موژگان عەلیپوور
ژنانی کورد وەک هەموو ژنانی دیکەی جیهان مێژوویەکی دوورودرێژیان لە خەبات و تێکۆشان بۆ دەستەبەربوونی ماف و ئازادییەکانیان هەیە وهەڵکەوتەی جوغرافیایی و حکومەتداری دەسڵاتدارانی دیکتاتۆریش لەو ناوچەیە وایکردووە کە ناچار بن هاوکات لە دوو سەنگەری خەباتی نەتەوەیی و خەباتی یەکسانیخوازی بچنە پێشێ کە بێگومان ئەوە کارێکی ئاسان نییە و زۆر جاران بە هۆی زاڵبوونی دۆخی ئەمنی و سیاسی کارکردن لە بواری یەکسانیخوازی کەمرەنگتر بۆتەوە.
ئەوەی لەو بابەتە تیشکی دەخرێتەسەر لایەنی یەکسازیخوازییە کە ڕوانینمان بۆ ئەو بابەتە ڕێگە چارەکان ومیکانیزمەکانیش دەگۆرێ و دەتوانێ هاوکات جۆرێکیش تێکهەڵکێش لە خەباتی نەتەوەکەی بکرێ و یارمەتیدەرێکی باش بێ بۆ ڕوبەروبونەوە لەگەڵ داگیرکەران. چونکە دەسەڵاتی زاڵ بەسەر کوردستاندا هەمووکات هەوڵی ئەوە بووە کە بابەتی یەکسانیخوازی زیاتر گرێ بداتەوە بە کەلتووری کورد و شێوازی ژیان و داب و نەریتی تایبەت بە کورد لە کوردستان تا ڕۆڵی خراپ و تێکدەرانەی خۆی لەو پێوەندییەدا بشارێتەوە.
هەڵاواردنی ڕەگەزی لە ئێران بابەتێکی بەرچاوە وهەر لەگەڵ هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی ئەو هەڵاواردنانە بە یاسایی کراون و پێشێلکارییەکان و توندوتیژییەکان نەک لێپرسینەوەیان لێ ناکرێ بەڵکوو پشت قایم بە دەسەڵاتی دژە ژنی ڕێژیمی ئێرانن. ئەو پرسە بۆ ژنی کورد بارێکی گرانترە چونکە هاوکات لەگەڵ ئەوەی لە چوارچێوەی ئێراندا دەژی و ئەو یاسایانە دەیگرێتەوە، وەکوو ژنێکی کوردیش چەند قات زیاترمافەکانی پەراوێز و پشت گوێ دەخرێ. چونکە ڕێژیمی ئێران هەر لە سەرەتای هاتنە سەرکاری وە کوردستان و نەتەوەی کوردی پێ هەڕەشە بۆسەر دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکەی بووە، بۆیە ئاستی سەرکوت و توندوتیژییەکان لە کوردستان زۆر زیاتر لە ناوچەکانی دیکە بووە.
بەڵام کاتێک دێینە سەر باسی توندوتیژی و خەبات لە دژی هەڵاواردنی ڕەگەزی لە ئێران پێویستە زۆر وشیارانەتر لێکدانەوەی بۆبکەین و شرۆڤە بکەین و ئەوکات ڕێگەچارە بگرینەبەر. هەمووان دەزانین کە هەڵاواردنی ڕەگەزی بابەتێکی جیهانییە و تەنیا تایبەت بە کورد نییە و بەڵکوو لەنێو کورد بەهۆی هاوخەباتی ژن و پیاو پێکەوە لە بوارە جیاوازەکان، زۆر لە نەریتەکان و کاریگەرییە خراپەکانی سیاسەتی ڕێژیم لادراوە. زۆر جار لە نووسین و لێدانەوەکانمان ئەوەندەی کۆمەڵگەی کوردی و پیاو و ژنی کورد دەدەینە بەر ڕەخنە، دارێژەرانی ئەو سیاسەتە لەبیر دەکەین و ئەوە مەیدانی خەباتی ئێمە دەگۆرێ و لە ئامانجەکەمان دوورمان دەخاتەوە.
لەبیرمان بێ کە ئێمە لە ژێردەسەڵاتی حکومەتێکی داگیرکەردا دەژین کە بە دارشتنی یاسا بەپێێ شەرعی ئیسلام ژنانی کۆت و بەند کردووە و ساڵانێکە ژنانی لە مافی بەشداری کردنی سیاسی و مافی خۆپاڵاوتن بۆ پۆستە باڵاکان، حەقی تەڵاق، حەزانەتی منداڵ و وەرگرتنی پاسپۆرت و سەفەر بێ ئیزنی باوک، مێرد یان برا……بێبەش کردووە و دەیان بابەتی دیکەش لەو پێوەندییە وەک حیجابی زۆرەملیش هەن کە تا ئێستاش و دوای زیاتر لە ٤ دەیە ململانەی لەنێوان ژنان و حکومەتداران درووست کردووە. ئەو یاسایانە و توندوتیژییەکان لە ئێران لە ژوورە فکرییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە مودیرییەت دەکرێ و بۆ هەموو جومگەکانی ئەو دەسەڵاتە شۆرکراوەتەوە بە جۆرێک کە ئەو ڕەفتارانە و پێشێلکارییەکان وەک نۆرمێکی ئاسایی کۆمەڵگەی لێ هاتووە و لە کوردستانیش لە لایەن دەسەلاتداران وەک کەلتووری کورد ناو دەبرێ.
لێرەدایە کە سنوری نێوان داگیرکەر و خەباتکاران تۆختر دەبێ و هەستیارتر. سیاسەتێک کە ساڵانێکە لەلایەن ئەو ڕێژیمەوە بەسەر خەڵکی کورد و بەتایبەتی ژناندا دەسەپێ، گرێ دەدرێ بە حاشییە نشینی و فەقری فەرهەنگی و….، ئەوەش وادەکا کە مەیدانی خەباتی ژنان لە ڕوبەروبونەوە لەگەڵ دیکتاتۆر بگۆرێ بۆ کۆمەڵگە و بە دیاریکراوی پیاوان. ئەوەی کە وەک کاریگەرییەکانی دەسەڵاتداران لەسەر پەروەردە و پەرەپێدانی توندوتیژی لە کوردستان دەبینرێ و لایەنی جۆراوجۆریشی هەیە و ڕۆژانە دەبینین و دەبیستین کە مافەکانی ژنان لەلایەن پیاوان پێشێل دەکرێ، حاشای لێناکرێ و ئێمەش وەک هەموو خەڵکێکی ئەو جیهانە کاریگەری سروشت و ژینگە و دەسەڵاتداری دیکتاتۆرمان بەسەرەوە بووە و کۆمەڵێک داب و نەریت خۆی خزاندۆتە نێومان و بەو بیانویانە مافەکانی ژنان پێشێل دەکرێ کە کارکردن لەو پێوەندییە ئەرکی هەموو چالاکی مەدەنی و سیاسی بە ژن و پیاوەوەیە، بەڵام بەمانای ئەوە نییە کە ڕیشەی کوردی هەبێ وهەمووی لە ملی پیاوی کورد بێ.
لادانی ئەو ڕوانینە و سڕینەوەی ئەو ئاسەوارانە کارێکی ئاسان نییە و تەنیا بە لابردنی ئەو دەسەڵاتە و هاتنی حکومەتێکی دێموکراتیک دەکرێ کە بتوانێ ئەو مافانە لە یاساکاندا جێگیر بکا و پلان و پڕۆژەی درێژخایەنی هەبێ. بەڵام ناکرێ بە نیسبەت گەشەی فکری کۆمەڵگەی کوردی و جێکەوتنی ئەو سیاسەتە چەپەڵانە بێخەم بین و لەو ڕاستایەش چالاکانی مەدەنی و سەربەخۆ کاری باشیان کردووە و ڕۆشەنگەری کردن لەو پێوەندییەدا بۆتە چالاکی بەردەوامی ئەو چالاکانە و لەپەناشتدا بە کردەوە کارکردنی پێکەوەی ژن و پیاو لە مەیدانی خەبات نەریتە سەپێنراوەکان پال دەنێ و کەلتووری ڕەسەنی کوردی جێگیر دەکا کە ئەو هەوڵانە پێویستە بەردەوام و بەرفراوانتر بکرێ و تەنیا بە ئەرکی سەرشانی ژنان نەبینرێ.
ڕێژیمی ئێران لە ئاگایی سیاسی و کۆمەڵایەتی خەڵکی کورد بە تایبەت ژنان تۆقیوە چونکە باش دەزانێ کە خەباتی ژنی کورد تێکهەڵکێشی خەباتی مافویستی و شوناسخوازییە و ناتوانێ لێکی داببڕێنی هەر چالاکییەکی لەو ڕاستایەش دەکرێ بە ئەمنیەتی دەبینێ و وایلێهاتووە کە کارکردن بۆ پرسی ژنانیش بە هەڕەشە دەبینێ و ترسی کەوتۆتە گیانی، نمونەی زیندووی ئەو بابەتە حوکمی قورسی چاکانی مەدەنی کە لە نێوانیاندا خاتوو فەریدە وەیسی هەیە کە چالاکێکی بواری ژنانە کە چەندین جار بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعات و دادگا کراوە کە تۆمەتی “تەبلیغ دژ بە ڕێژیم” دادگایی کراوە ئەوە لە حاڵێکدایە کە بۆخۆی ڕایگەیاندووە کە تەنیا کار لەسەر ژنوشیارین دەکا کە لە دادگا ویدیۆکانی کە لەو پێوەندییە تۆماری کردووە وەک تۆمەتێکی نوێ لەلایەن دادوەر حەیدەری ناوهێنراوە کە ئەوەش بۆ توڕەیی لە شکستی سیاسەتی ڕێژیم لەو پێوەندییەدا دەگەرێتەوە. بێگومان ڕوبەروبونەوە لەگەڵ ئەو سیاسەتانە باجێکی زۆری دەوێ کە بەشی زۆری بە حوزوری ژنان لە مەیدانی کردەوەدا دەسڕدرێتەوە.
ژنی کوردیش کە باش لەو بابەتە تێگەیشتووە کە تەنیا هێزە دەتوانێ تایبەتمەندییە ناباشەکان بسڕێتەوە و کردەوە باشەکان جێگیر بکا و لەو پێوەندییەش ژیرانە هەڵسوکەوت دەکا چون کاتێک ناتوانێ لە ناوەندی گۆڕەپانەکەدا دەنگی بگەیەنێ و گۆڕانکاری پێک بێنێ، بەدوای بەدیلی دیکە بۆ پێکهێنانی هێز دەگەڕێ و ئەو هێزەش کۆمەڵگەی مەدەنییە کە تا ئاستێکی باشێش سەرکەوتوو بووە. هاوتەریب کردنی پرسەکانی ناو کۆمەڵگە و یەکدەنگییە کە دەتوانێ ڕیشەی ستەم و بیدادییەکان هەڵکەنێ.