ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٠٢٢/٣/١٩ کۆمیتەی “ئورێبروو”ی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان بە مەبەستی پێشوازی لە نەورۆز و سەری ساڵی کوردی شەوئاهەنگێکیان بۆ ئەندامانی رێکخراوەکە و بنەماڵەکانیان پێک هێنا.
سەرەتا خاتوو “ئاسکە ئەمینیزادە” ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کۆمیتە بەخێرهاتنی میوانانی کرد و ئاماژەی بە گرینگی نەورۆز کرد و بەرزراگرتنی ئەو جێژنەی لە لایەن هەموو تاکێکی کورد و لە ژێر هەر دەسەڵاتێکدا بە گرینگ و پێویست زانی.
پاشان بەشداربووان بە خواردنە ڕەنگینەکانیان خوانەکەیان ڕازاندەوە و بە تێکڕا نانی ئێوارەیان پێکەوە خوارد.
پاش نان خواردن، خاتوو “شۆعلە قادری” بەرپرسی کۆمیتەی شاری “ئورێبروو” وتارێکی بەنرخی بە بۆنەی نەورۆزەوە پێشکەش بە ئامادەبووان کرد .
ناوبراو پاش بەخێرهێنانی بەشداربووان و پیرۆزبایی جێژنی نەورۆز، باسێکی کورتی لەسەر نەورۆز و کۆمەڵێک داب و نەرێت و کولتووری باوی کوردەواری بەو بۆنەوە کرد.
ناوبراو هەروەها لە وتارەکەی دا ئیشارەی بە هەل و مەرجی ئێستای جیهان و بە تایبەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد کە بە قۆناغێکی سەخت دا تێدەپەڕێ و تێرۆریزمی نێودەوڵەتی لە ژێر ناوی جۆراجۆر دژایەتی هەموو نەتەوە و ئایینێک دەکا و ئەوەش بووەتە هۆیەک بۆ کۆچی زۆرەملی و خەڵکانێکی زۆر ناچار بە جێهێشتنی زێدی خۆیان کراون.
خاتوو شوعلە لە بەشێکی دیکەی باسەکەیدا ئاماژەی بە گرینگی خەباتی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەشداری یان لە هەردوو بواری خەباتی سیاسی و مەدەنی دا کرد و یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی وەک نموونەیەکی بەرچاو لەو بوارەدا هێنایەوە. ناوبراو لە کۆتاییدا باسی لە هەوڵەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران، بۆ کاڵ کردنەوەی بۆنە نەتەوەییەکانی گەلی کورد، بە تایبەتی نەورۆز کرد و وتی: ئێمە دەبێ هەوڵ بدەین لە نەورۆز دا بەرەو ژیانێکی نوێ هەنگاو هەڵێنینەوە و لە دژی ناحەزان و کەسانی قین لەدڵ کە دەیانهەوێ نکۆڵی لەو جێژنە میژووییەی نەتەوەکەمان بکەن بوەستینەوە.
لە بڕگەی دووهەمی جێژنەکەدا بەشداربووان بە کوتنەوەی گۆرانی بە شێوەی گەڕەلاوژێ کۆڕەکەیان هەرچی زیاتر ڕازاندەوە و پاشان بە شایی و هەڵپەڕکێ تا درەنگانی شەو، پێشوازییان لە نەورۆز و ساڵی نوێی ٢٧٢٢ی کوردی کرد.