ماڵ پڕە لە بۆن و بەرامەی ئەوین و هاجەر لە پەنا گوڵەکانی کە تەنانەت لە چلەی زستانێش هەر ڕووگەش و جوانن و مزگێنی بەهار بە ڕوویانەوە دیارە بە تامەزڕۆییەوە چاوەرێی دڵداری چل ساڵەکەی خۆی دەکات . چاوەروانە دیسان تووند ئامێزی لێدا و بڵێ :ماندوو نەبیەوە بە قوربان ئەوجار وەک هەمیشە قاقایەک بکێشێ و بڵێ دەسەر سەرت گەرێم سەید برایم گیان بەبێت نەژێم یاخوا
باران نم نم دەبارێ ڕەیحان بەدەم لایەلایە و لاواندنەوەی وانیارەوە ئاگای لەدەورو بەری نیە . زانیار باوەش بە ڕەیحانە دادەکاو گوڵە نێرگزەکانی لە بن باڵتۆکەی دەردێنێ و بەدەم ماچی نێو چاوانی ڕەیحانە وە دەڵێ: خۆشەویستم دەزانی بە هاتنی وانیار ژیانمان جوانتر و خۆشەویستیت لە دڵم دا زیاتر بووە ؟ .
ڕەیحان دەبێ ئەو نەورۆز سێ نەفەری ئاگری نەورۆز بکەینەوە و لەگەڵ بزەکانی وانیار پێ لەناو ساڵی تازە بنێن
ئەیوب وەک هەمیشە گورج و گۆڵ و لێو بەبزە دەنگی گۆرانیەکەی ئاسمانی تەنیوە و کۆڵە پشتی و جامانەکە و زەنگاڵ و دۆڵاغەکەی لەگەڵ ڕەخت و تفەنگەکەی چواردەوریان داگرتوە
وەک هەمیشە بزەیەکی پڕ لەهیوا لەسەر لێویەتی و دەڵێ:
گلاوێژ
نازانی چەندەم ئارەزووی بۆنی سێو و تامی گێلاسی شنۆ کردوە ، ئەگەر ئەمجارە چومەوە شەرتبێ پڕ بە پرێسکەیەک سێو و گێلاست بۆ بێنمەوە
گەلاوێژ بە نیگا هەمیشە شەرمنەکەیەوە سەر هەڵدێنێ ، بەڵام هێندە دڵی بە قەڵافەتی پێشمەرگانەی ئەیوب خۆشە ،کە دڵ خورپەو ترسی چوونەوە بۆ،ناوچەی لە بیر دەچێتەوە
ڕێزان لە ماڵە جوان و پێشمەرگانەکەیاندا دانیشتووە خەریکی خوێندنەوەی کورتە نامەکەی حەمەیە کە نووسیویەتی:
“ڕێزانەکەم دەزانی دەبێ چیرۆکی ئەو خۆشەویستیەمان بە حەوت زمان بنووسرێتەوە
با هەموو عالەم بزانن کە ئێمە چەندەمان یەکتر خۆشدەوێ”
ئێوارەیەو حەمە و ڕێزان دەست لە ناو دەستی یەکتر بەدەم پیاسەی ئێوارانەوە سەر لە حەوشە جوان و سەر سەوزەکەی قەڵا دەردێنن و چەند وێنەیەکی جوان لە دوا ساتەکانی زستان دەچرکێنن .
بەدەم وێنا کردنی ئەو تابلۆ جوانانەوە شریخەی موشەک هەودای خەیاڵم دە ڕمێنێ و کۆشکی خۆشەویستی ئازیزانیشم خاپوور دەکا