کچێکی لاوی جوانی، ٢٢ ساڵەی سەقزی، بە کوردی ناوی ژینایە. ئەو کیژە شۆخە بە پێی پێناسە (شناسنامە)، ناو و ناوبانگی مەهسا ئەمینییە. ئەو لە مانگی ڕەزبەری ١٤٠١ (٢٠٢٢) قەراربوو بچێتە زانستگە و درێژە بە خوێندن بدات، بەڵام وەرزی هاوین بوو و خوێندگەکان بەسترابوون.
ژینا / مەهسا بۆ گوڕینی هەوای ژیان و کەڵکوەرگرتن لە پشووی هاوین و دیداری ئازیزان و خزمانی لە تاران، لەگەڵ کیاڕەشی برای سەفەر دەکەن. ژینا هیچکات بە بیر و زەینیدا نەدەهات کە ئەم سەفەرە بەداخەوە بێ گەڕانەوە دەبێ. مەهسا، شاد و خۆشحاڵ بە دڵێکی پڕ لە ئومێد و خولیا، لە یەکێک لە شەقامەکانی تارانی پێتەخت، لە نزیک ئوتووبانی “حقانی” لەگەڵ کچە پوورەکەی، بە لەشساغی و دڵخۆشی تێدەپەڕی.
لە نەکاو ماشێنێکی وەن و چەند پیاو و ژنی نامۆیان لە بەرپێیان شین دەبن. کات سەری شەوێی سێ شەممە ٢٢ی خەرمانی (١٣ی سێپتامبر)ە. لەوپەڕی ناباوەڕیدا، ژینا دەگرن و بە ڕاکێشان بۆ نێو ماشێنە نگبەتەکەی گەشتی بە ناو ئیرشادی دژە ژنی دەبن. لە کاتی گرتنیدا، دەڵێن: نیگەران مەبن. ماوەی ٢٠ خولەک سەبارەت بە حیجاب قسەی لەگەڵ دەکەین!؟ پاشان بۆ مۆڵگەیەکی پۆلیسی بە ناوی “پۆلیسی ئەخلاق و ئەدەب” لە شەقامی وزڕا دەبرێ. بە بیانووی دیاربوونی چەند تاڵەمووی قژی جوانی “دەسکەنە دەکرێ” و ڕووی گەش و جوان و دەمی بە پێکەنینی بە هاوار و گریان، دەگۆڕن. بە تەواوی جارێ ڕوون نەبۆتەوە کە ئەو دوو کاتژمێرە چیان بەسەر هێنا!
کیاڕەشی برا و هاوسەفەریی بە “دەرونێکی پر لە ژان” لە پرسیار و دڵەڕاوکێدا، بە دوای ئامبووڵانسی خوشکە نێوەگیانکراوەکەی کە لە مۆڵگەی دژە کچ و ژن و مرۆڤکوژی شەقامی وزڕا بەرەو نەخۆشخانەی کەسرا دەبرا، لە غەریبایەتیی و بێ پەناییدا، هاواری بۆ فریاکەوتنی ژینا / مەهسای خۆشکی دەکرد. دوای ماوەیەکی کورت، ژینا / مەهسا وێنەیەکی سەیر و سەرسووڕهێنەری لێ بڵاوکراوەیە.- خاتوو “نیلوفەر حامێدی”، هەواڵنیری ڕۆژنامەی “شرق” ئەو وێنەیە بۆ ئەو ڕۆژنامەیە گواستەوە و دواتریش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، بڵاوکریەوە.
ژینا / مەهسا لەسەر تەختی نەخۆشخانەی کەسرای تاران، لە ژێر دەزگادا، خەوێندرابوو. ژینا لە کۆمادا بوو. ئەو وەزعە زۆر ناخۆش و دەڵتەزێنە دوای سێ ڕۆژ بوو بە کارەسات. ژینا / مەهسا لە نەخۆشخانەی کەسرای تاران بە غەریبی گیانی دا!
تەرمی پیرۆز و جوانمەرگ کراوی ژینا لە غەریبایەتییەوە بۆ زید و نیشتیمان هاتەوە. لە بەردەرگای نەخۆشخانە کۆبوونەوە و ناڕەزایەتیی چێ بوو. دروشمگەلێک دران. دواتر سەقز بوو بە مەکووی غەم و دروشمدان. لەکاتی بە خاک سپاردنیدا، خەڵكیکی زۆر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هێندێک ناوچە لە سەرانسەریی ئێراندا، بەشدار بوون. کچان و ژنانی بوێر و ئازا بۆ نیشاندانی هاوسۆزیی لەگەڵ ژینا و ئەو بیانوویەی بەداخەوە لەسەری کوژرا کە دواتر بە “قتل حکومتی” ناوی برا؛ ڕووپۆش (لەچکە)ی سەریان تووڕ هەڵدان یا سوتاندیانن. ژمارەیەک بەشێک لە بسکیان بڕی کە دواتر بوو بە باو لە کۆبوونەوە و شوێنی ناڕەزایەتییەکاندا.
دونیای پێشکەتووی دیجیتاڵی و ئەلەکتڕۆنیکی، بە مووبیل و گووشییەکانی دەستان و چاوانی خەڵکێکی بەشدار لە گۆڕستانی ئایچی و بڵابوونەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، لەلایەک، و نووسراوەی هەواڵنێری ڕۆژنامەی “هممیهن” خاتوو “الهە محمدی”، بەناوی “یک وطن اندوە” (نیشتیمانێکی غەمین) لەلایەکی دیکە، بوون بە هۆی ئاگادارکردنی بەشێک لە بیروڕای گشتیی کە دیسان “سروشت هەواڵێکی ڕەش” و کارەساتی ژینا / مەهسای “بە گوێچکەماندا، چرپاند”.
گویا: یەکێک لە پوورەکانی ژینا، لەسەر گڵکۆیەکەی هەم بە هەنسێکی گریانەوە و هەم بە سۆزێکی دایکانەوە، قسە لەگەڵ کێلێکی ژینا دەکا و دەڵێ: بنوو ژینای خۆشەویست، دڵنیام ناوت دەبێتە ڕەمزی خەبات. هەرلەوێ، دروشمی ” ژن ژیان ئازادی”، دەبێتە ئاڵای پڕ بە باڵای ژینای کوردان.
هەواڵی کارەساتی جوانەمەرگ کرانی ژینا / مەهسا، هاودەردیی سنەی “خوێناوی” و تووڕهەڵدانی ڕووسەرییەکان و ئاگردانیانی لێکەوتەوە. “شینگێڕێ” ئەو جارمان وەک بۆمبارانی “بانە” نەبوو؛ بەڵکوو بۆ هەموو کوردستان، ئێران و جیهان زایەڵەی چوو. جوانمەرگی کرانیژینا / مەهسا بوو بە هاوارێک بۆ نیشانی دانی زوڵم و غەدری رێژیمی ئیسلامی سیاسیی لە ئێران و خوێنڕشتن لە پێناو، ئینسانبوون، ژنبوون، کوردبوون، جوانبوون، ناو ژینابوون، موسافیربوون، سونیبوون، بێحورمەتیکردن بە “کەرامەتی ئینسانی” و …
سێ حیزب و ڕێکخراوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەندام لە ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران کە لەو کاتیدا، دێمۆکراتێکی یەکگرتوو و دوو کۆمەڵەی لە بەرەبەریی یەکگرتندا بوون، بۆ سێ ڕۆژانەی جوانەمەرگ کرانی ژینا / مەهسا لە ٢٨ ی خەرماناندا، داوایان لە خەڵکی کوردستان کرد، بەیانی هەتا نێوەڕۆ مان بگرن و لە دوانێوەڕۆیەشدا، هەتا درەنگانی شەوێ ناڕەزایەتیی دەبڕن.
کوردستان کە مانگرتنی گشتیی لە ٢١ ی خەرمانانی ١٣٩٧ (٢٠١٨)، ٤ ڕۆژ دوای کارەساتی مووشەک بارانی قەڵای دێمۆکرات و ناوچەی تێکۆشانی دێمۆکڕاتەکان لە کارنامەی پڕشنگداریی خەباتی مەدنییدا هەبوو، ئەمجاریش داوای بانگەوازیی ناوەندیی هاوکارییان بەربڵاوتر و چالاکانەتر وەرگرت. هاتنە سەر گۆڕەپانی شار و شارۆچکەکان و تەنانەت گوندەکانیش کە مێژوویەکی مەزنی نوێی لە ماوەی پتر لە ٤ دەیەی دەسەڵاتی ڕەش و پڕشورەیی ڕیژیمی ئیسلامی سیاسیی شیعە مەزهەبیی ویلایەتیی موتڵەقەی فەقیهیدا، خوڵقاند.
ڕووماڵی بەردەوامی تی ڤی و ڕادیۆکان، گەردەلوولی هەشتەگی “مهسا امینی” لە تویتێر بە فارسی و ئینگلسی کە لە ٢٧ ی خەرمانان دەستی پێکرد، لە یەکەم ڕۆژ دا، ١١ میلیۆنی تێپەڕاند. لە ماوی ٢٦ ڕۆژ دا، هەتا ٢٣ ی ڕەزبەری ١٤٠١ (١٢ ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٢)، ڕادەکەی گەیشتە ٢٧٥ میلیۆن و لە بڵاوکرانەوە و چەند پات بوونەوەکان (باز نشر)دا، لە تویتێر، ئینستاگڕام و تیکتاکدا، ٩٢٠ میلیۆن جار بینران و…
لە چلەی ژینادا، سەرەڕای قەدەغە و قۆڕغ و هەڕەشەکانی ڕێژیمی دژی گەلیی بۆ نەچوونی گوڕستانی ئایچی و سەر گڵکۆی ژینا / مەهسا، گەلانی ئێران و بەتایبەتی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئاپۆڕای ١٠٠ هەزار کەسیان ئەنجام دا، و گەمارۆی لەشکری خوێنڕیژ و کوشتاریان شکاند. ئەمجار لە جێگەی هەواڵی “ڕەش” و کارەسات باری ژینادا، گەلی کورد قەقنەس ئاسا، لە کردەوەدا، دێرەکانی سروودی “هێزی گەل، هێزی خەبات و ڕاپەڕین، بۆ ئەوەی میللەت بە سەربەرزی بژین”یان نۆژەن کردەوە.
لە دەرەوەی ئێران و لە تاراوگەش دا، گەلانی دڵ پڕ لە سۆ بۆ هاوڕێی لەگەڵ بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی (زن زندگی ئازادی) بۆ خوڵقانی شۆڕشی هاوتەریب لەگەڵ نیوخۆ، لە پتر لە ١٠٠ شاری گەور و بچووک، بە حەشیمەتی، لە هەزار هەتا پتر لە ١٠٠ هەزار کەسی، کە بواری ئازادی رێپیوان و کۆبوونەوەی ئازادانەیان هەیە، کوورەی شۆڕش و خەباتیان – لە سەرمای بەرەو زستان، لە ژێر شەڕی زۆر ناخۆشی داسەپاوی ڕووسیە بە سەر ئۆکڕایندا- نێڵ دا.
دڵسۆزانی بەرگری لە مافی روای ئینسانی و هەوڵ دان بۆ “بانگی ئازادی و گڕووی یەکسانی” لە کۆڕ و کۆمەڵە مرۆڤایەتیی و مرۆڤ تەوەرکان لە تاراوگە دا، هاوتەرتەریب لەگەڵ چوونەسەر و بڵێسەدار و بەرفراوان بوونی پتری شۆڕشی نوێی ژینا / مەهسا دا، ولاتانی ئاڵمان و ئیسلەند، بە تایبەتی خاتوونی ژیر و هەڵسووڕ، ئانالێنا بێربووک، وەزیری دەرەوەی ئاڵمان،یان هێنا سەر ئەو بڕوایە، داوای کۆبوونەوی بە پەلەی شووڕای مافی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، بکەن و “کۆمیتەیەک بۆ دۆزینەوەی ڕاستییەکان ” (کمیتەی حقیقت یاب) سەبارەت بە کۆماری ئیسلامی ئێران دروست کرێ. لەوانەیە درەوەی ئێرانیش بە تایبەتی “تێڕۆڕە سیاسییەکان” ڕێبەرانی ئۆپۆزیسیۆن و تێکۆشەرانی گەلان ئێران لە دەرەوەدا، بتوانن زیندوو بکرێنەوە. ئەو کۆمیتەیە بە ٢٥ دەنگی موافیق، ٦ دەنگی موخالیف و ١٦ دەنگی سپی (ممتنع)، پەسند کرا.
ئێستا بەخۆشییەوە شۆڕشی ژینا / مەهسا زۆر بەرەوسەر چووە. دروشمی ژن ژیان ئازادی بە فارسی (زن، زندگی آزادی) و زمانی نەتەوەکانی دیکەی نێو جوغرافیای ئێران و بە ئینگلیسی و زۆربەی زمانەکانی کاریگەری جیهان، دەنووسرێن و دەوترێن. لە سروودی “بۆ” (برای)ی شروینی حاجی پوور و بە چەند زمان کە دەگوترێنەوە جێگەی بەرجەستەی هەیە. کەوابوو، ناوی ژێنا / مەهسا بوو بە ڕەمزی شۆڕشی نوێمان، لە نێو گەلانی ئێراندا.
سەرچاوەکان:
گووگل، ویکیپێدیا، بلومبێرگ و کوردکاناڵ.