەلەگورگێک لە پێشبڕکێدا بوو”
” یەک ترس دەرفەتی هیچ بیرکردنەوەیەکی دیکەی بۆ نەهێشتبوومەوە”
زارا ژنی نوێیە، ئەگەرچی دژە قارمانە، بەڵام قارەمانێکی مۆدێڕنە، لەو دەگمەن ئەکتەرانەیە لە ئەدەبی کوردیدا بەرچاومان دەکەوێ، ژنێک بە ئەدبیاتێک و قسەکردنێکی ڕەها، دەیەوێ بدوێ و دەکشێتەوە، دەیەوێ بکشێتەوە دەدوێ، هەستەکانی، یادەوەرییەکانی، هیچ سنوور و مەرزێک بۆ گێڕانەوە و دەربڕینەکانی زارا نییە زمانی نەبێ، زارا ئەو ژنە مۆدێڕنەیە جێگای بەتاڵ بوو لەناو ئەدەبیاتی ئێمەدا.
هونەری نوێ، ئیش لەسەر ژینگە و ئینسانی نوێ دەکات، ئیتر ئێمە سەروکارمان لەگەڵ پاڵەوانە مل ئەستوور و بازوو بەهێزەکاندا نییە، پاڵەوان خۆی دژی پاڵەوانە، بەهاکان لە دژی یەکتری ڕادەوەستنەوە، مەوزوع پتر سەر بە ناوەوەی ئینسانە، ڕووداوەکانی دەرەوە جارێک و دەیان جار بۆمبی هەست لەناوەوەی ئەکتەرەکان دەتەقێنەوە، سەر بە ڕۆحێکی شێواون، لە خولەکێکدا چەندین هەست تاقی دەکەنەوە، نائارامن، لە خۆشەوە و بۆ ناخۆش، لە ئیمانەوە بۆ بێ ئیمانی، لە سپییەوە بۆ ڕەش، لە جوانەوە بۆ ناحەز، لە فریشتەوە بۆ شەیتان، هەستەکان و ئەخلاقەکان ئاڵوگۆڕێ دەکەن و هیچکامیشیان ویستگەی وەستانیان نییە. ئێمە لە هاوزێدا بەڕەوڕووی چیرۆکێکی لەم چەشنەین، نائارام، نائاسایی، شپرزە و زووتێپەڕ و بەکاوەخۆ، نە ئەوەی ڕزگارکەر بێ و دڵی پێخۆشکەی، نە ئەوەی جەلاد بێ و تفی لێکەی، هەم زەمان هەردووکیانە، سەرت لێدەشێوێ تۆ لەناو ئەم چیرۆکەدا، نووسەر خۆی سەر بە کام بەرەی فکریە، گوڵشەنە لەڕووی ترسەوە گان دەدا بە ئارامی حەپسە خانمێ یا لە ڕووی پێخۆشبوونەکەیەتی؟ “ئیعترافی کرد کە هاتنە ماڵمان و خۆتووڕەکردنی لە ئیستخباراتی عەرەبەکان، وەک خۆی دەیگوت” خوتەیەکی جەهەنەمی” بووە بۆ نزیکبوونەوە و باشتر چاودێریکردنی ماڵی ئێمە…
—–چاوەڕێ بووم دایکم خۆیی لێ تووڕە بکات و شتێ بڵێ، بەڵام بە پێچەوانەوە لەوپەڕی چێژدا بەدەم نرکە نرکەوە دەیگوت” مەڵێ خوتەی جەهەنەمی، بڵێ خوتەیەکی بەهەشتی، ئەوە نەبوایە من ئەو کێرە خۆشە بەتینە کافرەم چۆن دەست دەکەوت؟…ئەو، وەسفی کێری ئارامی دەکرد”
فارۆقە پاڵەوانەکەی ئێمە بەنفرەتەوە سەیری دەور و پشتی دەکا و هەستی سێکسی لەڕادەبەدەرەکەی زەقە و هێندێک فرمێسک دەیوروژێنن و ئاوا دەدوێ کە “تاریکی مێشک و دڵم ڕەشتر دەکات، زۆر حەز دەکەم دەنگم دەربێت، بەڵام تەنیا خوێن لە چاوەکانمەوە دێت، هەندێ لە فرمێسکەکان تامی گان دەدەن، ئارەزووی سێکسیت دەوروژێنن. ڕەنگە من پیاوێکی نەخۆش بم، ئاخر بەس سێکس یان دەستپەڕ ڕزگارم دەکەن لە خۆخواردنەوە…” “لەو شەوەی باوکم گەڕایەوە و من لە دوکانەکەی مام عەزیز، ئارامی باجی حەپسەم بینی، لە ناخمدا شەڕێک بەرپا بوو، شەڕێکی سەیر…”
یان زارایە لێوان لێوە لە ڕەق و تووڕەیی لە یادەوەری، و بە گاندان گاڵتە بە پیاوەکان دەکات و دەمامکەکانیان دەکەوێنێ، یان ئارامی حەپسەخانە لەلایەکەوە کینەی فاروق و لەلایەکی تری خۆشەویستی دایکی فاروقی بۆ دەچێ، سەرت لێدەشێوێ ئایا نووسەر خۆی فریشتە نییە بە حووکمی مەمکە زلەکانییەوە ئاوی کوڵیو بە مەمکەکانییەوە دەنێن، دواجار گومانی ئەوەشت بۆ ساز دەبێ نووسەر و ئێمە هەموویانین و هیچیان نین.
لە دوای ئەوانە من پێم وایە لە زارا پتر، بیری و هۆشی فارۆق بە گولەشەن و ئارامی حەپسەخانەوە دەرگیرە و دەغدەغەیەتی، ئێمە شاهیدی لەسەر جۆرێکی تر لە پەیوەندی نێوان دایک و کوڕین و ئارامیش پترین ڕەقی فاروقی بۆ خۆی کڕیوەتەوە.
”لە دووکانەکەی حاجی عەزیزی سەرکۆڵانەکەمان، ئارامی حەپسە خانم بینی. کاتی دەگوزەراند تا بێتە نیوەشەو و بێتە ئامێزی گوڵشەن””
” لەو شەوەی باوکم گەڕایەوە و من لە دوکانەکەی مام عەزیز، ئارامی باجی حەپسەم بینی، لە ناخمدا شەڕێک بەرپا بوو، شەڕێکی سەیر…”
خۆم دەمزانی ساتبە ساتی ژیانی من ناخۆشی و دەرد و ئازار بووە_ناخۆشترین شەوی ژیانم ئەو شەوە بوو کە ئارامی باجی حەپسە لەگەڵ تەکاندان و بەدەم ئاخ و ئۆفی چێژی سێکسییەوە ئێعترافی دەکرد… ئیعترافی کرد کە هاتنە ماڵمان و خۆ تووڕەکردنی لە ئیستخباراتی عەرەبەکان، وەک خۆی دەیگوت “خوتەیەکی جەهەنەمی” بووە بۆ نزیکبوونەوە و باشتر چاودێریکردنی ماڵی ئێمە…
—– چاوەڕێ بووم دایکم خۆیی لێ تووڕە بکات و شتێ بڵێ، بەڵام بە پێچەوانەوە لەوپەڕی چێژدا بەدەم نرکە نرکەوە دەیگوت” مەڵێ خوتەی جەهەنەمی، بڵێ خوتەیەکی بەهەشتی، ئەوە نەبوایە من ئەو کێرە خۆشە بەتینە کافرەم چۆن دەست دەکەوت؟…ئەو، وەسفی کێری ئارامی دەکرد”
”بۆ ئەو ساعەت و ڕۆژ و شەوانم نەدەژمارد کە دایکم دەهاتە پشتدیوەکە و چایی و میوە و چەڕەزاتی بۆ دەهێنام؟”
وتمان لە بواری فۆڕم و ناوەڕۆکەوە هاوزێ مۆدێڕنە بەتەواوی، لەو کانیاوەی ئاو دەخواتەوە کە جۆیس و بکێت و دۆراس و رۆب گریە ئاویان لێ خواردۆتەوە، هەڵبەت ڕەخنەی ئەوەشی لەسەرە چەن کۆتایی و کۆتایییەکی کراوەی نییە، داخراوە و چیرۆکەکە کۆتایی دێ، فاروق بە دەستووری حیزب دایکی دەکوژێ بە تۆمەتی سەر بە حکوومەت بوون و دواتریش دەردەکەوێ کە دایکی بە فەرمانی حیزب کاری بۆ حکومەت کردووە ( ئەگەرچی لەوەش دوودڵە) و فاروق سەرلێشێواو تر لە ڕابردووە بەسەر شاخدا سەردەکەوێ و چەکی پێشمەرگایەتییەکەی تەحویل دەداتەوە و توورەکەیەکیش پیواز بەسەر شانیدا دادەدا و دەڕوا. یانیش چەن ڕستەی کلیشەیی لەم جۆرەی تێدا بەرچاو دەکەوێ و لە دڵ دەدا کە “چی دەکەی لەم کەژ و کێوانە
لەگەڵ تاریکی شەڕ دەکەم”
لە شوێنێکیشدا خەریکی نەسیحەتکردنە کە تەبا نییە لەگەڵ فۆڕمە نوێیەکەی “بۆ ئەوەی کەسەکان بناسی__ لاپەڕەی هەژدەی کتێبەکە”
چەن خاڵێکی تری گرینگ، لەناو ڕۆمانەکەدان کە یەکێکیان بۆمن وردبینی وردی نووسەرە، لەسەر گرینگیدا بە ڕێکخستن و داڕشتنەکەی “نابێ بڵێم ڕۆیشتم، ڕەنگە دروستتر بێ بڵێم گەیشتمەوە کۆڵان و گەڕەکەکەی منداڵیم”
خاڵێکی تری نوێ بوونی ئەدەبی هاوزێ، دواندن و قسەکردن و نیشانەکردنی خوێنەر و دەیگرێ و لەچەن جێدا دەنووسێ:
”بەڵام لێرە دەست لە سەری سەرداری کەماڵ ئاغا هەڵدەگرم. تا ئەوەی لەم کتێبەدا کەمێ خۆم ڕووت بکەمەوە وەک پڕۆڤە و ڕاهێنان بۆ تەواو ڕووتکردنەوەی خۆم بۆ ئەوانەی گوێکانیان دەبیستێ.”
”حەتمەن بیرم دەکەوێتەوە و دەینووسم (بەڵام گەر منیش وەک نووسەرە تەمەڵەکانی تر نەبم و یەکجار، دوای تەواوبوونی تەنیا یەکجار بە وردی پێیدا بچمەوە، لە جیاتی ئەم پەرەگرافە ناوەکەی دەنووسم و ڕەنگە شتی دیکەی پەیوەندیدار بە ناوەکەیەوە بنووسم)”
بەشی کۆتایی نووسینەکە دەهێڵمەوە بۆ بابەتی ئەوەیکە بۆ هاوزێ لەناو ئێمەدا بە ڕادەی پێویست نەبوو بە بابەت؟
من پێموایە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئێمە نە نووسەری نووسیاری گێڕانەوەی مۆدێڕنمان هەیە و نە وەرگێڕانێکی بەرچاوی ئەم هێڵە نوێیە کراوە لەناو کتێبخانەی کوردیدا، بۆیە هاوزێ لە ئێستێدا کە ئەدەبێکی نوێیە و ئەدەبی نوێش بە حوکمی خوڵقی سەرلێشێوێنەر و تاریک و لێڵە و ئاراستەیەکی سەخت و دژواری هەیە، جێکەوتنی بۆ سبەی دەمێنێتەوە و چەلێ دەبێ تا کاتی خۆی خەریکی تۆزخواردن بێت، ئێمە دەبینین گێڕانەوەی قزڵجی و عارف و بێگەرد و شێرزاد و فەرهاد و بەختیار و …کە هەموویان لە گێڕانەوەی نالێل و بێ شکان و بێ پەڕین لەو زەمەن بەو زەمەن و چەن زمانی خۆ دەپارێزن چەندە بە ئاسانی وەردەگیرێن و دەخوێندرێنەوە، جا بۆیە پێم وابێکەی من ئەوەیە کە هاوزێ دەبێ چاوەڕێی خوێنەرەکانی خۆی بمێنێتەوە، وەک خۆی دەڵێ:
”بەڵام لێرە دەست لەسەری سەرداری کەماڵ ئاغا هەڵدەگرم. تا ئەوەی لەم کتێبەدا کەمێ خۆم ڕووت بکەمەوە وەک پڕۆڤە و ڕاهێنان بۆ تەواو ڕووتکردنەوەی خۆم بۆ ئەوانەی گوێکانیان دەبیستێ.”
دوا سەرسامیم، لەدوای هەمووی ئەوانی تر، ئەوە بوو: لەناو تەواوی کتێبەکە، نە خوێندنەوە و خراپ خوێندنەوەی تەنیا دووڕستە، بە نرخی ونبوون و لێتێنەگەیشتن لە تەواوی کتێبەکە تەواو دەبوو، وەسواسی نووسینی دلاوەر…