هاوڕێیەکی گۆڤاری “ژنان”
ڕۆمانی “هانا” گێڕانەوەیەکی تڕاژیدییە کە لە قەوارەی کورتەڕۆمان و لە ١٣٠ لاپەڕەدا لەلایەن چاپەمەنی چلونۆ کتێبەوە چاپ و هەروەها ساڵی ٢٠٢٤ لەلایەن ناوەندی ڕێگاپۆدکاستەوە وەک کتێبەدەنگ بڵاو کراوەتەوە. نێوەرۆکی ڕۆمانەکە باس لە بنەماڵەیەکی کوردی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات کە بە مەبەستی کۆچ دەیانهەوێ لە سنووری تورکییەوە بۆ یۆنان بپەڕنەوە و لەوێشەوە بەرەو وڵاتانی ئەورووپا بڕۆن. ئەوان چەند ڕۆژ بە ڕێگاوە دەبن. لە ڕێگا تووشی زۆر کەند و کۆسپ دەبن. نان و ئاویان لێ دەبڕێ. دەکەونە کەمینی هێزەکانی جەندەرمەی تورکیاوە. ماندوو و هیلاک دەبن. دواجار دایکی منداڵەکان، واتە “هانا” لە نیوەی ڕێگا گیانی لە دەست دەدات. “دیاکۆ” مێردی هانا، ژنەکەی خۆی هەمیشە بە دڵ و گیان خۆشەویستووە، نایهەوێ و ناهێڵێت کە تەرمی هانا بەجێ بمێنێت. ئەو تەرمی هانا لە کۆڵ دەنێ و لەگەڵ زین و شیرین کە تەمەنیان شەش و هەشت ساڵانە تەواوی مەودای ڕێگای تورکیە بۆ یۆنان بەپێیان دەپێون. لەو ماوەدا کە دیاکۆ تەرمی هانای بە کۆڵەوە، لەلایەک دەبێ لە منداڵەکانی بشارێتەوە کە دایکیان مردووە و لەلایەکی دیکەش دەبێ خەم و خەفەتی لەدەستدانی هاوژینەکەی – ئەو کەسەی لە هەموو کەسی زیاتر خۆشویستووە – تەحەممول بکات. دواجار دیاکۆش وەک هانا ماندوو دەبێ و لەبەر ماندوێتی، چەند خولەک پێش ئەوەی بگەنە بێهۆش دەکەوێ و لە بەختی ئەوان خەڵکی ئەو دەورووبەرە دەیاندۆزنەوە و یارمەتییان دەدەن.
نووسەر لەم ڕۆمانەدا هەوڵی داوە هەم باسی بەسەرهات و ئەو کەند و کۆسپانە بکات کە کۆچبەرێک ناچارە وڵاتی خۆی بەجێ بهێڵێت تووشی دەبێت و لەلایەکی دیکەش لە ڕۆمانەکەدا هەوڵی داوە ئاماژە بە کڵۆنیالیزمی لۆکاڵ یان داگیرکاری ناوچەیی وەک دەرەنجامی سیاسەتی هەڵەی داگیرکاری کڵۆنیاڵیزم و زلهێزەکان بکات کە تا چ ڕادەیەک کاریگەری خراپی لەسەر ژیانی نیشتیمانە داگیرکراو و نەتەوە بێ دەوڵەتەکان داناوە. داگیرکەرەکانی کوردستان بێبەزەییانە کوردەکان دەچەوسێننەوە و بوونەتە گەورەترین هۆکار کە خەڵک وڵاتی خۆیان بەجێ بهێڵن.
هەروەها نووسەر لەم ڕۆمانەدا هەوڵی داوە باس لە ئایینی کۆنی کوردان، واتە میترایی بکات. نووسەر شێوازی سێمبۆلیزم و ڕێئاڵیزمی جادوویی لەم گێڕانەوەدا تێکهەڵکێش کردووە و لەم ڕێگایەوە ئاوڕ لە کەمینە ئایینییەکانی کوردستان دەداتەوە کە ئەوان نەک هەر لەبەر کوردبوون، بەڵکوو بە تاوانی دین و باوەڕی جیاواز زیاتر لەوانی تر دەچەوسێندرێنەوە. هەر لەم ڕێگایەوە نووسەر باس لەو سێمبول و هێمایانە دەکات کە ئایینە کۆنەکانی کوردی هەیانە و ئەم بابەتە دەکاتە بیانوویەک تا ئاماژە بە ڕەنگاڵەبوونی کولتوور و دابونەریتی کوردەواری بکات و ناسنامەی کورد، وەک ناسنامەیەکی سەربەخۆ و جیاواز لەو ناسنامە دەستکرد و داسەپێندراوەی دەوڵەتە داگیرکەرەکان بخاتە بەرچاو.
لەم کورتەڕۆمانەدا ڕەچاوی ئەوە کراوە کە بە هۆی ئەوە کە ئایینی میترایی، ئایینی کۆن و ڕەسەنی کوردەکان، ئایینێکی ڕازدار و پڕ لە سڕ و نهێنییە، بۆیەش نووسەر هەوڵی داوە کە لە ناوهێنانی سێمبۆل و هێما میتراییەکان لە کولتووری کوردیدا ڕازی ئەوە بۆ خوێنەر بەجێ بهێڵێ کە بۆ وێنە بۆچی کوردەکان ئەو سێمبۆلانە پیرۆز و بەرز ڕادەگرن. بۆ وێنە، کورد ڕێز لە ئاگر، با، هەتاو و مانگ دەگرێ و بەرزیان دەنرخێنێ. یان ڕێزگرتن لە ژن، ژیانپارێزی، چاوەزار، سمێڵ، ڕەنگاوڕەنگبوون لە جلوبەرگدا، سرووشپارێزی، ئاژەڵخۆشویستن، نەکوشتنی مار و سێمبۆلی شاماران و هەروەها زۆر بابەتی دیکەی وەک دەف و تەمبوور لێدان، شمشاڵ و ئامێرە مۆسیقاییە کوردەوارییەکان هەموویان هێمان بۆ ئەوەی کە کوردبوون ناسنامەیەکی ڕەنگین، ئاشتیخواز و ئاوەدانیکەرە و پێویستە هەم خۆمان و هەم جیهانیان وەک خۆی بیناسن.